دێمەگۆگ Demagogue
ئامادەکردن: هاوار
دێمەگۆگ Demagogue لە نەریتی سیاسی هاوچەرخدا، بەو کەسانە دەگوترێت کە فریودەر و چەواشەکارن. ناوەڕۆکی وشەکە ئەگەر بکرێت بە کوردی، مانای فریودەری خەڵک یان چەواشەکاری هاووڵاتی دێت. لە بنەڕەتدا ئەم چەمکە لە وشەی demagogia یۆنانییەوە کەوتووەتەوە. لە کۆمەڵگەی ئەوسای یۆنانیدا بەو کەسانە دەگوترا دێمەگۆگ، کە خۆشەویستی خەڵک و دڵخوازی هاووڵاتی بوون بەڵام دواتر وشەکە مانا ئەرێنییەکەی لەدەستدا و مانایەکی نەرێنی و خراپی وەرگرت. بەجۆرێک ئێستا ئەگەر بە کەسێک یان سیاسەتمەدارێکی ڕاستەقینە بگوترێت دێمەگۆگ، وەک جنێو و سوکایەتی لێکدەدرێتەوە.
کەسانی دێمەگۆگ بۆ ڕاکێشانی سەرەنجی هاووڵاتی و کۆکردنەوەیان لە دەوردی خۆیدا یان بۆ هاوڕاکردنی خەڵک لەگەڵ هەڵوەستە سیاسییەکیدا تاکو پشتیوانی لێ بکەن، فریویان دەدات و ڕاستییەکان چەواشە دەکات. ئێستا لە بانگەشەکانی هەڵبژاردندا، زۆر پەنا بۆ چەواشە دەبرێت و خەڵکی فریودەدرێت. هەروەها سیاسەتمەداری لەرزۆک بۆ ئەوەی کردە سیاسییەکانی خۆی پاساو بدات، خەڵک فریو دەدات. کەسانی دێمەگۆگ، لەبری ئەوەی پاساوی لۆجیکی و عەقڵانی بۆ کردە سیاسییەکان بخەنەڕوو، سوود لە هەست و سۆزی خەڵک وەردەگرن و هەستیان دەبزوێنن. هەروەها لایەن و حزب و حکومەتی تر تاوانبار دەکەن. باس لەوە دەکەن کۆمەڵگەکەیان لەبەردەم مەترسی گەورەدایە و خەڵک و وڵاتی تر چاویان تێ بڕیوە.
لە ڕاستیدا دێمەگۆگ لە کۆمەڵگە هەژار و دواکەوتووەکاندا، زۆر زیاتر لە بڕەودایە بەراورد بە کۆمەڵگە پێشکەوتوو و هۆشیارەکان. چونکە خەڵکی هۆشیار ڕێگە نادەن فریو بدرێن و چەواشە بکرێن.
کەسانی دێمەگۆگ، لەبری ئەوەی پاساوی لۆجیکی و عەقڵانی بۆ کردە سیاسییەکان بخەنەڕوو، سوود لە هەست و سۆزی خەڵک وەردەگرن و هەستیان دەبزوێنن

هەر لەو سۆنگەیەوە، ئەو حکومەت و حزب و سیاسەتمەدارانەی خاوەن شەرعیەت و ڕەوایەتی نین، هەروەها شکستیان هێناوە دانیشتووانی کۆمەڵگەکەی خۆیان ڕازی بکەن، پەرە بە دێمەگۆگی دەدەن و داهێنانی تێدا دەکەن. هاوکات حکومەتە شکستخواردووەکان، لەبری ئەوەی خزمەت بکەن و وڵات و کۆمەڵگەی خۆیان ببوژێننەوە، بابەت و مەسەلەی لاوەکی زەق دەکەنەوە و خەڵکی خۆیان بە دروشمی گەورە و قسەی پڕ ڕەونەق فریو دەدەن. ئەوەش سیمایەکی نوێی دێمەگۆگی ڕێکخراوە. کە لە ڕێی میدیا و راگەیاندنی پێشکەوتووەوە دەکرێت. یەکێک لە نموونە بەربڵاوەکان بۆ نیشاندانی دێمەگۆگی ڕێکخراو لەلایەن حکومەتەوە ئەوەیە، لە وڵاتێکدا داهات و پارەیەکی زۆر دیار نەماوە و بۆ خەڵکیش خەرج نەکراوە بەڵام حکومەتەکە وڵاتانی هاوسێ و حزبە ڕکەبەرەکانی خۆی تاوانبارکردووە.
بە شێوەیەکی گشتی، لەمەڕ پرسی دێمەگۆگ دوو نموونەی زۆر بەربڵاو لە مێژووی نوێی سیاسەتی جیهاندا هەیە. یەکەمیان بریتییە لە ئەدۆڵف هیتلەر و حزبی نازی لە ئەڵمانیا. نازییەکان بۆ ئەوەی دەسەڵات بگرنە دەست و ڕەزامەندی خەڵک بە دەست بهێینن، جووەکانی ئەو وڵاتەیان تۆمەتبار دەکرد و هەستی نەرێنی و ئیرەیی خەڵکیان لەبەرامبەر جووەکان قۆستەوە. ئەوەش وایکرد کۆمەڵگەی ئەڵمانی زیاتر پێشوازی لە نازییەکان بکەن و دەسەڵاتیان ڕادەست بکەن. هەروەها دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا، یەکێکی ترە لە نموونە زەقەکان. بە تایبەت لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، کێشە و گرانی بازاڕ و بێکاری گەنجان و هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی باجی بەستەوە بە پەنابەران و کۆچبەران لە وڵاتەکەیدا. لەکاتێکدا ئەو قەیران و گرفتە دارایی و ئابووریانە، ڕیشەیەکی قوڵتری هەیە و پەیوەستە بە قەیرانە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکانەوە. بەڵام ترامپ بەوجۆرە خەڵکێکی زۆری وڵاتەکەی خۆی چەواشە کرد و دەنگەکانیانی مسۆگەر کرد.

 
حکومەتە شکستخواردووەکان، لەبری ئەوەی خزمەت بکەن و وڵات و کۆمەڵگەی خۆیان ببوژێننەوە، بابەت و مەسەلەی لاوەکی زەق دەکەنەوە و خەڵکی خۆیان بە دروشمی گەورە و قسەی پڕ ڕەونەق فریو دەدەن

جیاوازییەکی گەورە لەنێوان چەمکی دێمەگۆگ Demagogue و پۆپۆلیزم Populism دا هەیە. دێمەگۆگ بانگەشە و کردەیەکی تاکتیکی نالەبارە بۆ جێهێشتنی کاریگەریی بەسەر خەڵکەوە تاکو لە رێی درۆ و فریودان و چەواشەوە دەسەڵاتدار دەسەڵاتی خۆی بهێڵێتەوە یان بگاتە دەسەڵات بەڵام پۆپۆلیزم بریتییە لە ئاراستەیەکی سیاسی بەربڵاوتر، کە خۆی بە نوێنەری راستەقینەی هاووڵاتیان دەزانێت و داوا دەکات پێکهاتەی سیاسی وڵاتەکە لە بنەوە بگۆڕدرێت. لەلایەکی ترەوە دێمەگۆگ سوود لە بزواندنی هەستی خەڵک و دروشمی جۆراوجۆر و ترساندن و شاردنەوەی ڕاستییەکان و چەواشەکردنیان دەبینێت بەڵام پۆپۆلیزم هەوڵ دەدات خۆی لە خەڵک نزیک بکاتەوە و خەڵک لەگەڵ ئامانجەکانی خۆی هاوڕا بکات.
بە شێوەیەکی گشتی کەسانی پۆپۆلیست زۆرجار هەوڵ دەدەن دێمەگۆگ بن و خەڵکی فریو بدەن. هەروەها خەڵکانی تر و ئەوانەی پۆپۆلیست نین دەکرێ دێمەگۆگ بوو بن. بەڵام خودی ئەو دوو چەمکە لەیەک جیان.

 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved