ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، فریدریش مێرتس ڕایگەیاند، کە: "ئاشتیی ئەمریکی (Pax Americana) لە ئەورووپا کۆتاییهات."
چیرۆکی "پاکس ئەمەریکانا" چییە، ئەمریکا چۆن سیستەمی جیهانیی دروستکرد، بۆچیی ئەورووپا پێیوایە سەردەمەکەی بەرەو کۆتایی دەچێت یان تەواو بووە؟
"پاکس ئەمەریکانا" (Pax Americana) زاراوەیەکە بۆ وەسفکردنی ئەو سیستەمە نێودەوڵەتییە بەکاردێت، کە دوای ساڵی (١٩٤٥) پێکهات، کاتێک ئەمریکا ڕۆڵی هێزی باڵادەستی گێڕا کە ئاسایش و سەقامگیریی زامن دەکرد، بەتایبەتی لە ئەورووپا، لە ڕێگەی:
باڵادەستیی سەربازیی ئەمریکا.
هاوپەیمانییە بەرگرییەکان و لە سەرووی هەموویانەوە "ناتۆ".
سەرکردایەتیکردنی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان (نەتەوەیەکگرتووەکان، سندوقی دراو، بانکی جیهانی).
هەژموونی ئابووریی و کولتووریی جیهانی.
بوونی سەربازیی ئەمریکا لە دەرەوەی خاکەکەی.
هاوشێوەی (Pax Romana) و (Pax Britannica)، ئاشتیی ئەمریکیش ئاشتییەکی بێلایەن نەبوو، بەڵکو ئاشتییەک بوو، کە تەرازووی هێز سەپاندی و یاساکانی خزمەتیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەکرد.
لەگەڵ کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانیی دووەم، ئەورووپا لەڕووی ئابووریی و سەربازییەوە وێران بووبوو، لەکاتێکدا ئەمریکا، وەک بەهێزترین دەوڵەتی جیهان دەرکەوت.
فرانکلین ڕۆزڤێڵت بناغە فکرییەکانی بۆ سیستەمێکی جیهانیی نوێ دانا، کە لەسەر بنەمای دامەزراوەنێودەوڵەتییەکان بێت، نەک ئیمپراتۆریەتەکان. دواتر هاری ترومان هات و ئەم دیدگایەی کردە واقیعێکی کردەیی لە ڕێگەی:
پرەنسیپی ترومان (١٩٤٧) بۆ سنووردارکردنی کۆمۆنیزم.
پلانی مارشال بۆ بنیاتنانەوەی ئەورووپا.
دامەزراندنی هاوپەیمانیی ناتۆ لە ساڵی (١٩٤٩).
لێرەوە بە کردەیی "پاکس ئەمەریکانا" دەستیپێکرد.
لە سەردەمی جەنگی سارددا، سەرۆکەکانی، وەک ئایزنهاوەر و کەنەدی بوونی سەربازیی ئەمریکایان لە ئەورووپا چەسپاند، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی یەکێتیی سۆڤیەت پشتیان بە "ڕێگریی ئەتۆمی" بەست. قەیرانە گەورەکانی، وەک بەرلین و قەیرانی مووشەکەکانی کوبا، ئەوەیان دووپاتکردەوە، کە سەقامگیریی ئەورووپا بەستراوەتەوە بە سەرکردایەتیی ئەمریکاوە.
تا ئەو کاتەی جەنگی ڤێتنام هات و سنووری هێزی ئەمریکای ئاشکرا کرد.
لە سەردەمی ڕیچارد نیکسۆن، گۆڕانکاری بەرەو دابەشکردنی ئەرکەکان لەگەڵ هاوپەیمانان و کرانەوە بەڕووی چیندا دەستی پێکرد، ئەمەش وای کرد "پاکس ئەمەریکانا" کەمتر نموونەیی (ئایدیالی) و زیاتر واقعبینانە بێت.
لە لوتکەی جەنگی سارددا، ڕۆناڵد ڕیگان متمانەی بە هێزی ئەمریکا گەڕاندەوە و بەشدار بوو لە لاوازکردنی یەکێتیی سۆڤیەت.
جۆرج بوشی باوکیش کۆتایی جەنگی ساردی بەڕێوەبرد و "سیستەمی نوێی جیهانی"ی ڕاگەیاند.
بیڵ کلینتۆن قۆناغی هەژموونی نەرمی بەڕێوەبرد: فراوانبوونی ناتۆ، بەجیهانیبوون و باڵادەستیی ئابووریی.
"پاکس ئەمەریکانا" گەیشتە لووتکە بەهۆی نەبوونی هیچ رکابەرێکی نێودەوڵەتیی ڕاستەقینە، تا ئەو کاتەی هێرشەکانی (١١)ی سێپتێمبەر ڕوویاندا و بوونە خاڵێکی وەرچەرخان:
جەنگەکانی ئەفغانستان و عێراق لە سەردەمی جۆرج بوشی کوڕدا هێزی ئەمریکایان دابەزاند و شەرعیەتەکەیان لاواز کرد.
باراک ئۆباما هەوڵیدا دەستێوەردانی سەربازی کەمبکاتەوە و سیاسەتی "سەرکردایەتیکردن لە دواوە"ی پەیڕەو کرد، لەگەڵ زیادکردنی تەرکیز لەسەر ئاسیا.
دواتر سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ هات، لە هەردوو خولەکەیدا، بۆ ئەوەی کەلێنێکی قووڵ دروستبکات:
گومانکردن لە کارایی و گرنگیی ناتۆ.
بەستنەوەی پاراستنی سەربازی بە پارەدانەوە.
دروشمی "سەرەتا ئەمەریکا".
ئەم قۆناغە متمانەی هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی بە گەرەنتیی درێژخایەنی ئەمریکا هەژاند.
ئەمڕۆ، لەگەڵ گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییە قووڵەکاندا، سەرکردە ئەورووپییەکان – و لە پێشیانەوە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا فریدریش مێرتس – بە ئاشکرا باس لەوە دەکەن، کە ئەم سەردەمە، وەک جاران نەماوە، بەتایبەتی لە ئەورووپا.
لێدوانەکانی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بە مانای پچڕانی پەیوەندی نییە لەگەڵ واشنتن، بەڵکو ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنێکی ئەورووپیی نوێیە بۆ واقیعی ستراتیژیی:
لەشکرکێشیی ڕووسیا بۆ ئۆکرانیا لە (٢٠٢٢) دەریخست، کە "ڕێگریی تەقلیدی" نەیتوانی ڕێگە لە جەنگ بگرێت، ئەورووپا لە ڕووی سەربازییەوە بەپێی پێویست ئامادە نییە.
هەروەها ئەورووپا درکی بە گۆڕانی ئەولەویەتەکانی ئیدارەی ئەمریکا کردووە، کە ئەمڕۆ تەرکیزی لەسەر چین و ناوچەی زەریای هێمنە، لەگەڵ کەمبوونەوەی خواستی جەماوەری و سیاسی بۆ بەرگەگرتنی ئەرکەکانی بەرگریکردن لە ئەورووپا بە تەنها.
ترسە ئەورووپییەکانیش لە گەڕانەوەی سیاسەتی گۆشەگیرخوازیی (Incalationism) ئەمریکا لە داهاتوودا زیادی کردووە.
پێش لێدوانەکەی ئەمڕۆ، لە ساڵی (٢٠٢٢) ئۆلاف شۆڵتز، ڕاوێژکاری پێشوو، باسی لە چەمکی "خاڵی وەرچەرخان" (Zeitenwende) کردبوو و داوای کردبوو:
پڕچەککردنەوەی ئەڵمانیا.
زیادکردنی خەرجیی بەرگریی.
هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی ئاسایشی ئەورووپا لەلایەن خۆیانەوە.
مێرتس لە لێدوانەکانیدا دوێنێ، پێشبینی کشانەوەی تەواوەتیی ئەمریکای کرد لە ئەورووپا، ئەمەش بەو مانایەیە، کە ناتۆ کەمتر پشت بە سەرکردایەتیی تاکلایەنەی ئەمریکا دەبەستێت و ئەورووپا ڕۆڵێکی سەربازیی گەورەتر لەناو هاوپەیمانییەکەدا دەگێڕێت، لەگەڵ پێویستیی زیادکردنی خەرجیی بەرگریی و پیشەسازیی سەربازیی ئەورووپی و دەرکەوتنی بیرۆکەی بوونی "کۆڵەکەیەکی ئەورووپی" لەناو ناتۆدا.
بەڵام لە بەرامبەردا، ڕەنگە گرژیی ناوخۆیی لەنێوان وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا (کە دەست بە ڕۆڵی ئەمریکاوە دەگرن) و وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەورووپا (کە هەوڵی سەربەخۆیی ستراتیژیی زیاتر دەدەن) سەرهەڵبدات.
"پاکس ئەمەریکانا" ئەو چوارچێوەیە بوو، کە لە ساڵی (١٩٤٥)ـەوە حوکمی سیستەمی نێودەوڵەتیی کردووە و دەیان ساڵ سەقامگیریی بۆ ئەورووپا دابین کرد، بەڵام گۆڕانکارییە جیهانییەکان؛ لە دەرکەوتنی هێزی نوێوە تا گۆڕانی ئەولەویەتەکانی ئەمریکا، ئەورووپایان ناچار کردووە چاوخشاندنەوە بە ئاسایش و داهاتووی هاوپەیمانییەکانیدا بکات.
جیهانی ئەمڕۆ هێندەی شایەدی "گۆڕانکاری"ی ئاشتیی ئەمریکییە، هێندە شایەدی کۆتاییهاتنی نییە؛ گۆڕان لە سیستەمێکەوە، کە یەک هێز سەرکردایەتی دەکات، بۆ سیستەمێکی ئاڵۆزتر، کە لەسەر دابەشکردنی ئەرکەکان و فرە-ناوەندیی هێز دامەزراوە.
ئایا ئەڵمانیا دەتوانێت سەرکردایەتیی ئەورووپا بکات بۆ جێبەجێکردنی ئەم گۆڕانکارییە؟
- لە ئەکاونتی د. یادگار علی وەرگیراوە
بابەتی زیاتر