ئەم کتێبە لە ساڵی ٢٠٠٦ لە لایەن (مەکتەبی بیروهۆشیری)ەوە چاپ کراوە، نوسەرەکەی (براین ماگی)ە، وەرگێڕانی زمانی فارسی بۆ کراوە لە لایەن (عیزەتوڵڵای فولادوەند)، هەروەها (محەمەد کەریم)وەرگێڕانی زمانی کوردی بۆ کردووە. ئەم کتێبە لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنییەوە لە ساڵی ١٩٨٧ وەرگیراوە کە ئەو بەرنامەیە باس لە فەیلەسوفە بەناوبانگەکانی خۆرئاواو سەدەی ناوەڕاست دەکات، تیاییدا بانگهێشتی هەندێک لە مامۆستای زانکۆو فەیلەسوفی ئەو سەردەمە دەکات بۆ هەندێ پرسیارو وەڵام دەربارەی فەیلەسوفە بەناوبانگەکان، کە ( براین ماگی) پێی وابووە ئەم بەرنامەیە پێویستە بکرێتە کتێب تاوەکو خەڵکی سوودی لێوەرگرن، وە ئاشنابوونی خوێنەرلە رێگەی ئەم کتێبەوە بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا لە فەلسەفەی هاوچەرخدا وە هەروەها خوێنەر بە بیری جوانی فەلسەفەدا ئاشنا دەبێت.
(عیزەتوڵڵای فولادوەند) دەڵێت، فەلسەفەی خۆرئاوا بەو مانایەی کە لە دووهەزارو پێنج سەد ساڵ لەمەوبەرەوە ناسراوە و جیهانی خستۆتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە لە پێش سوکراتەوە دەست پێدەکات. سەرقافڵەی ئەم فەلسەفەیە فەیلەسوفانی پێش سوکرات بوون و ئاسایی پێشەنگی ئەم فەیلەسوفانە لە (تالیس)ەوە دەناسرێت واتە لە (سەدەی شەشەمی پێش زاینەوە). (براین ماگی) پێی وایە فەلسەفە لە سەدەی بیستەمدا بووە بە کارێکی پیشەیی و هونەری. هۆیەکی تر، پسپۆربوونی لە رادەبەدەری هەموو بوارەکانە، بە تایبەتی پەروەردەو فێرکردن، ئەمڕۆ لەبەردەم ئەو رەخنەیەدایە کە زانیاری گشتی بە رادەی پێویست بەرز ناکاتەوە.
فەیلەسوفانی پێش سوکرات هەموویان ئەو غەمەیان هەبوو کە دەیانویست چەند بنەمایەکی سەرەتایی بۆ راڤەکردنی سروشت بە گشتی بدۆزنەوە، بەڵام سوکرات بە ئیرادەو داناییەوە لێیان راپەڕی، چونکە باوەڕی وابوو ئەوەی کە ئێمە لە هەرشتێ زیاتر پێویستمان بە زانینی هەیە ئەوەیە کە خۆمان دەبێ چۆن بژین نەک ئەوەی سروشت چۆن کاردەکات. بەم پێیە پێویستە لە پێش هەموو شتێکداو لە سەرو هەموو شتێکەوە بایەخ بە مەسەلە ئەخلاقییەکان بدەین. ئەفلاتون قوتابی سوکرات بوو، بەبێ هیچ دوودڵییەک ئەفلاتون یەکێکە لە فەیلەسوفە مەزنەکانی هەموو سەردەم و چاخەکان. کاتێ سوکرات مرد تەمەنی ئەفلاتون سی و یەک ساڵ بوو و هەشتاویەک ساڵ ژیا. لەو نیو سەدەیەدا، دەستی کرد بە دامەزراندنی قوتابخانە بەناوبانگەکەی ئەسینا کە بە (ئەکادیمیا) ناو دەبرێ و یەکەم نموونەی شتێکە کە ئێمە ئەمڕۆ پێی دەڵێین زانکۆ، هەروەها لەو ماوەیەدا بەرهەمەکانی خۆی نووسی. دەبینین ئەفلاتون ئەو ئەنجامانە بەدەست دەهێنێ کە زانین گرنگترین فاکتەرە لە فەزڵدا، بەڵام فەزڵ لە زانیندا کورت نابێتەوە-هەروەک و چۆن لە راستیشدا دەگاتە ئەنجامێکی لەو جۆرە، دەبێ ئاگامان لەوە بێت کە ئەفلاتون بە تەواوی لە رێی پەیڕەوی کردنی رێنماییەکانی سوکراتەوە ئەو تیۆرەی- کە سەبارەت بەوەیە کە فەزڵ خودی مەعریفەیە- دەخاتە لاوەو لە کۆماردا تیۆرێکی باشتر دەخاتەڕوو. ئەفلاتون دەیوت کە زانین یان مەعریفە بەشێکە لە سروشتی زاتی خودە. خودی تۆ بەر لەوەی بێیتە دنیاوە، (ئەمە لە قۆنغێکدا بوو کە ئەفلاتون باوەڕی وا بوو خود پێش لە دایك بوونیش بوونی هەیەو جێکردنەوەی ئەو مەعریفەیە لە بەدەندا لەم دنیایەدا، یەکێکە لە بەرجەستەبوونە بەردەوامەکانی).
بێینە سەر باسی فەیلەسوفی بەناوبانگ ئەرستۆ، ئەرستۆ قوتابی ئەفلاتون بوو،ئەفلاتونیش قوتابی سوکرات، گومان هەیە سەبارەت بەوەی کە هەتا ئەمڕۆ فەیلەسوفێ هەبووبێ کە نفوزو کاریگەریی لە هەر کام لەم سێ فەیلەسوفە زیاتر بڕی کردبێ.
ئەرستۆ دەڵێ کە لە هەر بوارێکدا دەبێت فەیلەسوف یەکەم ''ئاماژەکان'' تۆمار بکات و پاش پشودان لە ئەمدیوو ئەودیوکردنی ئەو نهێنیانەی کە ئاماژەکان پێکیان هێناوە دوبارە بگەڕێتەوە سەر ئاماژەکان و ئەو ئاماژانە بپارێزێ کە ژمارەیان لە هەموویان زیاترەو بنچینەیترن. چەمکی ئەرستۆ سەبارەت بە 'ئاماژە' چەمکێکی زۆر فراوان و گشتییە، چەمکێکە سەبارەت بەوەی جیهان چۆن لە ئێمەوە دیارە و هەم ئەزموونە هەستیەکانی ئێمە و هەم گوتە و بیروباوەڕی ئاسایی ئێمە لە خۆ دەگرێ. کە لە لاپەڕە ٦٩ ی ئەم کتێبەوە تا لاپەڕە ١١٦ باس لەو پرسیارو وەڵامانە ئەکات سەبارەت بە ئەرستۆ بە وردی.
لە فەلسەفەکانی سەدەی ناوەڕاستیشدا وەکو فەلسەفەی کۆن، دوو فەیلەسوف لەوانی دی دیارتربوون ئەوانیش، یەکەمیان قەشە (ئۆگەستین)ە. کەسایەتی دووەمیش (تۆماس ئەگویناس)ە.
ئۆگەستین، زیاتر لە ئەرستۆ بایەخی بە ئەفلاتون دەدا و لە بنەڕەتدا وەکو سەرچاوەی زانست و هۆشیاری زیاتر لە تیۆری هەر فەیلەسوفێ بایەخی بە تەورات و ئینجیل دەدا. فەیلەسوفەکانی دواتری سەدەکانی ناوەڕاست وا تەماشای ئۆگەستین یان دەکرد کە هەموو ئەو زانیارییە ئاینیانەی لە ترادیسۆنی مەسیحەوە هەڵقوڵاون کە لە رێگەی تەورات و ئینجیلەوە گەیشتبوون، ئەو کۆیکردونەتەوەو تۆماری کردوون.
ئەگویناس مەسیحیەکی ئیماندار بوو، بەو پێیەی پابەندی کۆمەڵێ بیروباوەڕ بوو دەیویست بە وردی جیاوازی بکات لە نێوان بیروباوەڕاکانی وەک واعیزێك و بیروبۆچوونەکانی وەکو فەیلەسوفێك. وەکو فەیلەسوفێک دەیویست بە پێی توانای خۆی لەوە تێبگات کە دنیا چۆن شوێنێکەو ئەو راستییە پێویستانە کامانەن کە پەیوەنییان بەم دنیایەو بە بیرکردنەوەی خۆمانەوە هەیە و بەبێ پەنا بردنە بەر وەحی خودایی و تەنها بە یارمەتی عەقڵ، بۆ ئێمە قابیلی زانینە.
فەلسەفەی نوێ بە مانای فەلسەفەیە لە قۆناغی ریفۆرمی ئاینییەوە (لە سەدەی شازدەهەمدا) هەتا ئەمڕۆ نەک فەلسەفەی سەدەی بیست، ئەو کەسەی کە بە گشتی و بە رای من- بە راستی بە بنیاتنەری فەلسەفەی نوێ لە قەڵەم دەدرێ ، (دیکارت)ە کەواتە بە دەربڕینێکی رونتر، زاراوەی ''فەلسەفەی نوێ'' واتە ''فەلسەفە لە دیکارتەوە بۆ دوای ئەو''. دیکارت بنەمایەکی دانابوو سەبارەت بەوەی کە هەرگیز نابێ یەکێک راستی شتێک قبوڵ بکات کە بچوکترین گومانی هەبێ لەسەری. لە وتەیەکی بەناوبانگدا وتویەتی ئەم کارە وەکو ئەوە وایە کە سندوقێ سێومان هەبێ و هەندێ لە سێوەکان عەیبدار بن وئەوانەیتر ساغ بن و بمانەوێ ساغەکان جیابکەینەوە، یەکەم شت هەموو سێوەکان لە سندوقەکە دەردەهێنین و یەکە یەکە تەماشایان دەکەین و ئەوانەی گومانمان لێیەتی دوریان دەخەینەوە و تەنها سێوە تەواو ساغەکان دەکەینەوە ناو سندوقەکە، بەم پێیە دیکارت یەکەمجار هەموو بیروبۆچونەکانی لە زەینی دەرکردو هەرشتێ کە کەمترین گومانی لێی هەبوو خستیە لاوە.
لەم باسەدا دەمانەوێ لە سپینۆزا و لایبینیتس بڕۆین کە دوای دیکارت، گەورەترین فەیلەسوفی عەقڵگەرابوون. دنیای سپینۆزا تاک و تاکپەرستییە''وحدانییە'' چونکە دەڵێت تەنها بوونەوەری راستەقینە، هەمووجیهانە کە هەم خاوەنی رەهەندە یان درێژکراوەیە- واتە لەو شوێنەدا فراوانتر بووە- و هەم لە هەمان کاتدا رۆحیە، واتە کۆمەڵێ بۆچوون یان مانای پێکەوە گرێدراوە. بەڵام بەڕای لایبینیتس ، دنیای راستەقینە لە ناکۆتا شتی تەواو رۆحانی پێکهاتووە. هەمووشتێکی مادی - تەنانەت خودی شوێن، واتە شوێنی مادە- رێک دیاردە یان دەرکەوتە واتە یەکێکە لە بەرهەمە لاوەکییەکانی - جیهانی راستەقینە . کە بۆخۆی لە ژمارەیەکی بێسنووری ناوەندی رۆحانی پێکهاتووە.
بابەتی زیاتر