لێکۆڵینەوەیەکی بەراوردکار
ناوی ئەم نامیلکەیەیە کە لە نوسینی ( عەبدوڵڵا عەنزی)یە لە عەرەبیەوە وەرگێڕانی بۆ کراوە لە لایەن ( سەردار عەبدولکەریم)، یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای هۆشیاری و پێگەیاندنی کادیران کە لە ساڵی ٢٠١١ چاپکراوە.
لەم سەردەمەدا دەوڵەتانی جیهان دابەش بون بەسەر دەوڵەتی ناوەندی و دەوڵەتی فیدڕالدا. (یەحیا جەمەل)یش دەوڵەتی فیدڕال وا پێناسە دەکا کە کۆمەڵێک دەوڵەتۆکەیە یان کۆمەڵێک ویلایەتە لە هەندێ کاروباردا ملکەچی یەک دەسەڵاتی یەکگرتوون و لە هەندێ کاروباری تردا سەربەخۆن و ملکەچی دەسەڵاتی تایبەتی خۆیانن.
یەکێتی فیدرالی نێوان دەوڵەتان و دەوڵەتۆکەکان لە سەردەمی مۆدێرندا یەکێکە لەو سیستەمە هەرە باوانەی کە بە شێوەیەکی ئارەزومەندانە پێکدێ. لە ڕوی تیۆریەوە دەوڵەتی میرنشینە عەرەبەکان (ئیمارات) بە دەوڵەتێکی فیدرال دەژمێردرێ، مادەی یەکی دەستوری کاتی دەڵێ دەوڵەتی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب دەوڵەتێکی فیدرالی سەربەخۆی خاوەن سەروەرییەو لێرە بە دواوە لە دەستورەکەدا بە یەکێتی یان بە فیدراسیۆن ناوی دێت.
ئەم لێکۆڵینەوەیە لەسەر ئەم میتۆدە دەڕوا کە دەوڵەتی ئیمارات دەوڵەتێکی فیدرالەو ئەو پەیوەندیە تایبەتەی تێدا هەڵدەکەوێ کە هەموو هەرێمە ئەندامەکانی ئەم چەشنە فیدراسیۆنە پێکەوە دەبەستێتەوە. بایەخی ئەم لێکۆڵینەوەیە لەوەدایە کە ئەزمونی فیدرالی دەوڵەتی ئیمارات لە ئەزمونە تایبەتەکانی جیهانی عەرەبە چونکە جیهانی عەرەب چەند ئەزمونێکی یەکگرتنی بەخۆوە دیوە کە سەرکەوتوو نەبون بەڵام ئەزمونی ئیمارات تەمەنی دەوروبەری چل ساڵ دەبێ و هەلومەرجی ناوخۆیی و گوشاری دەرەکی رۆڵی هەبوو لە خێرایی پێکهێنانی فیدراسیۆنەکە.
تایبەتمەندییەکانی دەوڵەتی فیدڕال
ئەو گیروگرفتەی کەڕوبەڕوی دانەرانی دەستوری ساڵی ١٧٨٧ی ئەمریکا بۆوە، چۆنێتی یەکپارچەکردنی چەردەیەک ویلایەتە کە هەریەکێکیان ئەندازەیەک سەربەخۆیی بۆ خۆی دەهێشتەوە حەزیشی دەکرد ئەندامی یەکێتیەکە بێ.
دەوڵەتی فیدڕال
پرۆفیسۆر (ئەندرێ هۆریۆ) وا پێناسەی دەوڵەتی فیدڕال دەکا کە شەریکایەتییە لە نێوان چەند دەوڵەتێکدا کە پەیوەندیی یاسایی ناوخۆییان لەگەڵ یەکتریدا هەیە، واتا بە هەر هەموویان یەک یاسای دەستوریان هەیە کە لەسەر بنچینەکەی، دەوڵەتێکی باڵاتر لە سەروی دەوڵەتە بەشدارەکانەوە دادەمەزرێ.
ئامانجی دەستوری ئیمارات هێنانەدیی دیکۆمێنتێکی هەمیشەییە بۆ دانانی بناغەیەک بۆ پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتە ناوچەییەکان لە چوارچێوەی سیستمی فیدرالداو دیاریکردن و دابەشکردن و هەموارکردنی دەسەڵاتەکانە.
رژێمی فیدڕالی ئیمارات
لێکۆڵیارە سیاسییەکان یەکدەنگن لەسەر ئەوەی کە هەر یەکێتیەکی فیدرال دەبێ کۆمەڵێک روخسار و مەرج و بناغەو پێوانەی هەبێ تاکو بەهۆیانەوە لە یەکێتییەکانیتر جیا بکرێتەوە. هۆریۆ ،وەک ئاماژەمان پێداوە، رونیکردۆتەوە کە ئەو پەیوەندیەی ئەندامانی یەکێتیە فیدرالییەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە و رەنگدانەوەی دەستورییەکانی ئەم پەیوەندییە، لەسەر ئەم بنچینەو پێوەرانە دامەزراون:
پێوەری یەکەم:
دەستورە ناسراوەکەی رژێمی ئیمارات
پێوەری دووەم:
کارایی حکومەتی فیدرال لە سیستمی ئیماراتدا
پێوەری سێیەم:
یەکسانی لە سیستمی ئیماراتدا
پێوەری چوارەم:
دادوەریی فیدرال لە سیستمی ئیماراتدا ، ئەم پێوەرانە بە وردی لە لاپەڕە ٤١ تا لاپەڕە ١٠٤ ی ئەم نامیلکەیە بە وردی باسی کراوە.
دادوەریی فیدرالی ئەمریکا
فیدرالیزم لە ئەمریکا سیستمێکی دوانەیی ئافراندووە چونکە لە پاڵ دادگا فیدرالییەکان دادگای ویلایەتەکان هەیە. ئەم سیستمە سێ جۆر دادگای فیدرالی هەیە گرنگترینیان دادگای باڵای ئەمریکایە کە لە ٩ دادوەر پێکدێ و سەرۆکی دادگا بە کەسی دووەم لە دەوڵەتدا دەژمێردرێ. سەرۆک پاش رەزامەندی ئەنجومەنی پیران ٩ دادوەرەکە بە ریزبەندی درێژی تەمەن دادەمەزرێنێ. لە دامەزراندنی دادوەرەکاندا فاکتەرە سیاسییەکان لەبەرچاو دەگیرێن و هەوڵیش دەدرێ هۆمۆجینییەکی دیاریکراو بێتە دی. دادگای باڵا دوو ئەرکی بنچینەیی هەیە یەکێکیان ئەرکێکی دادوەریەو ئەویتر سیاسی-دادوەرییە.
بابەتی زیاتر