ئەم کتێبە لە نوسینی (د.عەبدولڕەحمان عالم)ە، (دلاوەر عەبدوڵڵا-محەمەد کەریم) وەرگێڕانیان بۆ کردوە، یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای هۆشیاری و پێگەیاندنی کادیران کە لە ساڵی ٢٠١٢ چاپکراوە، لە دێر زەمانەوە زانستە سیاسییەکان بە باوکی زانستەکان ناوبراوە. ئەم وتەیە ئەمڕۆ وەک لاف لێدان دێتە بەرچاو، بەڵام لە حەقیقەتیشەوە دوور نییە. لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆدا سیاسەت بەجۆرێک ئاوێتەی ژیان بووە، کە هەمووان جاربەجارێک دەستوپەنجەی لەگەڵدا نەرم دەکەن یان کاریگەری لەسەر دادەنێن یان دەکەونە ژێر کاریگەرییەوە. لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیانی مادی و مەعنەوی بەجۆرێک لە جۆرەکان هاوبەندی سیاسەت دەبێت و لەم ڕێگایەشەوە سیاسەت دەچێتە ئاستێکەوە، کە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و کەلتووری لەخۆدەگرێت. ئەم کتێبە لە ١٦ بەشی سەرەکی پێک دێت لێرەدا بە کورتی باس لە هەندێکیان دەکەین.
(پێناسە، کرۆک و جەوهەری زانستە سیاسییەکان)
١- ناساندنێکی بەرایی: هزری سیاسی لەسەردەمی دێرین و لە خۆرئاوا لە یۆنانەوە دەستپێکرد، بەڵام زانستە سیاسییەکان، وەکو لقی خوێندنی باڵا تا رادەیەک نوێیەو لە ماوەی سەد ساڵی رابردوودا گەشەی کردووە. بەرلەوە لێکۆڵینەوەو بایەخپێدانی بەردەوامی سیاسەت بە تەنها پاوانی میرەکان، سیاسەتمەداران، فەیلەسوفەکان و یاساناسان بوو. خەڵک لە کاروباری گشتیدا رۆڵیان نەبوو، هێندەش بایەخیان بە سیاسەت و تیۆریزەکردنی سیاسەت نەدەدا.
٢-پێناسەی زانستە سیاسییەکان:زانستە سیاسییەکان بایەخ بە شیکردنەوەو لێکۆڵینەوەی لایەنە سیاسییەکانی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان دەدات. ( شیکردنەوەی سیاسی یارمەتی مرۆڤ دەدات بۆ ئەوەی باشتر شارەزایی ئەو دنیایە بێت، کە تیاییدا دەژی و لە نێو بوارە جۆراوجۆرەکاندا باشترینیان هەڵبژێرێت و دواجار بتوانێت سەرکەوتوو بێت و کاریگەری زیاتری هەبێت لە گۆڕانە گەورەو بچوکەکاندا، کە هەریەکێکیان بەشێکن لە لایەنە دانەبڕاوەکانی ژیان).
٣-مەیدانی زانستە سیاسییەکان، ٤- پۆلێنکاری زانستە سیاسییەکان، ٥-ئایا سیاسەت زانستە؟، ٦- رۆڵی زانستە سیاسیەکان لە دیموکراسیدا.
(میتۆدەکانی زانستە سیاسییەکان )
١- پرسی میتۆدۆلۆژیا: هەتا پێش سەدەی نۆزدە زانستە سیاسییەکان، وەکو لقێکی زانکۆ تەنها لە سوید هەبوو، پاشان لە ئەمەریکا و دواتر لە وڵاتەکانی دیکە سەریهەڵدا. سەرهەڵدانی وەکو بەشێک لە زانستی سەربەخۆو نوێ ئەنجامی رزگاربوونی زەین و بیری خۆرئاوا بوو لە سیستەمە میتافیزیکییەکان. ئەم سیستەمانە دیاردە کۆمەڵایەتیەکانیان کردبووە پاشکۆی (بیری ئایدیالیستی و راستییە مۆراڵیەکان). هۆکاری سەرەکی ئەم رزگاربوونە بەکارهێنانی میتۆدی زانستی بوو لە لێکۆڵینەوە کۆمەڵایەتیەکاندا. ل٣٦
٢- میتۆدەکانی زانستی سیاسەت: میتۆدە پەسەندکراوەکان یان بەکارهێنراوەکان لە زانستە سیاسییەکاندا بریتین لە: (١-میتۆدی مێژوویی، ٢-میتۆدی بینین، ٣-میتۆدی ئەزموونی، ٤- میتۆدی بەراوردکاری، ٥-میتۆدی فەلسەفی).
(زانستە سیاسیەکان و لقە هاوبەندەکان)
زانستە سیاسییەکان، وێڕای سەربەخۆیی، پێویستە پەیوەندی نزیکی لەگەڵ زانستە کۆمەڵایەتییەکانی ترو لقەکانی زانستی مرۆڤدا بپارێزرێ، بەدەستهێنراوە خودییەکانی زانستە سیاسییەکان دەکەوێتە ژێر کاریگەری زنجیرە زانستییەکانی دیکەو دەوڵەمەندتر دەبێت. بەمپێیە، ئێستا هەمووان لەو باوەڕەدان زانستە سیاسییەکان تەنها لە چوارچێوەیەکی فراوانتری زنجیرە وابەستەکاندا دەتوانێ لە دیاردە سیاسییەکان بکۆڵێتەوە. ل٦٥
هەروەها زانستە سیاسییەکان دەبێت بە چەند لقێکەوە لەوانە :( ١-زانستە سیاسیەکان و سۆسیۆلۆژیا، ٢-زانستە سیاسیەکان و مێژوو،٣- زانستە سیاسیەکان و ئابووری، ٤- زانستە سیاسیەکان و ئاکار، ٥-زانستە سیاسیەکان و سایکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی،٦- زانستە سیاسیەکان و یاسا گشتیەکان، ٧-زانستە سیاسیەکان و ئەنترۆپۆلۆژیا، ٨- زانستە سیاسیەکان و ئامار، ٩-زانستە سیاسیەکان و جوگرافیا).
(دەوڵەت، نەتەوە)
تاکو ئێستا هەندێک زاراوەی زانستی و چەمکی بنەمای زانستی سیاسەتی وەک دەوڵەت، حکومەت و سیستمی سیاسیمان بەبێ پێناسەکردن بەکارهێنا. ئێستا کاتی ئەوەیە بە وردی لێکۆڵینەوە لەمەڕ ئەم زاراوە زانستیانەو هەندێکی دیکەی وەک نەتەوەو نەتەوەیی ئەنجام بدەین تا بە وردی واتا جیاوازەکانیان دەستنیشان بکرێت.
(١- دەوڵەتی نوێ و توخمەکانی، ٢- چەمکی سیستمە سیاسی، ٣- نەتەوەو رەگەز، ٤- سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم). ل١٥٥
(سەروەری)
سەروەری یەکێکە لە توخمەکانی دامەزراندنی دەوڵەت. لە راستیشدا هەمان ئەو توخمەیە دەوڵەت لە کۆمەڵەکانی دیکە جیا دەکاتەوە. لە هەموو دەوڵەتیکدا دەسەڵاتدارییەک هەیە. کە ویستی ئەو دەسەڵاتە لە رووی یاساییەوە شتێکی ناچارییە بەسەر هەموو ئەو تاک و کۆمەڵانەی دەکەونە سنووری قەڵەمڕەوەکەی. سەروەری دەوڵەت هیچ جۆرە سنووردارییەکی یاساییانەی نییەو بەنگەشەی هیچ دەستەو تاقمێک پەسەند ناکات بیەوێت لە سنورەکەیدا سەروەرییەکە پیادە بکات. ل ٢٩٦
(دیموکراسی)
دیموکراسی لە سەردەمانێکی زۆر کۆنەوە لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا برەوی پەیدا کردووە. (پرەنسیپی دیموکراسی بەپێی ئەم واتایەی، کە پێویستە بۆ هەندێک باری پێویستییە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگە بەسوود بێت، رێز بۆ هەندێک لە خواستە تەواو گشتییەکان بێت، لەگەڵ پێودانگە دیاریکراوە گشتییەکاندا گونجاوو لەسەر رادەیەک لە چاکەی گشتی بنیات نرابێت، کاریگەری لەسەر کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی داناوە). ل٣٥٨
(حکومەتە تاک فۆرم و فیدراڵییەکان)
ئەگەر دەسەڵاتی یاسایی حکومەت لەیەک جێگادا چڕ بوبێتەوە، حکومەت تاک فۆرم دەبێت و ئەگەر لە نێوان سەنتەروچەند یەکەیەکی لۆکاڵیدا دابەش بووبێت، حکومەت فیدڕاڵی دەبێت. ل٤١٢
حکومەی تاک فۆرم: لە حکومەتی تاک فۆرمدا حکومەتێکی سەنتراڵی بە دەسەلاتدارییەکی تەواوەوە لە ئارادایە. بۆ ئاسانکاری بەڕێوەبردن لەوانەیە وڵات بۆ چەند یەکەیەکی پارێزگا، دەڤەروناوچەکان دابەش بوبێت، بەڵام بوون و پشکەکانیان پەیوەستە بە خواست و ویستی سەنتەرەوە. هەرکاتێک سەنتەر بخوازێت، دەتوانێت ئەو یەکانە بسڕێتەوە یان ئەگەر بە چاکی بزانێت، یەکەی نوێ لە جێگایان دابمەزرێنێت.
فیدڕاڵ و کۆنفیدڕاڵ( فیدراسیۆن و کۆنفیدراسیۆن): وشەی فیدڕاڵ لە وشەی لاتینی (Foedus) وەرگیراوە، کە بە واتای پەیمان یان رێکەوتن دێت. فیدڕاڵ کاتێک پێکدێت کە دوو یان چەند وڵاتێکی سەربەخۆ رێکدەکەون دەوڵەتێکی نوێ پێکبهێنن و حکومڕانێتی خۆیانی پێ بسپێرن یان کاتێک، کە یەکە ئیدارییەکانی بەشێک لە وڵاتێکی ژێر دەسەڵاتی حکومەتێکی تاک فۆرم رەزامەندی سەنتەرو ئۆتۆنۆمی خۆیان بەدەستدێنن. رەوتی یەکەم بە (تێکەڵکردن) و رەوتی دووەم بە (دابەشبوون) ناوزەند کراوە. ل٤١٦
(پارتە سیاسییەکان، گروپەکانی فشار)
پێناسەو جەوهەری پارتە سیاسییەکان: پارت لە چەمکی گشتیدا گردبونەوەی ئەو کەسانەیە، کە سەبارەت بە هەندێک پرس دیدی هاوبەشیان هەیە و دەیانەوێت بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە هاوبەشەکان هاوکارانە کار بکەن. ل٤٢٢
گروپەکانی فشار: جگە لە پارتە سیاسییەکان ئێستا گروپ و ئەنجومەنی رێکخراوی دیکە هەن. لە پێناو دەستەبەر کردنی (بەرژەوەندییەکانی) ئەندامەکانیان دروست بوون. لە هەموو شوێنێکدا رێکخستن لە ناو کارگەکان، هۆبەی دارایی، خزمەتگوزاری بازرگانی و ئاڵوێرکردن، لە نێوان کرێکاران، گوندنشینان، پزیشکان، مامۆستایان، پیشەوەرانی دی و هونەرمەنداندا هەیە.
(رای گشتی و میدیاکان)
رای گشتی چییە؟
بیرورای خەڵکی لە تیۆرەکان یان رەوتە جۆراوجۆرە هەستیارەکانەوە سەرهەڵدەدات. (بریس) وتویەتی، کە هەندێک لەم رەوتانە (لەرەوتەکانی دیکە خێراتر گەشە دەکەن، چونکە لە پشتیەوە بیروڕای زۆر یان بەهێزتر هەیە و هەر کاتێک بیرورایەک بە ئاشکرا بەهێزترین بیروباوەڕ بێت، بەرای گشتی ناوی دەبەن). کەواتە رای گشتی هزرێکە، کە خەڵکی بەگشتی لە کاتێکی دیاریکراودا بەرامبەر بە دۆزێکی وابەستەی بەرژەوەندی گشتی هەیانە. ل٤٥٠
میدیا: (دۆڤرژە) وتویەتی: (ئامانجی میدیا ململانێی نێوان چین و گروپە کۆمەڵایەتیە پێکهێنەرەکانی نەتەوە نییە، بەڵکو بەلایەنی کەمەوە بە ڕواڵەتیش بێت باس لە یەکێتی نەتەوە دەکات . میدیا چەکێک نییە بۆ جەنگی سیاسی یان بە لایەنی کەمەوە دەوڵەت بەوجۆرە بانگەشەی بۆ دەکات... میدیا ئامرازێکە بۆ هەماهەنگی یان نیمچە هەماهەنگی کۆمەڵایەتی).
(دەوڵەتی خۆشگوزاران)
چەمکی دەوڵەت وەک کارگوزارێکی خۆشگوزەرانی مرۆڤ یادگارێکی رابردووە. (ئەرستۆ) وتویەتی: ( دەوڵەت لە پێناوی ژیاندا دێتە ئاراوە و لە پێناوی ژیانێکی باشتردا بەردەوام دەبێت). ل٤٦٢
دەوڵەتی خۆشگوزەران چییە؟
بیرۆکەی دەوڵەتی خۆشگوزەران ئەوەیە، کە کۆڵەکەی سەرەکی دەوڵەتی خۆشگوزەران تاکە و دەوڵەتی خۆشگوزەران لە پێناوی گەشەپێدانی هاوئاهەنگی ئەودا گەڵاڵە کراوە. بەمپێیە ئامانجی دەوڵەتی خۆشگوزەران دەستەبەرکردنی رادەی بەرزی پێشکەوتن و خۆشی تاکە. هەموو چالاکییەکانی بە خۆشگوزەرانی گشتییەوە بەندە.