بۆرژوازیی کۆمپرادۆر
ئامادەکردن: هاوار
بۆرژوازیی کۆمپرادۆر (Comprador bourgeoisie)، ئاماژەیە بە ناوی چین و توێژێکی کۆمەڵ، کە لە ڕێی بازرگانی و ساغکردنەوەی کاڵای وڵاتانی باڵادەست، لە وڵاتی خۆیاندا دەوڵەمەند دەبن. بە واتایەکی تر، ئاماژەیە بۆ ناوی ئەو گروپە بازرگانانەی پشت بە کاڵا و سەرمایەی بێگانە دەبەستن و سەرمایە و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی پەک دەخەن.
لە بنەڕەتدا سەرهەڵدانی ئەو توێژە، دەگڕێتەوە بۆ سەدەی 18 و 19 ی زاینی. واتە سەردەمی فراوانبوونی کۆلۆنیالیزم. بە تایبەت لە وڵاتانی هند و چین. لەو دەمەدا، ژمارەیەک بازرگان بە هاوردەکردنی کاڵای وڵاتانی باڵادەست، ڕێیان لە ساغکردنەوەی کاڵا خۆجێیەکان دەگرت و لە ڕێی ئەو گروپانەوە سەرمایە لە ناوخۆی وڵاتەکانەوە دەچووە دەرەوە. ئەوەش سووڕی ئاسایی سەرمایەی لە وڵاتدا دەشێواند و ڕێی لەوە دەگرت بەرهەمهێنان پەرە بسێنێت. هەروەها لە بەژرەوەندی خۆیاندا، سەرمایەی ناوخۆییان دەبەستەوە بە سەرمایەی دەرەکی.
لە سەدەی بیستدا نووسەران و هزرمەندانی ڕێبازی مارکسیزم زیاتر پەرژانە سەر چەمکی بۆرژوازیی کۆمپرادۆر و ڕاڤەیان دەکرد. بەتایبەت مائو تسی تۆنگ (1893-1976) ڕابەری شۆڕشی چین و دامەزرێنەری کۆماری گەلی چین، چەمکی بۆرژوازیی کۆمپرادۆری لە بەرامبەر بۆرژوازیی نیشتمانیی دانا.
لە کرۆکدا بۆرژوازیی کۆمپرادۆر لەگەڵ بۆرژوازیی نیشتمانیی لە ململانێدایە. چونکە بۆرژوازیی نیشتمانیی هەوڵ دەدات لە ڕێی ئەو سوود و زێدەباییەی لە بەرهەم و کاڵا ناوخۆییەکانەوە دەستی دەکەوێت، پەرە بە بەرهەمی زیاتر بدات. ئەمەش لە ئاکامدا بە سوود و قازانجی وڵاتەکە و کرێکاران و جووتیاران و ڕەنجدەران دەشکێتەوە. هەروەها سەرمایە هەر لە ناوخۆی وڵاتەکەدا دەمێنێتەوە. بەڵام بۆرژوازیی کۆمپرادۆر؛ کاڵا و شمەک و بەرهەم لە دەرەوەی وڵاتەکەوە دەهێنێت و سەرمایەی ناوخۆیی دەباتە دەرەوە و پێشکەشی وڵاتێکی دەرەکی دەکات. بەو شێوەیە هەم بەرهەمی ناوخۆیی پەکی دەکەوێت و هەمیش وڵاتی هەناردەکەر، باڵادەست و دەست ڕۆیشتوو دەبێت.
بۆرژوازە کۆمپرادۆرەکان لە ڕێی سەرمایەکەیان و پشتیوانی وڵاتە بێگانەکان، لە وڵاتی خۆیاندا بەهێز دەبن و هەندێکجاریش دەسەڵات دەگرنە دەست. زۆرجاریش لە چوارچێوەی حزب و ڕێکخراودا، دەست بە چالاکی سیاسی دەکەن. هەر لەم سۆنگەیەوە، حزب و سیاسەتوانی هەلقوڵاوی کۆمپرادۆر بۆرژوازیی، خاوەن ژمارەیەک تایبەتمەندییە. ئەو حزبانە بە توندی پەیوەستن بە وڵاتانی دەرەکی جا بە ئاشکرا بێت یان بە نهێنی. سیاسەت و ئەجیندای ئەوان لە وڵاتی خۆیاندا جێبەجێ دەکەن یان ئەجیندای خۆیان لەگەڵ سیاسەت و بەرژەوەندی وڵاتە بێگانەکەدا دەگونجێنن. هەروەها دژی هەموو جموجۆڵێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی ڕاستەقینەن لە کۆمەڵ و وڵاتەکانی خۆیاندا بێتەئاراوە. بگرە بە مەترسی بۆ سەر بەرژوەندییەکانی خۆیانی دەبینن چونکە کۆمپرادۆرەکان سەرمایە و سیاسەت و مانەوەی خۆیان بە توندی بە ئەجێندای بێگانەوە گرێداوە. تەنانەت لەسەردەمی پاش-کۆلۆنیالیزمدا، بەشێک لە کۆمپرادۆرەکان خۆیان بە حزبی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزم دەناسێنن بۆ ئەوەی ڕێ لە حزبی نەتەوەیی ڕاستەقینە بگرن.
بەشێوەیەکی گشتی کۆمپرادۆرەکان نەریتپارێز و کۆنەخوازن، سەرچاوەی دەسەڵات و داهات و بەرژەوەندی خۆیان لە هەناوی توێژێکی دیاریکراودا دەبیننەوە. سڵ لە هەموو پێشکەوتنێکی ڕیشەیی دەکەنەوە و بەرپەرچی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیش دەدەنەوە. جا ئەو گۆڕانکارییانە ڕاپەڕین و شۆڕشی سیاسی و کولتووری بێت یان چاکسازیی. هەروەها کۆمپرادۆرەکان بە توندی خۆیان دەبەستنەوە بە کولتوور و ڕووناکبیری بێگانەوە. لە کولتوور و ڕووناکبیری خۆجێی و نەتەوەیی خۆیان دووردەکەونەوە و پشتگوێی دەخەن. زمان و کولتووری بێگانە بە باڵاتر لە زمان و کولتووری خۆیان دەبینن. بە هۆی دەسەڵات و باڵادەستی کۆمپرادۆرەکان و پەیوەستبوونیان بە کولتوور و زمان و ئەجێندای بێگانە، گۆڕانکاریی و ئاڵوگۆڕی کولتووری لەهەناوی کۆمەڵگە خۆجێیەکەدا دروست نابێت و پەکی دەکەوێت. هەروەها کۆمپرادۆرەکان بۆ ئەوەی خۆیان لەگەڵ چین و توێژە نوێیەکەیاندا بگونجێنن، خۆیان لە هەڵسوکەوتی بنچینەیی و ڕەسەن دووردەخەنەوە و لەگەڵ ئەتەکێت و رفتاری نوێشدا ڕانەهاتوون. بۆ داپۆشینی کەموکورتییە کولتوورییەکان و شاردنەوەی هەستی خۆ-بەکەمزانین، خۆیان- نمایش دەکەن و خۆیان وەک جوان پەرست و شیک پۆش دەردەخەن. ڕوخساری سەرەکی ئەو شێوازە ژیانە، بریتییە لە بەهەدەردانی پارە و مەسەرەفگەراییەکی لە ڕادەبەدەر.
لەلایەکی تریشەوە، بۆ پاراستنی سەروەت و دەسەڵات و پێگەی خۆیان، کۆمپرادۆرەکان خۆپەرست و بێ متمانە و گوماناوی دەبن. ڕۆڵ و پێگە دەدەنە کەسانی نزیک لە خۆیان. بەوجۆرە بنەماڵە و خێڵ و هۆزی خۆیان لە دەسەڵات نزیک دەکەنەوە. ئەوەش دەرفەت بۆ دەسەڵاتدار خۆش دەکات ببێتە دەسەڵات و حکومەتێکی ئۆلیگارچی. واتە حکومەتی گروپێکی گەندەڵ. هەروەها بۆ ئەوەی حکومەت و دەسەڵاتەکەی بە ڕاوەستاو بهێڵێتەوە، کەسانی دێمەگۆگ لە لوتکەی پەیکەری حکومەتدا زۆر دەبن و حکومەتەکەیش دەکەن بە پۆپیۆلیزم. هەر بۆیە زۆرجار بۆرژوازیی کۆمپرادۆر بە بۆرژوازیی پۆپیۆلیزم بەناوبانگە.