نوسینی بەختیار سەعید مەحمود
مامۆستا لە بەشی مێژوو

 ئەم توێژینەوەییە لە گۆڤاری کەلتور ژمارە (10) ی ساڵی چوارەم بڵاوکراوەتەوە.
دوای ئەوەی ناوچەکانی باشوری کوردستان لە چەند دموەیەکی جیاجیای نیوەی یەکەمی سەدەی شانزەهەمدا واتە دوای شەڕی چاڵدێرانی ساڵی ١٥١٤ز بوون بە بەشێک لە ئیمپراتۆریی عوسمانی، دەسەڵاتدارانی عوسمانی زۆربەی ئەم ناوچانەیان لەچوارچێوەی ویلایەتێکدا ڕێکخست کە ناوی (شارەزوور)یان لێنا، چونکە لە سەرەتا مەڵبەندەکەی لە دەڤەری شارەزووردا بوو، لە سەرەتا پایتەختی ئەم ویلایەتەیان١ لە قەڵای زەڵم دانا، بەڵام دواتر عوسمانیەکان پایتەختی ئەم ویلایەتەیان گواستەوە بۆ (گولعەمبەر = خورماڵی ئێستا)٢ . لە کۆتایی سەدەی شانزەهەمدا عوسمانیەکان مەڵبەندی ئەم ویلایەتەیا ن لە قەڵای گوڵعەنبەرە گواستەوە بۆ کەرکوک، بەمەش کەرکوک بووە مەڵبەندی ویلایەتی شارەزوور، ئەمەش بەخاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ دادەنرێت لە مێژووی ساری کەرکوک و ویلایەتی شارەزووریشدا، هۆکاری ئەم گواستنەوەیە دەگەڕایەوە بۆ نزیکی سەنتەری پێشووی ویلایەتەکە واتە گوڵعەنبەر لە ئێرانەوە. ئەمەش وای کردبوو ئەم دەڤەرە ببێتە شانۆی سەرەکی زۆربەی شەڕو کردە سەربازییەکانی نێوان هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی ، ئیتر بەم گواستنەوەیە کاری ئەم ویلایەتە کە مەڵبەندەکەی شاری کەرکوک بوو لە رووبەڕووبونەوەی ئێرانەوە گۆڕا بۆ سەرپەرشتی کردنی دەڤەری فراوانی شارەزوور٣ .
سنووری ویلایەتی شارەزوور کە مەڵبەندەکەی کەرکوک بوو لە باشوورەوە ویلایەتی بەغداو، موسڵ و حکومەتی ئامێدی کەخۆی لە میرنشینی ئامیدی دەبینیەوە لە ڕۆژئاوای ویلایەتی شارەزوور هەڵکەوتبوون. هەکاری و ئازەربیجانیش لە باکوور و ووڵاتی فارس لە ڕۆژهەڵاتی ویلایەتەکەدابوون، وە هەندێ جار بەم ویلایەتە دەوترا ویلایەتی کەرکوک، جێگەی باسە ژمارەی سەنجقەکانی کەرکوک ئەم ویلایەتە کە پایتەختەکەی کەرکوک بوو رووی لە زیادبوون کرد، ئەوەتا گەشتیاری فەرەنسی ئۆتێر کە خۆی دووجار لە ساڵانی (١٧٣٥-١٧٣٩ز) هاتۆتە شاری کەرکوک دەڵێت((کەرکوک پایتەختی شارەزوورە، کە شارەزووریش خۆی بەشێکە لە کوردستان و حکومەتی شارەزوور لە ٣٢ سەنجەق پێکهاتووە ٥)).
لێرەدا بۆمان روون دەبێتەوە کە شاری کەرکوک کە لەو ڕۆژگارەدا پایتەختی ویلایەتی شارەزوور بووە و ژمارەی سەنجقەکانی ٣٥ سەنجق بووە، کە بەشی هەرە زۆری ئەم سەنجقانەش لە کوردستانی باشوور بوون، کەواتە کەرکوک لەو سەردەمەدا پایتەخت یان مەڵبەندی کوردستانی باشوور بووە.
لەم بابەتەدا هەوڵ دەدەین بە وردی باسی پەیوەندی نێوان ویلایەتی شارەزوور(کەرکوک) لەگەڵ هەردوو ویلایەتی بەغداو موسڵ بکەین.

پەیوەندی لەگەڵ ویلایەتی بەغدا
لەسەرەتای دەسپێکردنی سەردەمی عوسمانیەوە تاوەکو کۆتایی سەدەی حەڤدەش ویلایەتی شارەزوور کەمەڵبەندەکەی کەرکوک بوو لە ڕووی کارگێریەوە سەربەخۆ بووە، وەکو ویلایەتەکانی تر ڕاستەوخۆ بە ئەستەمبوڵەوە بەسترابوو. بەڵام لەسەردەمی حەسەن پاشای والی بەغدا (١٧٠٤-١٧٢٣ز) و ئەحمەد پاشای کوڕیدا (١٧٢٣-١٧٤٧ز) بەرە بەرە کەوتە ژێر سەرپەرشتی کارگێڕی والی بەغدا.
شایەنی ئاماژەیە ئەم ویلایەتە لە سەرەتادا سەربەخۆ بووە هیچ جۆرە دەسەڵاتێکی ویلایەتی بەغداو موسڵی بەسەرەوە نەبووە، بەڵکو وەکو تەواوی ویلایەتەکانی تری دەوڵەتی عوسمانی لە ئەستەمبوڵەوە حوکمڕانی دەکراو بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەوێوە والی بۆ دادەنرا، ئەم بارودۆخە سەبارەت بە ویلایەتی شارەزوور بەدرێژایی هەردوو سەدەی شانزەو حەڤدە بەردەوام بوو٦ .
لەکۆتایی سەدەی حەڤدەهەمدا کەرکوک جارێکی تر دەبێتە گۆرەپانی ڕووداوەکان لە ئەنجامی بەهێزبوونی میرنشینی بابان، بەهۆی یەکێ لە میرە هەرە بەهێزەکانی ئەم میرنشینە کە (سلێمان بەبە یان بابان)بوو. ئەم میرە لە چارەکی کۆتایی سەدەی حەڤدەدا بوو بە فەرمانڕەوای میرنشینەکە. توانی ژمارەیەکی زۆر لە خێڵە کوردیەکانی ناوچەکە لەدەوری خۆی کۆبکاتەوە و سوپایەکی گەورەیان لێ دروست بکات، ئەمە جگە لەوەی سەری بۆ هیچ فەرمانڕەوایەکی ناوچەکە دانەنواند٧، هاتنی ئەم میرەی بابان بووە ئەوەی بیر لە گرتنی شاری کەرکوک بکاتەوە، ئەمەش لەبەئەوەی ئەم میرە دەیویست شاری کەرکوکیش بخاتە ژێر قەڵەمڕەوی خۆیەوە، دوای ئەوەی لە کۆتایی ساڵی (١٦٨٩ز) توانی دەست بەسەر هەندێ ناوچەی شارەزوور بگرێت، کاتێک دلاوەر پاشای والی شارەزوور ویستی بەرگری بکات دژی خواستەکانی میری بابان و لە ئەنجامدا لەساڵی دواتر لەلایەن سلێمان بەبەوە کوژرا، بەم شێوەیە کەرکوک کەوتە ناوبازنەی دەسەڵاتی میری بابان٨ . لەبەرانبەر ئەم پێشهاتانەدا حەسەن پاشای والی بەغدا لە ئەستەمبوڵەوە بەسیفەتی موتەسەلیمی کەرکوک دانرا، ئەم کارەش لەپێناو لێدانی دەسەڵاتی میری بابان بوو لە ناوچەکە٩ . هەربۆیە دواتر لە ئەنجامی هاریکاری نێوان هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی، راپەرینی سلێمان بەبەی بابان لەساڵەکانی کۆتایی سەدەی حەڤدەدا لانێوبرا١٠ .
یەکێک لەو مەسەلە گرنگانەی کە تێبینی دەکرێت لەم ڕووداوە ئەوەیە کە دوای کوژرانی دلاوەر پاشا، ویلایەتی شارەزوور لە ڕووی کارگێڕیەوە بووە پاشکۆی ویلایەتی بەغدا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئەم ویلایەتە بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی والی بەغداوە، کاتێ والی ناوبراو لەپاڵ پۆستەکەی خۆیدا لە ئەستەمبوڵەوە ڕاسپێردرا بۆ بەڕێوەبردنی ویلایەتی شارەزوور بەناوی موتەسەلیم. ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتر ویلایەتی شارەزوور کە مەڵبەندەکەی کەرکوک بوو هیچ جۆرە پاشکۆیەتیەکی کارگێڕی نەبوو بۆ ویلایەتی بەغدا١١ .حەسەن پاشا (١٧٠٤-١٧٢٣ز) یەکەم والی بەغدا بوو کە ئەم دەسەڵاتەی بەم شێوەیە واتە وەک موتەسەلیمی ویلایەتی شارەزوور پیادەکرد. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بە فەرمانی والیەکانی بەغدا هێزەکانی کەرکوک بەشداری لە شاڵاوەکانی والی بەغدا بکەن بۆسەر ناوچە جیاجیاکان، کە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کەمبوونەوەی سەربەخۆی ویلایەتی شارەزوور، ئەوەتا لەکاتی هێرشکارییەکانی والی بەغدا حەسەن پاشا بۆسەر کرماشان، هێزی کەرکوک یەکێک بوو لە هێزە یارمەتیدەرەکانی والی بەغدا لەم شاڵاوەدا لە ساڵی (١٧٢٣ز)دا ١٢ ، ئەمەش مانای پاشکۆیەتی و وابەستەبوونی ویلایەتی شارەزووری بەرانبەر بە ویلایەتی بەغدا دەگەیاند، ئەمە لەکاتێکدا ویلایەتی ناوبراو پێشتر هیچ جۆرە پاشکۆیەتیەکی کاگێڕی بۆ ویلایەتی بەغدا نەبووە. لەسەردەمی فەرمانڕەوایی ئەحمەد پاشای کوڕی حەسەن پاشادا (١٧٢٣-١٧٤٧ز)لەسەر هەمان سیاسەتی باوکی بەردەوام بوو، ئەوەتا لۆنگریک کاتێ وەسفی سیاسەتی ناوبراو دەکات بەرانبەر کەرکوک دەڵێت : ((سەربەخۆیەکی کەمی بۆ کەرکوک هێشتبۆوە))١٣ .
لیرەدا دەتوانین بڵێین ئەگەر ویلایەتی شارەزوور ئەو دەسەڵاتەی پێشتری هەبوایە بەهیچ شێوەیەک ئامادە نەبوو هاوکاری پێشکەش بە ویلایەتی بەغدا بکات لەهێرشەکانیدا بۆ سەر کرماشان، هەربۆیە ئەم سیاسەتەی ویلایەتی شارەزوور گوزارشتی لە سیاسەتی ویلایەتەکە نەدەکرد و بەڵکو مانای پاشکۆیەتی بۆ ویلایەتی بەغداو ڕەنگ دانەوەی دەستڕۆیشتوی بەغدای دەگەیاند، هەروەها ،مانای زەوتکردنی ئەو سەربەخۆیەی ویلایەتی شارەزووری دەگەیاند لەلایەن ویلایەتی بەغداوە، کە پێشتر لەلایەن عوسمانیەکانەوە بۆی دابین کرابوو، جێگەی باسە لاوازی دەسەڵاتی ناوەندی عوسمانی لاعێراقدا هۆکارێک بوو بۆ چاوپۆشی کردنی عوسمانی لە زەوت کردنی دەسەڵاتی ویلایەتی شارەزوور لەلایەن دەسەڵاتی بەغداوە، لەلایەکی تر هۆیەکی تری دەگەڕایەوە بۆ بەربەرەکانی کردنی ویلایەتی بەغدا لەگەڵ نفوز و دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەکەدا، ئەوەتا بابی عالی لەساڵی ١٧٧٥ز حەسەن پاشا کە لەبنەماڵەی مەمالیکەکان بوو لەبەغدا کردیان بە موتەسەلیمی ویلایەتی کەرکوک و موسڵ، هەربۆیە مێژوونوس (عثمان وائلی) لەم بارەیەوە دەڵێت مەبەستی سەرەکی بابی عالی لە ئەستەمبوڵ لەم کارەیدا بریتی بوو لە دژایەتی کردن و بەرگری کردن لە بەرانبەر هێرشی ئێران لە ناوچەکەدا١٤ .
دواتریش لەسەردەمی فەرمانڕەوایی مەمالیکەکاندا١٥ لەبەغدا (١٧٤٩-١٨٣١ز) ویلایەتی شارەزوور زیاتر کەوتە ژێر دەسەڵاتی والیەکانی بەغدا، بێگومان ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەبوو لەسەر پەیوەندییەکانی هەردوولا، کە لە ڕووداو پێشهاتەکانی ناوچەکەدا بەرجەستە دەبوو.
دوای هاتنی مەمالیکەکان بۆ سەر دەسەڵات لە بەغدا لە ساڵی (١٧٤٩ز)دا کاریگەری خۆۆی بەسەر کەرکوکدا بەجێ دەهێڵێت، دیارە والیەکانی مەمالیک ئەو دەسەڵاتەیان هەبووە، کە فەرمانڕەوا بەناوی موتەسەلیم بەسەر کەرکوکدا دابنێن بۆ بەڕێوەبردنی. سەرەتای دەسپێکردنی ئەم کارە بەپێی بۆچوونی یەکێک لە مێژوونوسان بۆ ساڵی (١١٩٠ک/١٧٧٦ – ١٧٧٧ز) دەگەڕێتەوە١٦ . لەڕاستیدا ئەو گۆڕانکارییە کارگێڕیانە لەیەکەی کارگێڕی ویلایەتی شارەزووردا نەبوو، ئەوەندە کاریگەری بەبواری کێش و دەسەڵاتی ویلایەتەکەوە هەبوو. بەڵکو ویلایەتەکە هەڵنەوەشایەوە بەڵام تەنها ئەرکە کارگێڕیەی خرایە ئەستۆی ویلایەتی بەغدا، بۆ وێنە سلێمان پاشای گەورە (١٧٨٠-١٨٠٢ز) والی ویلایەتی بەغداو شارەزوور بوو ١٧ ، ئەمەش مانای وایە ئەو دەسەڵاتەی کە پێشتر هەریەک لە حەسەن پاشای والی بەغداو ئەحمەد پاشای کوڕی هەیانبوو، لەدانانی موتەسەلیم بەسەر کەرکوکەوە و بەکارهێنانی سوپای ئەم ویلایەتە بۆ بەرژەوەندی خۆیان، هەمان ئەو دەسەڵاتەش بۆ مەمالیکەکان دابینکرا کە لەدوای ئەحمەد پاشا لەساڵی ١٧٤٩وە دەسەڵاتیان لە بەغدا گرتەدەست، ئەمە جگە لەوەی رووداوەکانی ناوچەکەش کاریگەرییان هەبووە، بەتایبەتی هەوڵی میرنشینە کوردییەکان بۆ دەستگرتن بەسەر کەرکوک و مەترسی ئێران کە دواتر باسی دەکەین، هەر ئەمەش وایکرد کە بابی عالی لە ئەستەمبوڵ والی بەغدا ڕابسپێرێ لە سەرپەرشتی کردنی ویلایەتی شارەزوور، چونکە سوپای ئەم ویلایەتە لاواز بوو و خۆی بۆ ڕانەگیراوە، ئەمە بە تەواوی بۆ بابی عالی ڕوون بووەوە، بەتایبەتی دوای کوشتنی دلاوەر پاشای والی ویلایەتی شارەزوور لەلایەن سلێمان پاشای بابانەوە.
لێرەدا دەتوانین بگەینە ئەو ئەنجامەی کە شاری کەرکوک لەو ڕۆژگارەشدا، جێگەی ململانێی بووە لەنێوان میرە کوردیەکان و ئەستەمبوڵ، بابی عالی بۆ دورخستنەوەی دەسەڵاتی میرنشینە کوردیەکان والی بەغدای کردۆتە بریکاری خۆی بۆ دورخستنەوەی دەسەڵاتی میرە کوردیەکان و مەترسی ئێران لە ناوچەکە. کە بەجۆرێک لە جۆرەکان تا ڕۆژگاری ئەمرۆش ئەم ململانێیانە دووبارە دەبنەوە.
لەلایەکی ترەوە بەپێی فەرمانێکی بابی عالی لەساڵی (١٧٧٥ز)دا هەردوو ویلایەتی موسڵ و کەرکوک بەیەکەوە لکێنرا و حەسەن پاشای مەمالیک بۆ بەڕێوەبردنیان دانرا، بۆیە کاتێک ناوبراو بووە فەرمانڕەوا بینی بارودۆخی شارەزوور داڕماوە بەجۆرێک ئێرانیەکان هەڕەشەیان لە کەرکوک دەکرد١٨ ، دیارە حەسەن پاشا لەبنەرەتەوە بۆ بەرگرتن و دژایەتی کردنی هێرشکاری ئێرانیەکان دانرا، لەبەر ئەوەی لەم سەردەمەدا دیسانەوە ناوچەکە ڕووبەڕووی مەترسی ئێرانیەکان بووەوە، ئەمەش کاتێک ڕوویدا کە حاکمی ئێران کەریم خانی زەند١٩ ، بەشێک لە سوپاکەی ناردە کوردستان، لەبەر نەبوونی بەرگریەکی ئەوتۆ لە ناوچەکە ئەم سوپایە توانی خۆی بگەیەنێتە دەورووبەرەکەی کەرکوک،توانی گوندو ناوچەکانی جەباری و قەرە حەسەن تاڵان بکات. بەڵام لەدواییدا ئەم هیزە کشایەوە٢٠ .
هەربۆیە هاتنی مەمالیکەکان کاریگەری تەواوی هەبوو لەسەر کەم بوونەوەی دەسەڵاتی ویلایەتی شارەزوور (کەرکوک)، بەتایبەتی لەسەردەمی سلێمان پاشای گەورە، (١٧٨٠-١٨٠٢ز)، لەم سەردەمەدا دەسەڵاتی مەمالیکەکان بەغدا زۆربەی کوردستانی باشووری گرتەوە٢١ . لەئەنجامدا بووە هۆی ئەوەی هێزەکانی کەرکوک بەشداری لەشەڕی مەمالیکەکان بکەن و ببنە هیزی پاڵپشت بۆ مەمالیکەکان، ئەمەش مانای پاشکۆیەتی ئەو ویلایەتەی دەگەیاند. ئەوەتا کاتێک لە ساڵی (١٧٨٢ز) محمود پاشای بابان هێرش دەکاتە سەر شاری کۆیەو دەیگرێت، پاشای گەورە لەم کارە توڕە دەبێت و بڕیاری هێرش کردنەسەری دەدات، هەربۆیە هێزەکانی لەشاری کەرکوک مۆڵ دەدات٢٢ ،جێگەی ئاماژەپێدانە کە لەم هێرشکاریەدا موتەسەلیمی کەرکوک یارمەتی هێزەکانی والی بەغدای داوە بۆدوای  سەر میری بابان٢٣ .
یەکێک لەم رووداوانە هێرشی علی پاشای مەملوکی (١٨٠٢-١٨٠٧ز) بوو بۆسەر هۆزی بلباس لەساڵی (١٨٠٢)٢٤ .ئەوەی کە لەم هێرشەدا پەیوەندی بە بابەتەکەی ئێمەوە هەیە ئەوەیە کە والی ناوبراو دوای ئەوەی تاڵانێکی زۆری لەم هۆزە دەستکەوت کە نزیکەی شەست هەزار سەرمەڕ و بزن و هەزار مانگاو هەزار ئاژەڵی بەرز و بارگیر،بەشێکی ئەم تاڵانیە درا بە خەڵکی کەرکوک و گوندەکانی دەوروبەری ئاڵتون کۆپڕی، ئەمەش وەکو قەرەبوویەک بۆ ئەو زیانانەی کە ئەنجامی هێرشی هۆزی بلباس ناوچەکە بەری کەوتبوو٢٥ .هەروەها هێزەکانی کەرکوکیش لە پاڵ والی بەغدا بەشداریان لەم هێرشەدا کردووە، چونکە ئەم ڕووداوە پەیوەندی بە ناوچەکانی کەرکوکەوە هەبووە. ئەمە بێجگە لەوەی زۆربەی جارەکان بەهۆی ئەو دەست ڕۆیشتنەی کە والیەکانی بەغدا بەسەر کەرکوکەوە هەیان بووە و کاتێک هاتوونەتە ناوچەکە بۆ لێدان و لەناوبردنی هەر جوڵانەوەیەک هێزی کەرکوک بەشدار و پاڵپشتیان بووە.
هەروەها ململانێی نێوان میرانی بابان و والیەکانی مەمالیک لە بەغدا ڕەنگدانەوەی تەواوی هەبوو لەسەر پەیوەندی نێوان بەغداو کەرکوک. ئەوەتا کاتێک ئاوڕەحمان پاشای بابان لە ساڵی (١٨٠٦ز)دا کە لەگەڵ والی  بەغدا کەوتە کێشەو شەڕەوە پاشای بابان هێزی لەنزیک سلێمانی کۆکردەوە، والی بەغدا هێزێکی بەسەرکردایەتی خالید پاشای بابان ناردە کەرکوک بۆ ئەوەی لەوێوە بەرەو سلێمانی بچێت، دواتر بەفەرمانێک داوای لە موتەسەلیمی کەرکوک کرد بۆ یارمەتیدانی خالید پاشای بابان، دیارە ئەم یارمەتیە دابینکراوە، بەجۆرێک هێزی کەرکوک بەنیزامی یەدەگەوە خۆی لەچوار هەزار سەرباز دەدا٢٦ .
لیرەدا ڕوون دەبیتەوە کە دەسەڵاتدارانی کەرکوک لەم سەردەمەدا وابەستەی ویلایەتی بەغدا بوونە بە مەبەستە سەربازیەکان و بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکارهێناوە، بەڵام هەموو جارێک ئامانجەکانیان نەپێکاوە، ئەوەتا لەم ڕووداوەی سەرەوەدا دوای ڕووبەڕووبونەوەی والی بەغدا لەگەڵ ئاوڕەحمان پاشای بابان هێزی بەغدا بەتوندی تێک شکێنراوە، تەنانەت سلیمان کەتخوادی والی بەغدا لەم شەڕەدا بەدیل گیرا٢٧ .بێگومان هێزەکانی کەرکوکیش لەم شەڕەدا زیانیان لێکەوتووە.
یەکێک لەو خاڵانەی کە پەیوەندی نێوان ویلایەتی بەغداو کەرکوکی دیاری کردووە بریتی بوو لەبەکارهێنانی خاکی کەرکوک لەلایەن والیەکانی بەغداوە بۆ کۆکردنەوەو ڕێکخستنی هیزەکانیان لە شاری ناوبراو، بەتایبەتی لە کاتی دروستبوونی مەترسییەکانی ئێران لەسەر کەرکوک و ڕاپەرینەکانی بابانەکان دژی ویلایەتی بەغدا، والیەکانی بەغدا پێڕەوی ئەم ڕێبازەیان کردووە، هەروەها هێزی کەرکوکیش چۆتە پاڵیان. لەلایەکی تر زۆربەی کات ئەو هێزانەی کە لە موسڵ و هەولێریشەوە نیردراون بۆ یارمەتی دانی والی بەغدا هەر لە کەرکوک کۆکراونەتەوە و رێکخراون، کەواتە کەرکوک لەسەردەمی مەمالیکەکاندا ڕۆڵی مەڵبەندێکی سەربازی بینیوە لە ناوچەکەدا، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە لەکاتی شەڕو شۆڕەکاندا کەرکوک زۆربەی کات پروشکی شەڕەکانی بەربکەوێت،بەبێ ئەوەی بەرژەوەندی لەم شەڕانەدا هەبێت یان ڕۆڵی هەبووبێ لە هەلگیرساندنیاندا.
جێگەی سەرنجە ئەمەی پێشتر ئاماژەمان پێدا لەزۆربەی باردا دژی کورد و بزاڤەکانی باشووری کوردستان باکارهاتووە، بەتایبەتی لەکاتی ململانێی بەغداو میرانی باباندا. ئەوەتا کاتێک لە ساڵی (١٨٠٨ز)دا پەیوەندی نیوان سلێمان پاشای بچوکی والی بەغدا و ئاوڕەحمان پاشای بابان تێکدەچێت٢٨ . والی بەغدا دوای ئەوەی بەسەرکردایەتی هێزێک لەبەغداوە بەڕێکەوت لە کەرکوک سەربازگەی دانا و ژمارەی جەنگاوەرانی گەیشتە حەوت هەزار سەرباز، پاش ئەوەی هەندێ لە هۆز و عەشایرەکانی ناوچەکەش چوونە پاڵی. هەروەها هێزی موسڵ و هەولێر و هەندێ لە میرانی بابانیش کۆمەکی والی بەغدایان کردووە . والی ناوبراو ئەم هێزانەی لە کەرکوک کۆکردنەوەو ڕێکیخستوون بۆ دەرچوون بەرەو شوێنی مەبەست، کە دواتر توانی سەرکەوتن بەسەر ئاوڕەحمان پاشای باباندا بەدەست بهێنێت لەشەڕێکدا کە لە دەربەندی بازیان لە ساڵی (١٨٠٨ز)دا ڕوویدا٢٩ .
ئەم دەسەڵاتەی ویلایەتی بەغدا بەسەر کەرکوک وایکردبوو، کە ویلایەتی کەرکوک نەتوانێ لە بەرانبەر قەوارە و میرنشینە جیاجیاکانی دەوروبەریدا سیاسەتێکی وای هەبێت کە گوزارشت لە بەرژەوەندی و دەسەڵاتی ڕاستەقینەی خۆی بکات، بەڵکو لە هەڵوێستەکانی زیاتر بەرژەوەندی و کەسایەتی ویلایەتی بەغدا ڕەنگی دەدایەوە. ئەوەتا دەسەڵاتدارانی کەرکوک ناچاربوون هێرش بکەنەسەر ویلایەتی موسڵ لەچوارچێوەی شاڵاوی والی بەغدا بۆسەر ویلایەتەکە٣٠ . لەکاتێکدا خۆیان هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ موسڵدا نەبووە، کە بێگومان ئەمەش کاریگەری خراپی لەسەر پەیوەندی نیوان کەرکوک و موسڵدا هەبووە.
جێگەی باسە بەهۆی ئەو دەسەڵاتەی کە ویلایەتی بەغدا لەسەر کەرکوک هەیبووە، بۆتە هۆی ئەوەی هەندێ جار دەسەڵاتدارانی کەرکوک هەڵوێست وەربگرن بەرانبەر ویلایەتی بەغدا و هەوڵبدەن بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ویلایەتی ناوبراو لەسەر کەرکوک. وەک ئەوەی لەساڵی (١٨١٢ز)دا جۆرێک لە هاوپەیمانی و لێک نزیک بوون لەنێوان کەرکوک و ویلایەتی موسڵ و میرنشینی باباندا دروست بوو دژی ویلایەتی بەغدا. شایەنی باسە والی بەغدا عەبدوڵڵا پاشای توتنچی دوای ئەوەی لەشەڕی کفری بەسەر ئاوڕەحمان پاشای باباندا زاڵ بوو، توانی باڵێکی ئەم هاوپەیمانێتیە تێک بشکێنێت٣١ ، دوای ئەوەی والی موسڵ لەڕێگەی بەخشینی دیاری بە والی بەغدا خۆی دەرباز کرد٣٢ . دواتر والی بەغدا ڕووی کردە کەرکوک چەندین کەسایەتی شارەکە و ئەندامانی هۆزەکانی دەستگیرکرد کە بەشداربوون لە هاوپەیمانی دژی والی بەغدا٣٣ . وادیارە مەمالیکەکانی بەغدا هەموو کات دژی دەسەڵات و فراوانخوازیەکانی بابانەکان لەناوچەی کەرکوک دەوەستانەوە، ئەمەش ڕوویدا کاتێک ئاوڕەحمان پاشای بابان لە درێژەی هەوڵەکانیدا لە ناوچەی کەرکوک توانی دۆست و لایەنگری زۆر بۆ خۆی پەیدا بکات تەنانەت دەسەڵاتی پاشای بابان لەناوجەی کەرکوکدا لە هاوکاری و هاوپەیمانی لەگەڵ هۆزو عەشایرەکانیناوچەکەدا تێپەڕی کردوو توانی لەگەڵ ژمارەیەک لە کاربەدەستانی کەرکوک هاوپەیمانی و هاوکاری دروست بکات بۆ دژایەتیکردنی دەسەڵاتی والی بەغدا لەدەڤەری کەرکوکدا. وەک دەبینین کاتێک والی بەغدا عەبدوڵڵا پاشای توتنچی لەساڵی (١٨١٢ز)دا دوای ئەوەی لەشەڕی کفری دا بەسەر پاشای باباندا زاڵبوو بڕیاریدا هاوکارو هاوپەیمانانی پاشای ناوبراو لەدەڤەری کەرکوکدا دەستگیربکات. هەربۆیە کاتێک والی بەغدا ڕووی کردە کەرکوک بینی تەواوی سەرۆکەکانی شارەکەو دەوروبەری کەرکوک و عەشایرەکان لەژێرەوە بەنهێنی هاوکار و یارمەتیدەری ئاوڕەحمان پاشای بابان بوون٣٤ . هەروەها والی بەغدا لەدرێژەی هەڵمەتی دەستگیرکردنی هاوپەیمانانی ئاورەحمان پاشای باباندا لەکەرکوک ئاڵای بیگی مەحمود بەگ و سەرۆکی هێزی یەنیچەری پێشووی بەغدا قاسم ئاغای لە شارەکەدا دەستگیرکرد. جێگەی باسە والی موسڵیش لەم هاوپەیمانیەدا بەشدار بوو، وەک پێشتر ئاماژەمان بۆ کردووە٣٥ . بێگومان بوونی ئەم جۆرە هاوپەیمانی و هاوکارییە مانای بەهێزی پەیوەندی نێوان کەرکوک و میرنشینی بابان دەگەیەنێت لەسەردەمی ئاورەحمان پاشای باباندا. بەڵام زاڵبوون و باڵادەستی ویلایەتی بەغدا بەسەر ویلایەتی شارەزوور کاریگەری خراپی بەسەر ئەم هاوپەیمانی و پەیوەندی نێوانیان هەبووە. لەلایەکی تر بوونی هاوپەیمانیەکی لەم جۆرە لەنێوان پاشای بابان و هۆزو کاربەدەستانی کەرکوک مانای فراوانی دەسەڵاتی بابانەکان دەگەیەنێت لە ناوچەی کەرکوکدا لەسەردەمی ئاورەحمان پاشای باباندا.
دیارە دەسەڵاتدارانی بەغدا تەنها لەڕوانگەی بەرژەوەندی خۆیانەوە سەیری کەرکوکیان کردووە و سەرباز و خاکی کەرکوکیان بەکارهێناوە، بۆیە هەندێ جار پەیوەندی نێوان کەرکوک و بەغدا تێکچووە، ئەمەش بەهۆی گوێنەدانی بەغدا بە بارودۆخی کەرکوک و پشتگوێ خستنی شارەکە. ئەوەتا لەسەردەمی سەعیدا پاشای والی بەغدا (١٨١٣-١٨١٦ز)، کاتێک کەرکوک بە ئاژاوەیەکی چەند مانگیدا تێپەڕی و بارودۆخی شارەکە لەوپەڕی خراپیدا بوو، سەعید پاشای والی بەغدا هیچ جۆرە هەوڵێکی نەدا بۆ چاککردنی بارودۆخی کەرکوک٣٦ . ئەمەش کاردانەوەی خراپی هەبوو لەسەر پەیوەندی نێوان کەرکوک و بەغدا، هەربۆیە لەکۆتایی فەرمانرەوایی سەعید پاشا بوو، کە دواتر ڕۆڵی کاریگەریان بینی لە یارمەتیدانی داود پاشا بۆ گەیشتنی بە دەسەڵات لە بەغدا لە ساڵی ١٨١٦٣٧. دەتوانین بڵێین پەیوەندی نێوان کەرکوک و ویلایەتی بەغدا لەسەردەمی داود پاشادا (١٨١٦-١٨٣١)لەسەر بنەمای یارمەتیدانی یەکتر دامەزرابوو، ئەمەش دەگەڕایەوە بۆ پشت  بەیەکتر بەستنی هەردوو کەرکوک و بەغدا لەم سەردەمەدا دژی میرنشینی بابان و هێرشکاری ئێرانیەکان. بەڵام لە زۆربەی کاتدا والی بەغدا کەرکوکی بۆ ئەم مەبەستە بەکاردەهێنا،باتایبەتی لەشەڕو هەرای ساڵانی (١٨١٨ و ١٨٢١ز)دا . کاتێکیش عوسمانیەکان بڕیاری لەناوبردنی مەمالیکەکانیان دا لەساڵی (١٨٣١ز)دا عەلی ڕەزا پاشا با سوپایەکی گەورەوە چووە سەر بەغدا، دوای تێکشکاندنی هێزەکانی داود پاشا و دەستگیرکردنی ویستی پاشای ناوبراو بکوژێت، بەڵام خەڵکی کەرکوک و هەندێ کەسی تر نەیان هێشت بیکوژن، هەربۆیە ئەویش داوای پاراستنی ئاسایشی لیکردن و داود پاشای نەکوشت و ڕەوانەی ئەستەمبوڵی کرد٣٨ .
دوای گەڕانەوەی دەسەلاتی ناوەندی عوسمانی بۆ بەغدا، هەرچەندە کەرکوک وەکو مەلبەندی ویلایەتی شارەزوور مایەوە، بەڵام بەغدا وەکو جاران دەسەڵاتی بەسەریدا دەڕۆیی و هەروەها بە هەمان شێوەی والیەکانی بەغدا فەرماندارێکیان بەناوی موتەسەلیم لەسەر کەرکوک دادەنا٣٩ . ئەوەتا لە ساڵی (١٨٣٥ز)دا عەلی رەزا پاشای والی بەغدا (١٨٣١-١٨٤١ز) محەمەد پاشا ئینجە بەیرەقداری کردە فەرمانڕەوایی والی بەغدا گواستیەوە بۆ موسڵ٤٠ . دیارە لەم ماوەیەشدا دەسەڵاتدارانی بەغدا چالاکی سەربازیان لە ناوچەکانی سەر بە کەرکوک نواندووە، بە تایبەتی لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەمدا کە ئەم ناوچانە رووبەڕووی چەندین کێشە و گرفتی هۆزەکان بوونەوە. لە گرنگترینیان ئەو ئەو جوڵانەوانە بوون، کەهۆزی هەمەوەند لەناوچەکە بەرپای دەکرد، هەربۆیە هێزەکانی بەغدا لەماوەی جیاجیادا شاڵاوی سەربازیان بۆ ناوچەکە هێناوە، لەوانە شاڵاوی سەردار ئەکرەم پاشا لە ساڵی (١٨٥٩ز)دا٤١ و شاڵاوی مەدحەت پاشا (١٨٦٩-١٨٧٢ز)و شاڵاوی تەقی پاشا(١٨٨٠-١٨٨٧ز) لە ساڵی (١٨٨٠ز)دا بۆسەر هۆزی هە،ەوەند٤٢ .
هاتنی لەشکری بەغدا بۆسەر ناوچەکە بۆ لێدان وسەرکوتکردنی هۆزەکان بوو، بە واتای لابردنی کێشەیەک دێت کە ویلایەتی شارەزوور خۆی دەستەوستان بووە لەبەرانبەریدا، چونکە ئەگەر لەشکری کەرکوک لەتوانایدا بوایە ئەم کێشانە چارەسەر بکات لەشکری بەغدا نەدەهاتە ناوچەکە،ئەمەش مانای پاشکۆیەتی و لاوازی کەرکوک دەگەیەنێت بۆ ویلایەتی بەغدا هەرچەندە پەیوەندی نێوانیان دۆستانە بوبێت و لەم شاڵاوانەدا هەردوولا هاوکاری یەکتربووبن. بۆیە لەم ماوەیەشدا تەرازووی پەیوەندی نێوان کەرکوک و ویلایەتی بەغدا لە بەرژەوەندی ئەمەی دواییدا بووە.
پەیوەندی نێوان ویلایەتی بەغداو کەرکوک دوای ساڵی (١٨٧٩ز) بەرەو کزی چوو، چونکە لەم ساڵەدا کەرکوک سیفاتی ویلایەتی لەی سەنرایەوە بووە سەنجەقێکی ویلایەتی موسڵ٤٣ ، بێگومان ئەمە کارێکی ئاسایی بووە کە لێرە بەدواوە ئەم ویلایەتە بەرپرس بێت لە پاراستنی ئاسایشی دەڤەری کەرکوک لەجیاتی بەغدا، بەڵام سەرەڕای ئەمەش بەهۆی بوونی هەڵگەڕانەوەی هۆزەکان لەهەردوو سەنجەقی کەرکوک و سلێمانیدا هەندێ جار والی بەغدا خۆی لە بارودۆخی سەنجەقی کەرکوک هەڵقورتاندووە، ئەوەتا تەقی پاشای والی لە ساڵی (١٨٨٠ز)دا لەکاتی سەرهەڵدانی جوڵانەوەی نێوان جاف و هەمەوەندەکان دەست لەبارودۆخەکە وەردەدات لە بەرژەوەندی جافەکان٤٤ .
هەروەها بەهۆی بوونی جوڵانەوەی هۆزەکان لە سەنجەقی کەرکوکدا هەندێ جار ڕێگاکانی نێوان کەرکوک و بەغدا تووشی نائارمی دەبوون، هەربۆیە بەرپرسانی بەغدا هەوڵیانداوە ئاسایشی ڕێگاکانی نێوان کەرکوک و بەغدا بپارێزن. ئەوەتا لەڕاپۆرتێکی بەرپرسی فەیلەقی شەشی هەمایونی لەبەغدا کەلە ساڵی (١٨٩٧ز) بەرزکراوەتەوە بۆ ئەستەمبوڵ هاتووە، کە ئەوان لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ پاراستنی ئاسایشی ڕێگەکانی نێوان کەرکوک و بەغدا٤٥ ، بێگومان ئەمەش مانای بەردەوام بوونی پەیوەندی سیاسی و سەربازی نێوان ویلایەتی بەغداو سەنجەقی کەرکوک دەگەیەنێت هەرچەندە کەرکوک ئەوکات بەشێک بوو لەویلایەتی موسڵ.
یەکێک لەو بابەتانەی لەم توێژینەوەیەدا ڕوون دەبێتەوە، ئەوەیە کە ویلایەتی شارەزوور لەژێر کاریگەری ڕووداوەکانی ناوچە بووەو نەیتوانیوە پارێزگاری لەخۆی بکات، ئەمەش وایکردووە کە ویکایەتی بەغدا وەک هێزێکی بەهێزی ناوچە دەست بخاتە کاروباریەوە لاوازی دەسەڵاتی ناوەندی عوسمانیەکان لەناوچەکەش هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی بابی عالی چاوپۆشی لەزەوتکردنی دەسەڵاتی ویلایەتی شارەزوور بپۆشێ لەلایەن ویلایەتی بەغداوە.

پەیوەندی لەگەڵ ویلایەتی موسڵ
ویلایەتی موسڵ یەکێک بوو لە ویلایەتە گرنگەکانی دراوسێی کەرکوک، ئەم ویلایەتە لەباکوور و خۆرئاوای ویلایەتی شارەزوور هەڵکەوتبوو٤٦ . لە باسکردنی پەیوەندی نێوان ویلایەتی موسڵ و کەرکوک پێویست ناکات بۆ سەردەمە بەراییەکان بگەڕێینەوە٤٧ ، بەڵام هاتنی جەلیلیەکان بۆسەر دەسەڵات لە موسڵ لەنێوان ساڵانی (١٧٢٦-١٨٣٤ز)٤٨ بووە هۆی زیاتر پەرەسەندنی پەیوەندی لەنێوان موسڵ و کەرکوکدا،ئەمە بێجگە لەوەی هاتنی جەلیلیەکان کاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوان کەرکوک و ویلایەتی بەغدا هەبووە هەروەکو لەداهاتوودا ڕوونی دەکەینەوە. شایەنی باسە یەکێک لەتەوەرەکانی پەیوەندی نێوان بنەماڵەی جەلیلیەکان لە موسڵ و کەرکوک خۆی لەوەدا دەبینیەوە کە هەندێ ئەندامانی بنەماڵەی جەلیلی بوونە فەرمانڕەوای ویلایەتی شارەزوور بۆ ماوەیەکی دیاریکراو کاروباری ئەم ویلایەتەیان بەڕێوە بردووە، لەوانە ئەمین پاشای جەلیلی و سلێمان پاشای کوڕی ئەمین پاشای جەلیلی (١٧٧١-١٧٧٥ز)، لەڕاستیدا هۆی ئەمەش دەگەڕایەوە بۆ ئەوەی کە ئەوکات پەیوەندی نێوان بابی عالی و ویلایەتی بەغدا باش نەبووە، هەربۆیە ئەستەمبوڵ بۆ دانانی سنورێک بۆ دەسەڵاتی ویلایەتی بەغدا ویستوویەتی هەردوو ویلایەتی موسڵ و شارەزوور بەکاربهێنێت٤٩ .
شایەنی باسە هەرچەندە هەردوو ویلایەتی شارەزوور و موسڵ هاوسنوور بوون لەگەڵ یەکتردا بەڵام دەتوانین بڵێین پەیوەندییەکانی نێوانیان لەزۆر کاتدا دەکەوێتە ژێر کاتێکردنی ویلایەتی بەغدا، ئەمەش بەهۆی ئەو باڵادەستیەوە بوو کە ویلایەتی بەغدا لەسەر کەرکوک هەیبوو هەروەکو پێشتر ئاماژەمان پێکرد. هەر ئەمەش دەبووە هۆی ئەوەی ویلایەتی بەغدا هەندێ جار هێزەکانی کەرکوک بەکاربهێنێت لەهێرشەکانیدا بۆسسەر ویلایەتی موسڵ. ئەوەتا والی بەغدا عەبدوڵڵا پاشای توتنچی دوای ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ ویلایەتی موسڵ تێکچوو لە ساڵی(١٨١٢ز)دا لەکاتی هێرشەکانیدا بۆسەر موسڵ کۆمەکی سەربازی لەکەرکوکیش وەرگرت٥٠ ، بۆیە دەبینین تێکچوونی پەیوەندی نێوان ویلایەتی بەغدا و موسڵ کاریگەری لەسەر کەرکوک دروستکردووە.
لەلایەکی تر هەندێ جار کەرکوک و موسڵ هاوپەیمان و هاوکاری یەکتر بوونە بۆ لێدانی دەسەڵاتی ویلایەتی بەغداو هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ویلایەتی ناوبراو لەسەر هەردوو لایان. بەڵام ئەم دوو ویلایەتە لە هەوڵەکانیاندا سەرکەوتوو نەبوون، ئەمەش لەساڵی (١٨١٢ز)دا ڕوویدا  کاتێک والی بەغدا توانی ئەم هاوپەیمانیە تێکبشکێنێت هەروەکو پێشتر لە پەیوەندی کەرکوک لەگەڵ لەگەڵ ویلایەتی بەغدائاماژەمان بۆی کردووە.
جێگەی باسە سەرچاوە مێژووییەکان تاوەکو هەڵوەشاندنەوەی ویلایەتی شارەزوور و بوونی کەرکوک بە سەنڤەقێک لە ویلایەتی موسڵ لەساڵی (١٨٧٩ز)دا هیچ ڕووداوێکی ئەوتۆمان بۆ باس ناکەن کە هەریەک لە ویلایەتی موسڵ و کەرکوکی تێدا کۆببێتەوە. بێگومان هۆی سەرەکی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ باڵادەستی ویلایەتی بەغدا بەسەر کەرکوک و تەنانەت ویلایەتی موسڵیشدا. بەڵام دوای ئەوەی لەساڵی (١٨٧٩ز)دا کەرکوک بووە سەنجەقێکی سەر بەویلایەتی موسڵ، ئیتر لەوێ بەدواوە کەرکوک نەیتوانی واک یەکەیەکی کارگێڕی سەربەخۆ پەیوەندی لەگەڵ یەکە کارگێڕیەکانی دەوروبەری دروست بکات و پەیوەندی نێوان موسڵ و کەرکوک بوو بە پەیوەندی نێوان مەڵبەندی ویلایەتێک و سەنجەقی ئەم ویلایەتە. هەر بۆیە لێرەوە بەرپرسیارێتی ئاسایشی سەنجەقی کەرکوک کەوتە ئەستۆی بەرپرسانی ویلایەتی موسڵ وەک سەنجەقێکی ئەم ویلایەتە. بەم پێیە بەرپرسانی ویلایەتی ناوبراو کەوتنە هەوڵدان بۆ ڕاگرتنی ئاسایشی سەنجەقی کەرکوک بەتایبەتی لەڕێی ڕووبەڕووبونەوەی جوڵانەوەی هۆزەکان لەم سەنجەقەدا. جێگەی بە بیرهێنانەوەیە کە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دەڤەری کەرکوک لەو سەردەمەدا لەنیوەی دووەمی سەدەی نۆدەدا بریتیە لەبوونی جوڵانەوەی هۆزەکان. لەم ڕوانگەیەوە دەبینین چەندین ڕاپۆرت لە ساڵی (١٨٨٦ز)دا لەلایەن بەرپرسانی ناوچەکە بەرزکراوەتەوە کە ئاماژە با نائارامی سەنجەقی کەرکوک دەکەن٥١ .
هەر لە ئەنجامی ئەوەدا یەکیک لە تەوەرەکانی پەیوەندی نێوان بەرپرسانی ویلایەتی موسڵ و سەنجەقی کەرکوک پیادەکردنی شێوازی لێدان و ڕووبەڕووبونەوەی ئەو بنەماڵەو هۆزانە بووە کە وویستویانە لە سەنجەقی کەرکوکدا جوڵانەوە دروست بکەن، ئەوەتا لەکاتی بەرپابوونی ئاژاوەی نێوان تاڵەبانی و بەرزنجەکان لە ساڵی (١٨٨٧ز)دا دەسەڵاتدارانی ناوچەکە چەندین کەسیان لە ئەندامانی ئەم بنەماڵانە دادگای کردو حوکمیان بەسەردا سەپاندن بەهۆی دەست هەبوونیان لە ئاژاوەکانی نێوان ئەم دوو لایەنە تۆمەتبارکردنیان بە تێکدانی ئاسایشی سەنجەقی کەرکوک٥٢ .
شایەنی باسە بارودۆخی سەنجەقی کەرکوک، پەیوەندی و کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ویلایەتی موسڵ هەبووە، هەربۆیە بەرپرسانی بابی عالی بۆ پاراستنی ئاسایشی سەنجەقی کەرکوک و تەشەنە نەکردنی ئەو بارودۆخە بەتایبەتی بۆ سەنجەقی سلێمانی هەڵسان بە گۆڕینی والی موسڵ و دانانی فەریق عەبدوڵڵا پاشای والی دیاربەکر لە ویلایەتی موسڵ لە ١٢ی نیسنی (١٨٩٦ز)دا، ئەمەش لەپێناوی نەهێشتنی جوڵانەوەکانی هەردوو سەنجەقی کەرکوک و سلێمانی ٥٣ وا دیارەلەم بارودۆخەدا یەکیک لەتەوەرە گرنگەکانی پەیوەندی نێوان سەنجەقی کەرکوک و مەڵبەندی ویلایەت بریتی بووە لە هەوڵەکانی بەرپرسانی ویلایەتی موسڵ بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەم سەنجەقە. هەربۆیە ئەو بارودۆخەی لە سەنجەقی کەرکوکدا هەبوو کاریگەری ئەوتۆی بەسەر کاربەدەستانی ویلایەت هەبووە، تەنانەت لە یەکێک لە ڕاپۆرتەکاندا پێشنیاری ئەوە کراوە کە بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی ئاسایشی ناوچەکە مەڵبەندی ویلایەتی موسڵ لە سەنجەقی موسڵەوە بگوێزرێتەوە بۆ سەنجەقی کەرکوک٥٤ . بێگومان ئەمەش لەپێناوی ئەوەدابووە تاوەکو والی خۆی لە کەرکوکدا دابنیشێت لەنزیکەوە چاودێری بارودۆخی سەنجەقەکە بکات.
یەکێکی لە تەوەری پەیوەندی نێوان بەرپرسانی ویلایەتی موسڵ و سەنجەقی کەرکوک لەم سەردەمەدا بریتی بوو لە هەوڵەکانی بەرپرسی ویلایەت بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی ئاسایشی سەنجەقی کەرکوک بە بەکارهێنانی چەندین ڕێگەی چارەسەر، لەوانە بەرپرسانی ویلایەت لا ڕاپۆرتیێکیاندا لەساڵی (ا٨٨٧ز) بۆ کۆتایی هێنان بە بزاڤ و جوڵانەوەکانی هەمەوەند دژ بە دەوڵەت، داوادەکەن هەوڵبدرێت نیشتەجێ بکرێن و  قوتابخانەیان بۆ بکرێتەوە داب و نەریتەکانیان بگۆڕدرێ بۆ ئەوەی لەم ڕێگەیەوە وا لە هەمەوەندەکان بکەن واز لەجوڵانەوەکانیان بهێنن دژی دەوڵەت.
هەروەها بەرپرسانی ویلایەتی موسڵ لەڕێگەی کارمەنەکانیان لە سەنجەقی کەرکوک توانیان لەڕێگەی (دەستەی ئاشتکردنەوە) کە لەشاری کەرکوک و سلێمانیدا دایانمەزراندبوو هەندێ لەکێشە عەشایریەکان بەڕێگەی ئاشتیانە لەجیاتی بەکارهێنانی هێز چارەسەر بکەن، لەوانە کێشەی نێوان شوان و هەمەوەندەکان، کە بەهۆی ئەم دەزگایە لە ساڵی (١٨٩٨ز)دا چارەسەرکرا٥٥ . هەربۆیە کاربەدەستانی ویلایەتی موسڵ لە چوارچێوەی سیاسەتەکانیاندا لەبەرانبەر سەنجەقی کەرکوک سیاسەتی میانڕەوی و هەندێ جار سیاسەتی بەکارهێنانی چەکیان پەیڕەو کردووە بۆ ڕاگرتنی ئاسایشی سەنجەقی کەرکوک. بێگومان هەر ئەم خاڵە سەرەکیانە تەوەرەی پەیوەندی نیوان مەڵبەندی ویلایەت و سەنجەقی کەرکوکی دیاری دەکرد.
لەچوارچێوەی ئەم توێژینەوەیەدا بۆمان دەردەکەوێت کە لەسەرەتای هاتنی عوسمانیەکان بۆ ناوچە کوردییەکان دوای شەڕی چاڵدێران، ویلایەتی شارەزوور دروستکراوە کە پایتەختەکەی گوڵعەمبەر بوو، بەڵام لە ساڵی ١٥٩٦ پایتەختی ویلایەتەکە بووە کەرکوک. لەسەرەتادا ئەم ویلایەتە لە ئەستەمبوڵەوە والی بۆ دانراوە، بەڵام بەهۆی هەوڵی میرنشینە کوردیەکان و ئیران بۆ دەستگرتن بەسەر کەرکوکدا، بابی عالی لە ئەستەمبوڵ ویلایەتی شارەزوور (کەرکوک)ی خستە ژێر دەسەڵاتی ویلایەتی بەغداوە، ئەمەش لەهەوڵێكدا بۆ ڕاگرتنی تەرازووی هێز لەناوچەکە، لێرەوە میرنشینە کوردیەکان لە بابان و  سۆرانیش هەوڵیانداوە دەست بەسەر کەرکوکدا بگرن و لەژێر دەستی والی بەغدا دەری بهێنن. کەواتە کەرکوک لەو ڕۆژگارەشدا خاڵی ململانێی نێوان ویلایەتی بەغداو میرنشینە کوردیەکان بووە.                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                           

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved