ئایەتوڵڵا
چەمک و پلەکانی بوون بە ئایەتوڵڵا
حەسەن یاسین
پێشەکی
لێکۆڵینەوە لە بابەتێکی وەک پلەبەندی لە پۆستە ئایینیەکانی نێو مەزهەبی شیعەگەرایی لە ئایینی ئیسلامدا، مەسەلەیەکە پێویستی بە دەرفەت و بوارێکی فراوانتر لە وتارێکی لێکۆڵینەوەیی راگوزەر هەیە، بەڵام ئەگەر بەکورتیش بێت، تا دەرفەت بۆ بە قووڵی شۆڕبوونەوە بە نێو ئەم باسەدا دەڕەخسێ، خراپ نییە ئەگەر بۆ چاوڕوونی خوێنەران شەن و کەوێکی تێدا بکەین .
هەردوو زاراوەی ئایەتوڵڵا و ئایەتوڵلای عوزما (مەزن) دوو پۆستی ئایینین لەنێو شیعەکانی دوازدە ئیمامیدا کە بەر لەوەی ناوی مەرجەعەکانیان بێنن ئەو دوو زاراوەیە دەخەنە بەردەم ناوەکانیان، هەر کەسێکیش لەنێو شیعەکانی دوازدە ئیمامیدا یەکێک لەو دوو پۆستەی هەبێت ئەوە شیعەکان خۆیان بۆ بەدەستهێنانی حوکمێکی شەرعی لەهەر مەسەلەیەکی دیاریکراودا پەنای بۆ دەبەن و بەپێی فەرمانەکانی ئەو ئایەتوڵڵا عوزمایە هەڵسوکەوت لەگەڵ مەسەلە دیاریکراوەکەدا دەکەن .
لەڕووی زمانەوە
زاراوەی ئایەتوڵڵا لە زمانی عەرەبیدا واتە پیتۆڵ یان چاوساغ کە مانا مەجازیەکەی واتە زانا یان دانا، لە قورئانی پیرۆزدا وشەی (ئایەت: آیـة) بە چەند مانایەک هاتووە وەک هێما، پەند، بیانوو، ڕێبەر یان ڕێنموویکردن و سەلماندن و ... هتد
خودا لە سورەتی (البقرة) ئایەتی ٢٥٩ دا دەفەرموێ: (ولنجعلک آیة للناس). هەروەها لە سورەتی (انبیا) لە ئایەتی (91) دا روو لە پێغەمبەر عیسایە و ئەو و مریەمی دایکی بە (ئایەت: پەند) بۆ خەڵک وەسف دەکات کە دەفەرموێ: (فنفخنا فیها من روحنا وجعلنا وابنها آیة للعالمین)، هەروەها لەسورەتی (مریم) لە ئایەتی (٢١) دا دەفەرموێ: (ولنجعلەو آیە للناس و رحمة منا) هەروەها دەفەرموێ: (ومن آیاتە الجوار فـی البحر کالاعلام) . هەر لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە: (ومن آیە اللیل والنهار والشمس و القمر) لەسورەتی (النجم) لەئایەتی (١٨) شدا دەفەرموێ (لقد رای من آیات ربە الکبری) کە باس لە سەرجەم و چارەنووسی فیرعەونیش دەکات دەفەرموێ : (فالیوم ننجیک ببدنک لتکون لمن خلفک آیة).
پۆستی ئایەتوڵڵا
وەک پێشتر باسمانکرد ئایەتوڵڵا هەر بەتەنیا زاراوەیەک نییە، بەڵکو پۆستێکی مەزهەبیی ئاینیشە لەنێو شیعەکانی دوازدە ئیمامیدا و ئەو زاراوەیە دەدرێتە پاڵ ناوی کەسێک کە پلەی ئیجتیهاد کردن لە (زانست)ە ئاینییەکانی بەدەستهێنابێ و توانیبێتی و بتوانێ حوکمی شەرعی لەسەر مەسەلەکان بۆ رینوێنیکردنی شیعەکانی دوازدە ئیمامی هەڵبهێجنێت.
ئەو کەسەی دەبێ بە ئایەتوڵڵا نابێ بەهیچ شێوەیەک پێچەوانەی ئەو حوکمە شەرعیانە هەڵسوکەوت بکات کە خۆی بۆ رێنویکردنی شیعەکانی دوازدە ئیمامی ڕایاندەگەیەنێت .
ئایەتوڵڵای عوزما:
وشەی عوزما ئەو کاتە دەخرێتە پاڵ وشەی لێکدراوی ئایەتوڵڵاوە کە ئەو کەسە لە ئیجتیهادکردندا گەیشتبێتە ئاستێک کە (هەموو مەرجەکانی تەقلیدکردن)ی لە خۆیدا کۆکردبێتەوە. لێرەشدا تەقلیدکردن بریتییە لە پرۆسەی پابەندبوونی هەموو یان گروپێک لە شیعەکانی دوازدە ئیمامی بە ئایەتوڵڵایەکی دیاریکراو کە وەک مەرجەعی خۆیان تەماشای دەکەن و لە هەموو مەسەلەیەکدا حوکمە شەرعییەکانی ئەو ڕەچاو دەکەن و جێبەجێیان دەکەن، واتە لە هەموو مەسەلەیەکدا خۆیان تەسلیمی حوکمە شەرعییەکانی ئەو مەرجەعە دەکەن کە پۆستی ئایەتوڵڵای هەیە بۆیە بۆتە مەرجەع .
ئایەتوڵڵا عوزما دەبێ گەیشتبێتە ئەو ئاستەی کە بتوانێ هەموو حوکمە شەرعییەکانی خۆی، کە بە (فەتوا) حسێن، لە(نامەیەکی زانستی)دا بڵاو بکاتەوە، ئەمەش ئەو هەلەی بۆ دەڕەخسێنێ کە لەسەر هەموو مەسەلەکانی خواپەرستی و مامەڵەکردنی بازرگانی و ڕۆژانە و گرێبەست و...هتد ڕاوبۆچوونی خۆی بخاتەڕوو، کە لەلای ئەو کەسانەی شیعەی دوازدە ئیمامین و بۆ ئایەتوڵڵا مەرجەعەوە پابەندن وەک ( فەتوا) تەماشای دەکرێ و مایەی جێبەجێ کردنن، نەک گفتوگۆ لەسەرکردن یان ڕەتکردنەوە .
مەرجەکانی
ئەو مەرجانەی کە پیویستە لە کەسێکدا هەبن بۆ ئەوەی ببێ بە ئایەتوڵلا، بریتین لەوەی دەبێ ئەو کەسە :
٭ پیاو بێت (واتە نێر بێت).
٭ باڵغ بووبێت .
٭ عاقڵ بێت.
٭ شیعەی دوازدە ئیمامی بێت.
٭بە پاکی لەدایک بووبێت واتە ڕەچەڵەکی بێگەرد بێت کە لێرەدا مەبەست ئەوەیە دایک و باوکی موسوڵمان بن و شیعەی دوازدە ئیمامی بن و لەوانەش گرنگتر (سەید) بن واتە لە بنەماڵەی پێغەمبەر (اهل البیت) بن .
٭ زیندوو بێت .
٭ ئازاد بێت.
٭ دادپەروەربێت .
یەکەمین ئایەتوڵڵا
دەڵێن یەکەمین کەسێک پلەی ئایەتوڵڵای بەدەستهێنا بێت زانا (حەسەن بن یوسف بن موتەههەر ئەلحللی) بوو کە بە ( العلامة الحلی) ناسراوە و یەکەمین کەسیش کە بۆتە ئایەتوڵڵا عوزما سەید (بەحرو لعلوم) بووە .
چۆن دەبی بە ئایەتوڵڵا
کەسێکی شیعەی دوازدە ئیمامی دەچێتە (حەوزەی عیلمی) ی نەجەف یان (قوم)و دەست بە خوێندن دەکات. بەچەند قۆناغێکدا تێپەڕ دەبێت کە هەر قۆناغێک نازناوی خۆی هەیە و هەرچەندێکی لە خوێندندا بەرەو سەرهەڵکشێت بەو ئاستەیش پلەکەی بەرز دەبێتەوە تا دەگاتە لوتکە کە ئایەتوڵڵا عوزمایە. لە پلەی یەکەم ئەو بابەتانە دەخوێنێت کە پێی دەڵێن (سطح المقدماف) و ئەو کەسە پێی دەگوترێت (طالب) واتە خوێندکار یان قوتابی، هەروەها (مبتدأ)یشی پێدەڵێن واتە دەستپێکەر. کە چووە سەر بابەتەکانی (سطح المتوسط) ئەوا پێی دەگورێت (ثقة الأسلام) واتە جێگە بڕوای ئیسلام. پاش ئەوەی چووە قۆناغی خوێندنی ئەو بابەتانەی کە پێیان دەگوترێ: (سطح الخارج)و بە تەواوی بابەتەکانی بە سەرکەوتوویی خوێند ئەوا پێی دەگورێ (حجة الأسلام). پاش ئەوە زیاتر لە مەسەلە شەرعییەکان نزیک دەبێتەوە و دەگاتە ئەو ئاستەی بتوانێ ئیجتیهادیان تێدا بکات و کە ئیجازەی ئیجتیهادکردنی تێدا وەرگرت ئەوکاتە پلە و نازناوی ئایەتوڵڵای پێدەخشرێت. کاتێ کە دەست دەکات بەوەی لە ئەڵقەکانی وانە وتنەوەدا پرۆسەی ئیجتیهادکردن جێبەجێ بکات و ئەو مەسەلانەی کە پێویستیان بە حوکمی شەرعی هەیە تێیاندا قوڵببێتەوە و ڕای خۆی لە بارەیانەوە بەیان بکات ئەو کاتە دەبێتە ئایەتوڵڵای عوزما. ئایەتوڵڵای عوزما، پاش ئەوەی لایەنگرانێکی زۆر بۆ راو حوکمە شەرعیەکانی خۆی لەنێو شیعەکانی دوازدە ئیمامیدا پەیدا دەکات و بازنەی ئەو کەسانەی تەقلیدی ئەو دەکەن و بە حوکمە شەرعیەکانیەوە پابەند دەبن بەرفراوان دەکات و جەماوەرێکی دیاریکراوی شیعەی دوازدە ئیمامی لە دەوری رایەکانی کۆدەبنەوە ئەوکاتە ئەو ئایەتوڵڵا عوزمایە دەبێ بە مەرجەع و تا دەمرێت لەو پۆستەدا دەمێنێتەوە.
سەرچاوەکان:
١- قورئانی پیرۆز.
٢- لویس معلوف، المجند، ط٣، سنة ١٩٥٣، المطبعة الكاثوليكية، بیروت، ص 20 .
٣- الشيخ محمد حسين المظفري، تاريخ الشيعة، منشورات مكتبة بصرتي، قم (أيران) ساڵی چاپی بەسەرەوە نییە.
بابەتی زیاتر