ئەنفال لە کوردستانی عێراق
نوسینی:مایکڵ لیزنبێرگ
وەرگێڕانی:کارزان محمد
لەبڵاوکراوەکانی ئەکادیمای هۆشیاری و پێگەیاندنی کادیران
ساڵی ٢٠١١
کارەساتی ئەنفالی کوردەکانی عێراق کە ڕژێمی سەدام لە ساڵی (١٩٨٨) لە کوردستانی عێراق ئەنجامیدا، یەکێکە لە گرنگترین نمونەکانی جینۆساید لە سەدەی بیستەمدا. ئەو شاڵاوەی کە بڕیاروابوو دژ بە تێکۆشەران و پێشمەرگە کوردەکان ئەنجام بدرێت، سەرەنجام بووەمایەی مەرگی هەزاران هاوڵاتی لە عێراقدا.
ئاماری قوربانیانی ئەم جینۆسایدە بە (٥٠) پەنجا هەزار تا (٢٠٠) هەزار کەس دەخەمڵێنرێت، ئەگەر ئاماری ئاوارەکانیشی بۆ زیاد بکەین، ئەم ژمارەیە زۆر پتر دەبێت. لە شاڵاوی ئەنفالدا زیاتر لە (١٠٠٠) هەزار گوندی کوردنشینیش لەگەل کێڵگە کشتوکاڵی و باخەکانیاندا لە نێوچوو.
لە بەهاری(١٩٨٧)دا، عێراق لە گێژاوێکی تەواودا گیرۆدە بوو.ئێران لە مانگی ئازاردا لەگەڵ پێشمەرگە کوردەکانی عێراق بووە هاوپەیمان، بەرەی باکوری جەنگەکەی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە.
لە هەمانساڵدا، پارتە سەرەکیەکانی کوردستان وەك پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرکردایەتی مەسعود بارزانی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرکردایەتی جەلال تاڵەبانی، بڕیاریاندا دژ بە دووژمن یەك بگرن و ناکۆکییە دێرینەکانی خۆیان وەلابنێن. هاوپەیمانێتی تاکتیکی کوردان لەگەل ئێراندا، هەڕەشەیەکی مەترسیدار بوو بۆسەر ڕژێمی عێراق، سەدامی بە چەشنێك توڕەکرد کە بڕیاری کاردانەوەیەکی زۆر توند ونالۆژیکی دەرکرد.
یەکەمین چالاکی ئەنفال لە (٢٣)ی شوباتدا، دژ بە ئەندامانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەستیپیکرد کە لە نزیك سنوری ئێران نیشتەجێ ببوون. زۆربەی گوندە کوردنشینەکانی سنور پەرشوبڵاو کران، دانیشتوانەکانیان بۆ ئێران هەڵاتن یاخود پەنایان بردەبەر شارە مەزنەکانی کوردستانی عێراق. بەم پێیە یەکەمین چالاکی ئەنفال، زیانێکی زۆری لە ناو کەسانی مەدەنیدا نەبوو،دیاربوو دوا ئامانجی ئەم هێرشانە، کوشتنی بە کۆمەڵی خەڵك و پێشمەرگە بوو،دوای هێرشە ئاسمانی و کیمیاییەکان، هێزە زەمینیەکان بازنەی گەمارۆدانیان تەنگتر دەکرد و سەربازە پیادەکانی سوپای عێراق هێرشیان کردە سەر گوندەکان و شارە کوردنشینەکان و خەڵکیان جینۆساید کرد.
بەڵگەنامەیەك یاخود پۆڵبەندیەکی "زۆر نهێنی" بە قەڵەمی یەکێك لە جەنەڕاڵەکانی سوپای عێراق بەدەستهێنراوە کە تیایدا بەم چەشنە نوسراوە :" ژمارەیەکی زۆری کچانی تەمەن (١٤)چواردە تا (٢٩) بیستونۆ ساڵ لە نێوان دیلەکاندا بوون کە نێردراون بۆ حەرەمسەراو یانە شەوانەکانی میسر". ئەو زیندانانەی پیرو بەساڵاچووبوون، گوێزرانەوە بۆ ئوردوگاکانی کاری زۆرەملێی(نوگرە سەلمان)ی باشوری عێراق. کارەساتی ئەنفال ترۆپکی جەنگە درێژخایەنەکانی نێوان ڕژێمی عێراق و کوردە ناسیۆنالیستەکان بوو،بەڵام دڵڕەقی و دڕندەیی بێئەندازەی ڕژێمی عێراق تا ماوەیەکی زۆردوور لە چاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی مایەوە. گرنگترین کارەسات هەردوو پرۆسەی ئەنفال و بۆمبارانی هەڵەبجە بوو لە ئازاری (١٩٨٨)دا.
ئەلمەجید دوابڕیاری دەرکردبوو لەم پرۆسەیەشدا سەدام دەسەڵاتی تەواوی پێ بەخشیبوولە جێبەجێ کردنی ئەم پرۆسانەدا، کۆمەڵە جیاوازیەکی بنچینەیی بەرچاو کەوت.لە ئەنفالی یەکەمدا، زیانێکی زۆر بە مەدەنییەکان نەگەیشت. لە ئەنفالەکانی دواتردا پیاوان دەستگیر دەکران و بۆ ناوەندەکانی لە سێدارەدانی بەکۆمەل دەنێردران، بەڵام لە ئەنفالەکانی کۆتاییدا بەعسیەکان چیتر دیلیان نەدەگرت و هەرکەسێکیان ببینیایە، دەیانکوشت. تەنها لە پرۆسەی کەرکوکدا ژنان و منداڵان بە شێوەیەکی بێوێنە لە سێدارە دەدران.
بە شێوەیەکی گشتی دەبێ بوترێ کارەساتی ئەنفال جیاوازیەکی بنچینەیی لەگەڵ جۆرەکانیتری جینۆساید هەبووە، لەم بارەیەوە هیچ جۆرە رقێکی نەژادی لە ئارادا نەبوو و ئەنجامدەرانی تاوانەکە پەنایان بردبووەبەر ئامرازی ڕقی نەتەوەیی دژ بە نەتەوەیەکیتر، بەڵکو کارە سەرەکییەکەیان پیلاندانان بوو لە ڕێگەی دامەزراوەیەکی زۆر نهێنی و ئاڵۆزەوە.
بەعسیەکان لە ئەنفالدا شێوەی دڵڕەقی خۆیان نیشاندا. دوای ئەم پرۆسەیە، تەنها (٦٧٣) گوند لە گشت کوردستانی عێراقدا مابۆوە. بە درێژایی چەندین ساڵی کوشتاری کوردەکان ، ڕژێم (٤٠٤٩) هەزار گوندی کاول کردبوو.
ئەوەی لێرەدا خراوەتەڕوو شایەتیدانی دووکەس لە جێماوەکانی کارەساتی ئەنفالە.
ڕاپۆرتی یەکەم: هێرشی کیمیایی
ئەوەی لێرەدا دەیخوێنیتەوە شایەتیدانی (عەبدوڵڵا عەبدولغەدیرعەسکەری)یە کە لە هێرشی کیمیایی بۆ سەر گۆپتەپەدا بە سەلامەتی ماوەتەوە، ئەم شایەتحاڵە دەڵێت :"پاشنیوەڕۆی ڕۆژی ٣ی ئایاری ١٩٨٨ بارودۆخ لە گوندی گۆپتەپە ئاسایی نەبوو، بیستبووم کە ڕژێمی بەعسی دەیەوێ هێرشی کیمیایی بکاتە سەر ئەو ناوچەیە، بەڵام نەماندەزانی بڕیارە ئەم ڕوداوە کەی ڕوبدات.
ڕاپۆرتی دووەم:گۆڕەکانی کوشتنی بە کۆمەڵ
گفتوگۆیەکی ڕاچڵەکێنەرە لەگەڵ (تەیمورعەبدوڵڵا) کە توانی لە یەکێك لە مەیدانە تەلبەندکراوەکانی لەسێدارەدان، لەسەر سنوری عەرەبستانی سعودیە خۆی دەرباز بکات، خیزانێکی شیعە لە بەغداد پەنای دەدەن و یارمەتیان دا بگەڕێتەوە بۆ کوردستان.
ڕاپۆرتی سێیەم:عەلی حەسەن ئەلمەجید (شریتێکی تۆمارکراوی دەنگی عەلی حەسەن ئەلمەجیدە لە ٢٦ی ئایاری ١٩٨٨)
جەلال تاڵەبانی داوای لێکردم کەناڵێکی تایبەتی لەگەڵدا بکەمەوە، ئەو ئێوارەیە چووم بۆ سلێمانی وبە چەك و کەرەستەی تایبەت لێمدان، ئەوە وەڵامی من بوو.
        
   
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved