ناوی ئەم کتێبەیە کە لە نوسینی نوسەری ئینگلیز (دەیڤد میڵەر)ە کە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی لە لایەن (کارزان کاوسێن) کە لە ساڵی ٢٠١١ لە لایەن (ئەکادیمیای هۆشیاری و پێگەیاندنی کادیران) ەوە چاپ کراوە، ئەم کتێبە لە حەوت بەشی سەرەکی پێک دێت باس لە راوبۆچون و تابلۆی هەندێک لە فەیلەسوفەکان سەبارەت بە فەلسەفەی بەڕێوەبردنی حکومەتی باش و خراپ دەکات بەرانبەر بە راوبۆچونی ئازادی تاکەکەس بە مافەکانیان و ژیان و ئاین و کەلتور، بە شێوەیەکی دادپەروەریانەی ژیانی خەڵک و بەڕێوەبردنی حکومەت.
بەشی یەکەم
بۆچی پێویستمان بە فەلسەفەی سیاسییە ؟
ئەو تابلۆیەی کە مشتومڕی لەسەرە، لە نێوان ساڵانی ١٣٣٧ بۆ ١٣٣٩دا لە لایەن ئامبرۆگیۆ لۆرێنزێتی یەوە کێشراوەو سێ دیواری (Sala Dei Nove)ی لە palazza pubblico of Seina ) )دا گرتوو. ئەم تابلۆیە زۆر جار بە (حیکایەتی حکومی چاك و خراپ) ناودەبرێت. ئەوەی کە تابلۆیەکەی لۆرێنزێتی-یش دەیخاتەڕوو، پێش هەموو شتێک پیشاندانی حکومەتی چاک و خراپە یەک لە دوا یەک لە ڕێگەی ئەو فیگەرانەی نوێنەرایەتی ئەو تایبەتمەندیانە دەکەن کە پێویستە حوکمڕانەکان هەیانبێت یان نەیانبێت و پاشان کاریگەرییەکانی دوو جۆر حکومەت کە لەسەر ژیانی خەڵکی ئاسای هەیانە.
نموونەیەکی ئەجێندای وەرچەرخاوی فەلسەفەی سیاسی، ئەو بەهایە لەبەرچاو بگرە کە ئێمە دەیخەینە پاڵ هەڵبژاردنی کەسی. ئێمە پێمان وایە کە دەبێت خەڵکی ئازاد بن لە هەڵبژاردنی کارەکانیان، هاوەڵەکانیان، بیروباوەڕەکانیان، ئەو جلەی لەبەری دەکەن، ئەو مۆسیقایەی گوێی لێدەگرن و هیتر. ئێمە پێمان وایە، گرنگە هەر کەسێک ئەو ستایلەی ژیان بدۆزێتەوە یان دابهێنێت کە بە باشترین شێوە لەگەڵیدا دەگونجێت. بەڵام ئەمە لە کۆمەڵگەیەکدا کە زۆربەی خەڵکی شوێنپێی باوکان و دایکانیان هەڵدەگرن بۆ ئەوەی لە ژیان بمێننەوە لێرەدا بەهاکانیتر گرنگ دەبن.
بەشی دووەم
دەسەڵاتی سیاسی
ئەگەر کەسێک پرسیاری کرد ئێمە ئەمڕۆ چۆن فەرمانڕەوایەتی دەکرێین- لەژێر باری کام سیستەمەدا پێکەوە لە کۆمەڵگادا دەژین- پێویستە وەڵامەکە ئەوە بێت کە ئێمە لە لایەن ئەو دەوڵەتانەوە فەرمانڕەوایەتی دەکرێین کە دەسەڵاتێکی بێ وێنەیان لە دەستدایە بۆ کاریگەری خستنە سەر ژیانمان. ئەوان نەک تەنیا پارێزگایی بنچینەییمان بۆ دابین دەکەن لە بەرانبەر هەر هێرشێک بۆ سەر کەسەکان و شتەکانمان، بەڵکو بە هەمان شێوە لە زۆر رووەوە پاسەوانیمان دەکەن، ئەو هەلومەرجە بونیاد دەنێن کە ئێمە بەهۆیانەوە بژێویمان دەستەبەر دەکەین، پەیوەندی لەگەڵ یەکتریدا بەرقەرار دەکەین، بەرەو پێشەوەو دواوە هەنگاو دەنێین، منداڵەکانمان پەروەردە دەکەین و هیتر.
بەشی سێیەم
دیموکراسی
لە لاپەڕە ٩٧ ئەم کتێبەدا باس لە دیموکراسیەت ئەکات سەبارەت بە خەڵکی، لێرەدا لەوانەیە بە باشی بگەیتە ئەو بۆچوونەی کە دیموکراسی سودێکی لێبڕاوانەی هەیە. چونکە کاتێک بڕیارەکان بە شێوەیەکی دیموکراتیانە دران ، هەموو کەسێک جانسی هاوبەشیکردنی دەبێت و بۆیە بۆچوون و ئارەزوومەندییەکانی خەڵکی چینی کۆمەڵایەتی جیاواز، باکگراوندی ئایینی و ئەتنی جیاواز هەمووی دەبیسترێت، لە کاتێکدا کە ئەو چینە سیاسییەی ئەمڕۆ فەرمانڕەوایەتیی ئێمە دەکات زیاتر نێرینەی سپی پێست و چینی ناوەندە.
بەشی چوارەم
ئازادی و سنوورەکانی حکومەت
بە بۆچوونی لیبڕاڵەکان، لەبەر ئەوەی ئازادی تاکەکەسی بەهایەکی ئەوەندە گرنگە، پێویستە حکومەتەکان رێگەیان پێنەدرێت دەستی تێوەر بدەن، گرنگ نییە چەند بە باشی پێکهاتوون. حکومەتی باش بەس نییە: تەنانەت ئەو حکومەتەش کە بە باشترین شێوە بونیاد نراوە و بە باشترین شێوە ویستی لەسەر بووە، روو دەکاتە دەستوەردان لەو رووبەرانەی کە تیایاندا دەبێت ئازادیی تاکەکەسی پیرۆز بێت.
جۆن ستیوارت میل، سوودگەرا، فێمێنیست و داکۆکیکاری ئازادی، ئەمە بریتییە لەو بیرۆکەیەی کە دەڵێت هەموو کەسێک کۆمەڵێک مافی مرۆیی هەیە کە پێویستە حکومەتەکان هەرگیز پێشێلی نەکەن.
بەشی پێنجەم
دادپەروەری
حیکایەتی حکومەتی چاک و خراپ شوێنێکی نییە بۆ فیگەری ئازادی، بەڵام دادپەروەری نەک جارێک بەڵکو دوو جار دەردەکەوێت. ئەو یەکێکە لەو فیگەرە رەوشتبەرزانەی کە لە تەنیشت فەرمانڕەوا باشەکەوە دەرکەوتووە، بەڵام بە هەمان شێوە بە شێوەیەکی جیا دەردەکەوێت. دادپەروەری شتێکە پەیوەندی بە سزاو پاداشتەوە هەیە و شتێکە پەیوەندی بە یەکسانییەوە هەیە، بەڵام چۆن دەکرێ پێناسەی بکەین؟ پێناسەیەکی زۆر کۆن لە لایەن ئیمپراتۆری رۆمانی (جەستینیان) دەربڕدراوە، دەڵێت:'' دادپەروەری ئیرادەیەکی بەردەوام و درێژخایەنە بۆ بەخشینی حەقی خۆی بە هەر کەسێک''.
بەشی شەشەم
فێمینیزم و فرەکەلتوورگەرایی
لە دیموکراسییەکانی ئەمڕۆی خۆرئاوادا، مشتومڕەکانی پەیوەست بە پێگەی ژنان و گروپە کەلتوورییە کەمینەکان سەرنجێکی سیاسیی زۆر بەلای خۆیدا رادەکێشێت. فێمینیست و فرەکەلتوورگەراییەکان زۆر جار بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەو کێشانەی پەیوەندیان پێیانەوە هەیە- کێشەی پەیوەندیدار بە سروشتی شوناسی کەسی، لە بارەی ئەوەی ئاخۆ کێشانی هێڵێک لە نێوان ژیانی گشتی و ژیانی تایبەت شیاوە، لە بارەی رێزگرتن لە جیاوازییە کەلتوورییەکان- شوێنیان بە پرسیارەکانی پەیوەست بە دەسەڵات، دیموکراسی، ئازادی و دادپەروەری چۆڵ کردووە.
بەشی حەوتەم
نەتەوەکان، دەوڵەتەکان و دادپەروەریی جیهانی
ئایا نەتەوەکان بە ڕاستی بوونیان هەیە؟ جارێکیان دین ئینج وتی''نەتەوە کۆمەڵگەیەکە کە بەهۆی وەهم لە بارەی پێشینانییەوە و بەهۆی رقی هاوبەش لە دراوسێکانی یەکی گرتووە''. -دادپەروەری کۆمەڵایەتی داواکاری زۆر گەورەترمان بەسەردا دەسەپێنێت- بە تایبەت زۆر جار پێویست دەکات ئەو کۆت و بەندانە قبوڵ بکەین کە بە پرەنسیپەکانی یەکسانی بۆمان دادەنرێن کاتێک کە دەمانتوانی بە لابردنی کۆت و بەندەکان کارێکی باشتر بۆخۆمان، هاوڕێکانمان و خزمەکانمان بکەین. -دادپەروەری جیهانی بریتییە لە رێزگتن و پارێزگاریکردن لە مافە مرۆییەکانی خەڵك لە هەرکوێیەک بن، لەوانەش، ئەگەر پێویست بوو، تەحەداکردنی دەسەڵاتی ئەو دەوڵەتانەی ئەم مافانە پێشێل دەکەن، کە لە لاپەڕە ٢٨٠ و زیاتری ئەم کتێبەدا بە وردی باسی لێوە کراوە.
بابەتی زیاتر