جەهل و فەلسەفە
ئازاد قەزاز

ئەوەی سەبارەت بە جەهل و فەلسەفە بیستومانە و تاکو ئێستاش دەیبیستین، ئەوەیە ئەم دوو وشەیە بەردەوام دژ بەیەکبن. ئەگەر فەلسەفە لەچڵەپۆپەی ماریفیدا خۆی ببینێتەوە، ئەوا جەهل پێچەوانەی ماریفەیە، ئایا دەشێ ئەم دوو چەمکە لە شوێنێکدا پیکبێنەوە! ئاخۆ جەهل بەرەو فەلسەفە دەبێ سەرکەوێ، یاخود فەلسەفە دەبێ خۆی بە پایەی جەهل بگەیێنێت!؟ لەم میانەدا مەبەست لە فەلسەفە چییە؟ لەم بۆچونەدا جەهل چی دەگەیێنێت؟ پەیوەندی جەهل و فەلسەفە لەم باسەدا دەبێ چی بی و لەکوێدابێ؟ با ئەم باسە بە بەسەرهاتێکی ئەفسانەیی دەسپێکەین کە هەڵوێستی فەیلەسوف لە بەرامبەر پرسیارەکانی ژیان دیاریدەکات، تاکو بزانین جەهل لەکوێدا بەفەلسە دەگا، یاخود لە چ شوێنێکدا فەلسەفە جەهلی خۆی ئاشکرا ئەکا. لەناو مێژووی فەلسەفەدا بەسەرهاتێکی ئەفسانەیی داهێنراوە تاکو فەیلەسوف بتوانێ لەو ڕێیەوە گەوهەری خۆی ئاشکرا بکات، ڕازەکانی ڕاڤە بکا و ناخی خۆی بۆ ئەوانەی پرسیار دەکەن شرۆڤە بکات. ئەو بەسەرهاتە ئەفسانەییە لەناو مێژووی فەلسەفەدا بەشەرمە مەزنەکە ناسراوە. شەرمە مەزنەکە چیرۆکی سەربازێکە کە لە تەریقیا ئەتوێتەوە و لەبەرچاو ون دەبێت، چونکی ئەم سەربازە شەیدای کیژێک بووە، نەئەتوانێ ئەو خۆشەویستییە بدرکێنێ، نە ئەشتوانێ وەسفێکی ئەو کیژە بۆ هاورێکانی بکات.  چیرۆکەکە بەو پرسیارە دەستپێدەکات کە هاوڕێکانی ئەو سەربازە، سەبارەت بەو کیژەی کە خۆشی دەوێت، پرسیاری لێدەکەن. سەربازەکە نەیئەتوانی لەشەرما وەڵام بداتەوە، چونکی دڵدارەکەی جوانترین کچی ئەو ناوچەیە بوو، خۆی بەشایستەی ئەو کیژە نەدەزانی. جگە لە جوانیەکەی، لەهەمانکات ناوبانگیشی دەرکردبوو، گشت پیاوێک ئاواتی بۆ ئەوە دەخواست کە  ئەو کیژە دۆست و دڵداری بێ. شەرم و تەریقبوونەوەی ئەو سەربازە هەر  لەوەدانەبوو کە ئەو نەیدەتوانی ئەوە بدرکێنێ کە ئەو کچەی ئەو خۆشی دەوێت، کیژێکە ئاگای لەو نییە، بەڵکو هەرچی پرسیارێکیان لێدەکرد سەبارەت بەو کیژە، ئەو هیچ وەڵامی بۆ نەدەدرایەوە. هەرچەندی کرد و کۆشا، ئەوەشی بیرنەدەکەوتەوە کە چاو و قژی خۆشەویستەکەی چ جۆرە ڕەنگێکیان هەیە، چ جۆرە لوتێکی هەیە، بەهیچ جۆرێک ڕوخساری دڵدارەکەی بیرنەدەکەوتەوە. دڵیشی نەدەهات هەروا وەڵامێکی هەرەمەکیانە بداتەوە، تاوەکو لەو شەرمەزارییە خۆی قوتار بکات، چونکی بە ناهەقی دەزانی دەرهەق بەو کیژە کە هەروا  لەخۆیەوە شتێک بڵێ و لە کچەکەدا نەبێت. هاورێکانی کردیانە گاڵتەجاڕی خۆیان، هەر پێدەکەنین ، ئەویش لەتەریقیدا هەر بەخۆیدا دەچووە و کرژ دەبوو و لەتاواندا هەر خۆی گرمۆلە دەکرد، تا دەهات هەربەناو خۆیدا دەچۆوە و گچکەدەبۆوە، تا پتر تەریق دەبۆوە، ئەو هەر گچکەتر دەبۆوە. تاوای لێهات، بەهۆی گچکەبوونەوەیە توانای  سەربازی لەدەستدا و دادگای سەربازی حوکمی نەمانی بۆ دەرکرد بەهۆی  شەرمەزاریەوە. پاشان هێندەی نەبرد، هەر  بەتەواوەتی نەما و ونبوو.
ئەم بەسەرهاتە شتێک لەبەسەرهاتی فەیلەسوف ئاشکرا ئەکات، بەشێک لە هەڵوێستی فەیلەسوف بەرامبەر بە ژیان دەرئەخات. چونکی فەیلەسوف بەدڵ و بەگیان بەشتێکەوە سەرقاڵ و خەریکە، وەلێ زۆر بەئاسانی مرۆڤ ئەتوانێ ئەو فەیلەسوفە رووبەڕووی شەرمی مەزن بکاتەوە، هەرکاتێ لێی بپرسێ ئەرێ ئەو شتە چییەکە بەدڵ و گیان تۆی خەریک کردووە؟ رەنگە لەسەرەتادا هەندێک خۆی بگرێ و نەشڵەژێ و خۆی نەشێوێنێ، بۆ نموونە بڵێ ئەوەی خەریکی کردووم هەقیقەتە. هەر لەوکاتەشدا  ڕەنگە ئەو  وەڵامە ئازاری بدات، چونکی ئەو باسی هەقیقەت دەکا و هیچیشی لەو هەقیقەتە لەبەردەستا نییە، ئەو هەقیقەتەشی بەدەستەوە نییە. ئەمە جگە لەوەی کە کەسانیتر  زۆرن باس لەهەقیقەت دەکەن، هەر لە زاناوە بیگرە تا دەگاتە ئاین پەروەر و  وتاربێژ و دادوەر و پۆلیس و...تاد، هەر کەسێکیتر کە باس لە حەقیقەت دەکات، جاکێ هەیە باسی نەکات! پرسیارەکە لێرەدا ناوەستێ، ئەگەر لەو فەیلەسوفە بپرسیت: ئەرێ کاکی فەیلەسوف ئەو هەقیقەتەی تۆ باسی دەکەیت و بەدوایدا وێڵی و شەو و ڕۆژ خەریکی کردویت، سەرتاپا ژیانی خۆت بۆ تەرخان کردووە، پێمان ناڵییت ئەو هەقیقەتە چۆنە و لەچی ئەچێ؟ زەحمەت نەبێ پێمان بڵێ بەڕاست فەلسەفە چیە؟ بەڕاستی بۆمان ڕوونکەرەوە ئاخۆ فەلسەفە ڕێگەیەکی تایبەتە بۆ ژیان؟ ئاخۆ فەلسەفە زانستە؟ ئەگەر بەوە قایل بین کە فەلسەفە زانست بێت، ئاخۆ ئەم زانستە لەسەر چ سەکۆیەک دەوەستێ؟ ئاخۆ ئەم فەلسەفەیەی جەنابت هیچ  سوودێک دەبەخشێت؟ چ جۆرە دروستێک لەم فەلسەفەیەدا چاوەڕوان بین؟ گومان لەوە دا نییە کە ئەو فەیلەسوفە دەتوانێ هەرچۆنێک بووە وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە و خۆی لە شەرمەزاری دەرباز بکات، وەلێ بەهەر هۆیەکەوە بێت، لەبەر ڕێزی ئەو کارەی لەئەستۆی گرتووە و بەدڵ و بە گیان ئەو کارەی لەئەستۆی گرتووە، ناتوانێ هەر لەخۆوە وەڵام بداتەوە، تاوەکو تەریق نەبێتەوە. لەو میانەیەدا ئەو فەیلەسوفە لەتەریقیدا وردە وردە گچکە دەبێتەوە، ئەو متمانەیەی لەسەرەتادا بەخۆی هەبوو، کەم دەبێتەوە، بەئەسپایی دەبێتە کەسێک کە جێگەباوەڕی لای خەڵکی کز دەکات. ئیدی لێرەدایە لەهەڵەی ئەم فەیلەسوفەدا پارادۆکسێک دەبینرێت، ئەویش ئەوەیە کە خۆی بەشتێکەوە خەریک کردووە، کەچی ناشزانێ بەتەواوەتی ئەو شتە چییە. ئەم شەرمەزارییە هەزاران ساڵە هاوڕێیەکی نەپساوی فەیلەسوفبووە. ڕەنگە ئەویش لەتەریقیدا هێندە گچکە بێتەوە، ئیدی خۆی ون بکات و دیارنەمێنێت ، ئەگەر بێتو فریای خۆی نەکەوێت بەوەی کە رێگای جۆراوجۆری تایبەت دابهێنێت، تا بتوانێ بەرگری لەخۆی بکات، ئیدی و هەموو متمانەیەکی بمێنێ و نامۆبوون هەرەسی پێنەهێنێت. یەکێک لەو ڕێگایانە کە فەیلەسوف دەیگرێتە بەر و زۆریش فەلسەفیانە نییە، بەڵام کاراکتەری مرۆڤ لەم جۆرە هەوڵەی لە خۆ گرتووە، ئەویش ئەوەیە کە بۆ ئەوەی گچکە نەبێتەوە، لەتاوانا فو ئەکاتە خۆی تا خۆی گەورە نیشان بدات. لەو کاتەدا ئەو فەیلەسوفە شەرمەزاری خۆی لەناوەوە ئەوەنە شاردووەتەوە، مەترسی ئەوەشی دەبێ کە فش بکرێتەوە و حیلەکەی دەرکەوێت، جاروباریش شتی وا ڕوویداوە. ڕەنگە ئەو فەیلەسوفە ڕێگەیەکی تر بگرێتەبەر، ئەویش لەبری ئەوەی فوکاتە خۆی، ئەویتری بەرامبەری کە پرسیاری لێدەکات، وەک خۆی گچکە بکاتەوە. دەیەوێ بەو کەسە بڵێ کە هەر فەیلەسوف ناکەوێتە شەرمەزاریەوە، بەڵکو تۆش هەروەک فەیلەسوف دوچاری ئەو  شەرمەزارییە دەبێت. کەواتە بە بارێکی تردا دەیەوێت ئەویش خەڵکانی تر بکات بە فەیلەسوف تا شەرمەزاری بکات. ئەمجارەیان ئەو فەیلەسوفە نایەوێت خۆی دەرباز بکات بەڵکو هەوڵدەدات کە هەقیقەت لەو شەرمەزارییە قوتار بکات، ئەو هەقیقەتەی کە ئەوی شەیدا و سەرسام کردووە، کەچی ناشزانێ ئاشکرای بکات لەم ڕێگەیەوە بۆ ئەوەی بەرگری لەخۆی بکات، بەرگری لەهەقیقەت دەکات. شەیدا بوونی هەقیقەت لای فەیلەسوف خۆشەویستییە بۆ ماریفە، لەوێوەیە  فەیلەسوف وێڵە لەدوای ڕاستێتی، چاکی و جوانی. فەیلەسوف باوەڕی وایە کە زۆرن ئەوانەی بەدوای چاکی و فەزیلەتدا وێڵن، زۆربەیان وا دەزانن کە ئەو هەقیقەتەیان دەسکەوتووە، وەلێ کە لێیان دەکۆڵیتەوە دەزانێت، ئەوە تێکڕا وەهمی زانینە، ئەو خودی زانینی ئەو هەقیقەتە نییە، کە دەسیان کەوتووە. لەم هەقیقەتی زانینەوەیە بو سوکرات ڕیگەیاند (خۆت بناسە) ئەم خۆناسینە ئەو خۆناسینە نییە کە سایکۆلۆژیا لە پێناویدا تێدەکۆشێ، ئەو خۆناسینەش نییە کە سۆسیۆلۆژیا دەیەوێت مرۆڤ لەناو کۆمەڵگەدا بناسێنێت، ئەو خۆناسینەش نییە کە ئەنترۆپۆلۆژیا لە خەمیایەتی تا مرۆڤ لەناو مرۆڤایەتیدا بناسێنی، نەخێڕ ئەگەرچی ئەو زانستانە گشتیان لە خۆناسینەدا  یارمەتیدەرن، وەلێ ئەو خۆناسینەی سوکرات کە دەیخوازێت، لە جۆرێکیترە. سوکرات باوەڕی وایە کە زانینی مرۆڤ دەبێ بەردەوام بەڕەخنەلێگرتن تاقی بکرێتەوە، تا مرۆڤ ئەگاتە ئەوەی، بزانێ کامە دروستە. ئەو دەڵێ زۆرن ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دەزانن چ باسە، چاکی چیە و فەزیلەت لە کوێدایە، بەڵام لەراستیدا کە لیپێچینەوەی لێدەکەیت، دەبینی ئەو زانینەی ئەوانە، لە ڕاستیدا زانینی نییە، بەڵکو وەهمی زانینە. کاتێ کە بەپرسیارکردنی ڕەخنە ئامێزەوە، وردبوونەوە لەو زانینە دەکەیت، دەگەیتە ئەو هوشیاریبوونەی کە هیچت نەزانیوە. کاتێ کە مرۆڤ ئەو ئاستە لەزانین بەدەست دەهێنیت، ئیدی ئەوە ئەو ئەگەرەیە کە مرۆڤ بە ناچاری بەدوای هەقیقەتی زانیندا وێڵ بێت.  سوکرات هەوڵی ئەوەیداوە کە بەردەوام بەپرسیارکردن ماریفە و زانینی نوێ بهێنێتە ئاراوە بۆ ڕۆشنکردنەوە و خۆناسین، کەگشت مرۆڤێک ڕەنگە بتوانێ لەخۆیدا بیبینێتەوە، تاکو ئەگاتە ئەو شوێنەی کە ئیتر نازانێ چی لەوێدا هەیە و دەستی نایگاتێ لەوە دوورتر بڕوات، واتە گەیشتە ئەو شوێنەی کە زانی کە نازانێ. ئەوە ئەو شوێنەیە کە مرۆڤ جەهلی خۆی ئاشکرا ئەکا و هیچ وەسفێکی پێ نییە، هەرچەن ئەکاو ئەکۆشێ لەشوێنێکایە ناتوانێ لەوە زیاتر ببینێ و هەنگاوبنێ، تا ئەو ئاستەی کە بڵێت لەو هاوکێشەیە گەشتووە کە ئیتر هیچیتر نایزانێ، بۆیە وەکو سوکرات ئەویش هەر وا ڕایئەگەێینێ، ئەو ئەزانێ کە ئێستاکە هیچ نازانێ. واتە گەیشتە ئەوەی کەوا فێربێ ئەو ڕێگەیەی ئەو گرتویەتی تاکو بگاتە شەیداکەی، لەکۆتایی گەیشتە ئەوەی کە ئەو هیچی لێنازانێ، ئەم جەهلەیە کە پێیدەڵێن جەهلی فێربوو، فەیلەسوف بەخۆی دەگەێینێ. لێرەدایە پەیوەندی لەنێوان جەهل و فەلسەفەدا دەخوڵقێت، کاتێ کە فەیلەسوفێک پڕ بەدەم هاوار ئەکات و ئەڵێت  ئێستا زانیم کەوا من هیچ نازانم. ئەی ئەمەیان چ جەهلێکە، کە مرۆڤێک هیچ خۆی ماندوو نەکردووە و کۆمەڵێک زانیاری کۆکردۆتەوە، ئەوجا دەڵێت ئای خوایە من چەن نەزانم. جەهلی فەیلەسوف جەهلێکە فێر دەبێ، زۆر جیاوازە لەو جەهلەی کە مرۆڤ بەخۆی نازانێ. جەهلی فەیلەسوف ئەو زانینەیەکە بەڕێگایەکی تایبەت لەخۆدی خۆی هۆشیار دەبێتەوە لەوەی کە هەڵگری پرەنسیپی ناکامڵیە، لەوە هوشیار دەبێتەوە کە مرۆڤ هیچ کاتێ ناتوانێ هەموو شت ئاشکرا بکات، بە هەموو شت بگات، هەر دەڕوات بەڵام لەکۆتاییدا گشت زانستێک، چەندە مرۆڤ پیایدا ڕۆشتبێ هەر جەهلی خۆی ئاشکرا ئەکا. ئەم کۆتاییە دروست و بەتامە، چونکی هەر ئەم گەیشتنەیە مرۆڤ بە کراوەیی بۆ هەقیقەت جێدەهێڵێت. ئەو تێگەیشت کە زانینی ڕەها لای ئەو نییە، ئیدی بۆ هەقیقەت کراوەیە. کاتێ ئێمە لەوە تێگەیشتین کە فەلسەفە شەیدای ماریفەیە، لەوەش تێدەگەین کە ماریفەش هەر خۆی بۆ خۆی  تەیکردنە و تیشکی چاوی دیتنەوەیە، ڕێکردنە لەتەک هەقیقەتا و حەسانەوەیە. هەروەک فەلسەفە شەیداییە، حەپەسان و سەرسامیشە، ئەگینا بەچی ئەو مرۆڤە وا  بەردەوام کراوەیە تا هەقیقەت بێتە ژورێ! کاتێ فەیەلەسوف ئەوەی بینی، بەسەرسامی جەهلی خۆشی دەگەێینێ، چونکی هەرچی بڵێ ئەو هەقیقەتەی وا لەژوورێ، توانای نییە بیگەێینێ. کاتێ مرۆڤ بەخۆی زانی لەجەهلایە، دەروازەکەی واڵا دەکا، بەبەردەوام هەقیقەتیش خۆی پیا ئەکا، کەچی ئەویش پێیڕاناگا. خۆی سەیرەکە لەوەدایە ئەوەی لەسەرەتای ڕێدایە، لەناو شانازی خۆیدایە، زۆر دەزانێ، هەرچی ئەو دەیڵێت وایە، لەکۆتایی ئەو ڕێگەدا دەسەوەسانی دەرئەکەوێ، هەقیقەتێک کە ڕەهابێ، لەکوێدایە، ئەوە نییە کە ڕۆژانە مرۆڤ دەڵێ   دەیەوێ، زۆر زۆر جیایە، لەکۆتاییدا دەڵێ ئالێرادا هیچم نییە من بمەوێ، ئەو کاتە ئەو  دەزانێ، چ جەهلێکە ئەوی تیایە. بەڵام ئەوانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە زۆرزانن، لەڕاستیدا ئەوانە دەمامکی  زانینیان پۆشیوە، هەروەک ساحر کۆمەڵیک زانیاری تێکەڵ دەکەن، سەروبنی دەکەن، چاوبەستیشی پێدەکەن، دەیکەنە شتێک، بەڵام وەهمە و هیچ شتێکی لێدەرناکەن تا پێشکەشی خەڵکی بکەن. سەیر نییە بەلاتەوە فەیلەسوێک ڕێگەیەکی زۆر دوور ئەبرێ، هەگبەکەشی پڕکردووە، کاتێ دەگات، دەگەڕێتەوە، کەچی دەڵێ ئێستا زانیم کە من هیچم پێ نییە، من رازی نیم لە هەگبەکەم ئەوەی کە بۆی چووم پێمنییە، ئەوەی لەو ڕێیە دەسمکەوت لەو هەگبەدا بۆم هێناون، بەڵام هیچێکیترم پێنیە. کەچی کەسێ دانیشتووە، لە جێی خۆیدا نەبزواوە و بۆ هیچ کۆێیەک نەڕۆشتووە، بەردەمی خۆی پڕکردووە، دەڵێ فەرموون هەڵیبژێرن بزانە من چیم بۆ ئێوە گرتووە. چ سیحرێکە ئەم کابرایە وا وای لەو خەڵکە کردووە. جیاوازی ئەو دوو جەهلە لێرەدایە، ئەویان جەهلی پێش وەختەیە و ئەمیان جەهلی پاش وەختەیە. ئەویان جەهلە کە نازانێ کە نازانێ، ئەمیان جەهلە، بەڵام زانی کە نازانێ، ئەویان داخرا و چی هەقیقەت کەوا هەیە لەلای ئەوا هەر کۆچ ئەکا، ئەمیان هات و خۆی کردەوە، دەرگەی ئەوها کردووەتەوە چ هەقیقەت هەیە و لای ئەو هەڵئەکات و ئاوەدانی ئەکاتەوە. ئەویان بێکیژ ماوەتەوە،  ڕوخسارێکی جوانی نییە وردبێتەوە، وا گرنگە هەر وشەیە و لە سەر زاری بەربێتەوە، سحری خۆی بکات و موڵک و پارە بچنێتەوە، ئەویتریان لە روخساری کیژێکی جوان چاک ڕاماوە، هەرچی جوانی لەوێدایە ناخی ئەوی وروژاندووە، لەپیش زاری وشەکانی بەناو ڕۆحیا تێپەڕ بووە، وشەی گڕ و تینی ڕوخسار، هەقیقەتیان گەیاندووە، بۆیە کاتێ ئەوە دەگا، سیحرە ئا لەوێدا باری خۆیان هەڵگرتووە، چونکی ئەمیان هەقیقەتی لەئامێزا هەڵگرتووە. فەلسەفە جەهلە وەلێ جەهلێکی ئاقڵانە، ئەو جەهلەی تر بێئەقڵانە، ئەوەی یەکەم جەهلێکە وا لەکۆتایی، ئەوی دووەم جەهلێکە هەر سەرەتایی، ئەوی یەکەم ڕۆشناییە ئەویتریان تاریکایی، ئەوی یەکەم بڵندییە ئەوەیتریان هەر نزمایی، جەهلی یەکەم تیشک ئەهاوێ، جەهلی دووەم پڕشکێکە بێ گەرمایی، جەهلی یەکەم هەر دەمامکە و یەک لەدوای یەک لایان ئەبا، جەهلی دووەم هەر دەمامکە و بەسەریەکا ڕایان ئەخا، ئەویان کاری هەڵماڵینە، ئەمیان کاری داپۆشینە، جەهلی یەکەم دروستکارە، جەهلی دووەم وێرانکارە، جەهلی یەکەم خۆی بەهارە ئەوی دووەم تۆفانێکە هەرچی وا لەبەریدا ڕایدەماڵێ و بۆخۆی دەیبا، ئیستا زانیت ئەو جەهلەی وا لە ئەوەڵا کارەساتە، ئەوەی کەوا لە پاشانا کە پێیدەگەیت چەن پاراو و بەهەڵمەتە! ئەوەی تا ئێستا لێمان ئاشکرابووە، ئەوەیە کە گەیشتن بەو ئاستەی کە مرۆڤ بزانێ کە نازانێ، واتە بگاتە دۆخی جەهلی فێربوو، قۆناخێکە  شەونخونی و کۆشش لێبران دەخۆزێ. فەیلەسوفێک ئەو هەمکە تێکۆشان و ئەزموون وەرگرتنەوە، پاش بڕینی ئەو هەموو بەربەست و ئاستەنگ و کردنەوەی گرێکوێرەکان، پاش تێپەڕاندنی ئەو هەموو تەگەرانەی کە مرۆڤ لە رێی پەروەردە و بە کۆمەڵایەتیکردن و فەرهەنگکارییەوە بەرەوڕووی دەبێتەوە، پاش ئەوەی دەگاتە ئەو دۆخەی کە لە هەموو کەسەکانی چواردەوری ئازادانەتر  بیرکاتەوە،  دڵسۆزانەتر هەنگاو بنێ، وردەکارتر بکۆڵێتەوە، کەچی دەگاتە ئەو دۆخەی کە ئەزموونی ئەوە بکات کە ئەو ئێستا ئەزانێ کە نازانێ. ئاخۆ ئەوە چی بێت کە ئەو هێشتا وەکو نایزانێ؟ ئەو فەیلەسوفە لەسەرەتادا  هەقیقەتێک کە نازانێ چیە، دەیورووژێنێت، مەبەستێکی تێدا ئەخوڵقێنێ، بە دڵ و بەگیان بەرەو ئەو هەقیقەتە هەنگاو دەنێ، لەناخەوە زۆر هەژاوە، دەیەوێ مانای ژیان لەوێدا بدۆزێتەوە، ئەگینا ئەو بۆ لێرەیە، چی هیناویەتییە ئێرە، ئەو لە کەیەوە بەڕێوەیە، لەکوێوە دەستی بەو گەشتە کردووە و کەی گەیشتۆتە ئێرە، ئەو لەکەسێک دەچێ کە یادەوەری ون کردووە و بەشوێن خۆیدا دەگەڕێ، ئەوەی ئەو ئێستا دەیزانێ، ئەو ساتەوەختەیە کە هەنوکە تێیدایە، لەم ساتەیا کە هوشیارە، بەڵام هوشیارییەکی بەتاڵە هیچی تێدا نیە، هەنگاو بە هەنگاو بەڕابردووی خۆیدا دەچێتەوە، بەنێوەندی ئەو تونێلە لێیەوە هاتووە دەگەڕێتەوە تا دەگاتە ئەو دیوی خۆیەوە،  هەربەم چەشنە بەناو ناخ و دەرونی خۆشیدا تابتوانێ شۆڕدەبێتەوە، تاکو بوونی خۆشی ئەدۆزریتەوە، کاتێ دێتەوە ئێستاکەی خۆی، ڕابردووشی لەتەک خۆیا هێناوەتەوە، ئەو دەبینێ بارودۆخی تەواو نییە، چونکی ئاراستەکەی بەرەو ئایندە دیار نییە، بەرە و  ئەویش بە ئامانجێ هەنگاو دەنێ، ئەوکاتەی وا کە دێتەوە بۆ ئەوساتەی کە خۆی تیایە، هۆشیارێکە تاکو بڵێی پڕپڕبووە، بەڵام گشت تەمەنی ئالەوەدا بەسەر بردووە، ئیتر پێم ناڵێی ئەو فریای چی کەوتووە؟! ئەزمونێکی مەزنی لە مرۆڤ ناسیدا وەرگرتووە، پێش هەموو کەس ئەو خۆی چاک ناسیوە، بۆیە ئەو زانی کە هیچ نازانێ، ئەو هەقیقەتەی کە ئەوی بزوان بەرەو خۆی بردی، هەرگیز ئەوە نەبوو کە ئەو بەتەمای بوو، لە جەهلی یەکەمەوە بەرەو جەهلی دووەم چوو، بەڵام هیچیان لەویتر نەئەچوو، هێندە هەبوو ئەو مرۆڤە بوو بە فەیلەسوف، زانێ کە ئێستا نازانێ، ئا ئەوەبوو هەقیقەت بوو، لە هۆشیاری بەتاڵەوە بەرەو هۆشیاری پڕ ئەچوو، هەقیقەت بۆ ئەو ئەوەبوو دەرگەی ماڵی کراوە بێ تا بەردەوام ئامادەبێ بۆ گرتنە ئامێزی هەقیقەتێ، بۆ خۆی ئەوە بووە فەلەسوفێ.

سەرچاوە: گۆڤاری کەوانە، ژمارە (8) ساڵی 2012
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved