د.حەسەن حسێن سدیق
زانستی لۆجیک وەک هەرزانستێکی تر ئامانجە سەرەکییەی بریتییە لە دانانی ئەو یاساو رێسایانەی، کە هزر لەهەڵەکردن دەپارێزێن لەکاتی بیرکردنەوەدا، هەروەها لە راستی و هەڵەیی هزر دەکۆڵێتەوە، بەتایبەتی کاتێک، کەهزر پابەند بەیاساو رێساوە نابێت. کەواتە، هزر ئەگەر لەچوار چێوەی یاساکانی بیرکردنەوە دەرنەچوو، ئەوا ئیتر لەهەڵەکردنەوە بەدوور دەبێت، بەتایبەتی لەپرۆسەی بیرکردنەوەدا. لۆجیک گرنگی تەنها بەفۆڕمی هزر دەدات، نەک بە بابەتی بیرکردنەوە. بۆ نموونە، کاتێک دەڵێن: (سەرجەم مرۆڤەکان بمرن). دەبینین ئەم جۆرە دەربڕینە لەڕووی لێ تێگەیشتن و روونییەوە هیچ کێشەیەکی نییە، هەروەها هیچ ئاڵۆزییەکی پێوە دیار نییە. بۆیە دەبینین هیچ پاساوێک نییە بۆئەوەی، ئەگەر هاتوو رووداوەکان، لەجیهانی دەرەوە، پێچەوانەی ئەو دەربڕینە بن، ئەوا بڵێین دەستەواژەکە نادروستە. چونکە ئێمە لێرەدا باس لەدروستی، یان نادروستی بڕیارەکە ناکەین. بەم لۆجیکە دەگوترێت لۆجیکی فۆرماڵ. بەهۆی ئەم هۆکارەشەوە یاساکانی لۆجیک گشتی و ڕەهان و پەیوەست بە بابەتێک نین لە بابەتەکانی زانین، بەڵکو بۆهەر بابەتێک شیاو دەبن و دەکرێت ئێمە لەهەر لقێکی زانیندا سوودیان لێ وەربگرین. وەک چۆن بێرتراند رەسل دەڵێت: {لۆجیک بناغەیە بۆ فەلسەفە}. کەواتە لەرووی لۆجیکییەوە، ئەگەر فەلسەفە دایکی هەموو زانستەکان بێت، لۆجیکیش بناغەی فەلسەفە بێت، ئەوا لۆجیک دەبیتە بناغە بۆ هەموو زانستەکان.
سەرەتای درووستبوونی ئەم زانستە، وەک زانستێکی خاوەن یاسای تایبەت بەخودی خۆی، مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ فەیلەسوفی یۆنانی ( ئەرستۆتالیس)، لەکتێبی ( شیکردنەوەکان )دا باسی لەم زانستە کردووە. بەڵام، مەرج نییە لە پێش (ئەرستۆ)وە هیچ فەیلەسوفێکی تر لەنێو فەلسەفەکەیدا باسی لەلۆجیک نەکردبێت. بۆ نموونە، (پارمینیدس) باسی لەیاسای (خۆیەتی) کردووە بەو پێناسەیەی، کە (بوون هەیە) و (نەبوون نییە). هەروەها لەدەقەکانی فەلسەفییەکانی (هیراکیتۆنس)یشدا باس لەلۆجیک دەبینرێت. ئەم فەیلەسوفە ئاماژەی بەیاسای (نەسازان) کردووە. هەروەها (سوکرات) و پلاتۆن (ئەفلاتۆن) بەهەمان شێوە لەفەلسەفەکەیاندا ئاماژەیان بەهەندێک بنەمای لۆجیکی کردووە. کەواتە فەیلەسوفانی پێش(ئەرستۆ)، کەم تازۆر، باسیان لە لۆجیک کردووە، بەڵام وەک زانستێک نا. بۆیە دەتوانین بڵێین (ئەرستۆ) دامەزرێنەری لۆجیکە. ئەرستۆ لۆجیکی وەک ئۆرگانونی زانست پێناسە کردووە، نەک وەک بەشێک لەزانست، بەڵکو تەنانەت لۆجیکی وا پێناسە کردووە، کەوەک دەروازە بێت، یان بناغەی بێت بۆ زانست.
لۆجیک وەک زاراوە
زانایان و فەیلەسوفان و لۆجیکزانان پێناسەی جیاجیایان بۆ لۆجێک دیاری کردووە. هەندێکیان لۆجیکیان وەک بەشیک، یان دەروازەیەک بۆ فەلسەفە پێناسەکردووە، هەندێکی تریان وەک بەشێک لەدانایی ئاماژە پێکردووە، یان وەک ئامڕازێک بۆ زانستەکان و فەلسەفە پێناسە کردووە. بەڵام، هەندێکی تریان وەک زانستی یاساکان پێناسەیان کردووە. هەندێکی تریشیان پێیان وابووە، کەلۆجیک ئامڕازی یاساکانی ئاوەزو هزرە. بۆ نموونە، لۆجیک لای ئەرستۆتالیس بەشیک نییە لەفەلسەفە، بەڵکو دەروازەیەکە بۆ فەلسەفە. کەواتە، تێگەیشتن لەفەلسەفە بەبێ زانستی لۆجیک کاریکی ئاسان نییە، چونکە فەلسەفە هزرینە لەسەرجەم بابەتەکانی بوون، مرۆڤ. ئەرکی لۆجیکیش بریتییە لە پاراستنی ئاوەزی مرۆڤ لەکاتی هزریندا. بۆیە بەبێ لۆجیک فەلسەفاندن کارێکی ئاسان نییە. لای داڵانییەکان ( ریواقییەکان ) لۆجیک بەشێکە لە دانایی. ئەگەر رێگا بیت بۆ گەیشتن بە ئاسودەیی گیان، ئەوا پێویستی بە ئاوەزێکی تەندروست دەبێت، کە دوورەبێت لەسەرجەم نەخۆشییەکانی زانین. تاکە جۆرێکێش لەزانست، کە ئاوەز لەو جۆرە نەخۆشییانە بپارێزێت، هەڵبەت لۆجیکە.لای یەکەم فەیلەسووفی عەرەبی ئیسلامی، کە (ئەل.کیندی)ە، لۆجیک ئامرازی فەلسەفەیە. هەرکارێک ئامرازی خۆی هەیە. شیاو نییە ئەگەر ئامرازێک بەکاربهێنرێت بۆ کارێک، کەگونجاو نەبێت. فەلسەفەیش وەک هەرپیشەیەکی تر ئامرازەکەی بریتییە لەزانستی لۆجیک. لای. (ئەل.فارابی) لۆجیک بەشێکە لە فەلسەفە. تێگەیشتن لەفەلسەفە، یاخود خوێندنی فەلسەفە، بەبێ شارەزابوون لە زانستی لۆجیک، مرۆڤ رووبەڕووی گرفتیزۆر دەکاتەوە. لەبەر ئەوە لۆجیک بە بەشێک لەفەلسەفە دانراوە.
لای (ئەبو حامیدی ئەل. غەزالی) لۆجیک یاسایە بۆ جیاکردنەوەی تێگەی دروست لەنادروست، یان تەرازووی ئاوەزە بۆ پێوانەکردنی بابەتەکان و بۆ جیاکردنەوەی چەمکی چاکەیە لە چەمکی خراپە.
لای (ئیمانوێل کانت) لۆجیک، بەشێوەیەکی گشتی، زانستی یاسا پێویستیەکانی ئاوەزو (زەین)ە.
لای ئەلفرێد تارسکی لۆجیک بناغەی زانستەکانی ترە، چونکە ئێمە بەلای کەمەوە لەهەر پرۆسەیەکی بەڵگەهێنانەوەدا پەنا بۆ هزرۆکە لۆجیکیەکان دەبەین.هەر ( ئیستدلال)ێک، بەپێی یاساکانی توێژینەوەی لۆجیکی بەڕێوەدەچیت.
هەروەها لەفەرهەنگی فەلسەفی (لالاند) دا هاتووە، کەلۆجیک بریتییە لە گونجاندنی هزر لەگەڵ خەود و جیهانی دەرەوەیدا . هەمان بۆچوون لای فەیلەسووفی پراگماتیزم (جون دیوی) دا هەیە، کە دەڵیت { لۆجیک بریتییە لەگونجاندنی ئاوەز لەگەڵ خوددا، هەروەها گونجاندنی خود لەگەڵ داکەوتدا ( واقیعدا). بەم شێوازە بۆمان دەرکەوت، کە خوێندنی زانستی لۆجیک زۆر گرنگە، بەتایبەتی بۆ ئەوکەسانەی، کەخوازیارن فەلسەفە فێرببن، یان لەفەلسەفە تێ بگەن.بۆیە دەڵێن زانستی لۆجیک بۆ خوێندنی فەلسەفە، یان بۆ فەلسەفاندن، زۆر گرنگە. هەروەک چۆن لۆدڤیگ فیتنشتاین، کەباسی لەلۆجیکی شیکاری کردووە لەفەلسەفەی زماندا، پێی وابووە، کەئەگەر ئێمە ئاشنا بەلۆجیکی شیکاری نەبین، ئەوا هەڵبەت رووبەرووی گرفتی فەلسەفی دەبینەوە، کەلەڕاستییدا شتێک نییە بە ناوی گرفتی فەلسەفییەوە،بەڵکو تەنها بریتییە لە خراپ بەکارهێنانی لۆجیکی زمان.
ئەرکی زانستی لۆجیک
لۆجیک دوو ئەرکی سەرەکیی هەیە:
یەکەم: روونکردنەوەی ئەو یاسایانەی، کەدەبێت ئاوەز،بۆ جیاکردنەوەی هزری دروست لە نادروست، پەیرەوی بکات.
دووەم: دۆزینەوەی هەڵەکانی بیرکردنەوە و جۆر و هۆکارەکانی.
نموونەی یەکەم:
سەرجەم قوتابیانی قۆناغی یەکەمی فەلسەفە، لەوانەی زانستی لۆجیکدا ئامادە دەبن. هەژار قوتابیی قۆناغی یەکەمی فەلسەفەیە. هەژار بەردەوام لەوانەی زانستی لۆجیکدا ئامادە دەبێت.
نموونەی دووەم:
سەرجەم قوتابیانی قۆناغی یەکەمی فەلسەفە، تەنها لەوانەی زانستی لۆجیک بەردەوام ئامادە دەبن. هەژار قوتابی قۆناغی یەکەمی فەلسەفەیە. هەژار بەردەوام لەوانەی زانستی لۆجیک ئامادەیە.
نموونەی سییەم:
ئەگەر هەژار کوردستانی بێت، ئەوا دەبێت لەکوردستان بژێت. هەژار لەکوردستان دەژێت کەواتە هەژار کوردستانیییە. ئەم جۆرە (ئیستدلال)ە دروست نییە، بەڵکو (فاسد)ە، چونکە مەرج نییە هەر کەسێک، ئەگەر لەکوردستان بژێت، دەبێت کورد بێت. هەروەها تەنها ئەو کەسانە کوردستانی نین، کە لەزەوی کوردستاندا دەژین. ئێمە ئەگەر بڕاونینە ئەو نموونانەی سەرەوە، ئەوا دەبینین، کە ئێمە بەهەمان یاسای نموونەکانی (یەکەم و دووەم)، نموونەی (سێیەم) مان دەربڕیوە. چونکە دەتوانین بە هەمان شێوە بڕیار لەوە بدەین، کە هەرکەسێک لەکوردستان بژێت، ئەوا دەبێت کوردستانی بێت، وەک ئەوەی بڵێن هەر قوتابییەک، ئەگەر لەوانەی لۆجیک ئامادە بێت، ئەوا قوتابیی بەشی فەلسەفەیە.
ئامانجی لۆجیک
وەک باسمان کرد، لۆجیک هزرینی دروست لە هزرینی نادروست جیا دەکاتەوە، هەروەها یاساکانی هزرینی دروست مرۆڤ روون دەکاتەوە. مرۆڤیش بەوە ڕادێت، کە نەک پەنا بۆ پاساو و خواست و سۆز بەرێت لەکاتی بیرکردنەوەدا، بەڵکو بەڵگەی زانستی بەکاربهێنێت. بۆیە لۆجیک گرنگی بە بڕیار و وشەو و پێناسە دەدات، بۆ ئەوەی یارمەتی مرۆڤ بدات لە دەربڕیندا، کە دوور بێت لەکەم و کورتی و هەڵەی زمانەوانی.
گرنگیی لۆجیک
لۆجیک ئامرازێکی پێویستە بۆ خوێندنی فەلسەفە. کەواتە، دیارە هەرلەبەر واتای ئامراز ناوی (ئۆرگانون)ی لە لۆجیک ناوە کەواتە لۆجیک ئامڕازی زانستە، واتە ئەو ئامڕازەیە، کەئێمە بۆ فەلسەفاندن پشتی پێ دەبەستین. رەنگە لە گرنگییەکانی لۆجیک ئەوە بێت، کە بۆ ناساندنی راستییەکان بێت. واتە بۆ ئەوە بێت کە مرۆڤ، لەژیانیدا پێویستە لۆجیکیانە رەفتار بکات، بەمەبەستی گەیشتنی بە راستی شتەکان. چونکە راستی هاوشێوەی چاکەیە. هەروەها یەکێکی تر لە گرنگییەکانی لۆجیک پاراستنی زەینی مرۆڤە. کەلەکاتی هزریندا لەهەڵەکردن دەپارێزێت. بۆ نموونە: کاتێک، کە دەڵێین: گەردوون،یان دروست کراوە، یان دروست نەکراوە{.کەواتە ئێمە لێرەدا پێویستە واتای هەریەک لە (دروستکراو)و(دروست نەکراو) روون بکەینەوە بۆ ئەوەی بزانین،کە چۆن وەڵامی پرسیارەکە بدەینەوە. چونکە ئەو جۆرە پرسیارانە وەڵامەکەی لە پێکهاتەی دەستەواژەکەدا هەیە. ئەگەر دروستکراو بێت، ئەوا وەڵامی ئەوەی دروست نەکراوە رەتدەکرێتەوە. هەروەها بەپێچەوانەشەوە. وێناکردن و پشت راستکردنەوە تێگەی وێناکردن، بریتییە لەو فۆرمەی، یان لەو واتایەیی، کەلەزەینی مرۆڤدا هەیە. بەڵام پشتڕاستکردنەوەی وێناکە، ئەو شتەیە، کەلەگەڵ تێگەی ووشەکەدا دەگونجێت. بۆ نموونە: واتا یان تێگەی (مرۆڤ) زیندەوەرێکی هزرڤانە. ئەم تێگەیە هاوتاکەی بریتییە لە تاکەکانی مرۆڤ، کەلەجیهانی راستەقینەدا بوونیان هەیە. وەکک ( کابان- قادر- جەنگیز). بەڵام دەربارەی پەیوەندیی نێوان وێناکردن و پشتڕاسکردنەوەدا نموونەی (مرۆڤ) وەردەگرین. مرۆڤ بوونەوەرێکی زیندووە. ئەم پێناسەیە بۆ هەر یەک لە مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕووەکدا دەگونجێت، چونکە سەرجەمیان بوونەوەری زیندوون. بەڵام ئەگەر ئێمە تایبەتمەندییەکی تر بخەینە پاڵ پێناسەکە، وەک (لەسەر دوو پێ دەڕوات)، ئەوا رووەک لەچوار چێوەی پێناسەکەمان دەردەچێت، تەنها مرؤڤ و ئاژەڵ دەمێننەوە. هەروەها ئەگەر تایبەتمەندیەکی تر بخەینە پاڵ پێناسەکە، وەک (ژیر)، ئەوا تەنها مرۆڤ دەمێنێتەوە. کەواتە کاتێک دەڵێین: {مرۆڤ بوونەوەرێکی زیندووە،} ئەوا پێناسەیە بۆ مرۆڤ و ئاژەڵ و رووەک شیاوە. مرۆڤ: بوونەوەرێکی زیندووە لە سەر دوو پێ دەڕوات. بۆ مرۆڤ و ئاژەڵ شیوە. مرۆڤ بوونەوەرێکی زیندوو و ژیرە و لەسەر دوو پێ دەڕووات. ئەوا تەنها بۆ مرۆڤ شیاوە. کەواتە دەتوانین بڵێین بە زیادکردنی تایبەتمەندیی پشت راستکراوەکان ، تێگەکان کەم دەکەینەوە. بەڵام بە کەمبوونەوەی پشتڕاستکراوەکان، تیگەکان زیاد دەکەن.
یاساکانی هزر
زانایانی لۆجیک، کاتێک پێناسەی لۆجیکیان کردووە، گوتوویانە، کە: لۆجیک ئەو زانستەیە، کە گرنگی بە یاساکانی هزر دەدات. کەواتە ئەو یاسایانە چین، کەلۆجیک باسیان لێوە دەکات؟ هەڵبەت ئەمانەن:
یەکەم: یاسای خۆیەتی، کەبەم شێوەیە گوزارشتی لێدەکرێت: ( س هەر س) (س = س ). لێرەدا ئەگەر بڕیارەکە دروست بێت، ئەوا دروستە. بەنموونە: ( ئەوەی رۆژی پێشتر من بووم و بۆ رۆژی دواتر هەر من دەبم)، (مرۆڤ مرۆڤە).
دووەم: یاسای نانۆک، کەبەم شێوەیە هوزارشتی لێدەکرێت: ( س شیاو نییە ببێت بە وص و نەفی ص) بۆ نموونە ناکرێت ( س لەیەک کاتدا هەبێت و نەبێت). کەواتە ئەم یاسایە رێگرە لەبەردەم کۆبوونەوەی دوو دژ لەیەک شتدا. بۆ نموونە، گونجاو نییە ئەگەر بڵێین ئەم کەسە قوتابییە و قوتابی نییە. مرۆڤ زیندەوەرە و زیندەوەر نییە.
سێیەم: یاسای بێ مام ناوەندی، کە بەم شێوەیە گوزارشتی لێ دەکرێت: (س، یان دەبێت بە ص بێت ،یان ص نەبێت). دژەکان بە درۆ ناخرێنەوە، بەڵکو دەبێت یەکێکیان راست بێت. چونکە لەم یاسایەدا شتەکان بۆ دوو جۆر دابەش دەکرێن. ئەگەر لەیەکێکیان هەبیت، ئەوا لەبەشەکەی تریان نابێت. بۆ نموونە:{ مرۆڤ نێرە، یان مێیە}. چونکە ناکرێت هیچیان نەبێت.
کاتیگوریەکان:
لەژێر رۆشنایی دابەشبوونی هەبووەکان بۆ دوو جۆر، هەبووی دیاریکراو (بینراو – هەستپێکراو)، هەبوونی (دیاری نەکراو- هەستپێنەکراو)، تێگەکان دابەشدەکرێن بۆ تێگەی بەشەکی و گشتی ، تێگەی گشتی وەک ( مرۆڤ). بۆیە ئەل- غەزالی بۆ پێناسکردنی گشتی دەڵێت: { گشتی ناوێکی هاوبەشە بەدوو واتا دەوترێ، یەکێک لەو واتایانە لەجیهانی بینراودا هەیە، ئەوەی تریان لە زەیندا بوونی هەیە. بۆ نموونە: (مرۆڤ- سپی – ئازادی.) لێرەوە پێنج کاتیگوریەکان دابەشدەکرێن بۆ( خۆیەتی و دەرخستن) (ذاتی و عرضی). خۆیەتی دابەشدەکرێت بۆ سێ جۆر، وەک ( رەنگەز – جۆر – جیاکەرەوە) (جنس- نوع – فصل).
یەکەم: جۆر، ووتەیەکی گشتییە بە کۆمەڵێکی زۆرینە دەوترێ، کەلە راستیدا کۆکن ، یان ئەو گشتیەییە، کە کۆمەڵێک تاک لەژێریدا ریزدەکرین لەبەرامبەر پرسیاری ئەو چییە؟
بۆنموونە لە پرسیاری هەژاری چییە؟ هەژار مرۆڤە.
دووەم: رەگەز: ووتەیەکی گشتییە بە کۆمەڵەیەکی زۆرینە دەوترێت. لە راستیدا کۆک نین، یان بەو گشتییە دەوترێت، کەلە ژێر چەمکێکی گشتی تردا ریزدەکرێن.
بۆ نموونە: زیندەوەر، لەژێر زیندەوەر مرۆڤ، یان ئەسپ پۆلێن دەکرێن. رەگەز لەجۆری گشتی ترە.
بۆ نموونە : (زێر) لەگەڵ (مس)، هەردووکیان لەژێر ناوی کانزا دادەنرێن، بەڵام لەکانزا گشتی ترمان هەیە، کە ئەویش کەرەسەیە.
سێیەم: جیاکەرەوە، ئەو وتەیەیە، کە لەراستیدا بەکۆمەڵێک تاک دەوترێت، کەلە ژیر گشتییەکدا کۆدەکرێنەوە، ئەو گشتییە جۆرە، ئەم جۆرە جیادەکرێتەوە لەجۆرەکانی تر وەک جۆری مرۆڤ، جۆری ئاژەڵ. لێرەدا بەشێک دەبێتە هۆی جیاکردەنەوەی تاکی جۆرەکان لەگەڵ یەکتردا.
نموونە: جۆر:وەک مرۆڤ . سوکرات مرۆڤە. رەگەز: وەک زیندەوەر: مرۆڤ زیندەوەرە. جیاکەرەوە: وەک هەستیار: مرۆڤ زیندەوەرێکی هەستیارە.
چوارەم: دەرخستەی تایبەت، کە ئاماژە بە تایبەتمەندیەک دەکات، کە لەدەرەوەی ناوەرۆکی بابەتەکەوەیە. کەواتە شتێکی زیادەیە دەکرێ هەبێ یان نەبێ. بۆ نموونە: داهێنەر،لەوانەیە بڵێین مرۆڤ داهێنەرە، لێرەدا تایبەتمەندی داهێنەر شتێکی تازەیە لە سروشتی هەڵگری بابەتەکە. بۆیە ئێمە ناتوانین بیربکەینەوە دەربارەی مرۆڤ و بڵین زیندەوەرنی یە، بەڵام زۆر ئاساییە کە بیرلە مرۆڤ بکەیتەوە بڵێی داهێنەر نی یە. مەرجە مرۆڤ قسەکەر و زیندەوەر و هەستیار بێت. لێرەدا دەڵێن تایبەتمەندییەکە پێش هاتنە نێو جیهانەوە لە سروشتی ناوەرۆکی بابەتەکەدا نییە، بۆ نموونە، پێکەنین شتێکی تایبەتە، چونکە مرۆڤ تایبەتمەندی زیندەوەری هەیە، بەڵام مەرج نییە هەرکات بەمرۆڤ بگوترێت مرۆڤێکی پێکەنیناویە.
شەشەم: دەرخستەی گشتی، کە ئاماژە بەتایبەتمەندییەک دەکات، کەلەدەرەوەی ناوەرۆکی بابەتەکەدایە ، ئەمە لەنێوان بابەتەکاندا هەیە ئەگەر جیاواز بن وەک مرۆڤ، ئەسپ، جیادەکرێنەوە لە ئاخەفتن.
ئەم بابەتە لە ژمارە 16ی ساڵی 2013 ی کەوانە؛ بڵاوکراوەتەوە کە گۆڤارێکی ڕۆشنبیریی سیاسی گشتییە