د. شۆخان مەحمود حسێن

هەندێک کات تاکەکانی کۆمەڵگە رووبەڕووی دۆخێک دەبنەوە، وادەزانن کەسێک، شوێنێک، یان شتێکیان پێشتر بینیووە، هەربۆیە دەمانەوێت بگەین بە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا هەستی پێشتر بینیومە راستییە؟ ئایا کۆمەڵناسان و دەروونناسان و زانایانی ئایینی چ تێروانینێکیان بۆ دۆخی پێشتر بینیومە هەیە؟
    دێژاڤو دۆخێکی تایبەتی دەروونییە و ریشەی چەمکەکە بۆ زمانی فەرەنسی  دەگەڕێتەوە کە بە واتای (پێشتر بینیوومە) دێت، بریتییە لە هەستێکی تایبەتی مرۆڤ، کە لە کاتی بینینی کەسێک، یان شوێنێک یاخود شتێکدا، رووبەڕووی دەبێتەوە و وادەزانێت پێشتر بینیوێتی و ئاشنایە پێی، بێگومان ئەمەش دیاردەیەکی گشتییە و بەپێی نوێترین توێژینەوە زانستییەکان بە رێژەی 60-70 ٪ تاکەکانی کۆمەڵگە بە لایەنی کەمەوە لە ژیانیاندا جارێک دۆخی دێژاڤو ئەزموون دەکەن، هاوکات جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئەم دۆخە لە تەمەنی گەنجیدا و بەتایبەتی لە نێوان (15-25) ساڵیدا زیاترە و لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا کەمتر دەبێتەوە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە توێژی گەنجان مەودای بیرکردنەوە و وزە و خەیاڵدانیان فراوانترە. 
بە شێوەیەکی گشتی ئەم دیاردە، یان دۆخە، مەودایەکی فراوانی لە نووسین و دیدگای بیرمەند و شارەزایانی دەروونناسی و کۆمەڵناسی و زانایانی ئایینی و سیکۆلارەکانیشدا داگیرکردووە، دەتوانینن بڵێین ئەم دۆخە سروشتێکی فرە رەهەندی ( ئایینی، کۆمەڵایەتی،  دەروونی،  تەندروستی) لەخۆگرتووە و هەریەکە لەو زانستانە لە گۆشەنیگایەکەوە لێیدەڕوانن. 
    دێژاڤو دۆخێکی تایبەتی دەروونییە و ریشەی چەمکەکە بۆ زمانی فەرەنسی  دەگەڕێتەوە کە بە واتای (پێشتر بینیومە) دێت، بریتییە لە هەستێکی تایبەتی مرۆڤ، کە لە کاتی بینینی کەسێک، یان شوێنێک یاخود شتێکدا، رووبەڕووی دەبێتەوە و وادەزانێت پێشتر بینیوێتی و ئاشنایە پێی
لەو بارەیەوە شارەزایانی بواری پزیشکی دەمار و دەروونناسی تاڕادەیەک تێڕوانینیان سەبارەت بەم دیارەیە لە یەکەوە نزیکە و پێیانوایە کە دێژاڤو پەیوەندی بە میکانیزمی یادەوەری و ناسینەوەوە هەیە، ئەگەر توخم و کاریگەرییەکانی بارودۆخی ئێستا بە تەواوی تێکەڵبن لەگەڵ رووداوەکانی رابردوو لە یادەوەرییدا، مێشک نیشانە و سیگناڵی ئاشنابوون، یان وێکچوو دەنێرێت، کە پێشتر ئەو دیمەنە بینراوە یاخود ئەزموون کراوە، ئەمەش بەو واتایە دێت، کە مێشک داتا و زانیارییەکانی رابردوو بە وانەی ئێستا بەراورد دەکات و بەبێ ویست و بەشێوەیەکی خۆکرد خاڵی هاوبەش و وێکچوو لە نێوانیاندا دەدۆزێتەوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە (دێژاڤو) یادەوەرییەکی راستەقینە نییە، بەڵکو هەستێکە، لە ئەنجامی لێکچوونێکی هەڕەمەکی نێوان بارودۆخە نوێیەکان و ئەزموونەکانی پێشوو کە لە یادەوەریدا هەڵگیراوە دروست دەبێت.
زۆرینەی پزیشک و زانایانی کۆمەڵناسی و دەروونناسی، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، ئەو دۆخەی کە لە هەندێک کاتدا لە بیرکردنەوەی مرۆڤدا روو دەدات، نەخۆشی نییە و دیاردەیەکی سروشتییە و پەیوەندی بە پرۆسەی ناوەندی بیرخەرەوەی مێشکەوە هەیە
ئەگەرچی هەندێک لە شارەزایان ئەم دیارەدەیە بە گرفت و کێشەی هۆش (ئەقڵ) ناوی دەبەن، بەڵام زۆرینەی پزیشک و زانایانی کۆمەڵناسی و دەروونناسی، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، ئەو دۆخەی کە لە هەندێک کاتدا لە بیرکردنەوەی مرۆڤدا روو دەدات، نەخۆشی نییە و دیاردەیەکی سروشتییە و پەیوەندی بە پرۆسەی ناوەندی بیرخەرەوەی مێشکەوە هەیە، هەروەک چۆن هەندێکجار دیاردەی پێچەوانەی دێژاڤو هەیە کە بریتییە لە دیاردەی ( ژەمێ ڤو jamais vu) کە بریتییە لە دۆخێکی لەناکاو کە تیایدا مرۆڤ وێنەیەک، یان کەسێک یاخود رووداوێکی زۆر دیار و ئاشکرای لەلا نامۆ دەبێت وەک ئەوەی پێشتر هەر نەیدیبێت بەرمەبنای دیدو تێڕوانینی دەروونناسان، چەند تیۆرێک بۆ شیکردنەوەی ئەم دیاردەیە خراوەتەڕوو.

تیۆری یادەوەری نیمچەیی
 بەرمەبنای ئەم تیۆرە، مێشک زانیاری و ئەزموونەکان  بەشێوەی توخمێکی ناڕێک و پەرت و بڵاو تۆمار دەکات، هەربۆیە لەکاتی بینینی وێنەیەک، یان کەسێک، یان شوێنێکی هاوشێوەدا، دیاردەی دێژاڤو دروست دەبێت و هەستی ناسینەوەیەک دروست دەکات، کە لە واقعدا بوونی نییە . 

تیۆری تۆمارکردنی ناهاوتا 
بەپێی ئەم تیۆرییە، دێژاڤو بەهۆی دواکەوتنێکی ماوەکورت لە پرۆسەی گەڕان بە دوای زانیارییدا دروست دەبێت، بە جۆرێک مێشک وێنەی دیمەنێک دەگرێت و پرۆسەی بەراوردکردنەکەی لە بەشێکی بچووکی مێشکدا، دوادەخات و دواتر ئەو هەستە دروست دەکات کە (تازە روویداوە). لە ئەنجامدا، ناکۆکییەک لە نێوان رێڕەوی پرۆسەی هۆشیاری و رێڕەوی نائاگا روودەدات، یادەوەری راستەوخۆ لەگەڵ شیکردنەوەی هەنووکەیی تێکەڵ دەکات. ئەمە پەیوەندی نێوان دێژاڤو و ماندوێتی، یان کەمی خەو روون دەکاتەوە، رەنگە تێکچوونی دەماریی لەکاتی ماندوێتی ئەم دواکەوتنە کاتییە زیاتر بکات.

شۆکی کاتی (پەرکەم- گرفتی کارەبایی مێشک)
 پزیشکەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە دێژاڤو زۆرجار لە کاتی بەتاڵکردنەوەی کارەبایی مێشکدا روودەدات و دەبێتە هۆی دەرکەوتنی خێرای دیمەنێکی لێکچوو. ئەم شێوازە رەنگە لە کەسانی تەندروستدا بە دروستی درک نەکرێت، بەڵام هەرزەکاران و گەنجان زیاتر تووشی ئەم دیاردەیە دەبن، چونکە مێشکیان لە قۆناغێکی چالاکدایە. هاوکات زانایانی کۆمەڵناسی بە بایەخەوە لەم دیاردەیە دەڕوانن و بە کەلتور و دابونەریتی کۆمەڵگەکانەوە گرێی دەدەن. دێژاڤو لەسەر بنەمای لێکدانەوەی کەلتوری پەیوەندی هەیە بە (دۆنادۆن) گواستنەوەی رۆح لە کەسێکەوە بۆ یەکێکی تر، کە لە زۆربەی ئایینەکاندا بڕوایان پێیەتی، هەربۆیە لە دیدی هەندێک لە کەلتورە جیاوازەکانی وەک ئاسیاوی و هیندییەکاندا، دێژاڤو پاشماوەی یادەوەریی ژیانی پێشووە، بەڵام لە کەلتوری بەشێک لە خۆرئاواییەکاندا، وەک ئاماژەیەکی سایکۆلۆژی، یان پەیوەندییەک بە ئەودیو سروشت (میتافیزیک) لێکدەدرێتەوە.

لە ئەدەب و سینەمادا
بەشێوەیەکی گشتی دێژاڤو لە ئەدەب و سینەمادا گرنگی زۆری پێدەدرێت، زۆرجار وەک دیاردەیەکی سەرنجڕاکێشی کاریگەر لەسەر هەست و هۆشی تاک لێیدەڕوانن، بەبڕوای هەندێک لە شارەزایان دێژاڤو و بڕوابوون بە دیارەکانی ئەودیو سروشت، پێداویستییەکی رۆحی مرۆڤە، هەربۆیە بەئاشکرا هەست بەوە دەکرێت کە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی فیلم، گرنگی زۆر بە پێشبینی و کارایی یادەوەری و هێز و کاریگەری دیاردەکانی ئەودیو سروشت دەدەن. 

لە ئایینی ئیسلامدا  
دۆخی دێژاڤو، بەم چەمکە مۆدێرنەی ئێستا لە قورئانی پیرۆز و حەدیسی نەبەویدا بوونی نییە، لەو بارەیەوە پێگەی (پرسیار و وەڵامی ئیسلامی) ئاماژە بەوە دەکات کە هیچ تەفسیر و دەلالەتێکی شەرعی لە  ئیسلامدا بۆ ئەو دیاردەیە بوونی نییە و هیچ پەیوەندییەکی بە بنەمای ئایینی ئیسلامەوە نییە. سەرەڕای هەموو ئەمانەش زانایانی ئایینی ئیسلام دید و تێڕوانینیان لەبارەی ئەم دیاردەیەوە جیاوازە، لەوبارەیەوە زانایانی هاوچەرخ لە ناویشیاندا (موفتی محەمەد باتیل) ئەوە دەخاتەڕوو کە دێژاڤو لەسەر بنەمای گریمانەی پزیشکی و دەماری دامەزراوە و هیچ پەیوەندییەکی بە دەقە ئایینییەکان و دیاردە میتافیزیکییەکانەوە نییە. ئەو دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە ئەم دیاردەیە ئاماژەیە بۆ سنوورداربوونی کۆزانینی مرۆڤ بەرامبەر نهێنییەکانی مێشک، ئامۆژگاری دەکات کە ئەوانەی ئەزموونی ئەم دیاردەیە دەکەن، سوپاسی خوا بکەن بۆ نیعمەتی مێشکێکی باش و یادەوەرییەکی دروست. بە گشتی زانایانی ئیسلام دێژاڤو وەک بابەتێکی ئایینی ئەژمار ناکەن و روونکردنەوەی ئەم دیاردەیە لەسەر بنەمای فاکتەری رۆحی، یان نەبینراو رەتدەکەنەوە.

دەرئەنجام
 بە شێوەیەکی گشتی کۆدەنگییەک بەدیدەکرێت لە نێوان زانایانی هاوچەرخی ئیسلامی و پزیشک و دەروونناس و کۆمەڵناسان سەبارەت بەوەی کە دێژاڤو دیاردەیەکی سروشتی  و تەکنیکییە و پەیوەندی بە دواکەوتنێکی چەند چرکەیی پرۆسەی یادەوەری مێشکەوە هەیە و هیچ پەیوەندییەکی بە جیهانی غەیب  و نەخۆشییەوە نییە، هەربۆیە  دیارترین شرۆڤە و لێكدانەوە بۆ دێژاڤو ئەوەیە كە مێشكی مرۆڤ بۆ ماوەیەک لە تێگەیشتن و درككردن دوا دەكەوێت، ئەمەش وادەکات ئەو کەسە هەست بەوە بکات كە پێشتر ئەو شتەی بینیوە، یان زانیاری لەسەر روودانی هەیە، بێگومان ئەمەش جۆرێکە لە ئاڵۆزی و تێکەڵبوونی زانیاری لە نێوان رابردوو و ئێستادا.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved