زۆرن ئەوانەی لەناو شۆڕشی رزگاریخوازیی گەلاندا؛ لەژێر سێبەر و ئاڵای شۆڕشگێڕیدا دواجار لەناوەوە دەڕزێن و دەخزێن و دەبنە خیانەتکار! کەوایە چۆن شۆڕشگێڕ یان خەباتگێڕ واتە کەسێک شۆڕش بگێڕێ یان خەبات بگێڕێ و رۆڵی پێشڕەوایەتی و ئازایەتی پێبدرێ، کەچی لەوەرچەرخانێکدا دەبێتە خیانەتکار؟ ئایا هەر شۆڕشگێڕ و خەباتگێڕێک کە وازی لە شۆڕش هێنا یان دەستبەرداری شۆڕش و خەبات بوو، ئیتر ئەوە خیانەتکارە؟
نا مەسەلەکە بە پێچەوانەوەیە، چونکە بەدرێژایی مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی و ئازادیخوازی گەلان و نەتەوە کۆلۆنیالیزمکراوەکان، دەیان هەزار و بگرە ژمارەیەکی زۆر زیاتریش شۆڕشگێڕ و خەباتگێڕ و ئازادیخواز هەبوون و لە قۆناغێکی دیاریکراودا زۆرێکیان دانیشتوون و تەنانەت بڕواشیان بە جۆری ئەو شۆڕش و خەباتە نەماوە کە لەپێناویدا قوربانیان بۆ داوە، بەڵام ئەمە ببڕای ببڕ یەکسان نییە بە خیانەت یاخود ناکرێ و بەهیچ شێوەیەک لۆژیکی نییە، بەرگی خیانەتیان بە باڵادا ببڕدرێ یان پێناسەی خیانەت نایانگرێتەوە بەهیچ شێوەیەک.
لەچوارچێوەی تاوانی جینۆسایدی ئەنفالدا و لە هەر هەشت قۆناغەکەدا؛ کۆمەڵێک حزب و هێزی سیاسی تا لەتوانایاندا بوو بەرەنگاری پەلامار و تاوانەکە بوونەوە و کەمیش نەبوون ئەو قوربانیانەی لە بەرەنگارییەکاندا گیانیان بەخشی لە سەرگەڵو و بەرگەڵوەوە تا قەرەداغ و گەرمیان و ناوشوان و خۆشناوەتی و تا دەگاتە بادینان و دوور لە پیاهەڵدان، پرسی بەرەنگاری لەبەردەم پەلاماری تاوانی ئەنفالدا کەرەستەی دەیان و سەدان توێژینەوەی مەیدانی و ئەکادیمی و زانستییە و تا ئێستا کەمترین کاری تێدا کراوە، بەڵام لەهەمانکاتدا؛ لەناو ریزەکانی ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەدا دەیان و سەدان کاراکتەری گەورە کە لەئاستی جیاجیای بەرپرسیارێتی و پلەی جیاجیای پێشمەرگایەتی، هەبوون، لەسەروبەندی تاوانەکە و هەشبوون دوای تەواوبوونی پەلامار و قۆناغەکانی تاوانەکە، لە رەگەوە داڕووخان و بەوەشەوە نەوەستان، خۆیان رادەستی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی بەعس کرد و لەبەرامبەر لێخۆش بوونێکی زەلیلانە، دەستیان دەچووە خوێنی هاوڕێ و هەڤاڵە شۆڕشگێڕەکانی دوێنێیان و تا ئاستی ئەوەی دوای شەهیدکردنیان (سەریان دەبڕین) و بەدیاری و وەک نیەتپاکی دەیانبردەوە بۆ بەعس!!.
کاتێک ئەم دێرانە دەنووسم دەیان ناوی دیارم لەبەردەستە شۆڕشگێڕی پێش تاوانی جینۆسایدی ئەنفال و زەلیل و خیانەتکاری دوای تاوانەکە بوون لەبەردەم بەعس و دەزگا سەرکوتکەرەکانیدا و باوەڕی تەواوم بەوە هەیە کۆی ئەوانە بەبێ جیاوازی ئەم حزب یان ئەو حزب هیچ پێناسە و ناونیشانێک نییە بیانگرێتەوە جگە لە (خیانەت و خیانەتکار)، چونکە ئەوان خیانەتیان لە شۆڕش و نەتەوەکەی خۆیان کردووە و بوون بە بەشێک لە جێبەجێکردنی ئەجێندای رژێمی (بەعس)؛ ئیتر ئەمە نە گفتوگۆ و نە سازش هەڵدەگرێ.
بۆ ئەوەی بەلایەنی کەم لایەنێک لە رەهەند و کاریگەرییەکانی تاوانەکە (جینۆسایدی ئەنفال) بەتەواوی کاڵ نەبێتەوە و لە فەوتان قوتاربکرێ، گرنگ و بەهای نەتەوەیی و نیشتمانی و مێژوویی خۆی هەیە، تەواوی ناوی (خیانەتکار)ەکان کۆبکرێتەوە و دۆکیۆمێنت بکرێ و بپارێزرێ؛ نەکردنی ئەم کارە نابەرپرسیارێتی و عەیب و ئاماژەیەکی مەترسیداریشە لەسەر ئایندەمان.
هەنگاوی گرنگ و بنەڕەتی بۆ دەستپێکردنی ئەم کارە گرنگە؛ کۆکردنەوەی هەموو هەوڵەکان و پشکنینی تەواوی دۆکیۆمێنت و رۆژنامە و بڵاوکراوەکانی (بەعس) و رژێمەکەیەتی کە لەبەردەستن بۆ ساغکردنەوەی ناوەکان و پاراستنیان وەک ئەرشیفی نەتەوەیی.
بابەتی زیاتر