بیرۆکراسی
ئامادەکردن: هاوار
چەمکی بیرۆکراسی (: Bureaucracy البيروقراطية)، یەکێکە لە چەمکە ئاڵۆزەکان و بەپێی ڕوانگە جیاوازەکان ماناکەی دەگۆڕێت. بەشێک لە لێکدانەوەکان ئەرێنییە و بەشێکیشی نەرێنی. بەشێوەیەکی گشتی بیرۆکراسی واتە پلەبەندی کارگێڕی و دەستنیشانکردنی ئەرک و لێپرسراوێتی لە کاردا چ لە حکومەت بێت یان لە کۆمپانیا و ڕێکخراودا.
لە بنەڕەتدا، بیرۆکراسی لە هەردوو وشەی (bureau) بە مانای نووسینگە یان بەڕێوەبەرایەتی و کارگێڕی و (kratos) یش بە مانای حکومەت دێت. پێکەوە بە مانای حکومەتی کارگێڕی و بەڕێوەبەرایەتی دێت. بەڵام مانای کرۆکی چەمکەکە جیاوازە لە مانای خودی وشە لێکدراوەکە و مانای چەمکەکە ڕەهەندی دیکەی وەرگرتووە.
 
بیرۆکراسی واتە پلەبەندی کارگێڕی و دەستنیشانکردنی ئەرک و لێپرسراوێتی لە کاردا چ لە حکومەت بێت یان لە کۆمپانیا و ڕێکخراودا

چەمکی بیرۆکراسی یەکێکە لە چەمکە مۆدێرنەکان و لەگەڵ پێشکەوتنی کۆمەڵگەکان و هاتنەئارای حکومەتە مۆدێرنەکاندا هاتووەتەئاراوە. چونکە دوای پێشکەوتنی یەکە کارگێڕییەکان لە حکومەت و دامەزراندنی کۆمپانیا گەورەکان لەلایەک، دانانی قانون و ڕێسا بۆ بەڕێوەبردنی دامودەزگەکان لەلایەکی ترەوە، وردە وردە چەمکی بیرۆکراسی بڕەوی پەیدا کرد. بەڵام لێکدانەوەی چەمکەکە بۆ لێپرسراوانی حکومەت و خاوەنی کۆمپانیاکان مانایەکی هەیە و بۆ خەڵک و هاووڵاتی مانایەکی تری هەیە. لای پسپۆڕان و زانایانی زانستی کۆمەڵایەتی و زانستی سیاسی، مانایەکی زانستی نوێ وەردەگرێت. بە تایبەتی زانای گەورەی زانستی کۆمەڵایەتی (ماکس ڤێبەر)، هەوڵیدا وردتر و زانستی تر، چەمکی بیرۆکراسی شی بکاتەوە و ئاماژە بە کاریگەرییەکانی بدات. ئەویش بەمجۆرەی لای خوارەوەیە.
دابەشکردنی کار (Division of Labor): لە بیرۆکراسیدا کار و ئەرکەکان دابەش دەکرێن و هەر کەسێک ئەرکێکی دیاریکراوی پێ دەبخشرێت. ئەمەش وەک پەرەدان بە توانا و بەهرەی کەسەکە لێک دەدرێتەوە.
پلەبەندی کارگێڕی (Hierarchy of Authority): لە کاری کارگێڕیدا، هەر هۆبە و ئاستێک بەرپرسە لە جۆرێکی کار. هەروەها لەلایەن هۆبە و ئاستی باڵاترەوە لێی دەپرسرێتەوە. هەر هۆبەیەکیش لێپرسراوێکی هەیە بۆ سەرپەرشتی ڕاپەڕاندنی کاروبارەکان.
قانون و ڕێنماییە رەسمییەکان (Formal Rules and Regulations): کاروباری دامودەزگەکان لەسەر بنەمای کۆمەڵێک قانون و ڕێنماییەوە بەڕێوەدەبرێن، کە پێشتر بڕیاری لەسەر دراوە. ئەمەش وا دەکات، کارمەند و لێپرسراو پشت بە میزاج و بەرژەوەندی کەسیی خۆی نەبەستێت و کاروباری هەموو کەسێک ڕاپەڕێنێت.
کار لە دەرەوەی بەرژەوەندی کەسی (Impersonality): ڕاپەڕاندنی کاروباری خەڵک لەسەر بنەمای قانونە. کارمەند بەپێی بەرژەوەندی خۆی بڕیار نادات.
دامەزراندن لەسەر بنەمای لێوەشاوەیی (Meritbased Employment): کارمەند لەسەر بنەمای لێوەشاوەیی و توانا و زانیارییەکانی دەست بەکار دەبێت نەک لەسەر بنەمای پەیوەندی سیاسی و خزمایەتی و ناسیاوی. هەروەها هەر لەسەر بنەمای لێوەشاوەیی پلەی بەرز دەکرێتەوە.
پشتبەستن بە قانونی نووسراو (Written Documents): ڕاپەڕاندنی کاروبارە کارگێڕییەکان لەسەر بنەمای قانونی نووسراو و ئاشکرایە. ئەمەش دەبێتە هۆی شەفافیەت و ڕوونی لە کاروبارە کارگێڕییەکان.

چەمکی بیرۆکراسی یەکێکە لە چەمکە مۆدێرنەکان و لەگەڵ پێشکەوتنی کۆمەڵگەکان و هاتنەئارای حکومەتە مۆدێرنەکاندا هاتووەتەئاراوە

بە شێوەیەکی گشتی بیرۆکراسی سێ مانای جیاوازی هەیە:
زانستی سیاسی: بیرۆکراسی لە زانستی سیاسیدا بە مانای بەڕێوەبردنی کاروباری حکومەت لە ڕێی یەکە کارگێڕییەکان و کارمەندان و کەسانی لێوەشاوەوە دێت. هەروەها پێیان وایە بیرۆکراسی دەتوانێت حکومەتێکی کارگێڕی پێشکەوتوو مسۆگەر بکات.
زانستی کۆمەڵایەتی: زانایانی کۆمەڵایەتی بیرۆکراسی وەک پێشکەوتنی ئەقڵی کۆمەڵایەتی و کاری گروپی و پێکەوەیی کۆمەڵایەتی و ئاڵوگۆڕی کاری کۆمەڵایەتی لێک دەدەنەوە. هەروەها ئاماژە بەوە دەدەن، بیرۆکراسی نیشانی دەدات دانیشتووان و ئەندامانی کۆمەڵگەیەک، دەتوانن بە پێشخستنی ئەقڵی کۆمەڵایەتی خۆیان بچنە قۆناغێکی مۆدێرن و نوێوە.
ئەندامانی کۆمەڵگە: زۆرینەی خەڵک و ئەندامانی کۆمەڵگەکان، پێیان وایە بیرۆکراسی واتە کۆمەڵێک قانونی وشک و ماندووکەر. هەروەها ژمارەیەک کارمەندی تووڕە و ماندوو و وڕسکەر، کە بۆ جێبەجێکردنی کاروبارێکی کارگێڕی و حکومی، هاووڵاتی دەنێرنە چەند ژوورێک و ماندووی دەکەن.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved