شۆڤێنیزم 
ئامادەکرن: هاوار
 
چەمکی شۆڤێنیزم Chauvinism لە فەلسەفەی سیاسیدا، ئاماژەیە بۆ نکۆڵیکردن لە فرەڕەنگی و پلۆرالیزم. هەروەها ئاماژەیە بۆ بێ ڕەوایەتی و خۆسەپاندنی نالۆجیکی. چونکە شۆڤێنیست جەخت لەوە دەکاتەوە کە تەنیا خۆی مافی بەشداری سیاسی هەیە و هەمیشە ئەوان ڕاست و لەسەر هەقن. هەر لەو سۆنگەیەوە، زۆربەی جار شۆڤێنیزم بەو کەسانە دەگوترێت کە لە نەتەوەپەرستیدا زێدەڕۆیی دەکەن و پەڕگرن، هەروەها ڕوانینێکی لەسەرەوە بۆ خوارەوە یان لە گەورەوە بۆ بچووکیان بۆ نەتەوەکانی تر هەیە.
شۆڤێنیست ئەو کەسەیە لە بیروباوەڕ و تێڕوانینەکانیدا پەڕگر و زێدەڕەوە، هەروەها نەتەوە و ڕەگەز و وڵاتی خۆی لەسەرووتری گەل و نەتەوەی تر دەزانێت بەبێ ئەوەی دان بە مافی کەسانی تردا بنێت. شۆڤێنیزم-یش بەو کەسانە دەگوترێت، کە پێکەوە وڵات و ڕەگەز و نەتەوەی خۆیان بە سەرووتر لە نەتەوە و ڕەگەز و وڵاتی تر دەزانن.
تایبەتمەندی ئاشکرای شۆڤێنیزمەکان ئەوەیە، پشت بە هەست و سۆزی تایبەتی خۆیان دەبەستن و لۆجیک و بەڵگەی ژیرانە پشتگوێ دەخەن. واتە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕەهەندە زانستییەکان لەمەڕ گەل و نەتەوە و ئایین و ڕەگەز، شۆڤێنیزم خۆی بە لەسەرووتر و بەرزتر و بێگەردتر دەزانێت. هەروەها نکۆڵی لە هەڵە و کەموکورتی خۆی دەکات و بەوجۆرە ڕەوایەتی دەداتە کردەوەکانی خۆی و هەموو جۆرە کردەیەکی سەربازی و کوشتن و پاکتاوی ڕەگەزی و پەراوێزخستن و پێشێلکردنی مافی ئەوانی تر پاساو دەداتەوە.
لە ڕووی مێژووییەوە، ئەم چەمکە لەناو سوپای ناپلیۆن پۆناپەرتدا هاتەئاراوە. ناونانەکە لە ئەفسەرێکی سوپای ناپلیۆنەوە کەوتەوە بە ناوی نیکۆلا شۆڤێن، کە زۆر کوێرانە و توندڕەوانە پەیڕەوی لە ناپلیۆن و داگیرکارییەکانی دەکرد. هەروەها گەلی فەرەنسای بە سەرووتر و ژیرتر و پاکتر و پیرۆزتر لە گەلەکانی تر دەزانی و گاڵتەی پێ دەکردن. لەکاتی داگیرکردنی شوێنەکاندا، سوکایەتی بەو خەڵکانە دەکرد کە بە زمانی جیاواز قسەیان دەکرد و جلی نەتەوەیی خۆیان دەپۆشی. دواتر بەو کەسانەی نەتەوە و گەل و وڵات و ئایینی خۆیان بە سەرووتر دەزانی و نەتەوە و ئایین و خەڵکی تریشیان لە خۆیان بە نزمتر و بچووکتر دەبینی، دەگوترا شۆڤێن-ییەکان یان ئەوانەی وەک شۆڤێن وان. پاشان ئەم چەمکە زیاتر بڵاوبووەوە و چووە ناو نەریتی سیاسی و فەلسەفەوە.
شۆڤێنیزم لە چەند بوار و ئاستێکدا دەردەکەوێت و بەو شێوەیە، جۆرەکانی شۆڤێنیزم دێنەئاراوە. بەشێوەیەکی گشتی لە ئاستی سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتیدا شۆڤێنیزم دەستنیشان دەکرێت.
ئەو کەسانەی گەل و نەتەوەی خۆیان بە سەرووتر و بەرزتر لە نەتەوەکانی تر دەزانن. ئەم جۆرەیان بەربڵاوتر و بەرچاوترە لە جۆرەکانی تر. هەروەها لەمێژوودا، دەسەڵاتدار و حکومەتە شۆڤێنییەکان کارەسات و جینوسایدی گەورەیان کردووە. ئاشکراترین نموونە، حکومەت و دەسەڵاتدارەکانی دەوروبەری کوردستانن. حکومەتی شۆڤێنی بەعس لە عیراق، لەبەرئەوەی نەتەوەی عەرەبی بە بەرزتر و پاکتر دەزانی، هەوڵی دەدا نەتەوەی کورد بسڕێتەوە. ئەنفال و کیمیاباران و جینۆسایدی کوردیش هەر لەو سۆنگەیەوە بوو.
ئەو کەسانەی ئایین و بیروباوەڕی خۆیان بە ڕاستتر و پیرۆزتر لەوانی تر دەزانن. بە درێژایی مێژوو، زۆربەی ئایینەکان خۆیان بە ڕاستتر و پیرۆزتر زانیوە بەڵام لە چەند قۆناغێکدا ئەو شۆڤێنییە ئاینییە کارەساتی گەورەی لێکەوتووەتەوە. شەڕی کاسۆلیک و پرۆتستانت لە ئەوروپا و شەڕی شیعە و سوننە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی ئیسلام و هیندۆس لە هیندستان و هتد، ئەو شەڕانەن بە هۆی شۆڤێنیزم لە ئاییندا کەوتوونەتەوە. هەروەها مۆدێلێکی نوێی شۆڤێنیزمی ئایینی بریتییە لە گروپە تیرۆریستییە ئایینییەکان، کە دەیانەوێت ئایین و مەزهەبی خۆیان بسەپێنن.
ئەو کەسانەی ڕەگەزی خۆیان بە ڕەگەزی بەهێزتر و ژیرتر دەزانن. ئەمجۆرەیان زیاتر بە شۆڤێنیزمی کۆمەڵایەتی بەناوبانگە. زۆرجار پیاوان لە کایەی سیاسی و ئابووری و بڕیارە هەستیارەکاندا، خۆیان بە ژیرتر و بەهێزتر لە ژنان زانیوە. ئەمەش وایکردووە ژنان پەراوێز بخرێن و مافەکانیان زەوت بکرێت. هەر لەم ڕوانگەیەوە، شۆڤێنیزمی پیاوان بەرامبەر بە ژنان سەرهەڵدەدات چونکە ئەو جۆرە پیاوانە، ڕەگەزی خۆیان لەپێشتر و سەرکەوتووتر و ژیرتر لە ڕەگەزی بەرامبەر دەزانن. لەلایەکی تریشەوە، پیاوانی شۆڤێنیست ژنان تەنیا وەک کاڵایەکی سێکسی دەبینن و ئەمەش دەستدرێژی و ستەمی کۆمەڵایەتی زۆری لێ دەکەوێتەوە.
بەشێوەیەکی گشتی شۆڤێنیزم لە کۆمەڵگە هەژار و داوکەوتووەکان یان ئەو کۆمەڵگەیانەی ئایین تێیدا لە بڕەودایە، گەشە دەکات. هەروەها شۆڤێنیزم خۆشی دواکەوتوویی و چەقبەستوویی بەرهەم دەهێنێتەوە. چونکە ڕێ لە گەشەکردنی زانست و ڕەخنە و پێشکەوتن دەگرێت. لە کایەی سیاسیدا، شۆڤێنیزم کۆمەڵگە و پەیوەندییە سیاسییەکان دەخاتە قەیرانەوە و گۆشەگیری سیاسی لێ دەکەوێتەوە.
لە بواری ئەدەب و هونەر و ڕاگەیاندنیشدا، شۆڤێنیزم جۆرە باوەڕێکی سواو بەرهەمدەهێنێتەوە. وەک ئەوەی هەندێک نەتەوە زمانی خۆیان بە زمانی بێگەر و باڵا و شیعر و هەڵبەستی خۆیان بە باشترین هەڵبەستی جیهان ئەژمار دەکەن. هەروەها لەو کۆمەڵگەیانەی شۆڤێنیزم بڕەوی هەیە و شەپۆل دەدات، خوێن و لێکدانەوەی مێژوو بە ئاراستە و ڕەوتی نالەباردا دەڕوات. شۆڤێنیستەکان مێژوویەکی پڕ لەپاڵەوانی و لێهاتوویی بۆ خۆیان دەنووسنەوە. بەڵام کاتێک ئەو مێژووە بەراورد دەکرێت بە واقعی هەنووکەیی کۆمەڵگەکە، زۆر ناتەبا و لاسەنگ دەبێت.
بیروباوەڕی شۆڤێنیزم ئەگەر لە هەر کۆمەڵگەیەکدا باڵادەست بێت، ململانێی زانستی و کۆمەڵایەتی و سیاسی شکست دەهێنێت و کۆمەڵگە چەق دەبەستێت. ئەوەش وا دەکات هاووڵاتی و دانیشتووانی کۆمەڵگەکە ماندوو ببن و وردە وردە شیرازەی کۆمەڵایەتی و سیاسی بشێوێت.
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved