لەساڵی ١٩٣٥ ز، (هارۆلد لاسوێل) کتێبی (سیاسەتی جیهانی و نەبوونی ئاسایشی کەسی) بڵاوکردەوە. لەیەكێ لەلاپەڕە سەرەتاییەکاندا ئاماژەی بەوە کرد کەدەستەبژێر کەمینەیەکە پشکێکی هەرەزۆر لەهەر بەهایەك بەدەست دەهێنێ، بەڵام باقی تاکەکانی تر بنکە دەنوێنن. (لاسوێل) لەیەكێ لەتوێژینەوە سیاسیەکاندا باسی لەوەکرد کەپێویستە دەستەبژێر لەهەموو وڵاتەکاندا لەگۆشەی ڕەسەنایەتی کۆمەڵایەتی و خەسڵەتی کەسێتی و لێهاتوویی تایبەتی و ڕێبازو ئامرازەکانی پاریزگاریکردن لەبوونی (ڕازیکردن و تۆقاندن) شی بکرێتەوە.(لاسوێل) ژمارەیەکی زۆر چەمك و بیروڕای نووسەرە دەستەبژێرە کلاسیکییەکانی خستەناو زانستی سیاسەتەوە. لەوکاتەوەی توێژینەوە ئاماژەپێ کراوەکەی بڵاوکردەوە زانستی کۆمەڵناسی گرنگیدا بەڕۆڵی دەستەبژێر لەکۆمەڵگادا. لەم ڕووەوە تیۆری جۆراوجۆر زۆر بەپێنووسەکانی (بۆتۆمۆر/ دەستەبژێر و کۆمەڵگە) و (ولیام کۆرنهاوزر/سیاسەتی کۆمەڵگای جەماوەری) و (جیریانت باری/دەستەبژێری سیاسی) دەرکەوت. لەهەمانکاتدا توێژینەوە ئەزموونکارییەکان ئەنجام دران بۆ تاقیکردنەوەی ڕاستی گریمانەی خراوەڕووەکان لە ئەدەبی دەستەبژێری لەکۆمەڵگەی ئەمریکیدا، گرنگتریان کارەکانی (رایت میڵز و هێنتەر فلۆرید و ڕۆبەرت داڵ). هەروەها هەندێ توێژەر لێکۆڵینەوەیان لەبارەی دەستەبژێر لەکۆمەڵگاکانی تردا ئەنجام: فریدیك فری (تورکیا) مارفن زونیس (ئێران) ولیام کوانت (جەزائیر) کارڵ بێك (دەوڵەتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات).

بەپێی ئەم کارە تیۆری و ئەزموونیانە، دەکرێ بڵێین توێژینەوەی دەستەبژێرلە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا، یان لەزیاتر لەکۆمەڵگەیەکدا پێویستە ئەم مەسەلانەی خوارەوە لەخۆبگرێت :
یەکەم/ شێوازەکانی دیاریکردنی دەستەبژێر:


لەم ڕووەوە، جیاکاری لەنێوان سێ شێوازدا دەکا:
١-شێوازی پۆستەکان:
مەبەستی دیاریکردنی پۆستە گرنگەکانە لەکۆمەڵگە، کەتوێژینەوەی لەسەردەکرێ بەوئعتبارەی هەڵسوڕێنەری پۆستەکان ئەندامانی دەستەبژێرن، خەوشی ئەم شێوازە ئەوەیە کەئەندام بوونی دەستەبژێر بەپێ ی پێویست لەگەڵ کارکردن لەپێگە فەرمییە باڵاکاندا ناگونجێ.
٢-شێوازی دروستکردنی بڕیار:
مەبەستی ئەوەیە لەڕێگەی شیکردنەوەی پرۆسەکانی دروستکردنی بڕیارەوە بەتایبەتی لەهەندێ پرسی سەرەکیدا، توێژەر دەتوانی ئەندامانی دەستەبژێر دەستنیشان بکات. خەوشی ئەم شێوازە ئەوەیە کەپڕۆسەی دروستکردنی بڕیار لەلایەنی فەرمییەوە ڕەنگە لەگەڵ پڕۆسەی دروستکردنی بڕیار لەلایەنی کردەییەوە یەکنەیەتەوە.
تەکنیکی پۆست و تەکنیکی دروستکردنی بڕیار بۆ توێژینەوەی دەستەبژێر لەدەوڵەتە ناڕۆژئاواییەکاندا دەست نادەن کەخاوەن نفوزەکان لەپشت پەردەوە کار دەکەن و لەچوارچێوەیەکی ناڕسمیدا گرنگترین بڕیارەکان دادەنێن.
٣-شێوازی ناوبانگ :
لەمیتۆدە زۆر بەکارهێنراوەکانە لەتوێژینەوەی دەستەبژێردا، مەبەستی ئەوەیە کە توێژەر ژمارەیەك لەهەواڵنێر و نیردراوەکان، لەو کۆمەڵگەیەی کەشوێنی توێژینەوەیە، هەڵدەبژێرێت و داوایان لێدەکات ناوی خاوەن نفوزەکان لەکۆمەڵگادا بهێنن، بەمەش، لەسەر بنەمای ئەوەی کەهەواڵنێرو نێردراوەکان دەیبینن، دەستەبژێر دیاری دەکات.
خەوشی ئەم شێوازە ئەوەیە کەئەگەری لایەنگری تیایە لەلایەن هەواڵنێرو نێردراوەکانەوە و هەروەها گرانی گونجاندنی نێوان ڕایەکانیان ئەگەر لێکیاندا. ڕەنگە کۆکردنەوەی ئەم شێوازانە توانا بەتوێژەر بدات زۆر وردتر دەستەبژێر لەکۆمەڵگەدا دیاری بکات.

دووەم/ پێکهاتنی دەستەبژێر: Elite composition
لەم بوارەدا ڕەنگە هەلی هەر هاووڵاتیەك بۆچوونە ناو دەستەبژێر پەیوەندیی بەپیشە، فێرکردن، ڕەسەنایەتی خێزانی، تەمەن، جۆر، ئاین یان ڕەسەنایەتی نەریتی... هتد نەبێت، هەروەها هەموو توێژێکی کۆمەڵایەتی لەبونیادی دەستەبژێردا خۆی بنوێنێ. بەپێچەوانەوە چوونەناو دەستەبژێرپشت بەهەموو ئەم فاکتەرانە ببەستێ، بەجۆری مانای قۆرخکردنی سەرکردایەتی سیاسی لەلایەن خاوەن پێگە بەرزە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بێت. ئەم ئەگەرەی دووەم پاڵیشتی دەرەنجامی هەموو توێژینەوەکان جۆراو جۆرەکان دەکات دەربارەی بنەما کۆمەڵایەتییەکانی بۆ دەستەبژێری سیاسی.

سێ یەم/ ئەندامگیری دەستەبژێر:Elite recruitment
وەڵامی ئەم پرسیارانەی دین لەخۆدەگرێت:
ئەو ڕێچکەو کەناڵانە چین کە خوارەوە کە هەڵپەکەران بۆ سەرکردایەتی کردن
بەکاری دەهێنن بۆ گەیشتنی بە لوتکەی هەرەمی سیاسی ؟
ئایا پارتی سیاسی یان بیرۆکراسی یان فەرمانڕەوایی ناوچەی یان سەندیکاکان یان ڕێکخراوە ئایینییەکان... هتد ؟
ئەو تەکنیکانە یان میکانیزمانەی هەڵبژاردن چین لەنێوان ئەوانەی پێشەنگن بۆسەرکردایەتیکردن (سیستەمی ێشبڕکێ، بنەمای پێشینەیی، دامەزراندن، یان هەڵبژاردن...هتد)؟
ئەو مەرجانە چین کەپێویستە دەستەبەر بکرێن لەلایەن پێشەنگەکان بۆسەرکردایەتیکردن؟ ئایا بەهرە و دەسکەوتی تاکەکەسییە، یان ئینتمای خێزانی و ڕەگەزی و ئایینین ؟ ئەوە چییە دەبێتە دووبارە بوونەوەی ئەندامانی دەستەبژێری گۆڕاو ؟

چوارەم/ ڕۆشنبیری سیاسی دەستەبژێر
ئەوەش توێژینەوەی ئەو پاڵنەرانە لەخۆدەگرێ، کەوا لائەندامانی دەستەبژێر دەکات بۆ هەوڵدان لەپێناوی گەیشتن بەدەسەڵات و توێژینەوەی ئاراستەکان و تێڕوانین و بەها سیاسییەکانیان و ڕادەی گونجانی لەگەڵ سیاسەتی جێبەجێکراو لەکۆمەڵگەدا.

پێنجەم/تەواوکاری دەستەبژێر:Elite integration
توێژەر دەتوانێت بەبەکارهێنانی ژمارەیەکی زۆر نیشانە پێوانەی ڕادەی یەکگرتویی یان تەواوکاری لەنێوان ئەندامانی دەستەبژێردا بکات، گرنگترینیان لێکچونی کۆمەڵایەتی ، ڕادەی بوونی هەمان ئەندامان لەنێوان پۆستە هەستیارەکاندا لە زیاتر لەڕێکخراوێك یان کەرتێکدا، کارلێکردنی تایبەتی بەمانای تۆڕی پەیوەندی و هاوڕێیەتی و کاریگەری، ڕادەی ڕێکەوتن لەنیوان سەرکردەکاندا لەسەر ئامانج و سیاسەتەکان، پاشان هاوکاری بەمانای هەستکردنی هاوبەش بەمتمانە لەنێوان ئەندامانی دەستەبژێردا.

شەشەم/ پەیوەندی نێوان دەستەبژێروجەماوەر:
ئەمەش گەڕانە بەدوای چۆنیەتی کاریگەریی دەستەبژیر لەسەرجەماوەر و چۆنیەتی کاریگەری جەماوەر لەسەر دەستەبژێر لەخۆدەگرێ. پیوەندی نێوان سەرکردەو شوێنکەوتووەکانی دوو دیوی هەیە. دەستەبژێر دەست بەسەر کاروبارەکاندا دەگرێت و جەماوەر بەرەو بەدیهێنانی ئامانجە گشتییەکان ئاراستە دەکات، بەڵام تەنانەت لەسیستەمە دیکتاتۆریەکانیش دا، ملکەچی هەندێ مەرج دەبێت لەلایەن جەماوەرەوە. دەرفەت بۆ دەستەبژێر دەڕەخسێت هەژموون  و Coercionکاریگەرییان لەسەر جەماوەر هەبێت لەڕێگەی ناچار کردن  لەڕێزگرتنی داب و نەریتە باوەکان، کاریزما Lejitimacyبەدەستهینانی ڕەوایەتی پابەندبوون بەپرنسیپە یاسییەکان، هەستانیان بەکاری ئەکتیڤ، تەلقینی مەزهەب، بەڵام میکانیزمەکانی کاریگەری جەماوەر لەسەر دەستەبژێر خۆی لەهەڵبژاردن و پشتگیری و توندوتیژیدا دەبینێتەوە.

حەوتەم/ وەرچەرخان لەپێکهاتەی دەستەبژیرد:
وەرچەرخانەکان لەپێکهاتەی دەستەبژیردا ڕەنگە لەڕێگەی شۆڕشەوە یان دەستبەسەراگرتن یان داگیرکردنەوە بێت یان گۆڕانی کۆمەڵایەتی یان فاکتەری سیاسی وەك هەڵبژاردنی گشتی و هەڵبژاردنەکان بیت، کە یارمەتی دەرکەوتنی دەستەبژیری سیاسی ڕەشپێستی دا لەباشووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەماوەی حەفتاکاندا.

دەستەبژێر لەنیوان یەکانەیی و فرەییدا
بینیمان کە تیۆریی دەستەبژێر لەشێوە کلاسیکیەکەیدا دەڵێ یەك دەستەبژێری یەکانگیر هەیە لەهەرکۆمەڵگەیەکدا، ئیش و کارەکانی لەئەستۆ دەگرێ و ئەو بڕیارە سیاسیانە دەردەکات، کە پەیوەندییان بەکاروباری ناوخۆیی و دەرەکییەوە هەیە. بێجگە لەمە لەولاشەوە نوسەریتر هەن، کە دەڵێن لەناو یەك کۆمەڵگادا دەستەبژێری جۆراوجۆر هەن: دەستەبژێری سەربازی، دەستەبژێری ڕۆشنبیر، دەستەبژێرە گەورە خاوەن زەوییەکان، دەستەبژێری پیاوانی کار...هتد. بۆنموونە : ڕۆبەرت داڵ لەکتێبەکەیدا (کێ فەرمان ڕەوایی دەکات؟) بەپشتبەستن بەتوێژینەوەیەکی مەیدانی تایبەت بەشاری (نیوهافن) ی ئەمریکی، ئەوە دەخاتە ڕوو کەلەوشارەدا یەك کۆمەڵی نەدۆزیەوە بڕیار لەسەر هەموو شتەکان بدەن، بەڵکو کۆمەڵێك سەرکردەی جیاوازی بینیەوە، کەهەریەکەیان پسپۆڕە لەبریاردان لەبواریکی دیاری کراودا. گرووپێك هەیە بڕیاری فیرکردن دەردەکات و یەکیکی تر بڕیارە تەندروستییەکان، سێیەمیان بڕیار لەبواری کشتوکاڵدا...هتد، لەگەڵ نەبوونی بەیەکداچوون لە ئەندامبوون دا لەنیوان ئەو گرووپە سەرکردایەتییانەدا. بەتێڕوانین لەو هەمەڕنگی ئابوری و کۆمەڵایەتییەی شارەکە لەکاروانی پیشەسازی و گەشەی کەرتەکانی کاردا توشی بووە، لەتوانای تاکا گروپێکدا نییە هەژموون بەسەر بەڕێوەبردنی کاروبارەکاندا بکات لێرەدا گروپی زۆر هەن سەرکردەکانی کیبرکێ دەکەن لەپێناوی گەیشتن بەدەسەڵاتدا، بەم شێوەیە هەمەڕەنگی گروپە فەرژەوەندیخوازەکان بووە هۆی فرەیی بونیادی دەسەڵات. بەڵام فرەیی مانای هاوتایی ناگەیەنێ، کە هەندێ گروپ کاریگەری گەورەتریان لەوانی تر پڕاکتیزە دەکەن. بەڵام لێرەدا دەستەبژێری زۆر دەمێنێتەوە، کەهەریەکەیان بازنەیەکی بڕیاردانی دیاریکراویان هەیە.
پوختەی قسە لای لایەنگرانی فرەیی ئەوەیە، کەبڕیارە سیاسییەکان لەسیستەمە دیموکراسییەکاندا تاکە دەستەبژیرێك دەریناکات، بەڵکو ژمارەیەکی زۆر دەستەبژێر، واتە گروپە سەرکردەییە پسپۆڕەکان دەریدەکەن.
ئەگەر هەندێ کەس لەگوتەزای فەرمانرەوایی دەستەبژێردا بەڵگەیەك لەسەر قەیرانی فکری دیموکراسی لیبرالی ببینن لەو ڕووەی کە دژی گوتەزای فەرمانڕەوایی گەلە، یان زۆرینەیە، بەڵام بەڕای بانگەشەکەرانی فرەییدا لەگەڵ دیموکراسیدا دەگونجێ. لەکتێبەکەیدا بەناوی (سەرمایەداری و سۆسیالیستی و دیموکراسی) بۆ یەکەمجار لەساڵی ١٩٤٢دا دەرچوو، (جوزێف شۆمپێتەر) بۆچوونێك بۆ دیموکراسی دەخاتەڕوو، کە ڕۆڵی زیندوو و سەنتراڵی سەرکردەی سیاسی لەئاراستە کردن و بەڕێوەبردنی ئیش و کاری کۆمەڵگەدا دەخاتەڕوو ڕۆڵی هاووڵاتی لەقبوڵکردن، یان ڕەتکردنەوەی سەرکردە سیاسییەکاندا کورت دەکاتەوە، پێویستە لەسەر دەستەی دەنگدەران ڕێز لەدابەشکاری نێوانیان و ئەوەی هەڵبژاردنەکە ئەنجام دەدات، بگرن. ڕێگەیان دەدرێ پڕاکتیزەی دەسەڵات بکەن و بڕیار دەربکەن بەبێ دەستێوەردان لەلایەن ئەمانەوە (هاووڵاتیان). ڕاستە هاووڵاتی مافی بەشداریکردنی لەمیانەی دەنگدان و ئەندام بوونی پارت یان کۆمەڵەی فشار هەیە، بەڵام بەرای (شۆمپێتەر)نابێ، هەوڵی دەستبەسەراگرتنی ئازادی بەرپرسان بدات لەپڕاکتیزەکردنی دەسەڵات دا لەڕێگەی سەپاندنی فشاری بەردەوام لەسەریان، جا لەڕێگەی شکات و تاوانبارکردنی یان بەپەنابردن بۆ ناڕەزایی دەربڕینی توندوتیژ بێت.
(ولیام کورنهاوزر) خاوەنی کتێبی (سیاسەتی کۆمەڵگەی جەماوەری) باس لەڕۆڵی گروپە ناوەندگرەکان دەکات لەپاراستنی دیموکراسی لیبرالی و پارێزگاریلێکردنی.
ئەم گرووپانە هەلی بەژداری ڕاستەقینە بۆ تاك دەرەخسێنن بەوەی کە بۆی دەستەبەردەکات لەزانیاری و پێك گەیشتن لەگەڵ ئەوانی تردا. هەروەها لەڕێگەیەوە هاوڵاتی ئەتوانێ بایەخپێدانەکانی گەشەپێ بدات و زۆر لەپێداویستییەکانی تێر بکات. بەمەش لەنێوان دەستەبژێری فەرمانڕەواو لەنێوان  ڕووبەڕووبوونەوەی فشاری جەماوەری ڕاستەوخۆکاندا وەرچەرخانی بەسەر دێت. (کورنهاورز) کێبڕکێی نێوان دەستەبژێرەکانی ئەوگروپە ناوەندیانە دەکاتە  پاڵشتی ئازادی سیاسی لەژێر ڕۆشنایی ئینتیسای تاك لەیەك کاتدا بۆ زیاتر لەگروپێك. فرەیی ئینتیماکان ئەتوانێ ڕێگا بگرێ لەهەر گرەپێك کەگروپەکانی تر لەخۆبگرێ، یان هەوڵی لەناوبردنی گرەپەکانی تر بدات.
(جیۆفانی سارتوری) باوەڕی وایە دیموکراسی تەنیا کێبڕکێی هەڵبژاردنی نێوان سەرکردەکانە لەپێناوی بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسیدا. دیموکراسی خوازەکان بانگەشەی داننان بەڕۆڵی سەرەکی سەرکردە دەکەن لە کۆمەڵگەدا. دیموکراسی ، بەڕای ئەو ، پشت بەجۆری فەرمانڕەواکان دەبەستێ وەك هەر سیستەمێکی تر.
سارتۆری جەختی لەسەرئەوەکرد کەدەستەبژێر بەرگری لە سیستەمی دیموکراسی دەکات و دەیپارێزێ ، بەتایبەتی ئەگەر رەفتاری دیموکراسییانەبوو. هەروەها
رۆڵی جەماوەر لەبەژداریکردن لەهەڵبژاردنەکاندا کورد دەکاتەوە، کەئامانجی پاڵپشتی بەژداری میللی نییە، بەڵکو هەڵبژاردنی سەرکردەکانە.
لەوەی ێشووەوە دەردەکەێ کەتیۆری فرەیی دەستەبژێر یان تیۆری دەستەبژیر هیچ  قسەیەکی لەسەر بەژداری تاك لەژیانی گشتیدا نییە. کەوا دەبینێ بەشداریکەرە ڕاستەقینەکان ئەندامانی دەستەبژێرە سیاسیەکانن لەناو بونیادی دەسەڵات و پارتەکان و گروپە ناوەندەکاندا.
لایەنگرانی ئەم تیۆرە لەگەڵ لایەنگرانی تیۆری یەك دەستەبژێردا ڕێك دەکەون، کە دابەشکردنی هیزی سیاسی لەهەر کۆمەڵگەیەکی نەتەوەیی یان ناوچەیی دابەشکردنێکی نایەکسانە، چونکە هەمیشە دەستەبژێر و جەماوەر هەیە یان دەبێت. بۆ دڵنیابوون لەبوونی یەك دەستەبژێر یان زیاتر ، دەکرێ پشت بەچەند نیشانەیەك ببەسترێ.
گرنگترینیان ڕادەی گونجان لەنێوان سەرکردەکان و ڕادەی پشتبەستنیان بەهەمان بنەمای هێز ڕادەی هەماهەنگی ڕەسەنایەتیە کۆمەڵایەتی و ڕۆشبیریەکانیانە.

دەستەبژێری و مارکسیزم
تیۆریستە کلاسیکیەکانی دەستەبژێر جەخت لەسەرئەوە دەکەنەوە، کەتیۆری مارکسیزم گوزاشتە لەچەند ئایدیۆلۆجیای چینی کرێکار لەکۆمەڵگا سەرمایەدارییەکاندا زیاتر لەوەی زانسێك بێت بۆ کۆمەڵگاو رێبەریك بۆکار، بەبڕوای ئەوان ئەن جۆرە لەلیبرالیزم  کە مارکس دەیویست لەناوی ببیات، لەناو ناچێت مادام بەبەردەوامی دیاردەی نایەکسانی لەواقیعدا بوونی هەیە. ئەمەش بەرەو ئەوەی برد کە بەرپەچی پێشبینیەکەی مارکس بدەنەوە، بەوەی کە کۆمەڵگای شیوعی بێ چینی دروست ببێت، کە پرنسیپی یەکسانی بەڕێوەی ببات، چونکە باوەریان وا بوو کە بونیادی هەرەمی بۆ هەر کۆمەڵگەیەك کارێكی حەتمییە، هەروەها دژی ئەو گوتەزایەی مارکسی وەستانەوە کە دەڵێت فاکتەری ئابووری هێزی سیاسی لەکۆمەڵگادا دیاری دەکات، بەوەی کە سەرکردەی سیاسی هەمیشە نوێنەری چنیی باڵادەستە لەڕووی ئابورییەوە. سەرباری داننانیان بەکاریگەری فاکتەری ئابورییدا، بەڵام وتیان کە دەستەبژێر دەتوانێت تەحەکوم و بگرە تەحەدای هێزی ئابوری بکات بەبەکارهێنانی میکانیزمە سیاسییەکان. مۆسکاو باریتۆ تا ئەو رادەیە رۆشتن کە بڵێن بونیادی هێز لەکۆمەڵگا دا سروشت و توانا و لیهاتوریی سەرکردە سیاسیەکانی دیاری دەکات. وا دەردەکەوێت کە ئەم جیاوازییە بەندبێت بەتێڕوانینی مارکس لەلایەکەوەو بانگەشەی دەستەبژێر لەڕووی دژیەکی بنچینەیی لەناو کۆمەڵگادا لەلایەکی ترەوە. لەکاتێکا کە مارکس جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە دژیەکی بنچینەیی لەنێوان ئەو کەسانەدایە کە ئامرازەکانی بەرهەمهێنانیان لەدەستدایەو پراکتیزەی دەسڵای سیاسی دەکەن و نێوان ئەوانەی کە هیچیان نییە و دەسەڵاتیان نییە، نووسەران و بیرەمەندانی دەستەبژێری جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە کە دژییەکی یان جیاوازی دروست دەبێت لەنێوان باڵا دەستەبژێری سیاسی باڵادەست و دەستەبژێری رکەبەری تردا کە هەوڵ بدات دەست بەسەر جڵەوی حوکمدا بگرێت، بەڵام جەماوەر ڕێکخراوەو گرنگییەکی سیاسی سنورداری هەیە. 
مارکیستەکان لەو رووەوە رەخنە لەتێوری دەستەبژێر دەگرن، کەجیاوازییە سروشتیەکان لەرادەی خۆیان زیاتر گەورە دەکەن، بەرادەیەك دەیگەیەننە ئاستی یاسایەکی سەرمەدی و بەپێی ئەو یاسایە بۆ چینی  دەسەڵاتدار دەگونجێ و دەلۆێت کە بەسەر جەماوەردا زاڵ بێت و ئاراستیان بکات لەڕێگای ئەو باڵا دەستە فکرییەی کە هەیەتی. بەمەش جیاوازی چینایەتی دەگاتە ئاستی جیاوازی سروشتی، کە دەبێت دانی پێدابنرێت و پشتڕاست بکرێتەوە بەوپێیەری کردە گەلێکی ئەزەلی و چارەنووسسازە، ئەگەر مارکسیزم نکۆڵی نەکات لەجیاوازی سروشتی لەنێوان مرۆڤەکاندا، بەڵام لەهەمانکاتدا نایەوێت بەرپرسیاربێت لەهێنانە ئارای چینایەتیدا. پێگەی هەرچینێك لەبەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی توانا فکرییەکان دیاری ناکات ، بەڵکو پێگەیان لەرووی هێزەکانی بەرهەم هێنانەوە دیاری دەکات. لەلایەکی دیکەوە دەستە بژێرەکان خۆیان لەپرسی پەیوەندی نێوان کاری دەستی و زەینی لەناوکۆمەڵگای چینایەتیدا دەبوێرن. لەم جۆرە کۆمەڵگایەدا گەلی کارکەر بێبەشن لەهەلی برەودان بەتواناو لێهاتووییەکانیان تا ئەوپەڕی، بەهۆی ئەو قۆستنەوەو ستەمەی کە لەلایەن چینی خاوەنداری ئامرازەکان بەرهەم هێنانەوە لێییان دەکڕێت. لەلایەنی سێیەمەوە دەستەبژێرهیچ نییە جگە بەرهەمی خاوەنداریتی تایبەت ، هاتنەکایەی ناگەڕێتەوە بۆ بلیمەتی تاکەکانی ، بەڵکودەگەڕێتەوە بۆ یاسا ئابوورییەکانی سیستەمی سەرمایەداری ، کە ئامرازو بەرهەمەکانی بەرهەمهێنان دەخاتە دەستی کەمینەیەکەوە. سەرباری ئەوەی کە باسمان کرد، مارکسییەکان رەخنە لەو وتەزایەی هەندێك لەدەستەبژێژەکان دەگرن، بەوەی کە هێز لەکۆمەڵگا سەرمایەدارییەکاندا بەشێوەیەکی یەکسان لەنێوان (٥) گروپی دەستەبژیریدا دابەشکراوە : (سیاسی، ئابووری، کارگێڕیی، سەربازی، هزری) هاوسەنگی نێواێشیان وادەکات کەسیان باڵا دەست نەبێت بەسەر ئەوانی تریانەوە. لەلای مارکسیتەکان هێز لەدەستی چینی باڵادا چڕ دەبێتەوە، کە بەشێوەیەکی سەرەکی سەرمایەدارەکان دەگرێتەو.

میتۆدی دەستەبژێر لەنێوان لایەنە باش و خراپەکانیدا
بەشێوەیەکی گشتی دەکرێ قسەلەسەر ژمارەیەکی زۆر لایەنی باشی شیکردنەوەی دەستەبژێری بکەین.
١-میتۆدی دەستەبژێربەوەی کەلەپێکهاتەی دەستەبژێر و ئامانجی ئەندامەکانی و ڕۆشنبیری سیاسیانە لەخۆدەگرێت، بەئەلتەرناتیڤێك بۆ شیکردنەوەی یاسایی – رەسمی دەژمێردرێ. توێژینەوەی هەڵسوکەوتی خاوەن هێزەکانی یارمەتی تێگەیشتنی قوڵتر و وردتری ڕەفتاری سیاسی دەدات. سەرباری ئەوەی کەشیکردنەوەی دەستەبژێری زۆرگرنگی بەلایەنەکانی دەرچووەکان (سیاسەتەکان و بڕیارەکان) نادات ، بەڵام پرسیار دەوروژێنێ و وەڵامی پەیوەندیدار بەتێچووەکانی (المدخلات) دروستکردنی سیاسەت پێشکەش دەکات. تیشك دەخاتە سەر بکەرە سیاسییەکان، واتە ئەوانەی کەدامەزراوەکان دروست دەکەن و دەستورەکان دادەنێن، ئەوانەی کەپلان دادەڕێژن و بڕیار دەدەن.
٢- ئەم میتۆدە تاڕادەیەكی زۆر ڕێگە بەکۆنتڕۆڵکردنی کرۆکی لێکۆڵینەوەکە دەدات لەڕووی جەختکردنی لەسەر خودی گرووپەکە لەناو سیستەمی سیاسیدا بەجؤرێ وادەکات شیکردنەوە قوڵەکەو پێوانەکە لەحوکمکردنەوە شیاوبێ.
٣- توانای پراکتیزەکردنی هەیە لەچوارچێوەیەکی فراوان دا بەهۆی بوونی دەستەبژێرەوە لەتێکڕای سیستەمە سیاسییەکاندا: دیموکراسی یان نادیموکراسی، مۆدێرن یان تەقلیدی یان گواستراوە، ئاڵۆز یا سادە.
٤- بانگەشەکەرانی میتۆدەکە ڕۆڵێکی گەورە دەدەنە پاڵ دەستەبژێر لەهێنانەدی سیاسەتناسییەکی بێلایەن و بابەتی، کەوای بۆ دەچن شیکردنەوەی دەستەبژێری  بەشێکە لەشیکردنەوەی زانستی فراوان بۆ کۆمەڵگەو ڕۆڵی سیاسەت تیایدا، بەپیچەوانەی فەیلەسوفە سیاسیەکانەوە، کەتێڕوانینێکی فەلسەفەیی و ئاکارییان بۆ سیستەمی سیاسی خستەڕوو بەبێ گەڕان بەدوای نەگۆڕەکاندا لەکۆمەڵگەی مرۆییدا. نوسەرانی دەستەبژێر جەخت لەسەر ئەوە دەکەن کەشیکردنەوەیەکی زانستییان بۆ سیستەمی سیاسی خستۆتە ڕوو، کە پشت بەمیتۆدی میژوویی و تێبینی و ڕووپێوی کۆمەڵایرتی بەدەستێ و ئامانجی دۆزینەوەی یاسا گشتییەکانە کەفەرمانڕەوایی ئەم سیستەمە دەکات وەك یاسای ئاسنینی ئۆلیگارشی کەمشڵز دایڕشت. جێی بیرهێنانەوەیە ئەم یاسایە بەهیچ شێوەیەك کاری بەسەر دادپەروەری، یان ئاکاری سیستەمی سیاسییەوە نییە، مشڵز دەڵێت (یاسای ئۆلیگارشی وەك هەریاسایەکی سۆسیۆلۆژی تر، چاکەو خراپە تێ دەپەڕێنێ و ئەرکی زانست ئەوە نییە بەدوای ئەوەدا بگەڕێ کەدیاردەکە چاکە یان خراپ).
سەرباری ئەو لایەنە بەهێزانە، کەمی توێژینەوە سیاسییە کارپێکراوەکان کەلە چوارچێوەی دەستەبژێردا بەکارهاتوون، تیبینی دەکرێ. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئاستەنگی شاراوە لەمیتۆدەکە خۆیدا کەگرنگترینیان :
ناڕوونیی فیکرییە بەشێوەیەکی گشتی کە ئەدەبیاتی دەستەبژێری پێ جیادەکرێتەوە. چەمکە بنەڕەتییەکانی وەك دەستەبژیر و هێز و دەسەڵات و توانا هێشتا پێناسەیەکی ورد نەکراون و جیاوازی نێوانیان ڕوون نەبۆتەوە، بەجۆرێك ڕێگەبە بەکارهێنانی بدات لەبونیادنانی تیۆری دەستەبژێردا.ئەوەی وامان لێدەکات کە سەرمان سووڕ بمێنێ، ئەوەیە کە باڕاستی توێژەران لەسەر خودی پێناسەی دەستەبژێر جیاوازییان هەیە. بۆنموونە (هارولد لاسوێل) سێ پێناسەی بۆ دەستەبژێر خستووەتە ڕوو : (ئەو کەمینەیە کە گەورەترین بەش لەهەر بەهایەك بەدەست دەهێنێ) (ئەو کەسانە لەخۆدەگری کەگەورەترین بەشی هێزیان هەیە لەگرووپدا) (بەسادەیی کەسە خاوەن دەسەڵاتەکان لەخۆدەگرێ).
(رایت میڵز) قسە لەسەر دەستەبژێر دەکات و مەبەستی لێی بزنە ئابوری و سیاسی و سەربازییەکانە ، کە بەیەکدا دەچن و بەشداری لە دەرکردنی ئەو بڕیارانەدا دەکەن، کەبەلایەنی کەمەوە کاریگەری لەسەر ئاستی نەتەوەیی بەجێدەهێڵن.
(جیریانت باری) دەستەبژێر واپێناسەدەکات کە کەمینەیەکی بچوکەو ڕۆڵێکی کاریگەر لەکاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەدا دەگێڕێ.
(سۆزان کیلۆ) مەبەستی لەدەستەبژێر کەمینەیەکە لەتاکەکان خزمەتی گروپێك دەکەن، بەجۆرێ، کە گرووپەکە خۆی پێی ڕازییە.
(رۆبەرت داڵ) وا دەستەبژێر دەبینێ کەمینەیەکن لە تاکەکان فەزڵیان زاڵە لەحاڵەتی جیاوازی لایەنگری کردندا دەربارەی پرسە سەرەکییەکان لەکۆمەڵگەدا).
٢- زەحمەتی دیاریکردنی ئەندامانی دەستەبژێر و هەروەها زەحمەتی کۆکردنەوەی زانیاری دەربارەی تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتی و کەسییەکانیان. کێشەی تەفسیرکردنی راڤەی سیاسی دەستەبژێر پێویستە بەم خاڵەوە. توێژەر چۆن باکگراوندی کۆمەڵایەتی ئەندامانی دەستەبژێر دەبەستێتەوە بەکاری سیاسی ئەوانەوە ؟ هەتا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی مادی بەدەستەوە نییە لەسەر ئەوەی کە باکگراوندی کۆمەڵایەتی رەفتاری سیاسی دیاری دەکات.

سەرچاوە :
نضریات النضم السیاسیة، د. کمال المنوفی، الطبعة الاولی ، 1985 ،ص، 43.

 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved