ئۆلیگارچی- Oligarchy
 
ئامادەکردن: هاوار
ئۆلیگارچی Oligarchy وشەیەکی یۆنانییە و لە ئەسینای کۆندا سەریهەڵ دا، واتاکەشی بریتییە لە حکومەتی گروپێک خەڵکی گەندەڵ. تاکو ئێستا وشەیەکی پڕاوپڕ بۆ ئۆلیگارچی لە زمانەکانی کوردی و عەرەبیدا دانەنراوە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە هەم وشەی ئۆلیگارچی بە تەواوی ڕۆچووتە ناو نەریتی سیاسی کۆمەڵگەکانەوە و هەمیش سەردەم و زەمینەیەکی تایبەتی یۆنانی هۆکاری سەرهەڵدانی وشەکەیە. بە تایبەتی لە چەند بەرهەمێکی ناوازەی فەلسەفەی سیاسیدا، ئەفڵاتۆن و ئەرستۆ بۆ وەسفکردنی حوکمی گروپێکی بچووک و گەندەڵ بەکاریانهێناوە و بە تەواوی ڕوونیانکردووەتەوە ئۆلیگارچی چی واتایەک دەگەیەنێت. بۆیە کاتێک وشەیەکی کوردی و عەرەبی و فارسی دادەتاشرێت بۆ چەمکە سیاسی و فەلسەفییەکان، واتاکەی وەک خۆی ناگەیەنێت.
هەر لە سەرەتاوە ئەفڵاتۆن و ئەرستۆ شێوازی حکومەتەکانیان دابەش کرد بۆ دوو جۆر، حکومەتی باش و خراپ. بە شێوەیەکی سادە، ئەو دوو فەیلەسوفە حوکمڕانی باش بە پەرەدان بە خزمەتگوزاری و مسۆگەرکردنی دادپەروەری و دەستەبەرکردنی چاکە دەزانن. هەرچی حوکمڕانی خراپیشە بریتییە لە نکۆڵیکردن لە چاکە و دادپەروەریی و بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی کەسی یان پەرەدان بە ڕەوتێکی نالەبار کە خزمەتی کۆمەڵگە ناکات. بنەمای حوکمڕانی باش، لەسەر چاکە دامەزراوە و چاکەی لێ دەکەوێتەوە. بەڵام حوکمڕانی خراپ لەسەر بنەمای خراپە و هەڵە دامەزراوە و بە شێوەیەکی سروشتی پەرە بە کردەوەی خراپ دەدات و هەر ئەوەشی لێ دەکەوێتەوە.
بەگوێرەی پۆلێنکردنەکانی ئەفڵاتۆن و ئەرستۆ، حکومەتەکان چ باش بن یان خراپ لەوانەیە لە دەستی کەسێک یان گروپێک یا زۆرینەی خەڵکدا بێت.  ئەو حکومەتانە لە فەلسەفە و زانستی سیاسیدا بەشێوەیەکی گشتی لەمانە پێکهاتوون (پاشایەتی و تاکڕەوی، ئەرستۆکراسی و ئۆلیگراشی، دیموکراسی). لێرەدا مەبەست لە حکومەتی گروپ، بریتییە لە حکومڕانی گروپێکی بچووک کە بە تایبەتمەندییەکی دیاریکراو لە کەسانی تر جیا دەکرێنەوە، ئەو تایبەتمەندیانە خۆی لە خوێنەواری و ڕووناکبیری و زانیاری و لێهاتوویی و خۆنەویستی و پەرۆشی بۆ کۆمەڵ خۆی دەبینێتەوە. حکومەتی گروپ یان حکومەتێکی ئەرستۆکراسییە یان ئۆلیگارچی. لە پۆلێنبەندییەکەی ئەفلاتۆن و ئەرستۆدا، ئەرستۆکراسی سەر بە حکومەتە باشەکانە و ئۆلیگارچی سەر بە حکومەتە خراپەکانە.
 
ئۆلیگارچی بریتییە لە حکومەتی کەمینە و گروپێکی گەندەڵ، کە بە هەڵە سیاسەت دەکەن و حکومەت لە بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنن

ئەریستۆکراسی حوکمەتی ئەشراف و ماقولەکانی کۆمەڵگەیە و حکومەتی زۆرینەی خەڵکی نییە بەڵام بەلای ئەفڵاتۆن و ئەرستۆ، گروپی ئەشرافەکان خاوەن رفتار و ئەدگاری چاکەن و لە خەمی کۆمەڵگەدان. کەواتە ئەریستۆکراتەکان نموونەی "حوکمڕانی باش"ن بەڵام حوکمی باشی کۆمەڵێک کەسە نەک هەموو خەڵک.
ئۆلیگارچی، شێوازێکی گەندەڵی ئەریستۆکراسییە. واتە "سیاسەت و یاسای خراپی گروپێکی بچووک". لە حکومەتێکی ئۆلیگارچیدا فەرمانڕەوای گەندەڵ کۆمەڵگە بەرەو گەندەڵی و خراپی دەبات بەڵام حکومەتی ئەریستۆکراتی هەرچەندە دێموکراسی نییە بەڵام فەرمانڕەواکانی گەندەڵ نین و خەڵک بەرەو گەندەڵی نابەن. بە مانایەکی تر ئۆلیگارچی حکومەتی گروپێکی بچووکی کۆمەڵگەیە هاوشێوەی ئەریستۆکراسی بەڵام ئەو گروپە گەندەڵن و پەرۆشی خەڵک و کۆمەڵگە نین.
لە پراکتیکدا، زۆرێک لە حکوومەتە ئۆلیگارچییەکان دەبووایە ئەریستۆکراسی بن بەڵام ڕەوتی کاروباری خۆیان دەگۆڕن یان هەر لەبنەڕەتەوە بە خولیا و خواستی ترەوە دەست بە سیاسەت و حکومڕانی دەکەن. بە واتایەکی تر ئۆلیگارچی گروپێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراون بانگەشەی ئەوە دەکەن کە زیاتر لە خەڵکی ئاسایی تێدەگەن و زیاتر چاکەی کۆمەڵ و خەڵکیان دەوێت، بەو هۆیەشەوە حوکمڕانی بە مافی تایبەتی خۆیان دەزانن. پێش ئەوەی دەسەڵات بگرنە دەست بەڵێن بە خەڵک دەدەن کە حوکمی ئێمە لە بەرژەوەندی ئێوەدایە، واتە ژیانێکی باشتر دەڕخسێنن و ڕفتار و هەڵسوکەوتە پەسەندەکان بەهێزتر و زیادتر دەکەن. بەڵام ئەو گروپە بچووکەی کە بانگەشەی سەروەری و حوکمڕانی دەکات، ئەگەر لە بنەڕەتدا گەندەڵ بێت یان گەندەڵ بکرێت، ناتوانێت بە باشی حکومەت و کاروباری حکومڕانی بەڕێوە ببات.
 
ئەو گروپە بچووکەی کە بانگەشەی سەروەری و حوکمڕانی دەکات، ئەگەر لە بنەڕەتدا گەندەڵ بێت یان گەندەڵ بکرێت، ناتوانێت بە باشی حکومەت و کاروباری حکومڕانی بەڕێوە ببات

هەر لەم سۆنگەیەوە بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە حکومەت ئەرستۆکراتییە یان ئۆلیگارچی، تا ڕادەیەکی زۆر، "بڕیارێکی پاشیانە" یە. واتە دەبێت مرۆڤ ئەدای حکومەت ببینێت و دواتر بڕیاری لەسەر بدات. پێویستە ئەوە بە هەند وەربگرین، کاتێک ئەریستۆکراتەکانی کۆمەڵگە لە دەسەڵاتدا بن، مەرج نییە حوکمەکەیان ئەرستۆکراسی بێت چونکە ئەگەر حکومەتی ئەریستۆکراسی گەندەڵ و ستەمکار بێت، ئەوا بە شێوەیەکی سروشتی ئۆلیگارچی جێی دەگرێتەوە.
لە کۆندا تەنیا ئەندامانی خێزانە ئەریستۆکرات و دەوڵەمەندەکان دەیانخوێند و پەروەردە دەکران. بۆیە ئەو چینەی کۆمەڵ لە خەڵکی ئاسایی خوێنەوارتربوون و گرنگیان بە هونەر و ئەدەب و فەلسەفە دەدا. ئەوەش بە هۆی خۆشگوزەرانی و بەردەستبوونی کەرەستەکانی ژیانەوە. هەروەها هەر لە منداڵییەوە لەسەر کۆمەڵێک بنەما پەروەردەی جدی دەکران و خۆیان وایاندەزانی خاوەن ئەخلاق و ڕەوشتی تایبەت و بەرزن. بەو جۆرە خۆیان لە خەڵکی ئاسایی جیا دەکرەوە و خەڵکی ئاساییان بە ئاست نزم ئەژمار دەکرد. کاتێک ئەو خانەدان و ئەشرافانە دەسەڵات دەگرنە دەست، ڕوانینیان ڕوانینێکی لەبەرزەوە بۆ نزمە. واتە پێیانوایە خەڵکی ئاست نزم، هەمیشە هەڵەن و دەبێ بەڕێوەببرێن و ڕاست بکرێنەوە، ئەوەش دەیانکات بە ستەمکار. هەر ئەو ڕوانینە خۆی، هۆکارێکە بۆ ئەوەی حکومەتەکان لە ئەریستۆکراسییەوە ببێتە ئۆلیگارچی.
لە سەدەکانی ڕابردوودا، پیاوانی ئایینی بە هۆی پێگەکەیان و خوێنەواری و هۆشیاریان لەلایەک و دەسەڵاتخوازی خۆیان لەلایەکی ترەوە، هەوڵیان دەدا حکومەتێکی ئەریستۆکراسی ئایینی دابمەزرێنن. لە ئەوروپادا تا ئەندازەیەک پڕۆژەکەیان سەریگرت و بۆ ماوەیەک حکومڕان بوون. هەروەها پیاوانی ئایینی لە چەند کۆمەڵگەیەکی جیاوازدا، یەکیانگرت و دەسەڵات و پێگەی ئایینی خۆیان بەکارهێنا بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە بەڕێوەبردنی وڵات. لە سەدە نوێیەکاندا، حزب و گروپی سیاسی گەورەیان دامەزراند.
لە سەدە نوێیەکاندا شێوازی حکومڕانی ئەریستۆکراسی لە بەشێک لە کۆمەڵگەکاندا، بە هۆی قۆرخکردنی ئابووری و سەربازی و زانیاری و دەسەڵاتەوە، خۆی نوێ کردەوە و دەسەڵات و حکومڕانی لە دەستی گروپێکدا هێشتەوە. هاوکات گۆڕینی حکومڕانی لە ئەریستۆکراسییەوە بۆ ئۆلیگارچی نوێ، یەکێکە لە مەترسییە هەنووکەییەکان لە زۆربەی کۆمەڵگەکاندا.

 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved