پەراوێزێک بۆ
کتێبی خوێندنەوەی بەعس بۆ فاشیزمی مێژوویی
سەمەد ئەحمەد
دەروازە
بەعس وەک حزبێکی تۆتالیتاری عەرەبی شۆڤێنی لە سەرەتای ساڵانی سییەکانی سەدەی ڕابردوودا، لە وڵاتی سوریا، لەلایەن (میشێل عەفلەق و سەڵاحەدین بەیتارو سامی ئەلجندی و جەلال ئەلسەید)و چەند عەرەبێکی تری شۆڤێنییەوە دامەزرا. هەندێکیش پێیان وایە کە (زەکی ئەرسوزی) کە عەرەبێکی تری شۆڤێنییە دامەزرێنەری یەکەمی حزبی بەعسە. بەعس لەو سەردەمەدا جگە لەحزبێکی بچکۆلەی بنکە لاواز زیاتر هیچی تر نەبوو، بەڵام ڕەوشی سیاسی ئەو سەردەمەی وڵاتانی عەرەبی، کە لە لایەن ئینگلیز و فەرەنساوە داگیرکرابوون رێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی بەعس چ وەک حزب چ وەک ئایدۆلۆژیای پان عەرەبیزم، لە ئاستی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا گەشە بکات. ئەم گەشەکردنەی بەعس زیاتر لە گەشەکردنی حزبی نازی ئەڵمانی دەچوو کە چۆن لەدوای یەکەم جەنگی جیهانییەوە گەشەی کرد. بەعس بەدرێژی تەمەنی هەرگیز نەیتوانی بەشێوەیەکی ئاسایی و مەدەنی گەشە بکات و دواجار دەسەڵات بگرێتە دەست، بەڵکو لەبری ئەمە بڕوای بە توندوتیژی هەبوو، بۆیە لە ڕێگای کودەتاوە دەسەڵاتی گرتە دەست. بەعس لەدوای دامەزراندنی، وەک حزبێکی خاوەن ئایدۆلۆژی پان عەرەبیزم، لقی لە چەند وڵاتێکی عەرەبی کردەوە، لەوانە عێراق و ئوردن و میسر و فەلەستین و لوبنان .. لە سوریا و لە عێراقیش بەعسییەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست. لە سوریا هەتا ئێستاش بەعسییەکان لەسەر حوکمن، بەڵام لە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ وە لە ئەنجامی شەڕی عێراق ئەمریکادا، بەعسییەکان لە کار خران و دەسەڵاتیان لێسەندرایەوە. هەتا ئێستا نووسین لەسەر مێژوو و پێکهاتە و هەیکەلی سیاسی و ئایدۆلۆژی بەعس زۆر نووسراوە، بەڵام کەمن ئەو نووسینانەی کە بەشێوەیەکی بابەتی قسەی لەسەر ئەم حزبە ناوازەیە کردبێت. بەڵام خۆشبەختانە لە ساڵی (٢٠٠٤)دا و لە کتێبێکدا (د.ئەلبێرت عیسا) لێکۆڵینەوەیەکی سیاسی لەسەر بەعسی عێراقی، بەناوی (خوێندنەوەی بەعس بۆ فاشیزمی مێژوویی) چاپ و بڵاوکردەوە، کە ڕەنگە هەڵە نەبین گەر بڵێین ئەمە یەکەم لێکۆڵینەوەی بابەتییە کە بە زمانی کوردی لەسەر بەعس نووسرابێت. بۆیە شایەنی ئەوەیە کە بە شێوەیەکی ورد و موتاڵا بکرێت و لە تەوەر و بابەتەکانی تێبفکرین.
ئێمە لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین تیشکێکی خێرا بکەینە سەر چەند لایەنێکی ئەم کتێبە و تەوەر و بابەتە سەرەکییەکانی، گەر بە کورتیش بێت بە خوێنەران بناسێنین.
بەعس، هەوڵێک بۆ نوێکردنەوەی فاشیزمی مێژوویی
بەعس وەک حزبێکی تۆتالیتاری، هەرگیز خاوەنی ئایدۆلۆژییەکی مرۆیی نەبووە، بۆیە دەتوانین بڵێن : بەعس دیاردەیەکی نا ئاسایی بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ڕوونتر بڵێین: بەعس هەرگیز زادەی گەشەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی عەرەبی نەبووە، بەڵکو جیاواز لەمە، بەعس حزبێکی تەقلیدی بووە و لە پرۆسەی کار و حوکمی خۆیدا چاوی لە حزبی نازی ئەڵمانی و فاشی ئیتاڵی و کۆمۆنیزمی ستالین کردووە، کە دیارە ئەم حزبانە هەموویان حزبی دیکتاتۆری تۆتالیتارن و مێژوویەکی ڕەشیان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەیە. بەعس هەر لە سەرەتاوە بڕوای بە دایەلۆگی سیاسی و ڕاگۆڕینەوە نەبووە، لەبری ئەمە بڕوای تەواوی بەسەرکوتکردن و ملکەچکردنی تەواوی کۆمەڵگە هەبووە، بۆیە کاتێک هەر کەس و حزب و لایەنێک هەوڵی دابێت جیاواز لە حزبی بەعس بیر بکاتەوە، ئەوا بە توندترین شێوە سزادراوە. بەعس خۆی بە فریادڕەسی نەتەوەی عەرەب دەزانی، بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە نەتەوەی عەرەب لە کەناری لەناوچوون و مەحف بوونەوەدایە، جگە لە بەعس هیچ هێزو لایەنێک لە توانایدا نیە ئەم نەتەوە ماندووە ڕزگار بکات. بەڵام ئەمە جگە لە وەهمێکی سیاسی، یان درۆیەکی زل زیاتر هیچی تر نەبووەو نییە، چونکە بەعس بە درێژایی تەمەنی نەک هەر نەیتوانی نەتەوەی عەرەب ڕزگار بکات، بەڵکو چەند هێندەی تر کێشەی عەرەبی قوڵکردەوە. لەئاستی ناوخۆی عەرەبیدا، لەلایەک دیدێکی شۆڤێنی لەلای بەشێک لە تاکی عەرەبی دروست کرد، لەلایەکی تریشەوە کۆمەڵگەی عەرەبی زیاتر بەرەو داهێزران و پەرتەوازەیی برد. لە ئاستی دەرەکیشدا کێشەی عەرەب – ئیسرائیلی گەیاندە بنبەست و لەو نێوەندەشدا تەنها عەرەب و کێشەکەی زەرەرمەندی یەکەم بوون. (د.ئەلبێرت) لە پێشەکی ئەم کتێبەدا باس لە مۆدێلەکانی حوکم دەکات، ئەوە بەیان دەکات کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دیکتاتۆرو دەسەڵاتخوازو ئۆتۆکرات و حاکمی رەها هەمیشە بوونیان هەبووە، بۆ هەزارەها ساڵیش لەژێر ناوی جیاواز جیاوازدا چەند جۆری لە حکومەت هەبووە، لەوانەیە دیکتاتۆری، ئۆتۆکراسی، رژێمی ڕەها، ڕژێمی ستەمکار، پاشایەتی رەها... ئەمانە هەموویان بوونیان هەبووە، پادشاو میری ڕژێمە ئۆتۆکراسیەکان ڕابردوو، ڕژێمە ستەمکارەکانی ڕۆژهەڵات و میزۆپۆتامیاو میسرو یۆنانی کۆن و ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی و..
بە ناوی یەزدان حکومیان کردووە، دژی کۆمەڵ رەفتاریان کردووە، حوکمی رەهای پادشایەتی لە ئەوروپای نوێ، دەسەڵاتی کاتی ماددی خۆیان سەپاندووە، ڕژێمە سەربازییەکانی ئەمریکای لاتین و ڕۆژهەڵات و ئەفریقا بەردەوام بوون لە ممارەسەکردنی دەسەڵاتی نێگەتیڤ. ئێستا با بپرسین: ئایا بەعس دەچێتە ناو چوارچێوەی هەمان ئەو مۆدێلانەی حوکمەوە؟ نووسەر بە (نەخێر) وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە، چونکە پێی وایە کە بەعس بەرهەمی ئایدیۆلۆژیایەکە کە لەسروشتی دا دەچێتەوە ناو قەوارەی ئەو فۆڕمە تازانەی تۆتالیتالیزم کە پیشەیان فابریکە کردنی مرۆڤەو کاری ڕۆژانەیان بریتیە لە گرمۆڵەکردنی مرۆڤ لەناو تەواوی ئایدیۆلۆژی ڕەسمیدا. بەعس کە لەلایەن سەدام حوسێنەوە سەرکردایەتی دەکرا هەر لەخۆوە نەبوو بە حکومەتێکی تۆتالیتار، بەڵکو کۆمەڵێ هۆکاری زاتی و بابەتی و سیاسی و کۆمەڵایەتی وای کرد کە ببێت بە تۆتالیتار. حکومەتی بەعس لە سروشت و پرەنسیپدا تۆتالیتار بوو، ڕەنگدانەوەی ناخی سیستمێک بوو کە لەزۆر لایەنەوە لە فاشیزمی مێژوویی دەچوو. ئەم لێکدانەوەیە وا لە نووسەری ئەم کتێبە دەکات کە بڵیت ئایدیۆلۆژیای بەعس هەواڵێک بوو بۆ نوێکردنەوەی فاشیزمی مێژوویی لەسەر بنچینەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و پەرستنی سەرۆک.
بەعس، کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگەو چەمکی دەستەبژێری
کۆمەڵ لە ڕوانگەی بەعسەوە جگە لەمێگەلێک هیچی تر نەبوو، بەعس پێی وابوو کە تاک لە کۆمەڵدا نەخۆش و خۆپەرست و هەلپەرستە، بۆیە هەرگیز ناکرێت بە گوێیان بکرێت، بەڵکو دەبێت هەمیشە چاودێری بکرێت و لە حاڵی خۆپەرستی و هەلپەرستی رزگار بکرێن و بهێنرێنە سەر ڕێگەی راستەقینە کە لەلای بەعس بریتی بوو لەوەی کە گوێرایەڵ و ملکەچی چەند کەسێکی دەستەبژێر (نخبە)ی نەتەوەی عەرەب بن، ئەو تاکە دەستەبژێرانەش ئەو کەسانەن کە سەرکردایەتی حزبی بەعس دەکەن، ئەوەی کە بەعس هەوڵی بۆ دەدا بونیادنانی دەوڵەتێک بوو کە کۆی کۆمەڵگە ببێت بە کۆیلەی چەند تاکێکی دەستەبژێری دەسەڵاتداری بەعسی، چونکە بەعس وای بڵاودەکردەوە کە ئەو کەسانەی سەرکردایەتی بەعس دەکەن هەرگیز کەسانی ئاسایی کۆمەڵگە نین، بەڵكو ئەمانە لە هەموو کەس لەخۆبردووترن و ئەرکی رزگارکردنی نەتەوەی عەرەبییان لەسەر شانە. بەعس پێی وابوو کە بەعسییەکان مەناعەیان لە دژی دوو شت پەیداکردووە، یەکەم دژی ئەم نەخۆشییە نەتەوەییانەی کە زۆربەی زۆری نەتەوەی عەرەبی تووشی بووە، دووەم دژی ئەو دوژمنەی کە بەرپرسیارە لە بڵاوکردنەوەی ئەو نەخۆشییانە. بەم شێوەیە دەبینین چەمکی دەستەبژێری لەلای بەعس لە بنەڕەتدا بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە هاتۆتە بەرهەم، چونکە جگە لەمان کەس فریادرەسی عەرەب نییە! لەم تێڕوانینەی بەعسەوە مەسەلەیەکی ترسناکتر هاتە گۆڕێ ئەویش ئەوە بوو کە لە ساتێکدا بەعس بەو بچوکیەی خۆیەوە کە جگە لە حزبێک هیچی تر نەبوو، گەورە دەبوو بە هەموو نەتەوەی عەرەب، لە بەرامبەر ئەمیشدا نەتەوەی عەرەب بەو گەورەییەوە بچووک دەبووەوە و دەبوو بە بەعس! (د.ئەلبێرت) زۆر بابەتیانە قسە لەسەر ئەم مەسەلانە و چەندین ،مەسەلەی سیاسی و ئایدۆلۆژی بەعس دەکات و تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە تێڕوانینی بەعس بۆ حزب و بۆ جەماوەر لە تێڕوانینی حزبی نازی ئەڵمانی دەچێت، چونکە هیتلەریش پێی وابوو کە نەتەوەی ئەڵمان رەسەنایەتی خۆی لە دەست داوەو لە خەتەرێکی گەورەدایە، جگە لە حزبی نازی هیچ حزبێکی تر لە توانایدا نییە کە رزگاری بکات، بۆیە ئەڵمانییەکان بۆ ئەوەی سەروەری خۆیان بەدەست بهێننەوە پێویستە بە شانازییەوە ببن بەنازی پەیوەست بن بەڕیزەکانییەوە و پرنسیپەکانی پەیڕەو بکەن. نازیش وەک بەعس بڕوای بە دەسەڵاتێکی کەمینە هەبوو بەسەر زۆرینەدا، ئەو کەمینەیەش لەلای نازی ئەو کەسانە بوون کە سەرکردایەتی نازییان دەکرد. نازیش وەک بەعس بڕوای بەڕای جەماوەر نەبوو، چونکە پێی وابوو کە جەماوەر جگە لە کەسانی ناهۆشیار و نا مەسئول هیچی تر نین، بۆیە لە مەسەلە سیاسییەکاندا، بە تایبەتی لە مەسەلەی دەسەڵاتدا هەرگیز نابێت گوێیان لێبگیرێت چ جای ئەوەی بەقسەیان بکرێت.
بەعس، رێکخراوێکی سیاسی، یان پۆلیسی سیاسی؟
چەمکی (حزب) چەمکێکی سیاسییە، جگە لەمە (حزب) هەمیشە ئامراز (وسیلە) بووە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجێکی باڵا کە نەتەوە،یان چین، یان ئایینە. بەڵام لەلای بەعس ئەم هاوکێشەیە تەواو پێچەوانەیە. (حزب) ئامانجە و میللەتیش وەسیلە، میللەت بەکاردەهێنرا بۆ بەهێزکردنی (حزب)، چونکە بەعس پێی وابوو ئەگەر حزب لاواز بێت، ئەوا میللەت چەندە هۆشیاریش بێت، ئەو هۆشیارییە ئەبێتە نەگبەتی و نەتەوە رزگار ناکات. نووسەر لە بەشی دووەمی ئەم کتێبەدا قسە لەسەر میکانیزمی کارکردنی بەعسی عێراق دەکات، لەم رووەوە ئەوە دەخاتە روو کە پاش ئەوەی بەعس لە عێراق لە ١٧ی تەموزی ١٩٦٨دا بۆ جاری دووەم دەسەڵاتی گرتەوە دەست، زوو بە زوو دەستیکرد بەپلان دانان بۆ بەعساندنی کۆمەڵی عێراقی. یەکەم هەنگاو کە بەعس لەم بوارەدا نای بریتی بوو لە ڕێکخستن، رێکخراوی ناوخۆی حزب بەشیوەیەکی تەواو لە ڕێگەی مەکینەی پروپاگەندەوە هەڵسان بە هەڵمەتی رێکخستنی هاوڵاتیانی عێراقی. بەچەند ساڵێک، بەتایبەتی پاش ساڵی ١٩٧٥، حزبی بەعس توانی ببێت بە جیهازێکی ڕێکخستنی تەواو و بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ناوخۆی خۆی پەرەپێبسێنێ، رێکخراوی حزبی بەعس پێکهاتبوو لە چەند شانەیەکی جیاجیا کە شێوەیەکی هەڕەمی هەبوو، ئەم شانانە لە ڕێگەی زنجیرەیەکی هەڕەمی بەسترابوون بەیەکەوە و لە هەمان کاتدا بەسترابوون بە ئەندامانی موخابەرات و ئاسایشەوە کە راستەوخۆ لە لوتکەدا پەیوەندییان بەدەست پێوەندی (سەدام حوسێن) خۆیەوە هەبوو.
لەگەڵ رۆیشتنی کاتدا رێکخراوی بەعس بوو بە داردەستێکی ترسناک کە کاری سەرەکی بریتی بوو لە کۆنترۆڵکردن و چاودێری جموجۆڵ و بیرکردنەوەی سەرجەم هاوڵاتیانی عێراقی و تەنانەت خودی ئەندامانی حزبی بەعسیش. یەکەی بنچینەیی حزبی بەعس پێکهاتبوو لە (خانە) (الخلیە)، خانە بچووکترین یەکەی ڕێکخراوەیی بوو، خانە واتا شانەیەک بریتی بوو لە سێ تا حەوت ئەندام، دوو تا حەوت شانە (فرقە) یان پێکدەهێنا، بە لایەنی کەمەوە دوو فرقە، شوعبەیەکی دروست دەکرد. لە ساڵانی ١٩٨٠کاندا بیست و یەک شعبەش لە بەغدا هەبوو، سەرجەم شوعبەکان پێکەوە (قطر)یان پێکدەهێنا، لەهەر ئاستێک لە ئاستەکانی هەرەمی حزبی،سەرکردایەتیەک هەڵدەبژێردرا کە پێی دەگوترا (القيادة القطرية). لەسەروی ئەمەشەوە (القيادة القومية) هەبوو کە بریتی بوو لە باڵاترین دەسەڵاتی حزب. لەسەر ئاستی تیۆری (القيادة القومية) بەرزترین ئۆرگانی راپەڕاندن بوو، هەروەها بەرپرس بوو لە دانانی چوارچێوە بۆ عەقیدەی بەعس و بەڕێوەبردنی سیاسی و رێکخستن لەنێوان سەرکردایەتی هەرێمەکان و هاوبەشیکردن لەناو کۆنفرانسی جیهانی..بەڵام لە ڕاستیدا پاش بوونی بەعس بەدوو بەشەوە لە ساڵی ١٩٦٦ لەنێوان سوریا و عێراق، وردە وردە (القيادة القومية) ئەو گرنگیەی نەما. نووسەر لە درێژەی ئەم باسانەدا ئاماژە بەوە دەکات کە چ قیادەی قوتری و چ قیادەی قەومی لەژێر سێبەری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش بریتی بوو لە بەهێزترین جەستە و بڕیاردەری سیاسەتی عێراقی و دەسەڵاتی یاسادانان و راپەراندن و دادوەریش هەبوو. لە راستیدا پاش ئەوەی سەدام بوو بەسەررۆک کۆمار، ئەم ئۆرگانەش بوو بە داردەستێک لەژێر دەستی خۆی و خزم و کەس و کار و برادەری کە موخابەرات و سیخوڕییان پێ سپێردرابوو. بەگوێرەی فایلی پۆلیسی عێراق، حزبی بەعس لە ساڵی ١٩٩٥دا تەنها (٢٨٩) ئەندامی هەبوو، لە ساڵی ١٩٥٨دا (٣٠٠) ئەندامی چالاکی هەبوو، لە ساڵی ١٩٧٦دا ژمارەی ئەندامە چالاکەکانی بوو بە (١٠) هەزار، لە ساڵانی ١٩٨٠دا بناغەی لایەنگرانی بەعس فراوانکرا، لەو ساڵەدا (سەدام) بە دەنگی بەرز و بە شانازییەوە دەیگوت زیاتر لە یەک ملیۆن ئەندامی هەیە. بەڵام ئەوەی سەیرە ئەوەیە کە ئەم ژمارەیە بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر زیادی کرد، لە ساڵی ١٩٨٤دا گەیشتە یەک ملیۆن و نیو لایەنگر، واتا (١٠،٧٪)ی دانیشتوانی گشتی چواردە ملیۆن لە عێراقی و (٢٥) هەزار ئەندامی چالاکی بەعس... بەم شێوەیە دەبینیت لە ساڵانی ١٩٨٠ بەدواوە، جگە لە دامودەزگاکانی دەوڵەت، بەعس چووە ناو خێزان و ناو ڕیزەکانی قوتابیان و خوێندکاران و لاوان و ژنان و مامۆستایان و چووە ناو زانکۆکان و دەزگاکانی کەرتی گشتی و تایبەتی و کۆمەڵەی بازرگانی و سەندیکاو کۆمەڵەی وەرزشی و هونەری و ئەدەبی و پیشەیی و تەنانەت سەربازیشەوە. بە کورتی بڵێین عێراق کرا بە بەعس و بەعسیش بریتی بوو لە تەنها (سەدام حوسێن).. ئەمە زۆر بە ئاشکرا لە کەناڵەکانی راگەیاندنەوە رۆژانە دەگوترایەوە: (اذا قال صدام، قال عیراق)! مەترسی گەورەی بەعس لێرەدا بە تەواوی دەردەکەوێت کە تەنها یەک کەس لەبری ٢٠ ملیۆن کەس قسەی دەکرد. لە پەراوێزی ئەم قسانەدا پێویستە ئەوەش بخەینە ڕووکە لەساڵی (١٩٧٠-١٩٨٠) پۆلیسی سیاسی بەعس پێکهاتبوو لە سێ بەشی تایبەتی کە بریتی بوو لە (ئەمن) کە پیشەی ئاسایشی ناوخۆی وڵات بوو، (ئیستخبارات) کە بریتی بوو لە گەیاندنی زانیاری سەربازی و (موخابەرات) کە پێکهاتبوو لە هەڵسان بە کاروباری زانیاری حزب.. پۆلیسی سیاسی بەعس بریتی بوو لە مەکینەیەکی ئاڵۆزی ترسناک و بە هاوکاری لە نێوان بەشەکانیدا و لەژێر کۆنتڕۆڵی راستەوخۆی سەدام حسێن و خزم و کەس و کاری هەڵدەستا بەچەند کارێکی سەرەکی، لەوانە، چاودێری کردنی شۆڕشەکانی حزب لەناو کۆمەڵگەدا، کۆنتڕۆڵکردنی هاوڵاتیانی عێراقی لە دەرەوەی عێراق، کوشتنی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن لە دەرەوەی عێراق، هەڵسان بە کاری سیخوڕی لەناو هێزەکانی لەشکرو دامەزراوەکانی دیکەدا. بەشە هەرە ترسناکەکەی بریتی بوو لە (موخابەرات) کە ئەرکی ئەم دەزگایە بریتی بوو لە چاودێری کردنی تۆڕەکانی دیکەی پۆلیس و کۆنتڕۆڵکردنی چالاکییەکانی دەزگاکانی دەوڵەت و لەشکرو کاروباری حکومی و دامەزراوە جەماوەرییەکانی. لە ساڵی ١٩٧٠وە هەتا ساڵی ١٩٨٣ ئەم دەزگایە لە لایەن زڕبرای (فازل بەڕاک)ەوە بەڕێوە دەبرا، لە ساڵی ١٩٨٩وە لەلایەن زڕبراکەی تری سەدامەوە (سەبعاوی) بەڕێوە دەبرا..
پانۆرامای حزبی بەعس
بەعس هێندە دیاردەیەکی ترسناک و ناوازە بوو بە مرۆڤ و مرۆڤایەتی، نەک کتێبێک، بەڵکو چەندین کتێب و لێکۆڵینەوەمان پێویست دەبێت بۆ ئەوەی بە تەواوی لە کردەو پێکهاتەو ئایدۆلۆژی بەعس بگەین، ئێمە لێرە بە دواوە لەسەر ڕۆشنایی زانیارییەکانی ناو ئەم کتێبە هەوڵ دەدەین زۆر بە کورتی و لەشێوەی خاڵدا ئاماژە بەچەند زانیاریەک بدەین کە نووسەر زۆر بابەتیانەیی و بەچڕی و بەپوختی قسەیان لەسەر دەکات.
* بەعس حزبێکی ناسیۆنالیستی شۆڤێنی عەرەبی بوو، لەلایەکی تریش دروشمی سۆشیالیزمی هەڵگرتبوو، بەڵام سۆشیالیزمی بەعس، سۆشیالیزمێکی زۆر نامۆ بوو، ئەو سەرمایەداری ڕەت دەکردەوە بەوەی نوێنەرایەتی ئیمپریالیزمی جیهانی دەکات، کۆمۆنیزمی رەت دەکردەوە چونکە کار بۆ ئینتەرناسیۆنالیزم دەکات، بەڵام سۆشیالیزمی بەعس تێکەڵەیەک بوو لەبیری فیختە..
* بەعس ئەگەرچی لافی حزبێکی مۆدێرنی لێدەدا، بەڵام ئەقڵی ئەندامەکانی هەرگیز سنووری خێڵی نەبەزاند، هەر ئەمەش بوو هۆکاری سەرەکی کە بەعس لەناو شاردا ڕەگی دانەکوتا، بەڵکو ئەندامەکانی بەشێوەی (باند) هاتنە ناو شارەوە.. بەعس لەڕێگەی ئەقڵ و عامی نەیارەکانییەوە توانی پێی خۆی لە دەسەڵاتدا قایم بکات، بەڵام سەیر لەوەدایە کە هەموو ئەو تاوانانە بەناوی گەل و نەتەوە ئەنجامدا..
* سەدام بەعس لەلای ئامانج بوو میللەت و نەتەوەی عەرەبی کرد بە کۆیلەی حزبەکەی، هەوڵیشیدا کە کورد بکاتە خزمەتکاری ئەو کۆیلەیە، کاتێک بەتەواوی ئەمەی بۆ نەکرا هەوڵی جینۆسایدی کوردیدا ..
* بەعسیەکان کاتێک بۆ جاری دووەم لە ١٧ی تەموزی ١٩٦٨ دەسەڵاتیان گرتەوە دەست، لەناو پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسیدا بەعسییەکان کەمینە بوون، بۆ نموونە مەجلسی قیادەی سەورەی ئەو کاتە (٧) کەس بوون تەنها (٣) کەسیان بەعسی بوون کە (ئەحمەد حەسەن بەکر) و (ساڵح مەهدی عەماش) و (حەردان تکریتی) بوون. هەروەها لەناو یەکەم پێکهاتەی وەزاریدا هیچی بەعسی نەبوو.. (٣) کەسیان کورد بوو (٥)کەسیان ناسیۆنالیستی عەرەبی سەربەخۆ بوون.. بەڵام لە ٣٠ تەموزدا، واتا لە دوای (١٢) رۆژ لە دەسەڵاتی بەعسییەکان هەموو وەزیرەکان گۆران و بەعسییان لەجێگەی دانرا..
* رۆحی حزبی بەعس (لقی نهێنی)بوو، ئەم لقە حزبێکی نهێنی بوو لەناو حزبی بەعسدا.. لە ٢٢ی تەمووزی ١٩٧٩دا، کە سەدام تازە پۆستی سەرۆک کۆماری وەرگرتبوو لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا لەگەڵ ئەندامەکانیدا، لەسەر ڕۆشنایی زانیارییەکانی (لقی نهێنی) حزب (٥٥) ئەندام بەوە تاوانبارکران کە دوژمنی شۆڕشن، (٢٢) کەسیان هەر لەجێدا ئیعدام کران، ئەوانی تریش دەربەدەرکران و دوورخرانەوە لە حزب..
* بەعس ئەوەندەی حزبێکی میلیتار بوو، ئەوەندە حزبێکی سیاسی نەبوو، بڕوایەکی زۆری بە خۆ پڕ چەککردن و ولایەتی سەربازی هەبوو، لەکاتی شەڕە گەورەکانیدا (٧٥٪)ی ئەو کەسانەی تەمەنیان لەنێوان (١٨) بۆ (٣٢) ساڵیدا بوو، هێزی چەکداری عێراقی بوون..
* بەعس هەموو عێراقییەکی کردبوو بە جەنگاوەر، جگە لە سەرباز، جەیشی شەعبی، فیدایی سەدام، سەیف القائد، ئەشبال سەدام، جەیش ئەلقودس، تەڵایع، فتووەو زۆر ناوی تر .. بەکورتی بڵێین عێراق وڵاتی جەنگاوەران بوو، بەڵام جەنگاوەرێکی دۆڕاو نەک براوە ..
* بەعس دیدێکی سەیری هەبوو بۆ پەروەردەو بۆ کۆمەڵگە، ئەو سەبارەت بە منداڵ پێی وابوو کە منداڵ هیچ ئینتمایەکی کۆمەڵایەتی و چینایەتی نییە، بۆیە ئەرکی حزب کە ئینتیما بۆ منداڵ دیاری بکات، ئەویش ئینتیمای حزبە، بۆیە بەعس لەهەر کەسێک زیاتر گرنگی دەدا بە بەعسی کردنی منداڵ.. کاتێکیش ئەو منداڵە حزبییە گەورە دەبوو، ئیتر لە ماڵەوە دەبوو رۆڵی مامۆستا ببینێ و بچێت بەگژ دایک و باوکە ناحزبییەکەیدا.. دەبێت بزانین کە نازییەکانی ئەڵمانیاو فاشییەکانی ئیتاڵیاش بە هەمان شێوە سەیری منداڵیان دەکرد، بۆ نموونە هیتلەر رێکخراوی (گەنجی مەزن)ی داهێنا، بەعسیش (تەڵایع) و (فتووە) و (ئەشبال سەدام)ی داهێنا..
* ئەم کتێبە یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی مەکتەبی بیر و هۆشیاری (ی.ن.ک) و ساڵی ٢٠٠٤ بە چاپ گەیەنراوە، نووسەر دەیان سەرچاوەی بە زمانەکانی ئینگلیزی و فەرەنسی و عەرەبی و ئیتاڵی بەکارهێناوە..