جینۆسایدی گەلی کورد
لەبەر ڕۆشنایی یاسای تازەی نێودەوڵەتی
ناوی کتێب جینۆسایدی گەلی کورد ئەم کتێبە لە نوسینی دکتۆر (مارف عومەر گوڵ)ەکە لە ساڵی ٢٠٢٢ چاپکراوە ، وە لە شەش چاپ پێکدێت ،چاپی سێیەمی ئەم کتێبە (مەکتەبی بیروهۆشیاری) لە ساڵی ٢٠٠٦ بە چاپی گەیاندووە ،ئێمە لێرەدا چاپی شەشەمی ئەم کتێبە ئەناسێنین هەروەها باس لە ناوەڕۆک و گرنگیەکەی ئەکەین، ئەم کتێبە بە گشتی باس لە پێشێلکردنی تەواوی مافەکانی مرۆڤ و داکۆکیکردن لە مافەکانیان و هەروەها جینۆسایدی گەلی کورد لە لایەن وڵاتانی تری وەک عێراق و تورکیا و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دەکات.
نوسەر بۆ هەر بەشێکی باسەکەی گەلێک پەراوێز و ژێدەری هێناوەتەوە کە سودی لێبینیون و بۆچون و ڕاستیەکانی لێگواستونەتەوە. تێکڕا بۆ ئەم کارە زانستیەشی کەڵکی لە ١١٦ سەرچاوەی عەرەبی و کوردی وەرگرتووە، بە کتێب و گۆڤارو ڕۆژنامەو ڕاپۆرتی پەیوەندیدار بەم بابەتەوە، بێجگە لە سود وەرگرتن لە ٤٤ سەرچاوەی ڕووسی و ٥ سەرچاوەی ئینگلیزیش.
پێشەکی چاپی چوارەم
چاپی چوارەم لە کاتێکدا دەکەوێتە بەردەست چەند گۆڕانکاریەک لە عێراقدا ڕوویان داوە کە پەیوەندیدارن بە بابەتەکانی ئەم کتێبەوە.
وتەیەک بۆ چاپی سێیەم
ئەم چاپی سێیەمە لە کاتێکدا کە سەدام حوسێن و ژمارەیەک لە سەرانی پێشووی عێراق لە دادگادا دادگایی دەکرێن و یەکەم سەرۆکی دادگاکەش (ڕزگار محەمەد ئەمین) حاکمێکی کورد بوو.
پێشەکی چاپی دووەم
لە چەندین گفتوگۆو سیمیناردا بە فراوانی باسی تاوانی جینۆسایدم کردووە. بەڵام لە ساڵی (١٩٩٧) بەهۆی یانەی کوردی (میدیا)وە لە ئەمستردامی هۆڵەندا ئەو لێکۆڵینەوەیە (ئەم کتێبە) بۆ یەکەم جار چاپ کراوە.
پێشەکی چاپی یەکەم
جینۆساید لەبەر ئەوەی تاوانێکی نێو نەیەوەییە و ئەنجامی ترسناکی هەیە،بۆیە لە یاسای تازەی نێودەوڵەتاندا بە پەیماننامەیەکی تایبەت و گەلێ بەڵگەنامەی تر قەدەغە کراوە.
لە بەشی یەکەمی ئەم کتێبەدا باس لە چەمکی جینۆساید وەکو تاوانێکی دڕندانە لە دژی مرۆڤایەتی دەکات.
لەبەر ئەوەی ئەم تاوانە پێشێل کردنێکی تەواوی مافی مرۆڤە، بە تایبەتیش زۆر ترسناکانە لە دژی مافی ژیانە و تێکدەری ئاشتی و ئاسایشی نێونەتەوەییە،بۆیە بڕیاری ئەوەی لەسەر دراوە کە تاوانێکی دڕندانەیە لە دژی مرۆڤایەتی تاوانی دژی مرۆڤایەتیش هاوشانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژی ئاشتی بە تاوانی نێونەتەوەیی دەژمێرێت.شایەنی باسە کە بنەماکانی مەحکومکردنی جینۆساید وەک و تاوانێکی دڕندانە لە دژی مرۆڤایەتی خەسڵەتێکی باڵایان هەیە ( Congens imperative Jus ) هەر بۆیە بەسەر ئەو وڵاتانەشدا دەکرێتە مەرج (دەسەپێنرێ) کە بەشداریش نین لە پەیماننامەی ١٩٤٨ی قەدەغە کردنی جینۆساید.
لە لاپەڕە ٢٧ ئەم کتێبەدا باس لەوە دەکات کە جینۆساید تەنیا فەوتاندنی فیزیکی کۆمەڵە خەڵکێکی نەتەوەیی، ئێتنیکی، ڕەگەزی یا ئاینی نییە بەڵکو چەند جۆرێکە :١ - جینۆسایدی فیزیکی (بەدەنی) ،٢ -جینۆسایدی بیلۆژی، ٣ - جینۆسایدی کەلتوری، ٤ - جینۆسایدی ئابووری. لە کتێبەکەدا بەوردی باس لە جۆرەکانی کراوە.
جینۆساید تاوانێکی دڕندانەیە لە دژی مرۆڤایەتی، پرنسیپە سەرەکییەکانی یاسای نێودەوڵەتان پێشێل دەکات و هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایشی نێونەتەوەیی دەکات، ئەو چارەسەرانەش کە لە پەیماننامەی ١٩٤٨دا دانراون لە دژی جینۆساید،تاوەکو ئێستاش بە بێهێزی ماوەتەوە، بۆیە پێویستە بنەمای نێونەتەوەیی دیکە بهێنرێتە کایەوە لە دژی جینۆساید.
دێینە سەر بەشی دووەم کە باس لە سیاسەتی جینۆساید لە سەرانسەری کوردستاندا دەکات.
لە چوارچێوەی وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستاندا عێراق، ئێران، تورکیا، سوریا، مەسەلەی کورد هەتا ئێستا چارەسەر نەکراوە گەلی کورد بە دابەشکراوی بەر شاڵاوی دڕندانەی قڕکردنێکی سەراپاگیری کەوتووە. چارەسەر نەکردنی مەسەلەی کورد گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی کە خاکی کوردستان لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئابووریەوە لە ژێر چەوسانەوەیەکی کۆڵۆنیالیانەدا لە ئاستێکی زۆر نزمدایە ئەوەش نێگەتیڤانە کار دەکاتە سەر پرۆسەی یەکێتی نەتەوەیی گەلی کورد و کاریگەرێتی خەباتی سیاسی لە پێناو مافە نەتەوەییەکاندا.
دەبێ ئاگاداری فاکتی پراکتیک کردنی تاوانی جینۆساید ببەن لە سەرانسەری کوردستاندا، ئەم بەشەی باسەکەشمان خستنە ڕووی جۆری ئەو تاوانانەیە لە ڕووی مێژووییەوە تا بتوانین لەسەر ئەو بناغەیە بگەینە ئەو ئەنجامەی کە جینۆساید بە هەموو جۆرەکانیەوە لە دژی گەلی کورد پراکتیک دەکرێ.لێرەدا جۆری ئەو فاکتانە ئەخەینە ڕوو کە نوسەر لە کتێبەکەیدا بە دوروو درێژی باسی کردووە:
فاکتی تاوانی جینۆساید لە باشووری کوردستان
هەر لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە لە ساڵی (١٩٢١) پاش لکاندنی خواروی کوردستان پێوەی کێشەی کورد بەردەوام کێشەی سەرەکی عێراق بووە، لە لاپەڕە ٣٩ی کتێبەکەدا نوسەر بە وردی باسی لە ڕووداوی هەموو ساڵەکان کردووە، هەوڵ دەدات تابلۆیەکی دیاری ئەو تاوانانە بخاتە ڕوو.
فاکتی تاوانی جینۆساید لە باکوری کوردستان
لەو میللەتانەی کە لە خوارووی ڕۆژئاوای ئاسیا دەژین، کورد کۆنترین میللەتی ئەو ناوچەیەیە، هەروەکو ڕۆژهەڵاتناس م.س.لازەریف دیاری کردووە دەرکەوتنی کورد لەو ناوچانەدا لە پێش تورک و عەرەبەوەیە هەر بۆیەش کورد بەشێکە لە ڕوداوە جەنگی و سیاسی و کەلتوورییەکانی ناو ئیمپراتۆری و حکوومەتە تازەکانی ئەو ناوچەیە.
فاکتی تاوانی جینۆساید لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
لە کوردستانی بن دەستی ئێراندا، گەلی کورد مافی نەتەوەیی لێ قەدەغە کراوە و بەرشاڵاوی سیاسەتێکی کۆڵۆنیالیانە کەوتووە.جۆری ئەو تاوانانەی ئەنجام دەدرێن. لێرەش وەکو لە بەشەکانی تری کوردستان کوشتن،گرتن،ڕاگواستن قەدەغەکردنی کەلتووری نەتەوەیی، سەرکوتکردنی بزوتنەوەی ڕزگاری نەتەوەیی گەلی کورد پەیڕەو دەکرێ.
فاکتی تاوانی جینۆساید لە ڕۆژئاوای کوردستان
گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان لە چەوسانەوەیەکی نەتەوەیی بەردەوام دایە. جۆری سیاسەتی ڕژێمی سوریا جیاوازە لەگەل سیاسەتی وڵاتە داگیرکەرەکانی تری کوردستان. لە ڕۆژئاوای کوردستان نە بزوتنەوەی چەکداری هەیە و نە شەڕیش هەیە. بۆیە جێبەجێ کردنی سیاسەتی جینۆساید لەم بەشەی کوردستاندا میتۆدو نەخشەی جیاوازی گرتۆتەخۆ.
بەشی سێیەمی ئەم کتێبە باس لە مافی گەلی کورد لە داکۆکیی نێونەتەوەیی لە دژی جینۆساید دەکات
بەگوێرەی ئەو فاکتانەی لە بەشی دووەمدا پێشکەشمان کرد، بە راشکاوی دەڵێین، وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان (عێراق، ئێران، تورکیا و سوریا) تاوانی جینۆساید لە دژی گەلی کورد ئەنجام دەدەن کەواتە گەلی کورد جێگەی جێبەجێ کردنی تاواناکەیە، بۆیە دەبێتە بابەتی تاوانی نێونەتەوەیی.
سیاسەتی وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان بریتییە لە:بەکۆمەڵ قڕکردنی مەدەنی، فەوتاندنی نەتەوەیی، کەلتووری و ئابووری،جگە لەوەش تاوانی (ئێکۆساید) واتە وێرانکردنی ئێکۆلۆژیا -ئەنجام دەدرێ.
کاتێک لە بەرپرسیارێتی نێونەتەوەیی دەوڵەت دەدوێین پێویستە پرنسیپە سەرەکییەکانی ئەم ئینستیونە دیاری بکەین، چونکە چۆنیەتی سروشتی یاسایی پیشان دەدات و سیستمێکی گشتی بەرجەستە کردنی دیاری دەکات، مەبەست لەو پرسنپانەش ئەمانەن کە لێرەدا دەتوانین تەنیا جۆری پرنسپەکان دیاری بکەین کە لەلاپەڕە (١٥٥) کتێبەکەدا باس لە هەموو جۆرەکانی کراوە: (١- پرنسپی لەیەكچوونی بنچینەی بەرپرسیارێتی، ٢- پرنسپی لەت بوونی بەرپرسیارێتی، ٣- پرنسپی دابەشبوونی بەرپرسیارێتی، ٤- پرنسپی هاوئاهەنگی (التناسیبة)، ٤- پرنسپی لەیەکچوونی ئامرازی دادگایی کردن (وسائل المرافعة) لە جێبەجێ کردنی بەرپرسیاریەتی دەوڵەتدا).
ئەوەی ڕاستی و بەڵگەنامەی جیهانی بە مرۆڤایەتی ڕەوا بینیوە، لە دژی تاوانی نێونەتەوەیی ئێمە هەوڵمان داوە لایەنە ڕوونەکانی بخەینە ڕوو بۆ ئەوەی حوکمی یاسایی نێودەوڵەتان لەو بارەیەوە لە ئاستی میلەتێکی ژێرپێ خراوی وەکو کوردا روون بکەینەوە، بەڵام میکانیزمی جێبەجێ کردنی ئەو حوکمانە، زۆر جار لە پێناوی بەرژەوەندی و سیاسەتی جیهانیدا پێچەوانە دەکرێتەوە، ئالێرەوە بە پلەی یەکەم ئەرکی گەورە دەکەوێتە سەر گەلی کورد لە ئیسپاتکردنی واقیعی ژیانی خۆی.