دەسەڵات (MAKT)
(لە هەر جێگایەک زیندەگیم بەرچاو کەوتبێ، خواستم بۆ دەسەڵات تیدا بینیووە)
فردیک نیتشە
محەمەد قەرەداخی
دەسەڵات لە وشەیەکی لاتینیەوە وەرگیراوە بەنێوی POSSE، ئەویش مانای بەتوانایی دەگرێتەوە.
دەستەڵات حەقیقەتێکی کۆمەڵایەتییە و گرنگییەکی سەرەکی لە گۆڕان و گەشەکردن و کارتێکردندا هەیە، بەشێکی هەرە زۆری مێژووی مرۆڤایەتی ململانێکردن و ناکۆکیی نێوان خاوەن دەسەڵات و بێدەستەڵات بووە. بەکارهێنانی دەستەڵات ڕۆڵێکی گرنگی لە دابینکردنی پێداویستییەکانی مرۆڤایەتیدا هەبووە، نەخۆشی، کارەسات، جەنگ نەیانتوانییوە ڕێگا لە دەستەڵاتی داهێنان بگرن . کلتوری مرۆڤایەتی لە ئەنجامی بەکار هێنانی دەسەڵاتەوە دروستبووە .
دەستەڵات: پەیوەندیکردنی کەسێک، گروپێکە لەگەڵ کەسانی دی و، گروپەکانی دیکەدا.
شێوەی پەیوەندی لەگەڵ یەکتربەستن جۆری سیستمی کۆمەڵایەتییە کە دیاری دەکات و ، لە فۆرمی جیاوازدا خۆی دەنوێنێ، بۆ نمونە دەسەڵاتی ئایدیۆلۆگی، ئابووری، ئاینیی، دەسەڵاتی پارە و پول، دەسەڵاتی شارەزایی و لێهاتووی ، دەسەڵاتی خێزان و برادەرایەتی و خۆشەویستی ، دەسەڵاتێکی فیزیکی (چاوسورکردنەوە و لیدان و کوشتن)، دەسەڵاتی شاراوە، لە ڕژێمێکدا کە تەنیا پارتێک، یاخود تاکە دکتاتۆرێک حوکمڕانی دەکا: بەکارهێنانی دەسەڵات ئیجباری کردنە، لە ڕژێمێکی دیموکراتیشدا لەسەر یاساو لێهاتوویی و شارەزاییە.
دەسەڵات لە هەر سیستمێکدا بێت، بزوێنەری پرۆسێسی ژیانەو کەم کەسیش هەیە دان بەوەدا بنێ کە ئاشقی دەسەڵاتەو بەشوێنیدا وێڵە .
پەیوەندییەکانی نێوانمان لە ململانێ کردن و بەیەکگەیشتن و گفتوگۆکردن باسکردن ئامرازێکن بۆ هێنانەدی خواستە تایبەتییەکانمان کە دەستەڵات ڕۆڵێکی گرنگی تیادەبینێ و، هەرکەسیشمان بگریت بەئاسانی دەستبەداری دەسەڵات نابێت و نایەوێت برا بەشی زۆر بێت .
بۆ باسکردن و شیکردنەوەی تەوەری دەستەڵات پەنا دەبەینە بەر بینینە سیکۆلۆگی و سۆسیال سیکۆلۆگی و سۆسیۆلۆگی (کۆمەڵناسی)یەکان .
بۆچوونی دەروونی (سیکۆلۆگی):
دەستەڵات توانابوونی گروپێک / کەسێک لە سزادانی یا خەڵاتکردنی گروپیک / کەسێکی ترە، دەسەڵات ڕۆڵی دەزگایەکی کۆنترۆڵکردنی پەیوەندییەکانی نێوانمان دەگێڕێت. بۆ نمونە لە هەڵبژاردنی هەڵسوکەوتەکانماندا ئەو هەلانەی کە هەڵیان دەبژێرین لە ژیانماندا چارەنووسمان دیاری دەکەن ، لە وڵاتێکی دیکتاتۆریدا چەندێک لە پارتی پێشڕەوەوە ، یاخود لە سەرکردەوە، نزیک بیت، ئەوەندە خەڵات وەردەگریت یاخود بە پێچەوانەوە .
گرنگی دەسەڵات لە باکارهێنانەکەیەو .
زۆربەی زۆری ڕەخنەگرەکانی ئەم سەردەمە کە سەبارەت بە دەسەڵات دەدوێن مەبەستیان بەکارهێنانەکەیەتی، کە بەهەزاران شێوەی جیاواز دەردەبڕێت ، ئەمەش لە چوار گروپدا کۆدەکرێنەوە .
١- بەکارهێنانی یاسایی و ئەخلاقیانەی دەسەڵات :
مەبەست ئەو دەسەڵاتەیە کە لەلایەن دامو دەزگاکانی کۆمەڵەوە باکاردێت لە جێبەجێکردنی ئەرکی سەرشانی خۆیان و هاوڵاتیاندا. بۆ نمونە ملکەچکردنی هاوڵاتیان بۆ کارە هەرەوەزی و هاوبەشەکان، وەک دانی باج، کەم کەس هەیە بەڕەزامەندی و دڵخۆشییەوە نیوەی موجەکەی سەرفکات لەکارە هەرەوەزییەکاندا کەلەوانەیە ڕۆژێک لەرۆژان پاداشتی بدرێتەوە . بەکارهێنانی دەستەڵات بەم شێوەیە دابینکردنی کاروبار و ڕێکخستن و دابەشکردنی دادپەروەرانەی پێداویستیەکانە بەسەر کەس و گرووپە لاوازەکاندا، وەک کۆمەککردنی پیرو پەککەوتە، گیروگرفتی کۆمەڵایەتی، نەخۆشی، بێکاری..هتد . سەمتی بەکارهێنانی ئەم دەسەڵاتە لە کەس و دەستەکانی سەرووی کۆمەڵەوە ئاڕاستەی کەس و دەستەکانی خوارتر دەکرێت .
ب- بەکارهێنانی نایاسایی و ئەخلاقییانەی دەستەڵات :
زۆربەی زۆری رواڵەتە کۆمەڵایەتییەکان، ڕاپەڕین و خۆپیشاندان و مانگرتن، هەوڵ و تێکۆشانێکە بۆ بەهێزکردنی دەستەڵاتی گرووپەکانی خوارووی کۆمەڵ. سەمتی بەکارهێنانی ئەم دەستەڵاتە لەکەس و دەستەکانی خوارەوە ئاراستەی کەس و دەستەکانی سەرووتر دەکرێت. ئەمەشە بۆتە هۆی ئەوەی کە لەڕووی یاساییەوە باناقانوونی لەقەڵەم دەدرێ و کۆسپی لەڕێگادا دادەنرێت، هەرچەندا لەرووی ئەخلاقییەوە بەکارێکی پیرۆز و ڕەوا دادەنرێت و حسابی بۆ دەکرێت. بەکارهێنانی دەستەڵات بەم جۆرە دەبێتە هۆی شێواندن و تێکدانی ئەو هاوسەنگییەی کە لەنێو پەیوەندیەکانی کۆمەڵدا پەیدا بووەو، نەک هەر لەدەوڵەتە دیکتاتۆرییەکاندا بەتوندی بەرپەرچ دەدرێتەوە، بەڵکو لە دەوڵەتە دیموکراتییەکانیشدا چەندین کۆسپی یاسایی بۆ دانراوە، لەبەکارهێنانی مافی ڕەخنەو ناڕەزایی دەربڕین و مل بۆ نەداندا بەلای کەمەوە یەک دوو ساڵی دەوێت بۆ ئەوەی بگەیتە ئەنجام.
بەکارهێنانی دەستەڵاتی شاراوەئەم جۆرە دەستەڵاتە بزوێنەری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە
کرێکارێک بەبێ ڕەزامەندی نەقابەکەی ناتوانێ خۆبەخۆ مانبگرێت لەکارەکەی. هەروەها هەر خۆپیشاندانێکێش دەبێت پێشتر مۆڵەتی لەپۆلیس بۆ وەرگیرابێت و شوێن و کاتی بۆ دیاری کردبێت و پلیس ڕێنمایی بکات (کۆمەڵێک گەنجی کورد لە سوید لەکاتی ڕەوەکەدا، بەبێ ئاگای پۆلیس و خۆبەخۆ پەلاماری باڵیۆزخانەی عێراقیان دا و ویستیان بیگرن، لەئەنجامدا هەموویان چەند هەفتەیەک گیران.)
بەکارهێنانی دەستەڵات بەم شێوەیە لەبەرژەوەندیی گرووپە بێهێزەکاندایە و، هەوڵدانێکە بۆ کارکردنە سەر گۆڕانی دەسەڵاتی باو (باڵا دەست).
ج- بەکارهێنانی نایاسایی و نائەخلاقییانەی دەستەڵات :
ئەمەیان ترسناکترین هۆکارە لەبەرپابوونی جەنگ و زۆرداری و چەوساندنەوەدا، ئیتر لەتوانای چاوسوورکردنەوەوە بگرە تا کوشتن و لێدان. سەمتی بەکارهێنانی دەستەڵات جێگای یاساو ئەخلاقیی تێدا نابێتەوەو، لەتاکە کەس و دیکتاتۆرەکانەوە ئاراستەی بەرهەڵستکاران دەکرێت بۆ دەمکوتکردنیان. بۆنمونە چەوساندنەوەی کەمایەتییەکان و هەوڵدانی تواندنەوەیان لەزۆرینەدا، ئەنجامی ئەم بەکارهێنانی دەستەڵاتە زوڵم و زۆر دێنێتە کایەوە، نەک هەەر لەئاستی کۆمەڵدا بەڵکو لەئاستی تاکەکەسیشدا، کاتێک دزێک جەردەیەک، تاوانبارێک یەکێکی دی رووت دەکاتەوە.
د- بەکارهێنانی دەستەڵاتی شاراوە:
ئەم جۆرە دەستەڵاتە بزوێنەری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە. بۆ نموونە دەستەڵاتی سەرمایە بەسەرکارکردن و بەرهەمهێنانداو، دەستەڵاتی سەرکردە بەسەر ئەندامەکانیداو، دەستەڵاتی کابرایەکی شارەزا و تێگەشتوو بەسەر نەزانێکداو، باوکێک بەسەر مناڵەکانیداو، کابرایەکی ئایینی و خواپەرست بەسەر دەوروبەرەکانیداو، ئەندامی گرووپ و رێکخراوێک بەسەر کەسێکی بێلایەنداو، دەسەڵاتی پارەو، دەستەڵاتی عورف و عادەت و، پلەو پایەی کۆمەڵایەتی و، دەسەڵاتی خزمایەتی و برادەرێتی .
دەستەڵاتی تاکە کەس:
هەرکەسێ بگریت کەئەمڕۆ خاوەنی دەسەڵاتەو دەتوانێ بڕیاڕ دەرکات و کاربکاتە ژیانی خەڵکی تر، یاخود ئەوانەی بێدەسەڵاتن، لەئاسمانەوە نەهاتوونەتە خوارەوە،ئەمانە خاوەنی رابردوویەکن کەلەکاتی لەدایکبوونەوە دەست پێدەکات، کۆمەڵێک هۆی ئاشکرا و نائاشکرا کاریان تێدەکات، بۆ نموونە:
دەستەڵاتی بوون:
تاقیکردنەوەکان سەبارەت بەجیهانی منداڵی ئەوەیان سەلماندووە کەمنداڵان هەر دوای لەدایکبوونیان بەچەند سەعاتێک لەگەڵ دەوروبەرەکەیاندا توانای دروستکردنی پەیوەندی سۆسیالییان هەیە. بۆ نموونە ووربوونەوە لە دەم و چاو، لاساییکردنەوە، ناسینەوە، یەکەمین قیژەی منداڵ، زەردەخەنە کردنی.. بریتین لەدەستەڵاتی بوونی منداڵەکەو، ئامرازێکن بۆ ئاگادارکردنەوە لەتێرکردنی پێداویستیەکانی.
گەشەکردنی ئەم دەسەڵاتەو کەسایەتی منداڵەکە پەیوەندی راستەوخۆی بەوەوە هەیە تا چ ڕادەیەک باوک و دایکەکە توانییویانە تێبگەن و پێداویستیی منداڵەکە جێبەجێ بکەن بکەن، منداڵەکە دەستەڵاتی خۆی لەرێگای خەڵاتکردن و سزادانەوە دەسەپێنێ (زەردەخەنە یان گریان). کاتێک منداڵەکە دەگری دەگیرێتە باوەش و ژیر دەکرێتەوە، کاتێک پێدەکەنێ رووی نازی دەدرێتێ و قسەی لەگەڵ دەکرێ، ئەو منداڵەی لەم قۆناغەدا ئەم جۆرە دەستەڵاتەی بەکارهێنابێ جیاوازی هەیە لەگەڵ منداڵانی تردا کە ئەم هەلەیان بۆ نەڕەخسابێ. بۆ نموونە ئەو منداڵانەی کە لە دەزگا پەروەردەییەکاندا بەخێو دەکرێن زۆربەی جار بێبەشن لە باوەشی گەرم و، بۆیان نەڕەخساوە گوێ شل بکرێت بۆ داواکانیان، کاتێک دەگرین کەس ناچێت بەلایانەوە (بەتایبەتی لە کاتی خۆیدا).
ئا لێرەدا منداڵە ساواکە ئەوەی بۆ دەردەکەوێت کە ناتوانێت گریان بکاتە هۆی بەهاناوە هاتنی، ئەگەر گریاش کەس بەدەنگیەوە نایەت، هەر لێرەشەوە وەک ئەنجامێکی سروشتی پشتگوێ خستنی منداڵەکە و پێداویستیەکانی هەستی بێدەستەڵاتی ڕەگی خۆی دادەکوتێ .
دەستەڵاتی خود (زات) دەوڵەمەندکردن:
مرۆڤ مەزنترین دەزگای خۆناسینەوەی هەیەو، بایەخدان و باسکردنیشی ڕۆڵێکی گرنگیان لە گەشەکردن و دەوڵەمەندکردنی زاتدا هەیە، لە تەمەنی دوو مانگەوە منداڵەکە هەندێ کەس دەناسێتەوە و دەتوانێت جیایان بکاتەوە و جۆرە هەستێکی بۆیان هەیە. هەر لەم قۆناغەشدا منداڵەکە هەستی سەربەخۆیی تێدا دروست دەبێت، بۆیە بایەخ پێدان و قسە لەگەڵ کردن و باوەشی گەرم و سنوردانان گرنگترین پێداویستیی دەستەڵاتی خود دەوڵەمەندکردنە.
هەستی خۆ دەربڕین (تەعبیرکردن لە زات):
لە کاتی دوواندن، باسکردن، بەراوردکردندا، لەکاتی بە ئاگایی بێ ئاگاییدا تەعبیر لە زاتی خۆمان دەکەین و خودخانەیەکی تایبەت و فراوانی بۆدەکرێتەوە و، بۆ کەسانی دەوروبەریشمان سیگناڵێکە کە خۆمانی لەگەڵدا بگونجێنین، بۆ نموونە دەممان وشک دەبێت لە ئاستی کابرایەکی بەدەستەڵاتدا یاخود خۆمان لادەدەین لە یەکێکی گێرەشێوێن و شەڕانی.
تەعبیر لە زات زیاتر بۆ سودی شەخسی دەگەڕێتەوە. بۆ نمونە یەکێک دەیەوێت لەناو گەڕەک و خێزاندا دەرکەوتوو بێ، لە گفتوگۆکردنی ڕۆژانەدا دەجار هەمان سەرگوزشتە دەگێڕێتەوە : چەند جار پێم وت بەقسەی نەکردم، دەبخوا ئەوە دەردی بێ، دەستی خوا خۆشبێ.. خۆم هەر دەمزانی وای بەسەردێ. یان خۆ بەباشترزانین لەکاتی بەراورد کردندا. نووسەرێک نایەت توانای خۆی لەگەڵ دەستەێفسکی و ئەپسن و سترینباریدا بەراورد بکات، بەڵکو لەگەڵ هی نزیکترین برادەرەکانی ناوچەکەیدا ئەو کەسانەی کە دەیناسن.)
ئەرسەر میللەر لەڕۆمانی (مردنی بازرگانێک)دا لەسەر زاری یەکێک لەپاڵەوانییەکەوە دەڵێ: هەرچەندە مێردەکەم توانای دەوڵەمەندێتی نەبووەو نەیتوانیووە پارە کۆبکاتەوەو، نەناسراویش بووەو ناوی لەڕۆژنامەکاندا بڵاونەکراونەتەوە، بەڵام مێردەکەم مرۆڤە.. مرۆڤ، ڕێزی لێبگرن!
ئەگەر مرۆڤ توانای بەکارهێنانی ئەم دەستەڵاتەی نەبوو ئەوا زۆربەی جار تاک دەکەوێتەوەو غەم دایدەگرێت. بۆ ئەوەی بەردەوام بین و ناوێک بۆخۆمان دروست کەین، لەهەڵسوکەوتی ڕۆژانەماندا شێوەیەکی خۆدەرخستن و دەوروبەر لەخۆ بائاگاهێنانەوە دەدۆزینەوە.
زەبروزەنگ:
لەنێو کۆمەڵدا بەکارهێنانی دەستەڵات لەڕێگای زەبرو زەنگ نواندنەوە کارێکی باوەو، بۆ بەرژەوەندی و خۆپاراستن بەکاردێت. رادەی زەبرو زەنگیش بەستراوەتەوە بەکۆمەڵێک هۆکاری دییەوە، وەکو گەشەکردنی خود، کارتێکردنی ئایینی ئایدۆلۆگی و عورف و عادەت، خاک و نیشتمان، نەتەوەو..هتد کەمایەتییەکان، سائیتر ئەگەر نەتەوەیی بن یاخود ئایینی یان هی رەگەز، بو توندی دەچەوسێنرێنەوە مافیان پێ شێل دەکرێت، کەرەسەی مل پێکەچکردنیشیان کوشتن و لێدان و سوکایەتی پێ کردن و ژیان لێ تاڵکردنە. لەئاستی تاکە کەسداو، لەکاتی پەیوەندییەکاندا لەگەڵ دەوروبەریدا، زەبرو زەنگ دەروونییە یاخود فیزیکی، کەزۆربەی جار بەشکاندن و گاڵتە پێ کردن، یان بەلێدان و چاوسورکردنەوە کۆتایی پێ دێ. چ روودەدا، بۆ نمونە، کاتێک یەکێک لە عورف و عادەتی زۆرینە لادەدا، یاکەسێک رەخنە لە کەموکوڕیەکانی کۆمەڵ بگرێ. زەبرو زۆری دەروونی، لەنێو پەیوەندییە کەسایەتییەکاندا، لەهی فیزیکی و سەختترو جەرگبڕترە. بۆ نمونە بیری دێ بەخەیاڵمانداو حەزمان بەڕەنگێکە، بەهەڵسوکەوتێکی دیاریکراوە، بەڕێکخراوێکی سیاسییە. ئەوەی کەخۆمان بڕیارمان لەسەری داوە دەمانەوێت خەڵکی دەوروبەرەکەشمان بەلایانەوە چاک بێت و پەسەندی بکەن. ئەگینا دەکەوێتە بەر پلار و رەخنەگرتن، بح نموونە هەڵبژاردنی خوێندن، هاوسەر، باوکەکە دەیەوێ کوڕەکەی ببێ بەدکتۆر، ئیتر هیچ گرنگ نییە بە کورەکەشی حەزی لەشتێکی دی بێ. فڵانە کەس بێنێ، بە حەزیشی لەکەسێکی تر بێت. دەبێت لایەنگری پارتی A بێت هەرچەندە لەپارتێکی دیکە بێت. رەوتی بەکارهێنانی دەسەڵات، هەواڵەی دەوروبەرەکەی دەکرێ و بەپێچەوانەشەوە، ئەمەش هێزی بەرگریکردن لەخۆ (شێتگیری) بەهێزتر دەکات و شورایەکی بڵند بەدەوری خۆیدا دروست دەکات کەسنوری خۆی لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا جیاتر دەکاتەوەو بەرژەوەندییەکەی چاکتر دەپارێزێت.
لەنێو کۆمەڵدا بەکارهێنانی دەستەڵات لەڕێگای زەبرو زەنگ نواندنەوە کارێکی باوە
بۆچونی سۆسیال سیکۆلۆگی:
پەیوەندی نێوان تەنیا کەس و دەوروبەرەکەی (Social Mijo)و کارتێکردنیان لەیەکتری باسۆسیال سیکۆلۆگی ناودەبرێت. لەپەیوەندییەکاندا دەستەڵات بەپایەبەرزی و هاوکاریکردن تەعریفی لێ دەکرێت. یەکێک کەپایەی لەیەکێکی دی نزمتربێت ئەوا رەزامەندانە بۆ هاوکاریکردن دێتە پێشەوە، بەڵام خاوەن پایە بەرزەکە حساب بۆ ئەوەی خوارووی ناکات و بەداشی دەستی خۆی دادەنێت.
لەنێو ئاژەڵاندا دەسەڵات بەشێوەی هەرەمی دروست بووە هەریەکەیان جێگاو رێگای خۆح دەزانێ. لەزۆربەی زۆری رژێمە کۆمەڵایەتیەکانیشدا دەستەڵاتی بڕیاردان بەدەست ئەوانەوەن کەجێگای خۆیان لەسەرووی هەرەمەکەوە کردۆتەوە. ئەوانەی خوارەوەیان هەر راپەراندنی ئەو بڕیارانەیان لەسەرە.
دەستەڵات _ پەیوەندییەکان:
دەستەڵات نە بەتەواوەتی دەپێورێت و نە بەئاسانیش پێناسە دەکرێت، چونکە دەسەڵات خۆبەخۆ ئاڕاستەی کەسێک/گرووپێک نابێتەوە، بریتییە لەپەیوەندییەکان و لەهەمان کاتیشدا کەسێک، گروپێک، چینێک لەناو کۆمەڵدا هەموو کاتێک دەسەڵاتی بەسەر کەسێک، گروپێک، چینێکی تردا هەیە.
لەپەیوەندییە مەنتیقییەکاندا، بۆ نموونە، A برا یان خوشک B یە. لێرەدا دەتوانین بڵێین A و B خوشک و بران.
دەتوانین بڵێین دوو قایمقام/مدیری ناحیە، لەبەراوردکردنیاندا لەگەڵ یەکتری، هەمان پلەو پایەو دەستەڵاتیان هەیە، کەچی کەدێنە سەر پەیوەندییە شەخسییەکان لەوانەیە کەسی یەکەمیان شارەزایی و لێهاتوویی و رادەی خوێندنی لەکەسی دووەم زیاتر بێت. بەم جۆرە هەرچەندە هەمان پلەو پایەیان هەبێت دەسەڵاتیان جیاوازە. ئەگەر کەسی A دەسەڵاتی بەسەر کەسی Bدا بێت و بتوانێ کاری تێبکات، ئەوا دەسەڵاتی A بریتییە لە( دەستەڵاتی A دەستەڵاتی B). دەستەڵاتی پارتێک بریتییە لەدەستەڵاتی ئەو پارتە – دەسەڵاتی ئۆپۆزیسیۆن.
دەستەڵات سیمای تر دەبینێ بەخۆیەوە ئەگەر لەگەورە و بچووکییەوە بۆی بڕوانین. کەسی A لەکەسی B پیرترە و کەسی B لەکەسی C پیرترە، لێرەدا دەتوانین بڵێین کە A لە C پیرترە. لەسیستێمی عەسکەری زۆربەی پارت و رێکخراوەکاندا ئەم جۆرە پەیوەندییە باوە، کاتێک A دەستەڵاتی بەسەر B دا هەیە، B دەسەڵاتی بەسەر C دا هەیە، لێرەدا ئەگەری دەسەڵاتی A بەسەر C دا زۆرە، ئەمەش لەڕێگای کارتێکردنەوە لەکەسی B . ئەم جۆرە پەیوەندی دەسەڵاتە لەنێو کۆمەڵیشدا باوە، ئەو کەسەی ناسراوتر بێت و پەیوەندی زیاتر بێت توانای دەستەڵاتی زیاترە و ئیشی باستر دەڕوات.
دەستەڵات لەنێو پەیوەندییەکاندا لەسەر بناغەو زنجیرەیەو، زنجیرەیەک دەستەڵاتمان بۆ بەدەست دێنێ کە کار لەیەکتری بکەن و، لەهەمان کاتدا ناتوانرێت جێگەو شوێن و کاتیان دیاری بکرێت. ئەم جۆرە دەستەڵاتە زنجیرەییە بەسەرگروشتەیەکی کۆن ڕوون دەکرێتەوە:
(منداڵێک نایەوێت بڕوا بۆ قوتابخانە..دایکەکە دەڕوا بۆلای دار کە بێ لەکوڕەکەی بدا بۆ ئەوەی بچێ بح قوتابخانە. بەم جۆرە دایکەکە دەڕوات بۆلای ئاگر، ئاو، گا، قەساب، پەت، مشک،.. تا ئەگاتە پشیلە. پشیلە بەدەم دایکەکەوە دێت و پەلاماری مشکەکە دەدات بیخوا، مشک بۆ پەت.. بەم جۆرە زنجیرەکە دەکەوێتە جوڵان، تا دەگاتە دار، داریش دەیەوێت لە منداڵەکە بدا.. منداڵەکە دەڕوات بۆ قوتابخانە..ئەو پەیوەندییانەی کەبەم جۆرەیەو لەنێو کۆمەڵدا باون زۆربەی جار شێوەیەکی شاراوەیان هەیە و ناتوانرێت دەستنیشان بکرێن.
کێ لەبنەچەدا ئەو دەستەڵاتەی بەلاوەیە کەزنجیرەکە بخاتە جوڵاندن؟
ئایا دایکەکەیە یاخود پشیلەکە؟
ئەوەی ئێمە دەیبینین ئەوەیە کە منداڵەکە دەبێت بڕوا بۆ قوتابخانە (Rashevsky,1951.) .
کۆنترؤڵکردنی تەواوەتی یاخود نیوەیی؟
Kelley و Thibaut دوو سۆسیال سیکۆلۆگن باری پەیوەندییەکانی ناو دەستەڵاتیان شیکردۆتەوە.
ئەگەر کەسی A و کەسی B دوو ئەڵتەرناتیڤیان لەبەردەستدا بێت بۆ هەڵبژاردن، ئەڵتەرناتیڤی ١ و ئەڵتەرناتیڤی ٢، ئەوا لێرەدا سێ جۆر پەیوەندیمان لەنێوان کەسی A و B بۆ دروست دەبێت:
ا- کەسی A و B ئازادن چ ئەڵتەرناتیڤێک هەڵبژێرن و کەسیان نەبەستراوەتەوە بەوی ترەوە.
لەکاتی گفتوگۆ کردنی نێوان پارت و رێکخراوە سیاسییەکاندا. کە هەرلایەکیان خاوەنی قەوارە و شوێنی خۆیانن، بەرژەوەندی خۆیان دەپارێزن.
لە ئاستی کەسانیشدا ئەم جۆرە پەیوەندییە ئەوەیە کەیەکێک بۆی هەبێ چی بەباش بزانێت ئەوە هەڵبژێرێت بێ ئەوەی کەسی دووەم کاری تێ بکات .
ب- کەسی Bتا ڕادەیەک بەستراوەتەوە بە کەسی Aوە ،لێرنەدا کەسی B بۆی نییە چ ئەڵتەرناتیڤێکی بووێت هەڵبژێرێت ئەگەر کەسی A ئەڵتەرناتیڤێکی یەکەمی هەڵبژاردن کەسی دووەم دەتوانێت ئەڵتەرناتیڤی دووەم هەڵبژێرێت، بەڵام دەبێت نرخی ئەو هەڵبژاردنە بدات و بکەوێتە مشتومڕ و ناخۆشییەوە لەگەڵ کەسی A دا، یا ئەوەتا لەبەر خاتری A ئەڵتەرناتیڤی یەکەم هەڵبژێرێت .
بۆ نموونە ئەو ڕێکخراوو پارتییانەی کەوا بەستەی سیاسەتی وڵاتێکی ترن دەبێ بەقەدەر بەڕەکەی خۆیان پێ ڕاکێشن و نە شیش بسوتێ نە کەباب .
٢- ئەمەش لە پەیوەندی نێوان بەرەی کوردستانی و ئیراندا بەڕوونی دەرکەوت (لەو سەردەمەدا هەندێ خۆپیشاندان دژی باڵوێزخانەی عێراق ڕێکخراو کوردی هەموو بەشەکانی کوردستان تیایدا بەشدار بوو . ئەو ڕێکخراوانەی کە خۆپیشاندانەکەیان ڕێک دەخست تەنیا دڵیان بەهیتافاتی دژ بە عێراق و تورکیا دەکرایەوە ئەگەر یەکێکیش هیتافێکی دژی حکومەتی ئیسلامی یا سوریایان بکێشایە یەخەو سەر و دڵیان دەگرت .
لە ئاستی تاکە کەسداو، لە ژیانی ڕۆژانەدا هەر لە شتی سادەو بگرە تا هی دژوار هەموو بەیەکەوە بادراون بۆ ئەوەی دڵی باوکت ڕازیکەی شودەکەی بە A ، بۆ ئەوەی ناوی خێزانەکەت کوێر نەبێتەوە دەبیت بە ئەندامی هەمان پارتی و هەمان ڕۆأنامە دەخوێنیتەوە، بۆ ئەوەی دراوسێێ (ئەلف) ڕازیکەی لەگەڵ دراوسێی (بی) دا تێکی دەدەیت، بۆ ئەوەی خۆت بەشاری دانێیت حەز بەهاتووچۆی لادی ناکەیت زۆر ڕوویان نادەیتێ کە دێشن بۆلات زەوقت تێک دەچێت و حەزناکەی دەرو دراوسێ بیانبینێ بۆ ئەوەی برادەری عەزیزت دڵ زویر نەبێت پوڵێک بە برادەری دووەمتەوە دەنێیت .
ج- کەسی B بە تەواوی بەستراوەتەوە بە کەسی Aوە ، ئەگەر کەسی A ئەڵتەرناتڤی یەکەمی هەڵبژارد B یش ئەڵتەرناتڤی یەکەم هەڵدەبژێرێت ، خۆ ئەگەر A هی دووەمی هەڵبژارد دەبێت B هەمان شت دووبارە بکاتەوە. پارتە کۆمۆنیستەکانی وڵاتە سۆسیالیستەکان و وڵاتانی تری جیهان ئەو سیاسەتەیان پەسەند دەکرد کە هەمان سیاسەتی پارتی کۆمۆنیستی سۆڤێت بوو. هەچ ڕواڵەتێکیش ناوی سۆسیالیستی و سۆڤێتی پێوە بووایە ئەمان بە هەق و ناهەق داکۆکیان لێدەکردو، تەنیا ئەو شتانەیان. بینیبوو کەبۆیان هەبوو بیبینن و، هەموو هەوڵدانێک دژی دەستەڵاتی ناوەندی سۆڤیەتی بەتوندی و بەبەکارهێنانی هێزی سوپایی سەرکوتکراوە. بۆنمونە لەهەنگاریاو چیکۆسلۆڤاکیا (دۆپچیک ویستی سۆسیالیزمێک دامەزرێنێ کەروویەکی مرۆڤایەتی هەبێ!). گفتوگۆی نێوان دوولا، ئیتر هەرچۆنێک بێت، ئەگەر لایەکیان کۆنتڕۆڵی تەواوەتی هەبێ وەکو یاری منداڵانی لێ دەردەچێت، چونکە هەردەم ئەوەی کە دەستەڵاتی تەواوەتی هەیە تەنیا دڵی بەئیجبارکردن دەکرێتەوە، ئەمەش بەروونی لەسەرنەگرتنی مفاوەزاتەکەی ١٩٨٤ی یەکێتی نیشتمانیدا دەردەکەوێت.
لەژیانی تاکەکەسدا ئەم جۆرە کۆنتڕۆڵکردنە ترسناکترین گیروگرفتی مرۆڤایەتییەو، ئەو کەسانەی کەکۆنتڕۆڵ دەکرێن هیچ بەرهەڵستیەکیان تێدا نامێنێ، بەتەواوەتی خۆیان دەدەن بەدەستەوە چیان لێبخوازرێ پێیان دەکەن، ئیتر لەهەر تاقمێک و دەستەیەک بن (تاقمێکی ئایینی لەشاری ڤاکوی ئەمریکی لەدەوری داڤید کوروش ناوێک کۆبونەتەوەو بەپێغەمبەریان داناوەو تانیا داڤید بۆی هەبووەو پێی ڕەوابینراوە کە لەگەڵ ژن و منداڵەکانیان بنوێت، رابوێرێت و مەشروب بخواتەوە، تاقمە ئایینیەکەش لەو دنیا بۆیان هەبووە مەشروب بخۆنەوە و ڕابوێرن . جارێک لەگەڵ پۆلیسدا بەیەک هاتن و چوار پلیسیان کوشت. ماوەی دوو سێ مانگ پۆلیس و سەرباز ئابڵوقەی خانوبەرەکەیان دان و ویستیان ناچاریان بکەن خۆبەدەستەوە بدەن، بەڵام لەمانگی ئەبریلی ١٩٩٣دا تاقمەکە گڕی لەخۆی و خانووبەرەکە بەرداو ٨٥ کەس پێکەوە سوتان. کارەسات لەوەدایە کە ئەم تاقمە نەک تەنها ژن و منداڵ و هەموو شتێکی دونیایان بەخشیوە بەداڤید بەڵکو لەگەڵیشیدا بەرەو مردن ڕۆشتوون).
دەستەڵات-سەرکردە:
ئەو توێژینەوەیەی کە لەم بارەیەوە کراوە سەبارەت بەدووشت بووە:
١- چۆن سەرکردە دەتوانێ چالاکییەکانی گروپەکە بەڕێوە بەرێت، چۆن کاربکاتە سەر بیرو هەڵسوکەوتیان.
٢- چ جۆرە شێوەک هەڵبژێرێ لەچالاکیی گروپەکەدا کەئەندامەکانی پێی ڕازی بن.
زۆربەی زۆری سۆشیال سیکۆلۆگەکانی ئەم سەردەمە لەو بڕوایەدان کەسەرکردە توند بەبارودۆخەکەوە پێچ دراوە (مەبەست لەسەرکردە تانیا سەرکردەی وڵاتێک یان پارتێک نییە، بەڵکو سەرکردەی گروپێکی بچکۆلانەی سیاسی، ئابووری، پیشەیی و کەلتوریشە) ئەرکی سەرشانی سەرکردەیەک ئەوەیە کە بارودۆخەکە بەسەریدا دەسەپینێ. نەک خاسیەتی سەرکردەکە، چونکە سەرکردە رۆڵەو وەڵامدانەوەی ئەو پێداوییستیانەیە کەبارودۆخەکە هێناویانە بەسەریداو، رادەی زیرەکی و لێهاتوویی سەرکردەش تۆزێک لەراژەی زیرەکیی گروپەکە زیاترە. ئەو سەرکردانەی کە ئەمڕۆ لەکوردستاندا دەسەڵتیان بە دەستەوەیە لەنێو خەڵکەکەوە هەڵقوڵاون و بارودۆخی ناوچەکەهێناونیەتیە کایەوەو، زیرەکی و نازیرەکی، شارەزایی و ناشارەزایی، هەڵەو ڕاست گرنگ نییە. گرنگ ئەوەیە کە دەستەڵات لەدەستی سەرکردەیەک یان دەستەیەکدا بێت، ئەندامانی گروپێک، پارتێک، میللەتێک پێویستیان بە سەرکردەیەک هەیە وەک سومبولێ (ڕەمزی) بۆی بڕوانن و خۆشەویستی و ڕق و کینەی خۆیانی بۆ دەربڕن و خۆیانی لەگەڵدا بەراورد بکەن و، لەڕووی دەرونییەوە خودی نیوە مردوویان لە نەرەنەڕی سەرکردەدا زیندوو کەنەوە. خواست و بیرکردنەوەی سەرکردە چۆن بێت بەو جۆرەش ئەندامانی گروپەکە بیردەکەنەوە، یاخود بەپێچەوانەوە کاتێک سەر بەگروپێکی تربن.
دەستەڵات-تاقیکردنەوەکان :
کاتێک باسی دەستەڵات دەکرێت مەبەست دەستەڵاتی تەنیا کەس یان گروپێک نیە، بەڵکو ئەو دەستەڵاتەیە کە لەکاتی بەکارهێناندا دەبێتە هۆی کارتێکردن ١٩٦٢.
Emereson کاتێک کەسی A دەستەڵاتی بەسەر کەسی B دا هەیە مانای ئەوەیە کە دەستەڵاتی A یەکسانە بەو بەرهەڵستیەی کە کەسی B دەیکات دژی کەسی B. هەر ئەمەشە بۆتە هۆی ئەوەی کە ناتوانرێت دەستەڵات بپێورێت. پرۆفیسۆرێکی سۆسیال سیکۆلۆگی ڤینلاندی بەناوی Eskole لەساڵی ١٩٦١دا تاقیکردنەوەیەکی ئەنجامداوە کە تەخمینکردنی درێژی چوارگۆسەیەک بووە بەدووجار، یەکەم جار بەشداربووەکانی بە تەنیا وەڵامیان داوەتەوەو وەڵامەکانیان تۆمار کراوە، لە قۆناغی دووەمدا دوو کەس دوو کەس هاتوونەتە ژورەوە و پێکەوە دوای گفتوگۆکردن و یەک قایل کردن وەڵامێکی هاوبەشیان داوەتەوە. وەڵامەکانیان لەگەڵ وەڵامەکانی پێشویاندا بەراورد کراوە، لەئاکامدا دەرکەوتووە کە کام لەم دوو کەسە کاریان کردۆتە سەر ئەویتریان و، بەجۆرە دەستەڵاتەکەیان پێواوە. Robert Mickel لەسەدەی بیستەمدا توێژینەوەیەکی قوڵی لەنێو دەستەو ڕێکخراوی پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیدا کردووە، لەئەنجامدا ئەوەی بۆ دەرکەوتووە کەسەر باشقەیەک لەسەرەوە پەیدا بووە کە دەستەڵاتیان لەلا کۆبۆتەوە و جیاوازیان لەگەڵ ئەندامانی خواروویاندا ئەرز و ئاسمانە. Robert بەو ئەنجامە دەگات، کەئەگەر هاتوو لە پارتێکی سۆسیال دیموکراتدا ئەم دەستەڵاتە لەهەڵبژاردەیەکی خەڵکدا کۆبکرێتەوە، ئەوا لەپارت و ڕێکخراوە ڕاستڕەوەکانی تردا، بەڵکو بگرە لەنێو کۆمەڵی ئایینی و کەلتووری پەیوەندییە ئابووریەکانیشدا هەمان سەرباشقە دروست دەبێت کە دەبێتە دەسەڵاتی گۆڕانی بەلاوەیە.
چەشنە سەرەکیەکانی دەستەڵات:
سادەترین و سەرەتاترین ئەم شێوەیەی دەستەڵاتە هی ناچارییە. واتە بەهێزی فیزیکی (زۆرلێکردن یاخود هەڕەشەکاری) ئەنجامیبدەیت، چاکترین نموونەش لەسەردەمی نوێدا ئەو دەستەڵاتە سیاسیەیە کە دەوڵەت دژی هاوڵاتیانی خۆی باکاری دەهێنێ. ماکس فیبەر ١٩٥٨ لەو بڕوایەدایە کەهەر لە پێناسەی خودی دەوڵەتدا مافی توندوتیژی بەکارهێنانی لە سنورێکی دیاریکراودا، هەیە. هاوڵاتیان بۆیان نیە بەتوندوتیژی مافی خۆیان بسێنن یان بەکاریبهێنن دژی خەڵکی تر(جگە لەوەی لەزۆربەی زۆری وڵاتەکاندا دایک وباوک ئەتوانن توندوتیژی باکاربهێنن دژی منداڵەکانیان).
دەستەڵاتی ئایین:
ئەو دەستەڵاتەیە کەلەسەر چاکەو خراپەکردن وەستاوە. بۆنموونە کابرایەکی ئایینی شارەزا دەتوانێت کاربکاتە سەر خوڕەوشتی خاڵکی دی، کاتێک هاندێک هەڵسوکەوت بەچاک دادەنێ و ئەوانیتر بە خراپ، زۆربەی دەوروبەرەکەشی ناچارن خۆیانی لەگەڵ بگونجێنن، بەوجۆرە بەشێکی زۆری دیدو ئاکاری کابرا وەردەگرن و دەبێتە هی خۆیان. لێرانەدا، لەنێوان دەستەڵاتدارو ئەوانی تردا پەیوەندییەک دروست دەبێت کەزۆر جار زاحمەتە بێ یاک بمەننەوە، بۆیە زۆرجار خۆیان دەکەن بە قوربانی.
دەستەڵاتی ئابووری:
خاوەن سەرمایەکان کۆنتڕۆڵی خۆیان هەیە بۆ پەیوەندییە ئابورییەکان بەو پێیە نەخشەیان بۆ دەکێشن کەلەگەڵ بەرژەوەندییەکانیاندا بگونجێ و دەسەڵاتیان وەکو ئامرازێکی ناچارکردن بەکاربهێنرێت. لەوڵاتدا لەسەر بناغەی دەستکەوتی ماددی (خەڵاتکردن و سزادان)، ئەم دەستەڵاتە بە سنوورەکاندا تێدەپەڕێت بۆنموونە وڵاتەکانی ئەمریکای لاتینی بەشی هەرەزۆری شمەکی نێردراوەکان دەچێت بۆ ئەمریکا، لێرەدا دەستەڵاتی ئابووری ئەمریکایی بەسوک و ئاسانی وەک و ئامرازێکی مل پێکەچکردن لەو وڵاتانەدا دەسەپێنرێ.
ڤێتنام سەرکەوتنی جەنگی بەدەست هێنا، بەڵام ئابڵوقەی ئابووری وڵاتە ڕۆژئاواییەکان دەستی ناوەتە بینی ئابووری ڤێتنام و نایەڵن گەشەبکات. ئەم دەستەڵاتە بەشێوەی تریش بەکاردەهێنرێت بۆ نموونە، خستنەسەرکار و کۆمەککردنی وڵاتانی جیهانی سێهەم، یان بۆ مسۆگەرکردنی بەهێزکردنی لەو وڵاتە سۆسیالیستەکانی پێشوودا، بۆ نموونە کۆمەککردنی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەڕووسیا و دانانی زیاتر لە ملیارێک دۆلار بۆئەوەی تای تەرازووی دەنگدانە گشتیەکەی ئەو دواییەی ڕووسیا بەقازانجی یەڵتسن بێت.
بۆچونی سۆسیۆلۆگی:
لەژیانی ڕۆژانەدا پێویستمان بەپەیوەندی و دۆستایەتی کەسانی دەوروبەرەکەمان دەبێت، هەڵسوکەوتمان پابەندی ئەو جیهانەیە کەتێیدا دەژین و بەجۆرێک لەگەڵی دەجوڵێینەوە کە بۆمان بگونجێت و، لەهەمان کاتدا بەرامبەر هەڵسوکەوتی دەوروبەرەکەمان کاردانەوەی خۆمان هەیە. یواکیم ئیسرائیل ١٩٧٩: دەڵێت مرۆڤ پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی و ئەو بیرو رایە بە هەڵە دادەنێ کە دەڵێ: مرۆڤ بەرهەمی کۆمەڵەکەی و هەروەها ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتیانەیە کە ناچارە لەنێوانیاندا بژی. لێرەدا مرۆڤ بەبێ دەستەڵات و سست دادەنرێت ، کە هەر لەژێر ڕکێفی توندو تیژیدایەو خۆی لەگەڵدا دەگونجێنێت . یواکیم ئیسرائیل : مرۆڤ خاوەنی هەڵسوکەوتی چالاکانەیەو دەتوانێت سنوور بۆخۆی و دەوروبەرەکەی دانێت .
پەیوەندییە سۆسیالییەکان:
پەیوەندیی نێو یەکتری: ئەو پەیوەندییەیە کەلەگەڵ یەکتردا دەیبەستین و، لەکاتی پەیوەندی بەستنی تایبەتدا لەگەڵ کەسانی تردا چاوەڕوانین کە ئەوان چ کاردانەوەیەکیان هەبێت ، بۆ ئەوەی ئێمە بەئاسانی هەنگاوی دووەم بنێین و، لە گەرمەی دووبارەبوونەوەیەدا پەیوەندییەکان گەشە دەکەن، ئینجا پەیوەنی کۆمەڵایەتی ئەوەیە کە سەرانسەری کۆمەڵ دەگرێتەوە ، بۆ نمونە پەیوەندییەکانی نێو یەکتر لە هی ئابوورییەکاندا گەشە دەکات. لەم پەیوەندی کردنەدا دوو جۆر دەستەڵات پەیدا دەبێت.
کێ لە بنەچەدا خاوەنی دەستەڵاتە و؟ کێ نوێنەرایەتی لێ دەکات؟ ئەمەش دوو خەسلەتی بنەڕەتی کۆمەڵایەتین .
١- دەستەڵاتی ئۆبیەکتیڤ:
بەڕێوەبەری کارخانەیەک نوێنەری دەستەڵاتی خاوەنی کارخانەکەیە. بەڕێوەبەری کارخانەکە لەڕێی خەڵات کردن و سزادانەوە دەستەڵاتی سۆبیەکتیڤی خۆی دەسەپێنێ و ، دەتوانێت کار بکاتە سەر مووچەخۆر و کرێکاران و مووچەیان بۆ زیاد بکات ، یان دەریان کا ، یان بیان گوێزێتەوە ...هتد . ئەمە دەستەڵاتی توانا بوونە لە بڕیاردان و کارتێکرندا. لێرەدا دەبێ ئەوەش ڕوونبکرێتەوە کە دوو بەڕێوەبەر هەرچەندە پلەو پایەو شارەزاییان وەکو یەک بێ جۆری هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەوروبەرەکانیاندا گرنگە. بۆ نمونە یەکێکی نەرم و لەسەرخۆ لەگەڵ یەکێکی ڕەق و قسە ناخۆشدا .هەرچۆنێک بێت دەستەڵاتی سۆبییەکتیڤ داری دەستی موڵکایرتی کردن (دەستەڵاتی ئۆبیەکتیڤ)ە، لەکاتی پەیڕەوکردندا .
دەسەڵاتی ئەکتواریتا:
ئەمجۆرە دەسەڵاتە بە دوو شێوە دەردەبڕدرێت ، لەڕێگای زیرەکی و شارەزایییەوە ، یان لە ڕێگای بەکارهێنانی توند و تیژییەوە . باوکێک کە بە منداڵەکەی دەڵێت ڕۆڵە بنوو : کوڕەکە نایەوێ بنوێ دەڵێ بۆچی؟ باوکەکە چاوی لێ سوردەکاتەوە و دەقیژێنێ بەسەریداو گوێی ڕادەکێشێ و پێی دەڵێ: لەبەر ئەوەی من پێت دەڵێم. باوکەکە وەکو دەسەڵات داری نێو خێزان ئامرازی ناچار کردنی بەدەستەوەیەو بەکاری دەهێنێ کە زۆربەی جار بە لێدان کۆتای پێدێ. باوکێکی دی لەهەمان هەڵوێستدا نەرم و لەسەر خۆ بۆ منداڵەکەی ڕووندەکاتەوە تا قەناعەتی پێ دێنێ، بۆ نموونە : (کوڕم ئەگەر ئێستا نەنویت . تێر خەو نابیت، بەیانی درەنگ هەڵدەستی.) لێرەدا باوکەکە وەڵامی منداڵەکەی دەداتەوە، گوێی بۆ ڕادەگرێت و بۆی دەسەلمێنێت.
لەنێو سیستەمی کۆمەڵایەتیدا بەکارهێنانی دەستەڵات لەسەر شێوەی ئەکتواریتا دروستبووە و لەسەرەوە بۆ خوارەوە دەردەکرێت و، ئەوانەی خوارتر جێبەجێی دەکەن. سیستەمی سوپای نموونەیەکی تایبەتی بەکارهێنانی دەستەڵاتی زۆرە ملێیە. بڕیار دەردەکرێت و دەبێت جێبەجێ بکرێت (لەوانەیە ئەفسەری وا هەبێت بەزیرەکی و شارەزایی ئەوانەی خوارەوەی قەناعەت پێبێنێت، بەڵام ئەگەر قەناعەتی پێنەهێنان ئەوا زۆری بەدەستەوە ماوە). بۆ بەکارهێنانی دەسەڵات لەسەر بناغەی شارەزایی، لەزۆربەی حاڵەتدا، دەبێ ئەو کەسانەی شایستەی و لێهاتووی خۆیان بسەلمێنن، وەک دیکتاتۆرێک، سەرۆکی پارتێک نیە کە هەرچەندە پەککەوتوبن دەسەڵاتی خۆیان هەیەو بەقسەیان دەکرێت . لەنێون دەسەڵات لەڕێگای زیرەکی و لێهاتووی و دەسەڵات لە ڕێگای توندو تیژیەوە هەزارەها جۆریتری دەسەڵات – پەیدا دەبن کە نەبە تەواوەتی نە ئەمیانن و نە ئەویان .
دەسەڵات / ئامراز:
کۆمەڵێک توێژەری سویدی سەبارەت پەیوەندی دەسەڵات – لە سەردەمی نوێدا چەند توێژینەوەیەکیان کردووە و ، بەشی هەرە زۆریان گەشتونەتە ئەو ئەنجامەی کە دەسەلات ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە مەبەست G.Henes.1983
دەسەڵات بزوێنەری ڕاستەوخۆی بڕیاردانێکە کەسەمتێک وەردەگرێت و لەڕێگەیەوە دەگەینە مەبەستێک . بۆ نموونە دووکەس کە شەترەنج دەکەن . هەردوولایان دەیانەوێ بیبەنەوە . هەرکامیان دەگرین ئەجوڵاندنەوەیە هەڵدەبژێرێت کە مەبەستیانەو ئەو قوربانیانە دەدەن کە دەیان گەیەنێتە ئەو ئەنجامە.
دەسەڵاتی لامەرکەزی:
بڵاوکردنەوەو دابەشکردنی دەسەڵات و ئەرکی سەرشانە بەسەر دامودەزگاکان و ئەندامانی کۆمەڵدا .
ئەمەش کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ناوەندییە، بۆ نموونە کورتکردنەوەی کاتی بڕیاردان (کاتێک داموو دەزگاکانی خوارەوەی کۆمەڵ مافی بڕیاردانیان هەبێت) زیادکردنی دەسەڵات و ئەرکی سەرشانی گروپە بچکۆلانەکان .
هەندێ لە لایەنە باشەکانی دەسەڵاتی لامەرکەزی :
-هەرکەس بۆخۆی بەرژەوەندی خۆی دەپارێزێت، دامودەزگاو دامەزراوەکان خۆپەرستر دەبن.
-زۆربەی زۆری یاساو بڕگەکانیان وەک یەک شیناکرێنەوەو هەرکەس بەجۆرێک لێیان تێدەگات.
-دەسەڵاتی مەرکەزی زامنکردنی کار بەڕێوەبردنە.
-هاوکاریکردن و گیانی قوربانیدان کەمتر دەبێتەوە.
-باری وڵات وەک چەند وڵاتێکی لێدێت لە وڵاتێکدا.
دەستەڵات/گرووپ:
گرووپ کۆمەڵێک خەڵکن کەلەگەڵ یەکتریدا هەڵسوکەوتیان هەیەو یەکتر دەناسن.
Gorege Homnas دوو جۆر گرووپیان هەیە:
گرووپی سەرەتایی(Sekondar)
گرووپی سەرەتایی: کۆمەڵێکی بچکۆلانەیە کە پەیوەندی نێوانیان زۆر بەهێزەو یەکتری باش دەناسن.
گرووپ selcundan : ئەو گرووپەیە کە سنووری فراوانەو لەکۆمەڵێکی یەکجار زۆر پەیدا بووە کە پەیوەندی بەهێزیان پێکەوە نیە. بۆ نموونە پارت و ڕێکخراوە سیاسیەکان، نقابەکان، یەکێتی قوتابیان. کارتێکردن لە یەکتری و بەکارهێنانی دەسەڵات لەگرووپە سەرەتاییەکاندا کاریگەرترە وەک لە گرووپە گەورەکاندا. Kurd Lewins لەتیۆری مەیدان گرووپی هەل و دەرفەتتێکی دینامیکی داناوە، کەگۆڕانکاری بەشێکی دەبێتە هی سەرانسەری گرووپەکە. ڕادەی گۆڕانسازی پاپەندی ئەوەیە چەندێک ئەندامانی گرووپەکە نزیکن لە یەکتریەکەوە، گرووپەکەیان لامەبەستەو، چ هێزێک دەیانبەستێت بەیەکەوەو، پەیوەندیان لەگەڵ سەرۆکی گرووپەکە، هەروەها گوشاری گرووپەکە خۆح بۆسەر ئەندامانی گرووپەکە کەچۆن دەبێت بیرکەنەوەو ڕەفتار بکەن. لەکاتی مەترسی و هەلومەرجی نائاساییدا ئەندامانی گرووپەکە دەستەڵاتیان دەکەن بەیەک و بەرپەرچی مەترسیەکە دەدەنەوە. سەرب و کروات و ئیسلامیەکانی یۆگۆسلاڤیا بەیەک زمان قسەدەکەن و بەهۆی ژن و ژنخوازیەوە تێکەڵاون، کام خێزان دەبینیت لەبۆسنیا لە ئەمانە پێک نەهاتبێ، کەچی ئەمڕۆ دەبینین کە سێ گرووپ سێ ڕەوتی جیاوازی ئایینیان لێبۆتەوەو چەکدارەکانیان لەیەکتری دەکوژن و گەورەترین تاوان دەکەن.
ئەنجامەکان:
بەشی زۆری هەوڵ و تێکۆشانی مرۆڤ لەدابینکردنی پێداویستیەکانی ژیانیدا شێوەی جۆراوجۆری پەیوەندی کردنە لەگەڵ کەسانی تردا، وەک بەرەنگاربوونەوەی کۆمەڵێک گیروگرفت و ناکۆکی و بەرژەوەندی خواست و هەڵوێستی جیاواز، هەروەها چۆنیەتی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی ژیان، ئەمەش بزوێنەرێکی بایەخدار بووە. لەدروستبوونی هاوسەنگیەکی سروشتی کەپێداویستی کەس و گرووپ و کۆمەڵەکان بووەو هۆی مانەوەو بەردەوامبوونیان بووە. لەم گەردوونە پان و بەرینەدا بۆ هەچ شتێک بڕوانین، گیاندار بێت یاخود بێگانە، دەبینین بوونیان ماناو جێگایەکی لەسروشتدا هەیەو هاوکارو پاپەندی یەکدین و بووشنەتەهۆی ڕاگرتنی هاوئاهەنگی و هاوسەنگێتی سروشت، ئیتر هەر لەدەستەڵاتی مرۆڤ و کارەساتە سروشتیەکانەوە بگرە تا دەستەڵاتی مێشوولەیەک! نەمامێک، دارێک، هەر لەبەرئەوەی ڕەگی قوڵتر داکوتاوەوە و ڕەگی ووردی زۆرترە توانای مژینی کەرەستەی خاوی زیاترە. بەچکەی باڵندەیەک هەر لەبەرئەوەی ڕۆژێک گەورەترە لەبەچکەکانی دی توانای گەشەکردن و گەورەبوونی زیاترە لەوانی دی. شێرێک، کە رادەی دەستەڵاتی لەنێو دەستەکەیدا زۆرە، بەچکەکانی دەبێت پێش بەچکەی دایکەکانی تر گۆشت بخۆن. ئەوانەی کەچاکترین و بەهێزترین پێکهاتووی جێنتیکیانەیان هەبێت توانای دەستەڵات و مانەوەیان لەوانی تر زیاترە کە لەوە بێبەشن. مرۆڤ مەزنترین توانای بائاگای و بێ ئاگایی پێبەخشراوەو هەر لەسەرەتاوە بە ململانێکردن دروست بووە (کام لە سپێرمەکان(تۆو)ە کان دەگەنە هێلکە) کاتێک منداڵێک یەکێکی تری بەدوادا دێ دەسەڵاتی بایەخپێدانی لەلایەن دایک و باوک و دەوروبەریەوە دەکەوێتە مەترسیەوە، بۆیە بەگریان و ڕێگرتن و سەرپێچیکردن دەوروبەرەکەی ئاگادار دەکاتەوە و ناڕەزایی دەردەبڕێ بەرامبەر برابەش زۆربوون (چونکە زۆرجار منداڵەکە وا دەزانێت بایەخدان بە منداڵەکەی دی لەسەر ئەم دەکەوێت.)
دەستەڵات و تاکە کەس:
کەلە ماڵەوە دەردەچین و ڕوودەکەینە ناو شار، کاتێک کار دەکەین یان گفتوگۆ لەگەڵ یەکدی دەکەین، شتێک دەگێڕینەوە دەسەڵاتێکی شاراوەمان لەسەر و پەردەیەکی گرتووە بە ڕوومانەوەو ناتوانین بە کەماڵی ئیسراحەت چی لە دڵمانایە دەریببڕین، دەبێت بەجۆرێک باسی شتەکان بکەین کەلەناو کۆمەڵدا گونجاو بێت. بۆ ئەم مەبەستە دەبێت خود خاوەنی دەسەڵاتی خۆگونجاندن بێت لەنێوان خواست (ئەم دامودەزگایە زمانی حاڵی خواستەکانمانەو زۆربەی جار لەجیهانی بێئاگاییەوە سەرهەڵئەدا)و دەزگای خودی گەورە (بریتیە لە دائیرەی پاراستن و توانای بڕیاردەکردنی هەیە لەسەر ڕاست و چەوتی خواستەکان پێوەری نرخ و نۆرمە کۆماڵایەتیەکانە،) خودیش دەزگایەکە لەنێوانیانداو خەریکی ڕێکخستنیانە. دەسەڵاتی خودی کەسەکە لەڕادەی توانابوون لەگونجاندنی داواکانی (ئەوانەی لەبیرو هەستا دەیەوێت.) لەگەل واقیعە بابەتیەکاندا. رادەی ئەم دەسەڵاتەش دەبێتە پێوانەی ئەو کەسەو ئایا چەند سەرکەوتووە و توانای باکارهێنانی دەسەڵاتی لەکات و جێگای خۆیدایە. بۆ نموونە دزی ناکەیت.. لەبەرئەوەی شەرمە چۆن ڕووت بێت سەرهەڵبڕیت، لەوانەشە سزا بدرێیت. توخنی سیاسەت ناکەویت، چونکە ماڵوێرانی لەدوایە..نابیت بەجاش، چونکە عەیبە پشت لەمیللەتەکەت بکەیت.. کۆمەکی یەکێک نەکەی لەکاتی پێویستدا.. لەپاشملە باسی کەسیک ناکەیت.. چونکە هەموو ئەمانە لەگەڵ ڕەوتی کۆمەڵایەتیدا دەگونجێن. ئەوەی کە(خودی گەورە)ی هێزبێت بە ئاسانی دەرگا لەخواستەکانی ئاوەڵا ناکات، وورد و چاک دەیانپێوێت و قازانج و زیانیان هەڵدەسەنگێنێت، خۆ ئەگەر لاوازتریش بوو ئەوا بەپێچەوانەوە هاەرچی بەخەیاڵیدا بێت دەیکا.
دەسەڵات و خێزان
خێزان سیستمێکی بچکۆلانەی کۆمەڵایەتیە کە پەیوەندی دەستەڵات تێیدا لەسەر بناغەی ئەکتواریتارە لەنێوان دایک و باوک و مناڵەکاندا. دەستەڵات هاوسەنگیەکی سروشتی لەنێوان خێزانەکەدا دروست کردووە، هەریەکیان جێگاو شوێنی خۆیان چاک دەزانن. زۆربەی زۆری هەڵوێست و هەڵسەنگاندنی باوک و دایکەکە ڕەنگی خۆیانی لەمنداڵەکەدا داوەتەوە(بۆ نموونە ئەگەر باوکەکە بە سیاسەتەوە، بازرگانیەوە، وەرزشەوە خەریک بێت ئیحتمالی زۆری هەیە منداڵەکانیش شێن پێی ئەو هەڵگرن)و بەرژەوەندی خێزانیش لەسەرو هەموو شتێکەوەیە. ئەم سیستمانە سنوریان هەیە لەگەل دەرەوەدا (لەگەڵ کەس و سیستمەکانی دی)، ئەمەش پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بەرادەی هاتنە ژوورەوە و چوونەدەرەوە، ئەگەر جۆرە هاوسەنگیەکی مەعقول نەبێ لەنێوانیاندا ئەوا دەستەڵاتی سیستێمەکە توشی مەترسی و گێچەڵ دەبێت. دانەنانی سنوورێک بۆ دەوروبەرەکەی دەبێتە هۆی خنکانی سیستەمەکە، لەکاتێکدا دانانی سنوور بەجۆرێک کەپەیوەندی لەگەڵ دەرەوەدا بپچڕێ دەبێتە هۆی تەنیا کەوتنەوەو گۆشەگیری. لێرەدا دەبێ ئەوە ڕوونبکرێتەوە کەلەنێوان خێزاندا کۆمەڵێک بەهای کۆمەڵایەتی بەهێز هەن کەکاردەکەنە سەر دەسەڵاتی ئەندامانی خێزانەکە، بۆ نموونە ناوو شۆرەتی خێزانەکەو، رادەی رقەبەرایەتی و گیانی تۆڵەسەندن، خۆشەویستی و برادەرایەتی، ئەو چاوەڕوانییە کەدایک و باوکەکە هەیانە لەمنداڵەکانیان. بەپێی گەشەکردنی دەسەڵاتی منداڵەکان، لەکاتی گەورە بوون و خۆناساندنیاندا، دەسەڵاتی ناو خێزانەکە گۆڕانسازی تیا دروست دەبێت، کەزۆر جار دەگوێزرێتەوە بۆخاڵێکی ترو هاوسەنگییەکی نوێ دروست دەکات.
دەسەڵات و گروپ
دەسەڵاتی گروپ پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بەئەندامەکانییەوە، تا چ ڕادەیەک بەرژەوەندی گروپەکە دەپارێزن و لایان مەبەستە. لەنێو گروپەکەدا دەسەڵات بەیەکسانی دابەش نەبووە، هەندێکیان دەسەڵاتیان لەراژەی ئەو زیاترە و هەندێکیان کەمترە، لەململانێکردنی نێوان ئەندامانی گروپەکەدا هاوسەنگیەکی سروشتی بۆخۆی دروست کردووە، گۆڕانی ئەم هاوسەنگیە لەقازانجی دەستەڵاتی ئەندامە لاوازەکانە، کەلەوانەیە ڕۆژێ لەڕۆژان هاوکێشەیەکی نوێ دروست کەن. لەلایەکی ترەوە، دەسەڵاتی گروپە بچکۆلەکان بەسەر ئەندامەکانیاندا و، رادەی خۆڕاگرتن و بەرگریکردنیان زیاترە لەوەی لەنێو گروپە گەورەکاندا هەیە.
دەستەڵات/کۆمەڵ
کۆمەڵ لەڕێگای دام و دەزگاکانییەوە بەئاسانی دەتوانێ کۆنترۆڵی ئەندامەکانی بکات. دەسەڵات لەڕێگای دامودەزگای سیاسی و ئایینی و ئابووری و دەسەڵاتی شاراوەی کۆمەڵەوە دەسەپێنرێ بەسەر کۆمەڵەکەدا و دەسەڵاتی دژ لەنێوگرووپە لاوازەکانی کۆمەڵدا دروست دەبێت، ئەم بەرهەڵستی کردنەش لەڕێگای دامودەزگای ڕاگەیاندن، مانگرتن، خۆپیشاندان، نارەزایی دەربڕین دەخرێتە روو. بەهێزبوونی دەسەڵاتی گرووپە بێهێزەکان مەرجێکی سەرەکییە لەدەابەشکردنی عادیلانەی پێداویستیەکاندا.
دەستەڵات-بەکارهێنان:
زۆربەی جار لەنێو برادەرانەوە، لەنێو خێزان و دەوروبەرەکەمانەوە سیگناڵمان بۆدێت، ئێمە بەبێ ئەوەی رەتی کەینەوە، یاشیکەینەوە، یان بەگومان بین لێی دەیکەین بەهی خۆمان. کۆمەڵێک هۆی بەرگریکردنی بۆ دەدۆزینەوە. کاتێک دەبین بە ئاندامی پارتێک هەموو شتێک لەچوارچێوەی ئیدۆلۆگیاکەی ئەودا دەپێوین. بەکارهێنانی دەسەڵاتی بیروڕای ئایینی یاخود ئیدۆلۆگی لەڕێگای چاندنیەوە لەمێشکی کەسێک یان چەند کەسانێکی تردا پێی دەوترێ دەستەڵاتی کۆنترۆڵکردن. بۆ نموونە منداڵێک زۆربەی زۆری ئاکارە کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتیەکانی و چۆنێتی بینینی بۆ ژیان لەنێوان خێزانەکەیدا وەردەگرێ. کابرایەکی سیاسی یاخود ئایینی دەتوانێ کاربکاتە سەر ئەندامەکانی و ئەوەی خۆی بەتەنیا بۆی ئەنجام نادرێ لەئەندامەکانیدا زیندووی کاتەوە، ئیتر لەژێر هەر ناوێکدابێت (بۆنموونە لەڕێگای تۆڵەسەندن وو سزادان، بەگوناه دانان و بەچاکە لەقەڵەم دان..یاخود بەناوی (دیکتاتۆرێتی پرۆلیتاریاوە) ئەندامەکانی وەک ئامرازێکی کۆنترۆڵکراو لەمردن سڵ ناکەنەوە بەکێڵگە لوغم چێنراوەکاندا تێدەپەڕن، دەڵێی بۆسەر دەعوەت دەڕۆن (یەکێک لەسەرکردەکانی پرۆلیتاریا دەقیژێنێ و فەرمان دەدا:بکوژن؛ چونکە دەسەڵاتی کوشتنمان لا ڕەوایە) ئاکامی ئەم دەستەڵاتەش بوو کە لەماوەی ٧٣ ساڵی دیکتاتۆری پرۆلیتاریدا ١٥-٢٠ ملیۆن کەس بەکوست چوون و لەبەندیخانەکاندا رزێنران.
دەستەڵات – بڕیاردان
هەندێ هێزی بەئاگایی و بێئاگایی ناوەوەمان کاردەکاتە سەرچۆنیتی بڕیاردەرکردن. بۆنموونە مەزاجی شەخسی، یان چۆنێتی کەڵک وەرگرتن و باکارهێنان یان لۆژیک.
ئەگەر لەیەکێک بپرسیت: کەسی A چۆنە بەلاتەوە لەوەڵامدا ئەگەر کەسەکە لەمەزاجی شەخسییەوە نزیکبێت ئەوا دەڵێ کوڕی چاکە، خۆئەگەر دووربێ لەمەزاجیەوە ئەوا وەڵامەکە بەپێچەوانەوە دەبێت، یان وەڵامەکە لەسەر رادەی قازانج وەرگرتن یان زیان لێکەوتن وەستاوە لەڕێگای کەسی Aوە. بەڵام بۆ وەڵامێکی مەنتیقیانە زانیاری لەسەرچاوەیەکەوە وەردەگرێت یان پرسیاری خەڵکێکی زۆرتر دەکات و قسە لەگەڵ خودی کابرا دەکات.
هەرکەسێک بگری، کەم تا زۆر لەپەیوەندیکرنیدا بەکەسانی ترەوە، ئەم سێ بینینەی هەیە، زۆربوونی دەسەڵاتی مەزاجی شەخسی کارێکی نەگەتیڤ دەکاتە دەکاتە سەر هەڵبژاردنەکان.
بەکورتییەکەی دەستەڵاتی بڕیاردانی تەنیا کەس و کارتێکردنی کاریگەرترە لەگۆڕانسازیدا (ئیتر بەهەرجۆرێک بێت. پۆزەتیڤ یا نەگەتیڤ) وەک لە بڕیاردانی بنیاد نراو لەسەر بناغەی هەرەوەزیانەو بەکۆمەڵ بۆ نمونە لەدەوڵەتە دیکتاتۆریەکاندا کەدەستەڵات شێوازێکی زنجیرەیی هەیەو، هەروەک سەرگوزشتەی (Rashenvsky)، زۆر گرانە ئەڵقەی سەرەکی زنجیرەی دەسەڵات دیاری بکەیت.
هیتلەر و ستالین و فرانکۆ و سەدام حسەین لەچاوترکانێکدا بڕیاری مردن و ژیانیان دەرکردووە، خەڵکە ئاساییەکەش بۆ بەدەستهێنانی پێداویستیەکانیان خۆیام گونجاندووە یان کەوتونەتە بەرشاڵاوی هێزی دەسەڵاتی ئاشکراو نائاشکراوە، ئیتر هەر لەساتی پەیدابوونیەوە لەناو خێزانەکەیداو تا ژیانی لەدەوروبەرو نێو کۆمەڵگاکەیدا.
دەستەڵات و حکومەتی هەرێم:
میللەتی کورد لەژێر زەبری دەسەڵاتێکدا ژیاوە کەنە لەڕووی سیاسیەوە نە لەڕووی مرۆڤایەتییەوە مافی پارێزراوە. کوشتن و بڕین و ماڵوێرانکردن کاری ڕۆژانەی ئەو دەسەڵاتە بووە لەدژیان و بەدرێژایی ٣٠ساڵ چاویان لەنێو جەنگ ە خەباتی چەکداریدا کردۆتەوە، ماڵ نییە یەک دوو قوربانی نەدابێت و کەم شارو دێ هەیە لەگەل زەویدا تەخت نەکرابێ. دەستەڵاتی ڕژێم بەزۆری خۆی هاوسەنگییەکی دەسەڵاتی لەناوچەکەدا دروست کردبوو، ئەم دەستەڵاتە دوای گرتنی شارەکان گوێزرایەوە بۆ دەستی ئەو پارت و رێکخراوانەی کە لەکاتی خۆی، لەخەباتی چەکداریدا، توانای بەڕێوەبردنی (٣-٤)هەزار پێشمەرگەیان بووە. ئەمڕۆ لەناوچەکەدا ئەمان خاوەندی دەسەڵاتن، ئەمەش خۆی سروشتی پەیوەندی دەستەڵاتە، کاتێک لایەنێک دەسەڵاتی کەم دەبێتەوە، ئەم کەم بوونەوەیە دەبێتە هۆی زیادبوونی دەستەڵات لە دەستەکەی تردا. جا ئەگەر گوێزانەوەکە بەخێرایی و کتوپڕبێت و خۆی بۆ ئامادە نەکرابێت لەسەرخۆ، ئەوا شیرازەی دەستەڵاتەکە تێک دەچێ، گەڕەلاوژەیەک دروست دەبێت کەهەرکەس بۆ خۆیەتی، هەرلایەکیان دەگری داخ لە دڵەو رقی دنیای لەدڵدایەو دەیەوێت تۆڵە بسێنێت. ئاڵمەو ساتمەکردن و تاڵانکاری و ئەمدیوو ئەودیو بردن و بڵاوبونەوەی چەکێکی زۆر خۆی دیاردەی لاوەکی و هاوشانی دەسەڵات گوێزانەوەکەیەو، دەسەڵاتە نوێیەکەش ئەستەنگە لەسەرەتاداو، تا ماوەیەکی دوورودرێژێش، بتوانێ ڕێگەیان لێبگرێت و ئەمن و ئاسایش و یاسا بهێنێتە کایەوە، ئەمەش پەیوەندی بەمیکانیزمی دەسەڵاتی تاکە کەسەوەیە. زۆربەی ئەو کەسانە لەقاوغەکەی خۆیان هاتوونەتە دەرەوەو کۆمەڵ و دەستەیەکیان دروست کردوە کەبەدوای بەرژەوەندی هاوبەشی پارە و دەستەڵات زۆربووندا دەگەڕێن، گروپەکانی کۆمەل جێگۆڕکێ لەگەڵ یەکتردا دەکەن و،لەم گۆڕانسازیەدا هەندێ قازانج دەکەن و هەندێ زەرەر، هەندێ هەژارە و دەوڵەمەن دەبێتو هەندێکیش بەپێچەوانەوە. ئەمەش پەیوەندی زیاتر بەچۆنێتی گۆڕانی دەستەڵات و خەڵکەکە خۆی و ئەو ئابڵوقەیەوە هەیە کەلەسەر ناوچەیەکە، نەک بەو تاقم و دەستەو سەرکردانەی کەناوچەکە بەڕێوەبردن. لەگەڵ ئەتاڵانی و بێیاسایی و برسێتیەی هاشان لەپاڵ گۆڕانکاری ناوچەکەشدا هاتۆتە ئاراوە، زۆرلایەنی تری ژیان بەردەوامەو زۆر نیشانەی دڵخۆشکەر هەن کەمژدەی بزووتن و گەشەکردن دەبەخشن و، خەڵکی لەهەوڵێکی بەردەوامدان بۆ زاڵبوون بەسەر سەختیەکانی ژیانداو، دەتوانین بڵێین کەلەچەندین بواردا سەرکەوتن بەدەست هێنراوەو دەهێنرێ، بۆیە گەر بارودۆخی وڵاتەکەمان لەگەڵ وڵاتانی تردا، کەدووچاری گۆڕانکاری کتوپڕو گەورەی وەکو ئێمە بوونەتەوە، بەراورد بکەین باری ئێمە لە زۆر ڕووەوە چاکترە. ئەگەر بێت و جەخت بکرێتەسەر کەموکوڕییەکان، خۆ لەم سویدە دیموکراتیەدا، کە ٢٠٠ ساڵە جەنگی بەخۆیەوە نەدیوەو کۆمەڵگاکەی لەسەرخۆو ئاساییانە گەشە دەکات، لەیەک هەفتەدا دەتوانرێت هێندە شتی خراپ کۆبکرێتەوە کەقێزت بێتەوە لەنێویدا بژیت..لەوڵاتە سۆسیالیستەکانی پێشوودا (بۆنمونە لەڕوسیادا)، پاش ٦٠-٧٠ ساڵ حوکمڕانی و دەوڵەت دروستکردن، هەر دوای گۆڕانی دەسەڵات جیاوازی چینایەتی یەکجار زۆر بووەو، کۆمەڵ و تاقمی مافیای بەهێز دروست بوون کە دەسەڵاتیان لەدەوڵات زیاترەو دەستیان بەسەر بازاڕدا گرتووە. لەکوردستانی خۆمانیشدا نەک هەر کەموکوڕی، بەڵکو خاڵی پرشنگدارو گرنگ و دڵخۆشکەریشی تیایە. بۆنموونە هەست بەئازادی کردن، زۆربەی زۆری مامۆستایان و مووچەخۆران و کرێکاران بەبێ مووچە بە معاشێکی یەکجار کەم خەریکی بەڕێوەبردنی کارەکانی خۆیانن، بەشێکی زۆری لادێ و شارە رووخاوەکان ئاوەدان کراونەتەوەو خەڵکەکەیان گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان و خەریکی کشتوکاڵن. ئەمن و ئاسایش و یاسا وردە وردە خەریکە دەگەڕێتەوە بۆ هاوڵاتیان. لەکۆتایی ئەم وتارەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم کەباس کردنی کەموکوڕیەکان دەبێ وەک پرۆسیسێکی سروشتی و ئاکامێکی گۆڕینی دەسەڵات لەناوچەکەدا باسی لێبکریت. ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کەدەبێ لێیان بێدەنگ بین، ئەرکی سەرشانی هەموولایەک هەر لەتاکەکەس و خێزانەکانەوە تا بەتاقم و دەستە سیاسی و پیشەییەکان دەگات، نەک هەر ئەوانەی دەسەڵات بەڕێوەبردنیان لەدەستدایە، دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی ئەو کەموکوڕیانەیە.
بۆ نووسین و ئامادەکردنی ئەم باسە، ئەم سەرچاوانەم بەکارهێناوە:
1- Maurice Cronston. Makt och ide frn Platon till. Halmastad. 1970. 1962
2- Noam Chonsky Makt och motst.
3- Noam Chonsky Makt1988
4- Rollo May.Makt och ideo-logi
5- a 1985
6- Peterson Olof Makt. 1991
7- IsraelJoachim.Socialogi.Stosk-holm.1984
8-rosman Eliasson.Forskningse-tik och prespectiv.Land1987
9-Lorens Lyttkens. Den displine-rade manniskan.stoskhplm 1987
10-Andres engqvist.Om konsten att samtala.
11-P.I. Ropstad. N rhet och di- stans.Lund. 1985
12- stig Fhaer Stockholm1985
13- philip Hwang Barnets tidiga realationer.Lund.1987
14-Barnpykol-ogisk frosking. Uppsala.1990
* ئەم بابەتە لە گۆڤاری نۆڤین ژمارە 2 ساڵی 2004 باڵاوکراوەتەوە.