بایۆتێرۆریزم (Bioterrorism) چی یە
و: کامەران ئەحمەد
بایۆتێرۆریزم بریتیە لە بەکارهێنانی هۆکاری بایۆلۆجی بۆ قوڵکردنەوە یان بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن بەسەر کەسێک، گروپێکی دیاریکراو یان دانیشتوانێک بەگشتی بۆ مەبەستی ئایینی، سیاسی، ئایدۆلۆجی یان شەخسی. ئەم هۆکاری بایۆلۆجیانە، جگە لە ڤایرۆسی ئاوڵە، بەشێوەیەکی نموونەیی لە چەندین شوێنی جیاجیای جیهاندا هەن. ئەمانە دەتوانرێت بکرێن بە چەک بۆ زیادکردنی کوشندەییان لەنێو مرۆڤەکان و واشیان لێبکەن ڤاکسین و ئانتیبایۆتیک وەرنەگرن. زۆرجار ئەم کارە بە بەکارهێنانی پەستاندنێکی تایبەت بۆ زیادکردن یان ئەندازیاری تێکەڵکردن بۆ گۆرینی یان هەموارکردنی پێکهاتەی بۆماوەیی هۆکارەکە دەکرێ. هۆکاری بایۆتێرۆریزم دەشێ بەزۆر شێواز بڵاوبکرێتەوە وەک پرژاندنی بە هەواداو لەڕێی هەندێک مێرووی خوێنمژ یان پیسکردنی خۆراک و ئاوەوە .
دەشێ تیرۆریست بەکارهێنانی چەکی بایۆلۆجی هەڵبژێرێ بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکەی چونکە بایۆتێرۆریزم بەرامبەر بچوکترین هەوڵ گەورەترین ئەنجام دەدات بە دەستەوە. بۆ نمونە تێچوونی بەکارهێنانی چەکی تەقلیدی لەهەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەک بە ٢٠٠٠ دۆلار مەزەندە دەکرێت، چەکی ئەتۆمی لەوانەیە ٨٠٠ دۆلاری تێبچێت، چەکی کیمیایی ٦٠٠ دۆلار بەڵام چەکی بایۆلۆجی بۆ هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەک لەوانەیە تەنها یەک دۆلاری مەزەندەکراوی تێچێت. وەک ئاشکراش کراوە زۆر لەم هۆکارانە تا ڕادەیەک ئامادەکردن و شاردنەوەی ئاسانەو تەنانەت بەکارهێنانیشیان رێدەدات بە بایۆتێرۆریستەکان خۆیان بپارێزن و پێش ئەوەی هیچ نەخۆشیەکیش دیاری بکرێ لەو ناوچەیە هەڵبێن. یەکێک لە هەرە روخسارەوە سەرنج راکێشەکانی چەکی بایۆلۆجی پێدەچێ ئەو کاریگەریە سایکۆلۆجیە گەورەیە بێت کە بەکارهێنانی یاخود هەڕەشەی بەکارهێنانی ئەم چەکە دەیکاتە سەر دانیشتوانەکە.
مێژووی کۆنی جەنگی بایۆلۆجی و بایۆتێرۆریزم
بەدرێژایی مێژوو چەکی بایۆلۆجی بەکارهێنراوە بۆ بەرپاکردنی جەنگ و قوڵکردنەوەی تیرۆر. یەکێک لە کۆنترین بەکارهێنانەکانی چەکی بایۆلۆجی لە سەدەی شەشەمی پێس زاینەوە بوو کاتێک ئاشوریەکان بیرە ئاوەکانی دوژمنەکانیان بە کەڕوی دانەوێڵە ژەهراوی کرد. لە ٤٠٠ی پێش زاینیشدا تیرهاوێژە ساسانیەکان تیری هەڵکێشراو لە خوێن و پاشەڕۆی ئاژەڵ یان لاشەی گەنیویان بەکاردەهێنا. لە ساڵەکانی ١٣٤٦-١٣٤٧و لە کاتی گەمارۆدانی کافە (Kaffa) (Crimea) لە لایەن سوپای تەتەرەوە تاعون لەناو سوپاکەدا بڵاوبۆتەوە. تەتەرەکان لاشەی قوربانیانی نەخۆشی تاعونە رەشەیان بەسەر دیوارەکاندا دەهاویشتە ناو شاری (کافە)وەو ئەو پەتای تاعونەش کە دواتر بڵاوبۆوە بەرگریکەرەکانی ناچار کرد خۆیان بەدەستەوە بدەن. هەندێک لە مێژوونووسان لەو باوەڕەدان کە ئەمە هۆکاری پەتای تاعون بووبێت کە هەموو ئەوروپای چاخەکانی ناوەڕاستی گرتەوەو ٢٥ ملیۆن کەسی کوشت. وەک دەگێڕنەوە لەوانەیە سوپای روسیش هەمان ستراتیژیەتی بەکارهێنابێت و سودی لە لاشەی قوربانیانی تاعون وەرگرتبێت بۆ بەکارهێنانیان دژی سوید لە ساڵی ١٧١٠ . ئیسپانیەکانیش لە ١٤٩٥ خوێنی نەخۆشەکانی گەڕی تێکەل بە شەرابی فەرەنسی دەکرد. وەک دەگێڕنەوە لە ناوەڕاستی (١٦٠٠)ە کانیش ژەنەڕاڵێکی سەربازی پۆڵندی لیکی سەگی هاری کردۆتە ناو لولەی تۆپەکانەوە تا دژ بە دوژمنەکانی بەکاری بێنێت. هەندێ جار ئاوڵەش وەک چەکی بایۆلژی بەکارهێنراوە. لە سەدەی پازدەهەم، پیزارۆ (Pizarro) جلوبەرگی ئاڵودەکراو بە ڤایرۆسی ئاوڵەی داوە با دانیشتوانی ئەمریکای باشوور. لە کاتی جەنگی فەرەنسا-هندستان بریتانیەکان ئەو بەتانیانەی لە لایەن قوربانیانی ئاوڵەوە بەکارهاتبوو، بەخشیە ئەمریکیە نەژادەکان و لە ئەنجامدا ئاوڵە بەناو کۆمەڵگەی ئەمریکیە نەژادەکان بڵاوبۆوە ژمارەیەکی زۆری لێ لەناوبردن. لە شەڕی ناوخۆی ئەمریکاش هەمان تاکتیک لە لایەن Dr.Luke Blackburn (د.لیوک بلاکبێرن)ەوە بەکارهاتبوو. د.بلاکبێرن هەوڵیدا بۆ بە ئاڵودەکردنی جلوبەرگ بە ئاوڵەو تای زەرد کە پاشان بە سوپای یەکێتی فرۆشت. لە پرسەنامەی یەکێک لە ئەفسەرەکانی یەکێتیدا باس لەوە کراوە کە بەهۆی ئاوڵەوە مردووە کە لە جلوبەرگە توشبووەکەیەوە دوچاری ببوو.
جەنگی بایۆلۆژی لە سەدەی بیستەم
د.ئەنتۆن دیلگەر Dr.Anton Dilger کە پزیشکێکی ئەمریکی بە ڕەچەڵەک ئەڵمانی بوو لە ساڵی ١٩١٥ دامەزراوەیەکی مایکرۆبایۆلۆژی لە واشنتۆن دی سی بنیاد نا. د.ئانتۆن بڕێکی زۆری لە ئەنتراکس و بەکتریای گلاندەرز glanders bacteria بەرهەم هێنا بە بەکارهێنانی کە لە لایەن حکومەتی ئەڵمانیای ئیمپریالیەوە دابینکرابوو. لە بەندەرەکانی بارکردنیش بەکرێگیراوە ئەڵمانیەکان ٣٠٠٠ سەر ئەسپ و بارگیرو ڕەشەوڵاخیان کوتی و نێردران بۆ هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئەوروپا، وەک دەگێڕێتەوە چەند سەربازێک ئاڵودەبوون .
ژاپۆنیەکان لە ساڵی ١٩١٨ کەرتێکی چەکی بایۆلۆژیان لە سوپای ژاپۆنی (یەکەی ٧٣١) پێک هێنا. لە ساڵی ١٩٣١، ژاپۆن پەلی هاویشت بۆ ناو مانچوریا Manchuria و بەمەش کەلوپەلێکی زۆرو زەوەندی تاقیکردنەوەی مرۆیی بۆ یەکەی ٧٣١ دابین کرد کە ئەوانیش (دیلەکانی جەنگ بوون) . تاقیکردنەوەکانی چەکی بایۆلۆژی لە (هاربن Harbin)ی مانچوریا کە لەلایەن ژەنەڕاڵی ژاپۆنی ئیشی (General Ishii) یەوە بەڕێوەدەبرا تا ساڵی ١٩٤٥ درێژەی کێشا. لێکۆڵینەوەیەکی توێکاری دوای جەنگی جیهانی دووەم سەبارەت بە ١٠٠٠ قوربانی دەری خست کە زۆربەیان بەهۆی ئەنسراکسی لە هەوادا بڵاوکراوەوە توش بوون. واش دەخەمڵێنرێت کە زیاتر لە ٣٠٠٠ دیلی ترو هاوڵاتی چینی لەوانەیە لەم دامەزراوەدا گیانیان لە دەست دابێت . لەمیانەی لێکۆڵینەوەیەک سەبارەت بە گرتنی مانچوریا لەلایەن ژاپۆنەوە لە ١٩٣١، ئاشکرابووە کە لێپرسراوانی سەربازی ژاپۆنی سەرنەکەوتوانە هەوڵیان داوە ئەندامانی (League of Nation’ Lytton Commission) کۆمسیۆنی لیتۆنی سەر بە ڕێکخراوەی نەتەوەکان ژەهراوی بکەن بە تێکەڵ کردنی بەکتریای کۆلێرا لەگەڵ میوە . لە ١٩٣٩، سوپای ژاپۆنی سەرچاوە ئاویەکانی سۆڤیەتیان لە سنوری مۆنگۆلیای جارانەوە بە بەکتریای تیفۆیدی ریخۆڵە ژەهراوی کرد. لەمیانەی هێرشێکی بەدناوی جەنگی بایۆلۆژی لە ١٩٤١، سوپای ژاپۆنی نزیکەی ١٥٠ ملیۆن کێچی ئاڵودەکراو بە تاعونی بە فڕۆکە رژاند بەسەر گوندەکانی مانچوریا کە دواتر بووە هۆی بڵاوبوونەوەی تاعون لەو گوندانە. بە گوتەی هەندێ کەس، تا ساڵی ١٩٤٥ ئەم بەرنامە ژاپۆنیە ٤٠٠کغم ئەنسراکسی عەمبار کردبوو تا لە بۆمبێکی تایبەت دروستکراودا بەکاربێنرێت. لە تاکە بەکارهێنانی زانراوی جەنگی بایۆلۆژی لەلایەن ئەڵمانیاوە، لە ١٩٤٥ خەزانێکی گەورەی ئاو لە بۆهیمیا Bohemia بە پاشەڕۆی زێراب ژەهراوی کرا.
لە ١٩٤٢، ماوەیەک بەر لەشەڕی ستالینگراد لە بەرەی ئەڵمان – سۆڤێت، تۆلاریمیا (tularemia) (بەخۆشییەکە توشی هەندێک ئاژەڵ و مرۆڤ دەبێت کە مرۆڤ توشی تایەکی پچڕ پچڕ دەکات) بە شێوەیەکی بەرفراوان و چەند هەزار سۆڤیەتی و ئەڵمانیەک نەخۆشیەکەیان گرتەوە ٧٠٪ی قوربانیەکان توشی (pneumonic tularemia) هەوکردنی سی بوون، ئەوەش بەڵگەیەک بوو بۆ ئەوەی کە بە مەبەست ئەو نەخۆشیە بڵاوکرابوەوە . دواتریش ئاشکرابوو کە ساڵێک پێشتر سۆڤیەتیەکان چەکی تولاریمایان دروست کردبوو .
لە جەنگی دووەمی جیهانی دا لە ترسی بەرنامە چاکسازیە بایۆلۆژیەکانی ئەڵمانیا و ژاپۆن، وویلایەتە یەکگرتووەکان و بەریتانیا دەستیان کرد بە بەرنامەی خۆیان. بەرنامە بەریتانیەکە جەختی لەسەر شانەکانی ئەنسرکس و کاریگەریان دەکردەوە کاتێک بە بۆمبێکی تەقلیدی بڵاوبکرێنەوە. دورگەی گرینارد (Gruinard Island) نزیک کەنارەکانی سکۆتلەندیش وەک جێگەیەک بۆ ئەم تاقیکردنەوەیە بەکارهێنرا. باوەڕ وابوو کە کاریگەری بۆ سەر پیسبوونی وڵاتەکە نابێت، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی ئەنسراکس لە مەڕو ماڵاتدا لە ١٩٤٣ لە کەنارەکەی سکۆتلەند کە ڕاستەوخۆ ڕووبەرووی گرینارد بۆوە، ئیدی بەریتانیا بڕیاریدا تاقیکردنەوەکە ڕاگرێت.
لە ١٩٤٢، وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستیکرد بە لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی بەرگریانەی چەکی بایۆلۆژی و ئەم لێکۆڵینەوەیەش لە کامپ دێتریک (قەڵای دێتریکی (Detrick Fort) لە مێریلاند Maryland ئەنجامدا. بەرنامەکەی ئەمریکا بریتی بوو لە لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی (ئەنسراکس Bacillus anthracis anthrax)، (botulism) botulinum toxin،، Yersinia pestis(تاعون)، (tularemia) Francisella tularensis،، Coxiella (Q fever) burnetii، ڤایرۆسی هەوکردنی دەماغ (Venezuelan equine encephalitis virus)، Burcella suis (حومای ماڵتا) و Staphylococcal enterotoxin B . لە جێگەکانی تری وەک کۆلارادا و ئارکەنسۆ تەنانەت چەکیش بەرهەم هێنرا. لە ١٩٥٠، شێوەکانی بڵاوکردنەوەی چەکی بایۆلۆژی تاقیکردەوە لە ڕێی بەڕەڵاکردنی (Serratia marcescens)ی بێزیان و ئاسان دەستنیشانکراو بەسەر سان فرانسیسکۆ.
لە ١٩٦٦، ئەمریکا تاقیکردنەوەیەکی ئەنجامدا سەبارەت بە ئەگەری کەوتنەبەر هێرشی بایۆتێرۆریزمی نهێنی ئەویش بە بەڕەڵاکردنی Bacillus subtilis، کە ئۆرگانیزمێکی بێزیانە، بەناو تونێلەکانی تراموای شاری نیویۆرک. ئەنجامەکان نیشانیدا کە بەهۆی شەمەندەفەرەکانەوە دەشێ بەردانەکە بەناو یەک وێستگەدا هەموو سیستمی ڕێڕەوەکە تووش بێت. سەرۆک نیکسن لە ١٩٦٩ بە فەرمانێکی جێبەجێکردن هەموو بەرهەمهێنان و توێژینەوەیەکی چەکی بایۆلۆژی و تۆکسینی کە بۆ مەبەستی هێرش بردن بووایە ڕاگرت، دواتریش هەموو عەمبارەکانی هۆکارە بایۆلۆژیەکان و کەلوپەلە سەربازیەکانی بەرنامەکەی ئەمریکای لەناوبرد. ئێستاش ئەمریکا لە (قەڵای دێتریک)ی مێریلاند، درێژە دەدات بە بەرنامەیەکی پزیشکی چەکی بایۆلۆژی بۆ مەبەستی بەرگری کە لە (پەیمانگەی توێژینەوەی پزیشکی سەربازی سوپای ئەمریکا (USAMRIID) لە ١٩٥٣وە دەستی پێکردووە.
لە ساڵی ١٩٧٢، ئەمریکا و زۆر لە وڵاتانیش ئیمزای رێککەوتننامەکەیەکیان ئیمزا سەبارەت بە قەدەغەکردن و گەشەپێدان و بەرهەمهێنان و عومبارکردنی بەکتریۆلۆژی (بایۆلۆژی)ی تۆکسین. هەرچەندە یەکێتی سۆڤیەتی جارانیش یەکێک بوو لە واژۆکەرانی رێکەوتننامەی چەکی بایۆلۆژی، کەچی لەدوای ڕێکەوتنەکەوە زیاتر برەویدا بە چەکی بایۆلۆژی و بە هەموو توانایەک بەردەوام بوو تا (١٩٩٠)ەکان. ئەو هێزانەشی لەلایەن سۆڤیەتەوە پشتیوانی دەکران لە لاوس و کەمبۆدیاو ئەفغانستان، لە ١٩٧٥ – ١٩٨٣، وەک باسکراوە ، (T-2 toxins) tricothecene mycotoxins یان بەکارهێناوە ئەوەی کە پێی دەوترا Yellow Rain (بارانی زەرد) ئەو مرۆڤ و ئاژەڵانەشی توشدەبوون گێژدەبوون و نەخۆش دەکەوتن و هەندێکیشیان دەمردن، بەڵام نکۆڵی دەکرا لە بەکارهێنانی T-2 toxins و بوونی پەڵە زەردەکانیش وا لە قەڵەم دەدرا کە بەهۆی جۆرە هەنگێکەوە بووبێت .
لەکۆتایی نیسانی ١٩٧٩، لەسڤێردۆلاڤۆسک (یەکاتێرینبورگ) لە یەکێتی سۆڤیەتی جاران ئەنسراکسی سیەکان بڵابۆوە. سەرەتا بڵاوبوونەوەکە بەوە وەسف دەکرا کە بەهۆی هەر کردنی گۆشتی توشبوەوە بووبێت، بەڵام دواتر ئاشکرا بوو کە بەهۆی بڵاوکردنەوەیەکی بەڕێکەوتی ئەنسراکس بووە لە هەوادا لە یەکێک لە دامەزراوە چەکە بایۆلۆژیەکانی سەر بە کۆمەڵگەیەکی سەربازی سۆڤیەتی. ئەو دانیشتوانەی کە بەهۆی باوە ئەنسراکسەکەیان بۆ گوازرایەوە، تووشی تایەکی بەهێز و هەناسە تووندی بوون و ژمارەیەکی زۆریان لێ مرد. دوا ژمارەی مردووەکان لەو کاتەدا لەنێوان ٢٠٠ بۆ ١٠٠٠ کەس دەخەمڵێنراو ئەو ژمارەیەش لەناو ئاژەڵەکاندا زۆر زیاتر بوو. لە ١٩٨٠ کاندا زیاتر لە ٦٠٠٠٠ کەس بەشداربوو لە توێژینەوەو تاقیکردنەوەو بەرهەم هێنان و دیزاینی کەلوپەل بۆ بەرنامە چاکسازیە بایۆلۆژیەکەی سۆڤیەت. یەکێک لە دامەزراوەکان توانای بەرهەم هێنانی ٨٠ بۆ ١٠٠ تۆن ڤایرۆسی ئاوڵەی لە ساڵێکدا هەبوو. لە شاری کیرۆڤ، سۆڤیەتەکان ٢٠ تۆن تاعونیان لە عەمبارەکانیان هەڵگرتبوو. تا ساڵی ١٩٨٧یش تێکڕای توانایی بەرهەم هێنانی هێڵەمانی ئەنسراکسیان لە سەرانسەری وڵاتەکە ٥٠٠٠ تۆن بوو لە ساڵێکدا .
هەرچەندە عێراقیش یەکێک بوو لە واژۆکەرانی رێککەوتننامەی ساڵی ١٩٧٢ سەبارەت بە قەدەغەکردنی چەکی بایۆلۆژی، کەچی لە ساڵی ١٩٩١دا دانی بەوەدا نا کە توێژینەوەیان لەسەر بەکارهێنانی ئەنسراکس و botulinum toxins و Clostridium perfringens کردبوو بۆ مەبەستی هێرشی . ئاشکراش بوو کە کاریان لەسەر برەودان بە ئەفلاتۆکسین و سناجی توێکڵە گەنم و رایسن کردووە. هۆکارە بایۆلۆژیەکان لە زۆر لەرۆکێت و بۆمب و تانکی پرژێنەر تاقیکراونەتەوە. لە کانوونی یەکەمی ١٩٩٠، عێراقیەکان ١٠٠ بۆمبیان بە ٥٠ تۆکسین و ١٠ بە ئەنسراکس و ٢ش بە ئەفلاتۆکسین پڕکرد و لە کانوونی دووەمی ١٩٩١دا بەسەر چوار جێگەدا بڵاوکرانەوە .
بایۆتێرۆریزم لە سەدەی بیستەمدا
لە ساڵی (١٩٧٠)کاند، گرپێکی تێرۆریستی چەپڕەو "گەردەلولی ژێرزەمین" هەوڵیدا بە هەڕەشەی نهێنی ئاشکراکردن ئەفسەرێکی هۆمۆسێکشۆڵ لە (پەیمانگەی توێژینەوەی پزیشکی لە نەخۆشیە درمەکانی سەر بە سوپای ئەمریکا) (USAMRIID) رازی بکەن هەندێک ئۆرگانیزمیان بۆ دابین بکات کە بەکاربێت بۆ ژەهراوی کردنی سەرچاوەکانی ئاوی ماڵان لە ئەمریکا. پیلانەکەش کاتێک ئاشکرا بوو کە ئەفسەرەکە داوای هەندێک ماددەی کرد "کە پەیوەندی بە کارەکەیەوە نەبوو" . لە ساڵی (١٩٧٢)ش، لە چیکاگۆ "ئەندامانی گروپێکی راستڕەوی نوێ" بە ٣٠ بۆ ٤٠ کغم بەکتریای تیفۆیدەوە دەستگیرکران کە بە نیاز بوون بۆ ژەهراوی کردنی ئاوی چەند شارێکی نیمچە خۆرئاوا بەکاری بێنن. لە ١٩٧٥ سوپای ئازادیخوازی سیمبیۆنی (Symbionese Liberation Army) بەچەند تەکنیکێکی دەسکردەوە گیران کە بۆ چۆنێتی بەرهەم هێنانی چەکی بایۆلژی بەکار دەهێنرا .
لە ١٩٧٨، هاوڵاتیەکی بولگاری جۆرجی مارکۆڤ کە لە لەندەن دەژیا لە وێستگەیەکی پاسدا بە ئامێرێکی لە شێوە چەتر دروستکراودا بریندارکرا کە سەرە دەرزیەکی پێوە بوو تۆکسین رایسنی (ricin toxin) تیا بوو. دوای چەند ڕۆژێک ئەو پیاوە گیانی لەدەستدا ئەم تیرۆرکردنە لەلایەن حکومەتی کۆمۆنیستی بولگاریەوە بە ئەنجام گەیەندراو ئەو تەکنەلۆجییەشی بۆ ئەم تاوانە بەکارهێنرا لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە دابین کرابوو .
لە ١٩٨٠، دەگێڕنەوە کە لە پاریس حەشارگەیەکی سوپای سوور دۆزرایەوە تاقیگەیەکی تیا دروست کرا بوو کە بڕێکی زۆر بۆتۆلۆنیۆم تۆکسینی تیابوو. لە ١٩٩٣، کۆمیتەی خزمەتگوزارییە سەربازیەکانی ئەمریکا وەسفی تاقیگەیەکی تری کرد کە لە پاریس لە ١٩٨٩ دۆزرابۆوە تیادا بۆتۆلۆنیۆم تۆکسینی تیا بەرهەم هێنرابوو. ئەم حەشارگەیە سەر بە شانەیەکی رێکخراوی (Bader Mainhof)ی ئەڵمانی بوو .
FIB دوو برای لە باکوری خۆرهەڵاتی ئەمریکا لە ١٩٨٣ دەسگیر کرد کە ئاونسێک (٢٨گرام) رایسنی خامیان هەبووە. لە ١٩٩٥ یش دوو پیاوی تر بە تۆمەتی بەرهەم هێنانی رایسن، لەژێر یاسای دژە تیرۆریزمی بایۆلۆژی ساڵی ١٩٨٩، تاوانبارکران، دوو پیاوەکەش ئەندامی گروپی ئەنجومەنی نیشتمانپەروەرانی منیۆستا (Minnesota) بوون و پلانی بەکرێگیراوانی فیدڕاڵیان داڕشت بە دانانی ریسن لەسەر دەسکێ دەرگا.
بەناوبانگترین و سەرکەوتووترین بەکارهێنانی بایۆتێرۆریزم لەسەر خاکی ئەمریکا لە ئەیلولی ١٩٨٤بوو، کاتێک شوێنکەوتوانی (Bhagwan Shree Rajneesh) لە شاری داڵسی وویلایەتی ئۆریگۆن، زەڵاتەی باڕەکانیان بە (Salmonella Typhimurium) ژەهراوی کرد. زیاتر لە ٧٥٠ حاڵەتی نەخۆشی (salmonellosis) دەستنیشان کرا. دواتر ئاشکرا بوو کە تایەفەی ئایینی (Rajneeshpuram) ویستیان کاربکەنە سەر هەڵبژاردنی ناوخۆیی کۆمیسارەکانی هەرێمەکە تا بتوانن شارۆچکەیەکی خۆیان خۆیان پێکبێنن. کارە بایۆتێرۆریزمەکەی ئەیلول تاقیکردنەوەی پلانێک بوو کە داڕێژرابوو بۆ هێرشێک لە هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەم، بەڵام دوای ئەوەی وا دەرکەوت کاریگەری نابێت، پلانەکە هەڵوەشێنرایەوە. ئەندامانی ئەو تایەفە ئایینیە بەکتریاکەیان لە نامەیەکی کۆمەڵەی کولتوری ئەمریکی (ATCC)یەوە دەستکەوتبوو .
تایەفەی ئایینی رۆژی قیامەتی ژاپۆنی (Aum Shinrikyo) لە ١٩٩٥ کە هەوڵی دروست کردنی دەوڵەتێکی ئایینی لە ژاپۆن دەدا، گازی سارینی لە وێستگەکانی شەمەندەفەری تۆکیۆ بڵاوکردەوە. دواتریش ئاشکرا بوو کە هۆکاری کیمیای تری وەک (گازی VX و سیانیدی هایدرۆجین) و هۆکاری بایۆلۆجی وەک (B. anthracis,Ebola virus, Coxiella burnetiid ,and botulinum toxin) یان پەرەپێداوە و هەوڵیان داوە زیاتر لە ١٠ بۆنەی تردا بەکاریان بێنن . هێرشە جیاجیاکانیشیان کە گازی سارینی تیا بەکارهاتبوو، ببووە هۆی کوشتنی زیاتر لە ٢٠ کەس و بریندارکردنی ١٠٠٠ کەسی تر .
لە ئایاری ١٩٩٥، لاری وەین هاریس (Larry Wayne Harris) دەستگیرکرا بە تۆمەتی بەدەستهێنانی بەکتریای تاعوون (Yersinia pestis) بەشێوەیەکی نایاسایی و سزا درا بە ١٨ مانگ خستنە ژێر چاودێری و ٢٠٠ سەعات خزمەتکردن. هاریش جارێکی تر لە ١٩٩٨ دەستگیر کرایەوە کاتێک خۆی و کەسێکی تر ڤاکسینی ئەسراکسیان پێ گیرا. لەبەر ئاسانی بەدەست هێنانی بوونەوەرە نەخۆشکەرە ترسناکەکان، بنکەی کۆنتڕۆڵ کردنی نەخۆشی CDC لە ئەمریکا چەند ڕێنماییەکی ووردی دەرکرد بۆ بارکردنی چەند بوونەوەرێکی نەخۆشکەر کە بتوانرێ وەک هۆکاری بایۆتێرۆریزم بەکار بهێنرێ .
هەڕەشەی بایۆتێرۆریزم لە ئێستادا
لە ٢٠ ساڵی رابردوودا هەڕەشەی بایۆتێرۆریزم زۆر زیادی کردووە چونکە چەند وڵاتێکی شەڕخواز هەن کە کار لەسەر بەکارهێنانی ئەم هۆکارە بایۆلۆجیانە دەدەن بۆ مەبەستی هێرش بردن. ترسێکی گەورەش هەیە لەوەی کە ئەو هۆکارانەی چەکی بایۆلۆجی کە پێشتر پەرەی پێدرابوو وەک ڤایرۆسی ئاوڵەکە لە کۆتایی (١٩٧٠)کاندا لە سروشتدا لەناوبراو ئێستا تەنها لە دوو تاقیگەی CDC لە ویلایەتی ئەتڵەنتاو پەیمانگەی خۆپاراستن لە ڤایرۆس لە مۆسکۆ هەڵگیراون، لەوانەیە لەلایەن ئەو زانایانەی سۆڤێتی جارانەوە کە بەدوای بەدیهێنانی پارەدا دەگەڕێن فرۆشرابن .
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رابەرایەتی هەوڵێکی فیدڕاڵیانە دەکات بۆ مەشق پێکردنی کەسانێکی زۆر لە ١٢٠ شاری ئەمریکی تا ئامادەبن بۆ کارکردن لە حاڵەتی هەر ڕووداوێکی تێرۆریستی ناوخۆ کە بایۆتێرۆریزم یا چەکی تری کۆمەڵکوژی تێدا بەکاربێت. وەزارەتی دادی ئەمریکاش ژێرخانی ئامادەکاری ناوخۆ هەڵدەسەنگێنێ بۆ هەموو هەرێمەکانی ئەمریکا . سەنتەرەکانی پاراستن و کۆنتڕۆڵ کردنی نەخۆشی CDC ڕێکەوتننامەی سەبارەت بە هاوکاری لە بواری بایۆتێرۆریزم لەگەڵ زۆربەی وەزارەتەکانی تەندروستیدا هەیە تا توانای تاقیگەی وویلایەتەکان و سیستمی بە دەنگەوە هاتن و زانستی یان (epidemiology) باشتر بکرێت و توانای پەیوەندی خێرا لە نێوان وەزارەتەکانی تەندروستی و CDC دابین بکرێ .
سەرچاوە نۆڤین 5-6 /2005
بابەتی زیاتر