من سەرپەرشتیی هەموو بەرەكانی شەڕەكەم دەكرد‌ حكومەت هەموو ڕۆژێك لە قولەكانی لای خۆمەوه هێرشی دەهێنا. پێشمەرگەش باشترین بەرگریی دەكرد. بڕوا بكەن لە مێژووی كورددا وێنەی نەبوو. ڕۆژێك هێزێكی گەورەی حكومەت لە دۆڵەڕووتەوە بە هەموو توانای خۆیەوە، هەر لە تەیارەی پیلاتوز و دەبابە هەتا جاش و جەیشەكەی هێرشی هێنا بۆ كەلكی قەیوان، مەیدانەكەش زۆر گەورە نەبوو، تیپی 31ی لێبوو. هەڤاڵ هەڵۆی ئەحمەد كوردە سەرتیپیان بوو. لەكاتی هێرشەكەدا ئەم پێشمەرگانە لە سەنگەرەكەدا بوون:

1- هەڵۆی ئەحمەد كورده، ‌سەرتیپ
2- عەبە ڕەق، فەرماندەی كەرت
3- ئازاد سابیر، جێگری فەرماندەی كەر‌ت
4- مەلا عەتار، فەرماندەی كەرتی 1
5- شەهاب، فەرماندەی كەرتی 1
6- وەستا كەمال، فەرماندەی كەرتی 3
7- جەمال حەمە كەریم، فەرماندەی كەرتی 4، شەهید بوو
8- حەمەزیاد، فەرماندەی كەرتی 5
9- مامە سەعە، فەرماندەی كەرتی 6
10- وەستا لەتیف، فەرماندەی كەرتی تیپ، دووەم ڕۆژ شەهید بوو

لەكاتی دەستپێكردنی شەڕەكەدا بێسیمێكی هۆكی تۆكیم پێبوو، هەڵۆش لە خوارەوە بوو. هەڵۆ هات و هەرووكمان سەركەوتین بۆ لای پێشمەرگەكان. ئەو پێش من چووە‌ لای پێشمەرگەكان. ڕێك كەوتین من لە خوار ئەوانەوەبم. شەڕ گەرم بوو. هەتاكو ئەوكاتە‌ شەڕم زۆر بینی بوو و بەشدارییم تێدا كردبوو، بەڵام شەڕی وەك ئەوەی كەلكی قەیوانم نەبینیبوو. كەلكی قەیوان چەند سەد مەترێكە و زیاتر نییە‌، ئەو جێگەیەی شەڕەكەی تێدابوو، هێرش لەسەر هێرشیان بۆ دەكرد، بەڵام دەشكان. وا ڕێك كەوت بێسیمەكەم كردەوە. لەگەڵ ئەفسەرێك ڕەبت بوو، گوێم لە قسەكانی ئەفسەرەكە بوو، قسەی بۆ پلەدارێكی لەخۆی گەورەتر دەكرد. ئەفسەرەكە بۆ ئەوەی خۆی بكات بە پاڵەوان، دەیوت سەیدی وا نزیك بووینەوه و شكاندمانن، كە گوێم لەم قسانەی بوو چوومە‌ سەر خەتەكەی و وتم درۆ دەكەیت. ئەگەر ڕاست دەكەیت، سەرت بەرزبكەرەوە، ئێمە لە جێگەی خۆمانین و هیچ شوێنێكتان نەگرتووە. وام لێكرد ڕووخاندم، هەرواش بوو و درۆی دەكرد. كۆتایی شەڕەكە ئێوارە سەرباز و جاش شكان، بەره و خوارەوەی دۆڵەڕووت هەڵاتن و شۆڕ بوونەوە.
من ئێوارە شتێكم نووسی بۆ ڕادیۆی گەلی كوردستان. لەبیرمە چیم نووسی، ئێوارەش ڕادیۆكە بڵاوی كردەوە و هێز و توانایەكی تری بە خەڵكی و پێشمەرگه‌دا. بەم شێوەیە بوو:
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، جارێكی تر پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان پەیمانیان تازە كردەوە لە شاخی قەیوان، كە نەهێڵن دوژمن وڵاتەكەمان داگیربكات، پێشمەرگەكانی قەیوان بڕیاریانداوە ئەگەر شاخی قەیوان بگوێزیتەوە، ئەمان لەجێگەی خۆیان بمێننەوە و شەهیدبن و سەنگەرەكان چۆڵ نەكەن. پەیمان به ‌خوێنی شەهیدان دەدەن بەردەوام بن و دوژمن بشكێنن.
دوای ئەوەش ڕۆژانی تر چەند جارێك هێرشیان هێنا و بە شكاوی گەڕانەوە. دیارە لە بەرەكانی تریش شەڕ هەر بەردەوام بوو. من ماوەی مانگێك لەوێ بووم. تاكو لەوێش بووم، بڕوا بكەن تاقە سەنگەرێكمان نەگیرا. جگە لەوكەسانەی لەپێشەوە ناوم هێنان، ئەم هەڤاڵانەش لەوێ بوون هەركەس بە پلەی خۆی.

1- جەمال ئەبو شوارب، جێگری كەرت
2- تایەر چاوشین دەرمیانەیی، جێگری كەرت
3- فایەق چاوشین، جێگری كەرتی 5
4- تایەری حاجی سەعید، جێگری كەرتی 6
5- عەلی چەلەبی، جێگری كەرتی تیپ
6- ڕۆستەم قولەرەیسی، فەرماندەی مەفرەزە
7- دلاوەری حاجی عوسمان پێنجوێنی، فەرماندەی مەفرەزە
8- ئیبراهیم، فەرماندەی مەفرەزە، شەهید بوو
9- كەمال مالیە، فەرماندەی مەفرەزە
10- مەحموود بناوەسوتەیی، فەرماندەی مەفرەزە
12- جەلال، فەرماندەی مەفرەزە
كادێر‌ەكانیش ئەمانە بوون:

1- سەیوانی حەمە زڕگوێزی، بەرپرسی ڕێكخستنی تیپ بوو
2- شێخ جەمیل، بەرپرسی پۆل بوو، شەهید بوو
3- سالار عوسمان، كادێری ڕێكخستن
4- شێخ كامل، كادێری ڕێكخستن
5- شێخ سالار، كادێری ڕێكخستن
6- جەزا ئەحمەد كورده، ‌ڕابەری سیاسی بوو
7- بەرزان ئەحمەد كوردە، كادێری ڕێكخستن بوو

لە جەبهەكان شەڕ هەر بەردەوام بوو، تیپەكانی 63ی جوتیاران و 43ی ئاسۆسمان لەگەڵ بوو. دواتر عەبدولڕەحیم میرزا ڕۆستەم، كە سەرتیپ بوو، هاتە جێگەكەم. ئەم شەڕە سێ مانگ درێژەی كێشا. ئەم تیپانەش بەشداربوون لە قوڵەكەی لای منەوە:

1- تیپی 93ی كۆیه: ‌ڕەهبەری سەید ئیبراهیم سەرتیپ بوو، شەهید محەمەد شینە جێگری سەرتیپ بوو، مەولود فەرماندەی كەرت بوو.
2- تیپی 43: عوسمان شارستێنی جێگری تیپ بوو، سەرپەرشتیی دەكرد. شەهید مەحموود سێدەری فەرماندەی كەرت بوو.
3- تیپی 23ی سوورداش: جوامێر براخاس سەرتیپ بوو. حەمەی تەییب جێگری تیپ بوو.
لە گەڕەدێوە ڕۆشتین بە هانای پێشمەرگەكانەوە بۆ شاخی گۆجار. فریا نەكەوتین و پێشمەرگە شكان و هاتنەخوارەوه،‌ شەهید و برینداریان هەبوو. یەكێك لە پێشمەرگە ئازا و قارەمانەكان شەهید عەلی مەسیفی بوو، كە ئامركەرتی تیپی مەڵبەندی سێ بوو لای كاك كۆسرەت. تاكو دێی ‌كانی مێو شەهید و بریندارەكانمان هەر بە ڕاكێشان هێنایە خوارەوە بۆ ئەوەی دەستی دوژمن نەكەون.
بۆ مێژوو حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران یارمەتییەكی زۆریان داین لە هەموو ڕوویەكەوە، بەتایبەت ڕۆژی كشانەوەمان پاش ئەوەی جێگەكانمان بەجێهێشت. هێزەكانمان ئیزن دان و بڵاوەیان كرد، ئێمەش به و هیلاكییە زۆرەوە یەكمان گرتەوە، چووین بۆ لای مام جەلال، بارەگاكەی لە دێی یاخسەمەر بوو. من و كاك كۆسرەت و ڕائید جەلال ڕۆیشتین بۆ لای. كە گەیشتینە ئەوێ، چووینە‌ ژێرزەمینێكی بچوكەوە. دانیشتین و قسەی بۆ كردین، بۆ بەرزكردنەوەی ورەمان وتی ئەم شۆڕشە سەركەوتن و كشانەوەشی تێدا دەبێ. دیارە زۆریشی پێناخۆش بوو. بەڵام وتی ئێوە هەر كە دەڵێن سەنگەرەكان، دەگرین، بەڵام مانەوە و بەرگری و شەڕی بەرامبەر زەحمەتە، دەبێ زۆر باش بزانن شۆڕش هەم هێرشە و هەم بەرگریكردن، زۆری قسە بۆ كردین لەسەر گرنگیی سەنگەرلێدان بۆ خۆپاراستن لە تۆپبارانی ڕژێم. دوایین قسەی ڕووی تێكردین و وتی هەڤاڵینە ئێمە دەبێ خۆمان ئامادە بكەین بۆ هەموو ڕووداوێك. وامان دانابوو پاش كشانەوەمان لە گۆجار و جەبهەكانی تر لە نزیكی بارەگای مام جەلال لە یاخسەمەر بمێنینەوە. وتمان ڕەنگە سوپای عێراق هێرشی بەردەوام بێ بۆ سەر بارەگای مام جەلال بە حوكمی ئەوەی بارەگەكەی نزیك بوو. وتی ئێستا ئێوە چیتان پێباشە، من ئامادەم، تەنانەت ئەگەر شكانیش هەبێ. دەستم سوتاوە، جارێكی تر ناچمەوە بۆ ئێران، لام باشە بچم بۆ مەڵبەندی سێ بۆ لای كاك كۆسرەت. ئێمەش ڕەئیەكەیمان هەر زۆر پێباش بوو، لە قسەكانیدا هێز و توانای داینێ. دوای كۆبوونەوەكە، هەریەكەمان گەڕاینەوە بۆ شوێنەكانی خۆمان. من لەگەڵ هێزەكەمدا گەڕامەوە بۆ ناوچەی مەرگە. هەڤاڵەكانی تریش لەگەڵ هێزەكانیان بڵاوەیان لێكرد‌.
كە گەڕاینەوە، هێزەكانمان ڕێك خستەوه و كارەكانمان دابەش كرد بەسەر تیپەكانی ئەوێدا. بەهار بوو و هێشتا شوێنە كوێستانییە‌كان بەفری پێوە مابوو. پاش ماوەیەك لە سەركردایەتییەوه بروسكەیان بۆ كردین‌ بۆ ئەوەی بەرنامەی گرتنی هەندێ جێگە دابنێن. ئەوەی كە پێی ئەوترێ داستانی ڕزگاری.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved