هاوار نەسرەدین
کتێبی (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆچی...؟) بریتییە لە بڵاوکردنەوەی وتارێکی مام جەلال، کە لەساڵی ١٩٧٥ لە دەرەوەی وڵات نووسیویەتی. پاشان لەساڵی ١٩٧٦ لەلایەن شاسوار جەلال (شەهید ئارام) ەوە کراوە بە کوردی. لەساڵی ٢٠٢٥ بەشی ئەرشیف و مێژوو لە بۆردی هۆشیاری- مەکتەبی ڕاگەیاندن و هۆشیاری (ی.ن.ک) لەشێوەی کتێبێکی ٩٠ لاپەڕەیدا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. هاوکات وتارەکە بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی، واتە وتارەکەی مام جەلال بەعەرەبی و هەمان وتار بە وەرگێڕانی شەهید ئارام لە دووتوێی ئەو کتێبەدا بڵاوکراوەتەوە.
لەم دەرفەتەدا هەوڵ دەدەین هەم کتێبەکە بە دیدێکی فەلسەفی بخوێنینەوە و هەمیش هەوڵ دەدەین ناوەڕۆکەکەی بخەینەڕوو. بەتایبەت کاتێک دەزانین هەمیشە شۆڕش لە هەلومەرجی جیاواز و ئاوارتەدا سەرهەڵدەدات، هەر بۆیە شۆڕشی نوێ بە ڕابەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دۆخێکی ئاوارتەدا هاتەئاراوە بەڵام دۆخە جیاوازەکەی کوردستان، لە چەند لایەنێکەوە دەگمەن بوو چونکە لەلایەکەوە لە دوای نسکۆی شۆڕشی ڕابردووەوە ڕاستەوخۆ دەستی بە چالاکی دەکرد، ئەمەش بێ کێشە نەبوو. لەلایەکی تریشەوە کۆمەڵگەی کوردی بۆ سەر چەند چین و توێژ و کۆمەڵی بچووک دابەشببوو بەڵام وەک پێویست نەناسرابوون. ناسین و نزیککردنەوەی ئەو چین و توێژ و کۆمەڵە جیاوازانە لە شۆڕش، کارێکی ئاسان نییە. هەروەها دۆخی هەڵایسانی شۆڕشی نوێ، دەکرێت وەک دەرفەتێکیش سەیر بکرێت چونکە سەرکردایەتی شۆڕشەکەی پێشوو، سەنگەری سەربازی و سیاسیان چۆڵ کرد و ئەمەش دەرفەتێکی دەدایە شۆڕشگێڕانی شۆڕشی نوێ تاکو بە ڕۆڵی مێژوویی خۆیان هەستن. هاوکات نسکۆی شۆڕشی ڕابردوو متمانەی هاووڵاتیانی بەرامبەر هەڵایسانی شۆڕشی نوێ لەرزۆک کردبوو. بۆیە بە دەستهێنانەوەی متمانەی جەماوەر بە شۆڕش، ئاڵنگارییەکی گەورەیە.
ئیرادەی هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش
ئەوەی تاکو ئێستا خرایەڕوو هۆکاری ناوخۆیی بوو بەڵام هۆکاری دەرەکی کاریگەرییەکەی لە هۆکارەکەی پێشوو کەمتر نییە. ئێران و ئەمریکای ئەو کات، پشتیان لە کورد کردبوو. لە دۆخی پەراوێزخستنی کورد لەلایەن زلهێزە جیهانی و هەرێمییەکان لەلایەک و ئاڵۆزی دۆخی ناوخۆیی لەلایەکی ترەوە، ئیرادەیەکی گەورەی دەویست بۆ هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش. هەروەها کۆمەڵانی خەڵک و گەلی کورد، چاوەڕێبوون پێش پەیوەستبوون بە شۆڕش و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاریان دەست بکەوێت. هەر لەو سۆنگەیەوە، کتێبی (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆچی؟) وەڵامی پرسیارەکانی ڕووناکبیران و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەداتەوە. مام جەلال-یش وەک بزوێنێکی شۆڕشی نوێ، ئەرکی وەڵامدانەوە دەگرێتەئەستۆ. هەر بۆیە نووسەر بەشێوەیەکی گشتی ناوەڕۆکی نووسینەکەی خۆی بۆ سێ تەوەر دابەش دەکات، ئەوانیش بریتین لە:
- هەڵسەنگاندنی دۆخی کۆمەڵایەتی کوردستان
- هەڵسەنگاندنی دۆخی سیاسی و حزبی کوردستان
- چیەتی و چۆنێتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
چین و توێژەکان
لە تەوەری یەکەمدا، دۆخی کۆمەڵایەتی کوردستان هەڵدەسەنگێنرێت؛ تێیدا شێوازەکانی دابەشبوونی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردی داخاتەڕوو. ئاماژە بەوە دەدات کۆمەڵگەی کوردی بەسەر چەند چینێکدا دابەش بووە.
چینی یەکەم جووتیارانن. جووتیاران زۆربەی زۆری گەلی کوردن و دانیشتووی فراوانترین بەشی کوردستانی نیشتمانن. لە بنەڕەتدا بزوتنەوەی ڕزگاریی گەلی کورد، بزوتنەوەی جووتیارانە. جووتیاران چینێکی کۆمەڵایەتی هاوشان نین، بگرە لە چەند توێژێکی چینایەتی جیاجیا پێکهاتوون. جووتیاری هەژار لە تاقمەکانی تر شۆڕشگێڕترن. لێهاتووترن بۆ شۆڕش و درێژەپێدانی. جووتیارە ناوەنجییەکان نزیکترین هاوپەیمانن. هەرچی جووتیارە دەوڵەمەندەکانیشە، دۆستی شۆڕشن بەڵام ڕاڕان.
چینی دووەم کرێکارانن. ئەم چینە نوێترین چینی کۆمەڵایەتییە و هەمیشە لە پێگەیشتن و گەشەکردندایە. لە چینەکانی تر زیاتر قابیلیەتی ڕێکخستن و توانای شۆڕشگێڕانەی هەیە. لەهەموویان کارامەترە بۆ پشوودرێژی و خۆڕاگرتن. خاوەنی تیۆرێکی پێشڕەوی شۆڕشگێڕانەیە کە ڕێبازی بەردەمی بۆ ڕووناک ئەکاتەوە. دەوری پێشڕەوی شۆڕشگێڕیی دەگێڕێت لە بزوتنەوەی ڕزگاریی نیشتمانیی دیموکراتدا.
چینی سێیەم وردە بۆرجوازی شار و لادێکانن. ئەوانیش بریتین لە ڕۆشنبیر، کاسب، پیشەگەر، قوتابی، موچەخۆری بچووک، مەلا هەژارەکان و جوتیارانی ناوەنجی. بۆرجوازی بچووک هێزێکی پێشکەوتنخوازە و دەورێکی گرنگ و بایەخدار لە ڕاپەراندن و هۆشیارکردنەوەی کرێکاران و جووتیاراندا دەگێڕێت. هاوکات بە هۆی هەستی نەتەوایەتی تەسکەوە، هەندێک سیفاتی سلبی هەیە وەک ڕاڕایی و هەڵچوونی شۆڕشگێڕانە، پاشەکشە و خەباتی وەرزی. بیروڕای تەسکی نەتەوەیی ئەو چینە تووشی پاشەکشێ و جێهێشتنی خەبات دەکات. هەروەها تووشی نەخۆشی هەلپەرستی، خۆیایەتی، سەڵتایەتی، خۆپەرستی دەکات.
چینی چوارەم بۆرجوازی نیشتمانین. وەک بازرگان، پارێزەر، ئەندازیار، پزیشک، بەڵێندەران و خاوەنی کارگە و کۆمپانیاکان، جووتیارە دەوڵەمەندەکان. ئەمانە دژی دەسەڵاتی بێگانە و چەوساندنەوەی نەتەوایەتین بەڵام لەبەر پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان، ناچارانە جۆلانە ئەکەن لەنێوان نیشتمانپەروەری و سەوداکردن لەگەڵ دەسەڵات. ناتوانن لەسەر خەباتی درێژخایەن بەردەوام بن. هەمیشە چارەسەری نیوەناچڵ قبوڵ دەکەن. بەوەش دەگوترێت (ڕزگارکردنی ئەوەندەی ئەتوانرێت ڕزگار بکرێ).
پێلەکانی سیاسەت لە کوردستان
لە تەوەری دووەمدا؛ دۆخی سیاسی و حزبیی لە کوردستاندا لە دوای نسکۆی شۆڕشی پێشوو هەڵدەسەنگێنرێت. تێیدا باسی چەند پێل یان ڕەوتێکی سیاسی دەکات. لەم نووسینەدا، پێل بە مانای ڕەوت یان تەوژم بەکاهێنراوە. بەشێوەیکی گشتی ئەوانیش لە سێ پێل پێکهاتوون.
- پێلی یەکەم ئەو کەسانەن باوەڕیان بە ڕیفۆرم لە پارتی دیموکراتی کوردستاندا هەیە و دوو گروپن. بەشێکیان داوا دەکەن پارتی زیندوو بکرێتەوە و داوای پڕۆژە ئۆتۆنۆمییە ساختەکە بکات واتە بەشە بچووکەی کوردستان، کە حکومەتی عیراق پێشتر پێیداوە. بە مەرجێک ڕێگە نەدرێ بارزانی سەرکردایەتی پارتی بکات. گروپی دووەم لەوانەی باوەڕیان بە ڕیفۆرم هەبوو لەناو پارتیدا، ئەو گروپە بوون لە دەرەوەی کوردستان و لە ئۆردوگاندا، باوەڕیان بە زیندووکردنەوەی پارتی هەبوو بە سەکردایەتی بارزانی بۆ ئەوەی سوود لە داراییەکەی وەربگرن. ئەم گروپانە سروشتی کۆمەڵایەتی و سیاسی کوردستان ناناسن.
- پێلی دووەم ئەوانەن کە دەیانەوێ پ.د.ک لەژێر سەرپەرشتی سەرکردایەتییە کلاسیکییەکە و بە ئاگاداری ئێران و ئەمریکا دەست بە چالاکی بکاتەوە. هەروەها سنووری چالاکییەکانی بەو جۆرە بێت، کە ئەو وڵاتانە بۆیان داناوە. ئەم پێلە سوودیان لە ئەزموونی تاڵی ڕابردوو وەرنەگرتووە و زیاتر خۆیان بە بێگانەوە هەڵواسیوە. ئەم پێلە لەسەر ڕێبازی کۆن بەڵام بەشێوازی نوێ دەستی بە چالاکی کردووەتەوە.
- پێڵی سییەم پێلێکی شۆڕشگێڕی پێشکەوتنخوازە. باوەڕی بە خەباتی شۆڕشگێڕانەی جەماوەرە. پێشتریش لە شۆڕشدا هەبووە و هەستی بە زۆر هەڵە و مەترسی کردووە. ئەم پێلە درکی بە چینی جیا جیا و ڕەوتی جیا جیا لە کوردستاندا کردووە. باوەڕی بە خەبات و شۆڕشی یەک حزبی نییە بۆیە بەرەیەکی یەکگرتووی نیشتمانیی بە گونجاو دەزانێت. دواتر ئەم پێلە خۆی لە چوارچێوەی حزبێکی بەرەیی ڕێکخست و ناوی لێنرا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
پێشڕەوی ڕاستەقینە
هەرچی تەوەری سێیەمی وتارەکەیە، گرنگی بە پێناسە و ئەرکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دۆخی شۆڕش دەدات. یەکێتی هەوڵ دەدات هەموو پێلە پێشکەوتنخوازەکانی کوردستان کۆ بکاتەوە بەبێ گوێدان بە ناکۆکییەکانی ڕابردوو. هاوکات هەنگاو دەهاوێ تاکو ببێتە حزبی پێشڕەوی پێشکەوتووخوازی ڕاستەقینە.
کتێبەکە دەکرێت وەک (مانیفێستۆیەک) سەیر بکرێت، کە لەناو کورددا وێنەی نەبووە. هەروەها تەنیا وەڵامدانەوەیەکی ئاسایی نییە بەڵکو شێواز و ڕێبازێکی نوێی سیاسەت و حزبایەتی دەخاتەڕوو. بە لەبەرچاوگرتنی کەشی ڕووناکبیری ئەوێ ڕۆژێ، لێکدانەوەیەکی هزریی و سیاسییە. تەنیا لە ڕووە سیاسییەکەوە خۆی وەک ئەڵتەرناتیڤ ناخاتەڕوو بەڵکو لە ڕووە هزرییەکەشەوە خۆی وەک خاوەن ئاسۆیەکی هزری و ڕوانینێکی نوێ دەناسێنێت. هەوڵ دەدات بیسەلمێنێت، بەپێی میتۆدی دیالێکتیک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سێنتێزەیەکی (Synthesis) سیاسی و کۆمەڵایەتییە لە کوردستان. چونکە لە بەریەککەوتنی تێز و دژەتێزەکەدا، دۆخێکی ناچارەکی کەوتووەتەوە، کە ئەویش خۆی لە یەکێتیدا بەرجەستە دەکات.
- دۆخی کوردستان؛ توێژە کۆمەڵایەتییەکان و خواستی خەڵک بۆ کۆتاییهێنان بە جەور و ستەم. (تێز)
- نسکۆی شۆڕشی پێشوو؛ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و سیاسی لە کوردستان، دژی خواستی خەڵکی کوردستان. (دژەتێز)
- سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی نوێ بە ڕابەرایەتی یەکێتی. (سێنتێزە)
شێوازێکی نوێی شۆڕش
لە ناوەڕۆکدا، نووسەر بەردەوام هەوڵدەدات بیسەلمێنێت، ڕاستە یەکێتی سێنتێزەیەکی هەڵکەوتەیە لە واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستاندا سەریهەڵداوە، هاوکات پێناسە و شێوازێکی نوێی سیاسیشی لە خۆیدا هەڵگرتووە. بۆیە بەردەوام ئاماژە بەوە دەدات یەکێتی حزبێکی یەکپارچە و یەکڕەهەند نییە بەڵکو حزبی بەرەی نیشتمانییە و لە چەند بەرەیەکی پێشکەوتنخواز و سۆسیالیستی و نیشتمانی پێکهاتووە. بۆ سەلماندنی ئەمەش، هەمدیس هانا بۆ لۆجیک و میتۆدی دیالێکتیک دەباتەوە.
- کۆمەڵگە؛ فرەتوێژ و فرەگروپ و فرەخواست، کە مەیلی پێشکەوتنی هەیە. (تێز)
- مۆدێلی یەک حزبی؛ حزبی بۆرجوازی و خێڵەکی، کە ڕووی لە دەرەوەیە و بەرژەوەندی خۆی بەستووەتەوە بە بەرژەوەندی بێگانەوە و پێچەوانەی خواستی کۆمەڵگەی خۆی جوڵاوەتەوە. (دژەتێز)
- یەکێتی؛ حزبێکی پێشکەوتنخواز و بەرەیەکی نیشتمانییە، توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە دەناسێت. کۆتایی بە مۆدێلی یەک حزبی دەهێنێت. لەبری بێگانە، پشت بە کۆمەڵانی خەڵک دەبەستێت. لەگەڵ خواستی نەتەوە و خەڵکی وڵاتی خۆیدا تەبا و تەریبە. (سێنتێزە)
بەو بەڵگەڕۆنانە نووسەر هاوکات وەڵامی پرسیارێکی تریش دەداتەوە، وا دیارە لەو سەردەمەدا پرسیاری زۆر کەس بووە بۆیە چەند جارێک ئاماژەی پێ دەدات. ئەویش ئەو پرسیارەیە: (داخۆ لە دوای نسکۆی شۆڕشی ڕابردوو، دامەزراندنی یەکێتی پەلەپەلی تێدا نەکراوە؟). نووسەر هەر لە یەکەم دێڕی کتێبەکەوە، هەوڵ دەدات وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە. پێشەکی ئاماژە بەوە دەدات، کە یەکێتی بەرهەمی بیر و هزرێکی شۆڕشگێڕانە و واقعییە. دواتر بەو بەڵگەڕۆنانە دەریدەخات لە دامەزراندنی یەکێتیدا پەلەپەل نەکراوە بەڵکو داکەوتێکی ناچارەکی دۆخی کوردستانە.
ئەم نووسینە، کە نووسەرەکەی هاوکات بزوێنی شۆڕشی نوی و سیاسەتمەدارێکی کاریگەرە، بەردەوام ڕووی لە ناوخۆ و خەڵکی کوردستانە. هاوتەریب لەگەڵ جیاوازیی و خواست و واقعی کوردستان بیر لە سیاسەت و شۆڕش دەکاتەوە. نەک ئەوەی خۆی ببەستێتەوە بە تەوژم و شەپۆلە سیاسییەکانی ئەوێ ڕۆژێ. ئاشکرایە ئەو سەردەمە (ساڵی 1975) جیهان بۆ دوو جەمسەر و بلۆکی سیاسی دابەش ببوو بەڵام نووسەر لە نووسینەکەیدا، کە دواتر وەک مانیفێستۆیەک سەیر دەکرێت، هەوڵ دەدات دۆزی نەتەوەکەی و تەنگژەکانی نیشتمانەکەی نەبەستێتەوە بە ململانێی ئایدیۆلۆژی نێوان ئەو زلهێزەوە.
وەک لە خوێندنەوەی کتێبەکەدا ڕوون دەبێتەوە، یەکێتی ئاکام و ئەنجام و پێئاژۆی هەلومەرجێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە. بزوێنانی یەکێتی لەوە تێگەیشتوون، کە دۆخەکە بۆ سەرهەڵدانەوەی شۆڕش و دامەزراندنی حزبێکی نوێ گونجاوە. بۆیە دوای ٥١ ساڵ لە دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کاتی ئەوەیە بپرسین: ئایا هێشتا هەلومەرجەکە وەک خۆیەتی بۆیە یەکێتی لە کایەی سیاسیدا چالاکە یان یەکێتی خۆی لەگەڵ هەلومەرجە نوێیەکاندا ڕاهێناوە؟.