ن/کەمال ئەلمەنوفى
و/سۆران ئەحمەد
دستپێک
میتۆدى دەستە بژێر لەتوێژینەوە سیاسییەکاندا بڵاوبووەوە وشیکردنەوەى بەراوردکارى بۆ دەستەبژێر، بەدرێژى کات و شوێن، بووبەیەکێ لەبایەخپێدانەکانى توێژەران لەگۆڕەپانى سیاسەتى بەراوردکاریدا.
شیکردنەوەى دەستەبژێر وەک پێکۆڵییەک (تحدى)ى میتۆدى یاسایى دادەنرێت، کە پێدادەگرێت لەسەر ڕەفتارى ژمارەیەکى تاڕادەیەک بچووک لە دروستکەرانى بڕیار، نەک دامەزراوەى فەرمانڕەوایى. هەرچۆن پێکۆڵ (تەحەدا)ى میتۆدى گروپ دەکات لەو ڕووەى کە دەسەڵات وکاریگەرى تاکە گروپێک بۆخۆى نیشان دەدات (واتە ئەوانەى کە بڕیار دروست دەکەن) هەروەها لایەنگرانى بانگەشەى ئەوە دەکەن کە وەک جێگرەوەیەک وایە بۆ شیکردنەوەى چینایەتى، کە خودى توێژێکى کۆمەڵایەتى وەک پسپۆڕى کۆمەڵایەتى بۆ لێکۆڵینەوە وەردەگرن وبەکرۆکى سەرکردایەتى سیاسى دادەنێن.
گوتەى بنەڕەتى لەشیکردنەوەى دەستە بژێردا ئەوەیە کە هەموو کۆمەڵگەیەک بەسەردوو توێژدا دابەشدەبێت: فەرمانڕەوا(الحاکم) وبەرفەرمان (المحکوم). فەرمانڕەواکان ژمارەیان کەمەو خاوەنى هێزن وبڕیارى گرنگ دەردەکەن،کەکاریگەرییان لەسەر ژیانى کۆمەڵگە هەیە، گروپێکى یەکگرتووى پێکەوەبەستراوى هۆشیار دروست دەکەن، کەبەهۆى ئینتماى خێزانى، یان کۆنترۆڵکردنى سەرچاوەکانى بەرهەمهێنان، یان بەرجەستەکرنى بەهاى ئاینى، یان کۆمەڵایەتى باو، یان بەرزى ئاستى زانین، یان بوونى لێهاتوویى دیاریکراو تێیاندا... تواناى کۆنتڕۆڵکردنیان دەبێت.
ئەگەر توێژەر تیشک بخاتە سەر ئەم گروپە، ئەتوانێ بەشێوەیەکى زۆرچاک لە شێوازى کارلێکردنى سیاسى لەکۆمەڵگادا تێبگات. بەڵام بەرفەرمانەکان (محکومین)، کە زۆرینەن وبەشداری ناکەن وکاریگەرریش نین لە پڕۆسەى دروستکردنى بڕیاردا، لەسەریانە گوێڕایەڵ و پەیڕەوکەربن. لەژێر ڕۆشنایی ئەم گوتەزایەدا، لایەنگرانى ئەم میتۆدە بانگەشەى ئەوە دەکەن کە ئەم میتۆدە، باشترین میتۆدى گونجاوە لەتوێژینەوەى سیاسەتى بەراوردکاریدا. چونکە هیچ سیستەمێکى سیاسى لەدەستەبژێرى سیاسى خاڵى نییە. هەروەها، دەتواندرێ بەراوردى نێوان سیستەمى سیاسى بکرێت لەمیانەى توێژینەوەى پێکهاتەو چالاکى دەستەبژێرەکانەوە.
بنەماو ئاڕاستەکانى شیکردنەوەى دەستەبژیر
ڕەگەکانى توێژینەوەى دەستەبژێرى دەگەڕێتەوە بۆ نووسینەکانى ئەفلاتۆن و ئەرستۆ. میتۆدى دەستەبژێرى قاڵبى نەگرت لەسەدەى نوێدا نەبێت، ئەمەش بەبەشدارى ژمارەیەک بیرمەندو نووسەر.
(سان سیمۆن) یەکەم کەس بوو هێڵە گشتییەکانى شیکردنەوەى دەستەبژێرى دانا، کاتێ کۆمەڵگەى وەک هەڕەمێک تەماشا کرد، کە لەلوتکەکەیدا دەستەبژێرى سیاسى هەیە. لەبەر ئەوەى دەستەبژێرى ڕاستیەکى حاشا هەڵنەگرتووە بۆ هەر کۆمەڵگەیەک، (سیمۆن) واى بینى کە چاکسازى لەهەر سیستەمێکى فەرمانڕەوایی لەڕێگەى گۆڕانى دەستەبژێرەوە نەبێ، نابێت. بەو پێیە، پێویستە ئەرکى فەرمانڕەوایی بدرێتە دەست زاناو هونەرمەندان وگەورە پیاوانى پیشەسازى، ئەوکارەى کەقەناعەتەکەى دەردەخات بە پێویستیى پشتبەستنى دەستبژێرى سیاسییە لەسەر ئامادەگییەکان، نەک ئینتماى خێزانى دەخاتەڕوو. (هیولیتى) حاڵەتى سیستەمى سیاسى فەڕەنسى پێش هەڵگیرسانى شۆڕشى فەڕەنسى ساڵى (١٧٨٩ز) لێکداوەتەوە لەڕوانگەى دەستەبژێر، کە بەچینى فەرمانڕەوا یان چینى نایاب ناوی بردووە (کە لەپاشاو خانەدانەکان وپیاوانى ئاینى پێکهاتوون) و واى دانا کە ڕەفتارى ئەمانە لەبنەڕەتدا بەرپرسیارە لەهەڵگیرساندنى شۆڕشدا. نووسەرێکى تر کەناوى (لودڤیک جیمبلۆکس)ە، بۆ ئەوەچووە کەدەوڵەت لەوە تێناپەڕێت کە باڵادەستى کەمینەبێت بەسەر زۆرینەدا. ئەم کەمینەیە، وەک دەستەبژێرى سیاسى، پشت بەفاکتەرى بایە لۆژیکی دەبەستێ، کە لە باڵادەستى ئەقڵییە بەسەر تاکەکانى ترى کۆمەڵگادا خۆى دەنوێنێ. ئەو بیرو بۆچوونانەى کەئەم سێ نووسەرە خستیانە ڕوو، بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ کاریگەرى کردە سەر نووسەرە بەناوبانگەکانى شیکردنەوەى دەستەبژێرى: مۆسکا، باریتۆ، ڕۆبەرت مشڵز، برنهام وڕایت مێڵز وئەوانى تر. ئەمانە لەسەرئەوە کۆکن کەهەرکۆمەڵگەیەک دەستەبژێر فەرمانڕەوایى دەکات. بەڵام ئەو بنچینەیەى کەهێزى دەستەبژێرى لێوەدێت، جیاوازن. لەم ڕووەوە، دەتوانین جیاکارى لەنێوان ئەم ئاڕاستانەى خوارەوەدا بکەین:
Organizational approach یەکەم: ئاڕاستەى ڕێکخراوەیى
کرۆکى ئەم ئاڕاستەیە ئەوەیە کەدەسەڵاتى دەستەبژێر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شارەزاییەى کەڕێکخراوەکە هەیەتى، لەدیارترین بانگەشەکەرانى (مۆسکا مشلز)ە مۆسکا لەپەرتوکەکەیدا بەناوى (چینى فەرمانڕەوا) ڕایگەیاند کە لەهەر سیستەمێکى سیاسیدا (پادشایەتى، یان ئۆلیگارشى، دیموکراسى) دووچین هەیە:
دەستەبژێر یان چینى فەرمانڕەواى کەمینە کە ، دەسەڵات قۆرخ دەکات وهەموو ئیش وکارە سیاسییەکان ئەنجام دەدات، پاشان چینی بەرفەرمانی زۆرینە هۆیەکانی ژیانی مادی بۆچینی فەرمانڕەوا دەستەبەردەکەن ویارمەتی کۆمەڵگە دەدەن بەهەموو ئەو شتانەی کە بۆ مانەوە وبەردەوامبوونی پێویستە. سیستەمی سیاسی بەندە بەتوانای چینی فەرمانڕەواوە بۆ وردە وردە خۆنوێکردنەوە بەڕەگەزە بەهرەدارەکانى کۆمەڵگە ، پێگەی دەستەبژێر Elite position دەرئەنجامی بوونی شتێکە لای ئەندامەکانی کۆمەڵگە بەرز دەینرخێنێ سامان، پێگەی ئایینی..هتد، بەڵام دەبێ وریابین فەزڵی هێزو دەسەڵاتی دەستەبژێر elite power بەپلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەو توانای ڕێکخستنە گەورەیەی کەدەستەبژێرهەیەتی، واتە توانای یەکانگیری لەڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی تری کۆمەڵگەدا.(مۆسکا) وادەبینێ کە بچووکیی قەبارەی دەستەبژێرو سادەیی هۆیەکانی پەیوەندیکردنی دەستەبەرکراون ئەم توانای ڕێکخستنە بەرزەیان دەداتێ. لەبەرئەوە دەتوانێ سیاسەتەکانی دابڕێژێ وبڕیارەکان بەخێرایی دەربکات. وەڵامدانەوەی خێرای بۆ بارودۆخی گۆڕاو هەبێ و دەرکەوتنی بەڕوخسارێکی کاملی هەماهەنگ لەوتەوکردار (اْقوال و الافعال)دا دەربکەوێت. بەڵام زۆرینە ناڕێکخراوەو کۆمەڵێك تاك لەخۆدەگرێ، کەئامانجی هاوبەشیان نییە یان سیستەمێکی پەیوەندی ناسراو یان سیاسەتێکی ڕێکەوتوویان نییە.
بەڵام (مۆسکا) هەرچەندە دان بەدەستەبژێرى فەرمانڕەوادا دەنێت لەهەموو کۆمەڵگەیەک، دانى نا بەبوونى جیاوازییە کرۆکییەکان (المجوهر) لەنێوان سیستەمە سیاسییەکان وبۆ دوو فاکتەرى گێڕانەوە:
١-چۆنیەتى سەرهەڵدانى دەسەڵات.
٢-شێوازەکانى ئەندامگیرى لەچینى فەرمانڕەوادا.
دوو پرنسیپى بۆسەرهەڵدانى دەسەڵات ودوو ئاراستەى بۆ ئەندامگیرى ئەندامانى دەستەبژێر دیاری کرد.
ئەوەى کەپەیوەندى بەسەرهەڵدانى دەسەڵاتەوە هەیە، ڕەنگە بەپێ ى پرنسیپى ئۆتۆکراسى (سەرهەڵدان لەسەرەوە بۆ خوارەوە) بێت کاتێ فەرمانڕەوا بەرپرسان دادەمەزرێنێ یان بەپێى پرنسیپى لیبرالى (سەرهەڵدانى لەخوارەوە بۆسەرەوە، واتا سەرچاوەى دەسەڵات گەل) بێت، کەفەرمانڕەوا لەڕێگەى هەڵبژاردنەوە دەگاتە دەسەڵات. لەگەڵ ئەوەشدا ئۆتۆکراتى ولیبرالى تەنها دوو شێوازى ئایدیالین. بەڵام واقیعى کردەیى سیستەمێکى ئۆتۆکراسى، یان لیبرالى پوخت نین، بەڵکو یان بەرەو لیبرالى دەڕوات.
سەبارەت بەئاراستەى ئەندامگیرى، مۆسکا جیاکارى لەنێوان ئاراستەى ئەرستۆکراسى (کەئەندامى دەستەبژێرى نوێ لەنەوەى دەستەبژێرى کۆنن)و ئاراستەى دیموکراسى (کەچینى فەرمانڕەوا بەتاکەکانى چینى ژێرەوەى بەرفەرمان نوێ دەکرێتەوە) دەکات و ئەوە باس دەکات کەزیادەڕەوى لەهەریەکە لەم دوو ئاڕاستەیە مەترسى هەیە، لەگەڵ زیادەڕەوى لەئەرستۆکراسیدا، ڕەنگە چینى فەرمانڕەوا هەستکردنى بەپێداویستى و بەرژەوەندى کۆمەڵگە لەدەست بدات، لەگەڵ زیادەڕەوى لەدیموکراسیدا سێبەرى شۆڕش دەردەکەوێ و بوونى چینێکى فەرمانڕەواى یەکانگیر لەتوانادا نابێت هەتا پڕۆسەى هەڵوەشاندنەوە لەژێرەوە هەبێت.
لەسەر بنەماى کۆکردنەوەى نێوان هەردوو پرنسیپ و ئاڕاستەکان، مۆسکا جیاکارى لە نێوان چوار جۆر لەسیستەمى فەرمانڕەواییدا کرد :
1- سیستەمى ئۆتۆکراسى - ئەرستۆکراسى:
زۆرجار شێوازى دەسەڵاتى ئۆتۆکراسى بەڕێگەى ئەرستۆکراسى بەڕێگەى بۆ ئەندامگیرى سیاسى نزیک دەبێتەوە بەراورد دەکرێت. لەسیستەمى پادشایەتیدا، پادشا بەرپرسان لەنێو خانەدانەکاندا دادەمەزرێنێ.
٢-سیستەمى ئۆتۆکراسى – دیموکراسى :
لەهەندێ لەسیستەمە ئۆتۆکراسییەکاندا فەرمانڕەوا بەرپرسان بەپێ ى پێوەرى کارامەیی بەبێ گوێدان بەڕەسەنایەتى کۆمەڵایەتى یان سامان دادەمەزرێنێ.
٣- سیستەمى لیبڕالى – ئەرستۆکراسى
لێرەدا پرۆسەکانى هەڵبژاردن ودەستنیشانکردن بۆ ڕۆڵەکانى چینى ئەرستۆکراسە.
٤- سیستەمى لیبرالى – دیموکراسى:
ئەم سیستەمە دیموکراسى نوێنەرایەتى مۆدێرن دەخاتە ڕوو، کەڕێگە بەتاکەکانى تێکڕاى چینەکان دەدا لەڕێگەى هەڵبژاردنەوە بگەنە پێگەکانى دەسەڵات، بەڵام مۆسکا وادەبینێ کەئەم سیستەمە، ئەگەرچى دەرگاى گەیشتن بەدەسەڵات لەبەردەم هەموو چینێکدا واڵا دەکات، بەڵام گرێنتى خاوێنى هەڵبژاردنەکان ناکات، کەزۆرجار لەڕێگەى دەستەبژێرى سیاسییەوە تووشى یاریپێ کردن وساختەدەبێت.
بگرە ئەم دەستەبژێرە ڕەسەنایەتییە کۆمەڵایەتیەکەى هەرچى یەک بێت بۆچینى فەرمانڕەواى بۆماوەیی دەگۆڕێ.
بەم شێوەیە ڕوون دەبێتەوە، ئەگەرچى بەشیوەیەکى شاراوەش بێ، کەئاڕاستەى گشتى بۆ سیستەمى سیاسى لەڕوانگەى مۆسکاوە، بێ پێچ وپەنا ڕوو لەشێوازى ئۆتۆکراتى – ئەرستۆکراسى یان شێوازى لیبرالى – ئەرستۆکراسییە.
رۆبەرت میشێڵز
بەڵام ڕۆبەرت میشێڵز لەپەرتووکەکەیدا (پارتە سیاسییەکان) کە بۆیەکەمجار بەزمانى ئەڵمانى لەساڵى ١٩١١ز بڵاوى کردەوە، واى گریمان کرد هەموو رێکخستنێکى کۆمەڵایەتى یاسایەکى ئاسنین (ئۆلیگارشى) فەرمانڕەوایی دەکات بەماناى ملکەچ بوونى بۆ دەستەبژێرێک، کەهێزىFrom law of oligarchy لە لێهاتووى ڕێکخراوەیی ئەندامەکانى بەدەست هێناوە، بۆتاقیکردنەوەى ئەم گریمانەیە، میشێڵز لەو ڕێکخراوانەى توێژیەوە کەیەکەمجار وادەردەکەون کەیاساى ناوبراو بەسەریاندا جێبەجێ نابێت، ئەو ڕێکخراوانە خۆى لەپارتە سۆسیالیستییە ئەوروپیەکانى بەرلەجەنگى جیهانى یەکەمدا دەبینیەوە، بەتایبەتى پارتى سۆسیالیستى ئەڵمانى دواى کۆکردنەوەى زانیارى، ئەم دەرئەنجامانەى خوارەوەى لێکەوتەوە:
١-هەر ڕێکخراوێک، قەبارەکەى هەرچەندێ بێت، پێویستى بەسەرکردایەتى هەیە، بۆئەوەى کاربکات وپارێزگارى لەبوونى بکات، وەسروشتى ڕێکخراوەکە هێزو تایبەتمەندییەکى وادەدەن بەسەرکردە، کە شوێنکەوتووان ناتوانن چاودێرى بکەن ولێپرسرینەوەى لەگەڵدا بکەن. سەرکردایەتى پارت لەدەستى سەرکردە سیاسی وکارگێڕییەکاندا سنووردار دەبێت، ئەوەش لەئەنجامى شارەزاییەکانیان لە ئاراستەکردنى چالاکیە جۆراوجۆرەکانى پارتدا وەک پەیداکردنى لایەنگر وبەدەستخستنى هاوکارى ودیاریکردنى هێڵى سیاسى نەگۆڕى پارت.
٢-ئەنجامى پێشوو ڕاست دەردەچێ بەنیسبەت پارتە سۆسیالیستەکانەوە. لەناو هەریەکەیاندا، دەستەبژێرێکى پرۆلیتارى هەیە، کە تەنها لەبنچینەدا لەپڕۆلیتاریا دەچێت، لەکاتێکدا لەوە بترازێ، لەهەموو شتێکدا جیاوازە لێی. ئەم دەستەبژێرە کارى نوسینگەیی بەکارى دەستى ئاڵوگۆڕ کردووە، پلەوپایەکانى بەکرێکاران ئاڵوگۆڕ کردووەو، شێوازى ژیانى سەرمایەدارى بەدەست هێناوە، کارى حیزبایەتى بەنیسبەت ئەوەوە بووەتە پیشەیەک، کە زیادبوونى داهات و بەرزبوونەوەی پێگەی کۆمەڵایەتی دەستەبەردەکات.
٣- یاسای ئاسنینی ئۆلیگارشی، یاسایەکی گشتییە تەنها بەسەر پارتەکاندا ناچەسپێ، بەڵکو بەهەموو ڕێکخراوەکان ئاشنایە بەدەوڵەتیشەوە، لەبەرئەوە دیموکراسی بەمانای فەرمانڕەوایی گەل یان زۆربەی ڕۆڵەکانی گەل کارێکی نەشیاوە لەڕوانگەی ئەمەوە، چونکە زۆرینەی ناتوانێ فەرمانڕەوایی بکات، سەربارەی ئەوەی کەلەسەر مافی دەنگدانی گشتی دەوترێت، چونکە لەهەر سیستەمێکی دیموکراسیدا، یاسا گرنگەکان لەڕێگەی ئۆلیگارشی یان کەمینەیەکی بەهێزەوە وەردەگیرێن. بەڵام مشڵز نکۆڵی لەو ڕاستییە نکات کەدیموکراسی ڕێگە بەبوونی کاریگەری ناڕاستەوخۆ بۆسەر پارتەکان دەدات، بەمەش دیموکراسی ئاڕاستەی ئۆلیگارشی دەبەستێتەوە، بەڵام ناتوانێ بەتەواوەتی دەست بەرداری ببێ.
Psychological approachدووەم: ئاراستەی دەروونی
باریتۆ لەپەرتووکەکەیدا ( عەقڵ و کۆمەڵگە ) گوزارشتی لەم ئاڕاستەیە کردووە لەڕوانگەی ئەوەوە دەستەبژێر لەکەسە هەلکەوتووەکان پێکدێن لەتێکڕای بوارە چالاکییەکانی مرۆیدا، بەمەش (باریتۆ) بەشێوەیەکی زۆر گشتگیترو فراوانتر لەتێگەیشتنی (مۆسکا) لەدەستەبژێر تێگەیشت بوو. هەروەها (باریتۆ) بەپێچەوانەی (مۆسکا) سوربوو لەسەرئەوەی کەدەستەبژێر دەرئەنجامی کارامەییە ڕێکخراوەییەکان نییە، بەڵکو بەهۆی تایبەتمەندی مرۆیی، یان فاکتەری constant دەروونیی دیاریکراوەوەیە وە (لەباریتۆ) جیاوازی کرد لەنێوان ئەو دەستەبژێرانەی کە لەسەرجەم بوارەکاندا ناوەندە سەرکردایەتییەکان هەڵدەسوڕێنن و ئەوانەشی کە دەستەبژێرنین. پاشان دەستەبژێری دابەشکردووە بۆ دوو کۆمەڵ:
١- دەستەبژێری فەرمانڕەواGoverning elite
دەستەبژێری فەرمانڕەوا ئەوەیە کەڕۆڵێکی گرنگ لەپرۆسەی فەرمانڕەواییدا دەبینێت جابەشێوەیەکی ڕاستەوخۆبێت یان ناڕاستەوخۆ.
٢-دەستەبژیری نافەرمانڕەوا Non-governing elite
کەسە باڵاکان لەخۆدەگرێت لەوبوارانەی کەپەیوەندیان بەکاری سیاسییەوە نییە، واتە ئەوانەی کەچالاکیەکانیان کاریگەرییەکی هەستپێنەکراویان لەسەر پرۆسەی سیاسی نییە، وەك ئەستێرەی تۆپی پێ یان هونەر. بەڵام ئەوەندەی نەبرد (باریتۆ) دەستبەرداری ئەم دابەشکردنە نەبوو. لەبەرئەوە لەگەڵ واقعی کردەییدا یەك نەدەهاتەوە، چونکە بەپێی تیۆریی کێبڕکێی تەواو خاوەنی توانا بەرزەکان، ئەوکەسانەن کەدەگەنە لوتکە لەبواری کارەکانیاندا. بەڵام ئەزموون دەریخستووە کەڕەچاوکردنی سامان و شوێنی لەدایك بوون و ئافرەت هەندێ جار زەمینە بۆهەندێ کەس ساز دەکەن بۆ گەیشتن بە ناوەندی سەرکردایەتییەکان، سەرەڕای سادەیی شارەزایەکانیان.
باریتۆ
لەجیاتی ئەمە، (باریتۆ) هەستا بەجیاکاری لەنێوان دەستەبژێر (فەرمانڕەواو ونافەرمانڕەوا) ونادەستەبژێردا. ئەگەر (کارڵ مارکس) مێژووی مرۆڤایەتی لەڕوانگەی ململانێی چینایەتییەوە لێکبداتەوە، سەرباری پێکهاتەی دەروونیی دەستەبژێر خۆی.
لەبارەی ڕاڤەکردنی کۆنتڕۆڵکردنی دەستەبژێر وخولی دەستەبژێر (دەرکەوتنی دەستەبژێری نوێ ووونبوونی دەستەبژێری کۆن)، ( باریتۆ) چەمکی نیشتەی بەکارهێنا کەوەك ڕەنگدانەوەی ئارەزووە زگماکییە مرۆییەکانە، ئەم نیشتەیەشی بۆ دوو کۆمەڵ دابەشکردووە:-
آ- ئەو نیشتەیەی کە مەیلی بەلای بیرکردنەوەو تێڕاماندا هەیە.
ب- ئەو نیشتەیەی کە ئارەزووی مانەوەو سیستەم وسەقامگیری دەکات.
ڕەنگە جۆری یەکەمی نیشتە لای هەندێ لەتاکەکانی کۆمەڵ زاڵ بێ، ئەوانە خاوەن زیرەکی و فێڵن، لەکاتێکدا جۆری دووەمی نیشتە لەلای تاکەکانی تر زاڵ بێت ئەوانە خاوەنی هێز و سیستەمن. سیاسەت پێویستی بەهەردوو جۆرە نیشتەکە هەیە. تاڕادەیەك مەسەلەی باوەڕپێکردن و تاڕادەیەکیش مەسەلەی هێزە. شێوازی فەرمانڕەوایی لەهەر کاتێکدا بەندە لەسەر ئەوەی ئایا دەستەبژێری فەرمانڕەوا ئەو تاکانە لەخۆ دەگرێ کە جۆری یەکەمی نیشتەی لازڵە، یان ئەوتاکانەی کە جۆری دووەمی نیشتەیان لازاڵە. لەحاڵەتی یەکەمدا دەستەبژێر لەڕێگەی باوەڕپێکردن و هاندانەوە فەرمانڕەوەیی دەکات. ئایدۆلۆژیا دادەهێنێت بۆ ڕاکێشانی جەماوەرو بۆ ڕووبەرووبوونەوەی قەیران و تێرکردنی پێداویستییەکان سیاسەت دەگرێتەبەر. بەڵام لەحاڵەتی دووەمدا دەستەبژێر لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزەوە فەرمانڕەوایی دەکەن. ئۆپۆزیۆن دادەپڵۆسێنێ. بەرفەرمانەکان ئەتۆقێنێ. پاراستنی سیستەمی گشتی دەبێتە ئامانجی سەرەکیی فەرمانڕەوایی.
باریتۆ لەپیشاندانی پۆلێنکردنی سیستەمە سیاسییەکاندا سەرەتا ئەوەمان بیردەخاتەوە، کە هەموو سیستەمەکان ئۆلیگارشین، پاشان بۆ دوو شێوازی نموونەیی دابەشیان دەکات :
١-ئەو سیستەمانەی کە تاکەکانی خاوەنی جۆری یەکەمی نیشتەن.
٢-ئەو سیستەمانەی کە تاکەکانی خاوەنی جۆری دووەمی نێشتەن.
بەڵام ( باریتۆ ) ئاماژەی بەبوونی سیستەمی تێکەڵ کرد، کە بەرەو هەریەکە لەدوو تەرزە نموونەییەکە سەردەکێشێ. سیستەمی تێکەڵ ئەوەیە کەدەستەبژێری بەسەریدا زاڵ بێت، کە لەڕیزەکانیدا کەسانی زیرەك و بەهێز، یان ڕێوییەکان و شێرەکانی لەخۆ گرتووە.
لێکدانەوەی (باریتۆ) ڕووبەڕووی چەندین ڕەخنە دەبێتەوە :
باریتۆ لەلێکدانەوەکەیدا تەرکیز دەکاتە سەر ڕووە لێکچووەکانی نێوان سیستەمە سیاسییەکان، لایەنە جیاوازەکانی پشگوێ خست. باوەڕبوون بەبیرۆکەی نەگۆڕە مرۆییەکان بەرەو ئەوەی بردووە کەدیموکراسی ئەسینی پێش زایین لەگەڵ دیموکراسی ئەوروپی نوێدا لەهەمان ڕیزبەندیدا دابنێن، بەبیانووی هاوبەشییان لەتایبەتمەندییەکی بنەڕەتیدا، کەئەویش فەرمانڕەوایی دەستەبژێر توانای بیرکردنەوەو داهێنانی هەیە، بەوەش بێ ئاگابووە لەو جیاوازیانەی کە لەپلەی دامەزراوەیی سیاسی و پانتایی ئیش و کاری سیاسی و بیرۆکراسی کردن و بونیادی سیاسی لەنێوان دیموکراسی ئەسینا و سیستەمە دیموکراتییە مۆدێرەکاندا هەبووە.
لەلایەکی ترەوە، بانگەشەی ( باریتۆ ) بەهاوشێوە بوون لەسەر بنەمایەکی لاواز ڕاوەستاوە، بۆ مانای نیشتە لەسیستەمێکەوە بۆ یەکێکی تر و لەچوارچێوەیەکی هزرییەوە بۆهزرێکی تر جیاوازە. ئەو قسەیەی کەسەرکردەی ئەسیناو سەرکردەی کۆمەڵگە دیموکراسییە نوێ یەکان زیرەکی و فێڵبازی دەخەنەڕوو، زۆر سودمەند نییە بۆ زانینی جۆری ئەو سیاسەتانەی کەهەریەکەیان دەیگرنە بەر.
دەرەنجامەکانی توێژینەوە مێژوویی و سۆسیۆلۆژی و ئەنترۆپۆلۆژیەکان لەنیوەی سەدەی هەژدەوە ئەوەیان خستوەتەڕوو کەجیاوازی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ژینگەیی کاریگەری لەسەر کاردانەوەی مرۆڤ دەبێت. سەرباری ئەوەی کەباسکرا، چەمکی نیشتە خۆشی نەچۆتە ژێر باری هیچ شیکردنەوەیەکی قووڵەوە.
لەگەڵ ئەوەی بۆجیاکردنەوەی هەندێ شێوازی تایبەت لەڕەفتاری مرۆڤ بەسوودە، بەڵام ڕاڤەکردنی ڕەفتاری سیاسی بەپشت بەستن پێی تاڕادەیەكی زۆر ڕاڤەیەکی سەختەو نادیار دەبێت. ئایا جەختکردنی دەستەبژیرلەسەر ماناکانی ڕێکو پێکی و سیستەم لەکاتی قەیران دا بەڵگەیە لەسەر بوونی هێز لای، یان زیرەکی لەداهێنانی شێوازێك بۆ ڕازیکردی جەماوەر بەهێمنی ؟
Economic approach سێ یەم:ئاراستەی ئابووری
لە کتێبەکەیدا شۆڕشی کارگێڕی، کە بۆ یەکەمجار لەساڵی ١٩٤١ بڵاوبووەوە، (برنهام) نمونەیەکی خستەڕوو کە تیۆریی دەستەبژێرو تیۆریی مارکسیزم پێکەوە
گرێدا. بەهەمان شێوەی (مۆسکا و مێشێڵز وباریتۆ) دانی بەوە دانا، کەسیاسەت هیچ نییە جگە لەململانێی نێوان گروپەکان لەپێناوی گەیشتن بەدەسەڵات، هەموو کۆمەڵگایەك گروپێکی بچوکی هەیە، کە باڵادەستە بەسەر پڕۆسەی دروستکردنی بڕیارداو گۆرانیش لەپێکهاتەی دەستەبژێردا (بەواتای گۆڕینەوەی دەستەبژێرێکی نوێ بەستەبژێرێکی کۆن) سەرچاوەی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتییە.
لەلایەکی ترەوە، لەتیۆری مارکسیزم ئەو گۆتەزایەی (القول) وەرگرتووە، کەکۆنتڕۆڵکردنی هۆیە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان سەرچاوەی هێزی دەستەبژێرە. بەفەزڵی ئەم کۆنتڕۆڵکردنە ئەتوانی ئەوانیتر لەخاوەنداریەتی ئامێرەکانی بەرهەمهێنان بێبەش بکات ، سەرەڕای بەدەستهێنانی مامەڵەی جیاواز لەدابەشکردنی بەرهەمدا، سا بەشێوەی پارە یان کاڵا وەریبگرێت. بەلێوردبوونەوە لەشێوازی کەڵەکەبووی هێز، کۆنتڕۆڵکردنی هۆیەکانی بەرهەمهێنان دەبێتە هۆی هیزی سیاسی و دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی و سامان. یاساکانی دەوڵەت پاراستنی پەیوەندییە خاوەنداریەکانی لەئەستۆدایە، ئەمەش بەمانای پارێزگاریکردن لەباڵادەستی خاوەنداریەتی هۆیەکانی بەرهەمهێنان. دەوڵەت لەژیر سایەی سیستەمی سەرمایەداری و چوارچێوەیەکی یاسایی دادەنێت و سەرکەوتنی ئابووری ئازاد زامن دەکات، بەڵام پاوانکردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان تەنیا لەچوارچێوە یاساییەکەیدا بەند نابێت، بەڵکو لەسەر سروشتی سیستەمی ئابووری بەندە.
سەرکەوتن و شکستی دەستەبژێر لەپارێزگاریکردن لەدەسەلات. بەندە بەرادەی قۆڕخکردنی هۆیەکانی بەرهەمهێنان.
ئەگەر هیزێکی دیکە هات و ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی کۆنتڕۆڵکرد، یاخود پەرەی بەهونەرێکی بەرهەمهێنانی تازەدا، ئەو تاقە هێزی دەستەبژێرە کە لاواز دەبێت و دەپوکێتەوە.
(برنهام) لەڕاڤەکردنی قەیرانی سەرمایەداری بۆ ئەوەچوو کە خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان، واتە سەرمایەدارەکان، لەپڕۆسەی بەرهەمهێنان دوورکەوتوونەتەوە. چالاکیەکانیان لەپارەدارکردندا کورت دەکەنەوەو چالاکی بەرهەمهێنان دەخەنە ئەستۆی ڕەگەزە کارگێڕییە پیشەییەکان. پاشان پڕۆسەی بەرهەمهێنان دەکەوێتە دەستی دەستەبژێری هونەری کارامە کە کۆنتڕۆڵی ئامرازەکانی بەرهەم هێنان دەکات، ئەم کۆنتڕۆڵکردنە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەواو دەگۆڕێت کە هەڵسوکەوتی جیاکاری بەدوا دێت. بەم شێوەیە چینی سەرمایەداری بزردەبێت، نەك بۆئەوەی کۆمەڵگەیەکی بێچین جێی بگرێتەوە، بەڵکو بۆئەوەی دەستەبژێرێکی کارگێڕی تەکنۆکراتی جێ ی بگرێتەوە، کەکۆنتڕۆڵی ئابووری و سیاسی کۆمەڵگەی بۆ دەلوێ.
Institutional approach چوارەم: ئاڕاستەی دامەزراوەیی
ئەم ئاڕاستەیە پەیوەستە بە کۆمەڵناسی ئەمریکی (س.ڕایت میڵز) ەوە، کە لەگەڵ (برنهام) دا یەك دەگرێتەوە، لەسەرئەوەی کەدەکرێ لەژێر ڕۆشنایی بونیادی ئابووری وکۆمەڵایەتی کۆمەڵگەدا لەپێکهاتەی دەستەبژێری تێ بگەین، نەك لەژێر ڕۆشنایی لێهاتووییە ڕێکخراوەییەکان، یان تایبەتمەندیە دەروونیەکانی تاکەکانی. لەو کاتەی کە (برنهام) باوەڕی وابوو کە هێز لەکۆنتڕۆڵکردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانەوە سەرچاوە دەگرێ، (میڵز) وای دەبینی کە پەیوەستە بەکۆمەڵێک لەدامەزراوەکان، دامەزراوەی سەربازی و کۆمپانیا گەورەکان و دەسەڵاتی جێ بەجێ کردن دەگرێتەوە لەناو کۆمەڵگەی ئەمریکیدا دەگرێتەوە، بەم پێ یە، دەستەبژێر لەوانە پێکدێت ، کە لەدامەزراوە ستراتیژییەکانی دەوڵەتدا ناوەندە سەرکردایەتییەکان هەڵدەسوڕێنن. یەکانگیریی دەستەبژێر تاڕادەیەکی زۆر پشت بەرادەیەکی زۆری هێزی پەیوەندیەکانی نێوان دامەزراوەکان دەبەستێت.
نزیکایەتی لەنێوان سەرکردەی
دامەزراوەکاندا بۆ بوونی دەستەبژێر لەسەر ئاستی نەتەوەیی پێویستە. ئەم نزیکایەتییە کاتێ دەگاتە لەتکە، کەئاڵوگۆڕ لەشوێنەکاندا لەنێوان سەرکردەی دامەزراوە باڵادەستەکاندا روودەدات. لەکۆمەڵگەی ئەمریکیدا، سەرۆك و بەڕێوەبەری کۆمپانیا گەورەکان لەنێو هەڵسوڕێنەرانی شوێنە میرییە گرنگەکان دێت. (ملیز) وای دەبینی کەهەرچەندێ ڕادەی نزیکایەتی دامەزراوەیی و ئاڵوگۆڕی ڕۆڵەکان زیاد بکات، دەستەبژێر یەکگرتوودەبێ و بەپێچەوانەشەوە ڕاستە. (میلز) لەکۆمەڵگەی ئەمریکیدا دەستەبژێرێکی نەتەوەیی بەدیکرد، کە سەرکردە سیاسی وسەربازییەکان و سەرۆکی کۆمپانیا گەورەکان لەخۆدەگرێت و کۆنتڕۆڵی ڕۆسەی دروستکردنی بڕیارئ سیاسی دەکەن. ئەم دەستەبژێرە بوونی بەڵگەیە لەسەر ساختەیی بانگەشەی هەندێ زانای سیاسی ئەمریکی بەبوونی دەستەبژێری جۆراوجۆر لەپیناوی پشتگیری میللی کێبڕکێ دەکەن بەمەش بەهای دیموکراسی دەپارێزن.
ئاراستەکانی ڕابردوو، سەرباری ئەو جیاوازیانەی لەنێوانیاندا هەیە کەلەبنەڕتدا پەیوەندی بەسەرچاوەی هێزی دەستەبژێرەوە هەیە، لەسەر ئەم پرنسیپە گشتییانەی خوارەوە ڕێکدەکەون.
لەهەر کۆمەڵگە یان ڕێکخراوێکدا، دابەشکردنی هێزی سیاسی، وەك هەرکاڵایەکی کۆمەڵایەتی تر بەنادادپەروەری ناودەبردێ.
خەڵك لەبنەڕەتدا تەنها دابەش دەبن بۆ دوو کۆمەڵ: ئەوانەی کەهێزی سیاسیان لەچنگەو ئەوانەی خاوەنی هیچ شتێك نین.
دەستەبژێری چونیەکە، یەکانگیرو هۆشیارە، ئەندامەکانی بەتەواوی یەکتری دەناسن و یەك بەهاو بەرژەوەندی و لایەنگرییان هەیە.
دەستەبژێر سەربەخۆیە، بە واتا هیچ لایەنێك لەکارەکانی ناپرسێتەوە. بۆخۆی مەسەلەکان یەکلا دەکاتەوەو کێشەکان بەپێ ی بەرژەوەندی و بۆچوونەکانی خۆی چارەسەری دەکات.دەستەبژێر بەوە جیادەکرێتەوە کەخەسڵەتی خۆپاراستنی هەیە.
سەرچاوە :
نضریات النضم السیاسیة، د. کمال المنوفی، الطبعة الاولی ، 1985 ،ص، 43.