فهرمانده، لیوا بهكر گردەسۆری
ڕژێمی بەعسی دیكتاتۆری، ههمیشه ئارهزووی له تووندووتیژیی و چهوسانهوهی خهڵك دهكرد و تاقەتی له كوشتار و كاولكاریی و زۆرداری نهدهچوو! لهناو شاری ههولێردا ھێزێكی تێكەڵ "قوة مشتركة" لە ئەمن و ئیستیخباراتی خاص "تكریتییەكان" و چەند مەفرەزە خاصەیەك بەئامادەیی جاشەكان دروستكرد..
ئامانجی ھێزەكە بۆ ڕاگرتن و دانانی سنوور بۆ جموجۆڵی پێشمەرگە و ڕێكخستنە نھێنییەكان و گرتن و كپ كردنی خەڵكی شاری ھەولێر و دەوروبەری بوو، بەردەوام ئەم ھێزە له چهندین شوێنهوه بەناوشاردا دەسوڕانەوە بۆ شوێنكەوتن و شوێن بزركردنی ھەركەسێك كە گومانی وجودی كوردایەتیان لێ بكردایە.
تیپی (٨٧)ی قەرەچوغ و چەند كەرتێكی تیپی (٨٦)ی دەشتی ھەولێر وەك ھەموو جارەكان بەھاوكاری ڕێكخستنە نھێنییەكان. له ناوەڕاستی مانگی (٩)ی ساڵی (١٩٨٥) بەرنامەڕێژی كرد بۆ لێدان و سەركوتكردنی "قوة مشتركة" بەسەرپەرشتی كاك سەفینی مەلاقەرە، سەرتیپی تیپی (٨٧)ی قەرەچوغ.
سەرەتا بۆ ڕاكێشانی سەرنجی "قوة مشتركة"ی دوژمن، بازگەی مهخمور- ھەولێر، لە ماجیداوا دەستنیشانكرا، بەدرێژایی جادەكەش ھێزی تۆڵەسێنی پێشمەرگە كەمینێكی تۆكمەیان دانا، بەئامانجی ئەوەی لەكاتی لێدان لە بازگەكە و ھاتنی ھێزەكە، دەفتەر ئهعمالیان دەربێنین و حەق و حسابی پێویستیان لەگەڵدا بكەین.
شەھید "ڕێباز" سەرپەرشتی (٤٠) بۆ (٥٠) پێشمەرگەی دەكرد لە جادەی كەركوك - ھەولێر، بۆ ئەمنییەتی ھێزەكە و تەئمینی ڕێگاكە لەكاتی گەڕانەوەمان لە دوای چالاكییەكە، لە ئەگەری ھاتنی ھێزی دوژمن لە ڕێگەی كەركوكەوە لە ئامادەباشی بوون.
بەندە کاتژمێری سفر و لێدانی بازگەكەم پێ سپێردرا، لەگەڵ چەند ھاوسەنگەرێك كە نزیكەی (٢٥) پێشمەرگە دەبووین، کاتژمێر نزیكدەبۆوە لە (١١)ی شەو، تەواو نزیكبووینەوە لە بازگەكە و بەڕوونی جموجۆڵیانمان دەبینی! دوای دڵنیابوونەوە لە گەیشتن و دامەزرانی تەواوی كەمینەكان لە بازگەكەماندا، دوای وەڵامدانەوەیەكی كەم ھیچ تەقەو دەنگ و ڕووناكییەك نەما.
"قوة مشتركة" ھەر زوو بەغرورییەكی زۆرەوە بەھانای بازگەكەوهھاتن، بەدرێژایی جادەی ماجیداوە كەوتنە بۆسەی ئامانجەكەمان و بۆسەی ھێزەكەمان، لێدانێكی پێشمەرگانە و مستهحهق بەھەڵسوكەوت و زۆرداریان بەركەوتن، تۆڵەی خەڵكی ھەولێر و دەوروبەرە تێكۆشەرهكەمان كردەوە.
بەزیانی برینداربوونی ھەریەك لە ھاوسەنگەرانمان "شەھید نهجات سهید عبیدی، نوری دۆڵە بەكرە، محهمهد حسێن شێروانی، عهقید توانا".
ئامانجەكەمان پێكاو خۆمان كۆكردەوە و لەكاتی گەڕانەوە ھێزێكی قوات خاصە ھەر لەناو ئۆتۆمبێلهكهیانهوه ھاوەن بارانی كردین. بەسەلامەتی نزیكبووینەوە لە گوندی گردەسۆر، كۆپتەریش بەھەڵدانی تەنویر دەیویست تۆڵەی شكاندنی ھێزەكەیان و زیان و كوشتارەكەیان بكەنەوە. خۆشبەختانە بەبێ شەھید چالاكییەكە ئەنجامدرا و سەركەوتنێكی كاریگەر بوو بۆ خەڵك و ھێزی پێشمەرگە. دانیشتوانی ئەوسای گەڕەكەكانی "كوران، حی سهدام، حهی عهسكهری، گێ مەدێ" شاھیدی ئازایەتی پێشمەرگە و شكانی "قوة مشتركة"ی ئەوێ ڕۆژێن. زیانی دوژمن ھێندە زۆربوو لە كوشتار، ھەرھەمان شەو جادەكان داخران و لەڕێگەی ئۆتومبێلی حهریقهوه شەقامەكان شۆران و پاككرانەوە.
ئەم پلان و شێوازە بوو بەنەریت لە سنووری ھەموو تیپەكان، تیپی (٢١)ی كەركوك لە كۆیە لە حهمامۆك (٢٢) ئهمنیان كوشت.
ئێستا كە یادی ئەو ڕۆژگارە دەكەینەوە بەداخەوە زۆربەی ئەو ھاوسەنگەرانەی بەشداربوون لەم چالاكییە، زۆربەیان لەقۆناغە جیاجیاكان شەھید بوون، ئەو چالاكییە و ھەموو فیداكاریی و خوێن و خەبات لەپێناو ئەوەبوو گەل بەئازادییەوە تیكە نانەكەی بخواو ژیانی ئاسایی خۆی بەڕێبكات.
بابەتی زیاتر