کۆسمۆپۆلیتیزم - Cosmopolitanism
ئامادەکردن: هاوار
کۆسمۆپۆلیتیزم (Cosmopolitanism) بیرۆکەیەکی فەلسەفی و هەڵوەستەیەکی سیاسییە پێداگری لەوە دەکات جیهان نیشتمانی هەمووانە. نەتەوە و نیشتمان و زمان و ئایین تێدەپەڕێنێت و هەمووان وەک یەک بەرامبەر بە جیهان یەکسانن. واتە سەرجەم خەڵکە جیاوازەکانی جیهان وەک یەک لە کۆمەڵگەیەکی گەورەدا دەژین و خێروبێری زەوی وەک یەک بۆ هەمووانە. لە بنەڕەتدا وشەکە یۆنانییە و لە وشەی (kosmopolitês) هاتووە کە بە واتای گەردوون یان جیهان دێت.
کۆسمۆپۆلیتیزم یەکێکە لە چەمکە ئایدیاڵییەکانی هزری مرۆڤ و لە خەیاڵدا خۆش و ڕازاوەیە بەڵام بۆ جێبەجێکردنی، ناشرین و پڕ لە توندوتیژییە. چونکە کۆسمۆپۆلیتیزم ویستێکە بۆ درووستکردنی جیهانێک کە تیایدا مرۆڤەکان پەیوەندییەکی مرۆڤانەیان پێکەوەیە هەبێت، نەک پەیوەندی نەتەوە و ڕەگەز و وڵات. بۆ نموونە کۆسمۆپۆلیتیزمە نوێیەکان لەم سەردەمەدا، داوا دەکەن ژینگە و هەوا و ئاوی سازگار کە بۆ خواردنەوە و بەکارهێنان دەشێت، بخرێتە خزمەتی هەموو مرۆڤایەتییەوە و بەرنگاری ئەو هۆکارانە ببینەوە کە هەوا و ژینگە و ئاو پیس دەکەن. هەروەها داوا دەکەن خۆراک و خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەییەکان وەک یەک بۆ هەموو مرۆڤەکانی سەرگۆی زەوی بێت. ئەم بیرۆکانە تا دڵ حەز بکات جوان و ڕازاوەن بەڵام پیادەکردنی ئەم بیرۆکەیە گەلێک قورسە و دەبێتە هۆی کوشتن و لەناوبردنی کەمینە جیاوازەکان و خاوەن بەرژەوەندییە سەقامگیرەکانیش بەرەنگاری دەبنەوە. چونکە وڵاتە سەقامگیرەکان پێیانوایە لە ڕابردوودا زۆر هەڵیانداوە و تێکۆشاون بۆ ئەوەی ئەو دەستکەوتانە مسۆگەر بکەن، ئێستا ناتوانن لەگەڵ ئەو وڵات و کۆمەڵگەیانەی هیچ هەوڵێکیان نەداوە، دەستکەوتەکان دابەش بکەن و ئاستی بژێوی و ئابووری و تەندروستی دابەزێنن. لەلایەکی تریشەوە، بەشێک لە زێدەڕەو و پاوانخوازەکان، سوود لەو بیرۆکەیە وەردەگرن بۆ گرتنەدەستی ڕکێفی کۆمەڵگە بچووکەکان و داگیرکردنی خاکی نەتەوە لاواز و بچووکەکان. ئەوەش وا لە کۆمەڵگە بچووکەکان دەکات بەرنگاری بیرۆکەکە ببنەوە. هەروەها ئەوانەی لەمێژوودا هەوڵیان داوە سەرجەم مرۆڤایەتی بە هەموو جیاوازییەکانەوە یەک بخەن و سەرزەوی بکەنە یەک نیشتمان، کارەساتی گەورەی مرۆییان دروستکردووە.
"کۆسمۆپۆلیتیزم ویستێکە بۆ درووستکردنی جیهانێک کە تیایدا مرۆڤەکان پەیوەندییەکی مرۆڤانەیان پێکەوەیە هەبێت، نەک پەیوەندی نەتەوە و ڕەگەز و وڵات"
هێڵە سەرەکییەکانی کۆسمۆپۆلیتیزم
مرۆڤایەتی یەکگرتوو: پێشنیاری ئەوە دەکات کە هەموو مرۆڤەکان ئەندامی بنەماڵەیەکی گەورەن و ئەو بنەماڵە گەورەیە ناوی مرۆڤایەتییە. نەک ڕەگەز و خێزان و نەتەوە.
سنوورە نەتەوەییەکان: کۆسمۆپۆلیتیزم دژی نەتەوەپەرستییە. نکۆڵی لە هەموو جۆرە نەتەوەپەرستییەکی توندوتیژ دەکات و سنورە نەتەوەییەکان لە بواری ئەخلاق و یاسا و دادپەروەری پشتگوێ دەخات.
بەرپرسیاری گشتی: باوەڕی وایە کە مرۆڤ بەرپرسیارە لەبەرامبەر هەموو مرۆڤەکانی دیکەی جیهان، نەک تەنها هاووڵاتیانی وڵاتەکەی خۆی.
ڕێزگرتن لە فرەچەشنی: لە کاتێکدا یەکسانی مرۆڤەکان دەپارێزێت، بەڵام جیاوازییە کولتوورییەکان وەک سەرچاوەی دەوڵەمەندییەکی جیهانی دەبینێت.
مێژوو و فەیلەسووفە دیارەکان
فەلسەفە بۆ هەموو مرۆڤایەتییە بەبێ جیاوازی نەتەوە و ڕەگەز و ناوچە. فەلسەفە بیر لە مرۆڤ دەکاتەوە بەبێ هەڵاواردن و جیاکردنەوە. بۆیە نامۆ نییە ئەگەر زۆرینەی فەیلەسووفەکان باوەڕیان بەوە هەبێت وەک چۆن هەموو مرۆڤێک شایانی ئەوەیە خۆش بژێت و بزانێت، بە هەمان شێوە پێیانوایە زەوی نیشتمانی هەموو مرۆڤێکە. بەڵام چەند فەیلەسووفێک بەتایبەتی پەرژاونەتە سەر چەمکی کۆسمۆپۆلیتیزم و بە ئاشکرا باسی ئەوەیان کردووە، زەوی نیشتمانی هەموو مرۆڤێکە. هەروەها زۆربەی ئاینەکان، بە تایبەتی ئاینی مەسیحی و ئیسلام، ڕەهەندی کۆسمۆپۆلیتیزمیان زۆر تێدایە و کار بۆ ئەوە دەکەن ئومەتێکی گەورە و یەکپارچە لەسەر زەوی دروست بکەن. هەر لەو چوارچێوەیەدا، چەند فەیلەسووفێک لە مێژوودا، ڕوونتر و وردتر ئاماژەیان بە یەک نیشتمانی کردووە. ئەوانیش:
دیوژینی سینۆپی یان دیوژینی سینیکی: فەیلەسووفی قوتابخانە و رێبازی سینیکییە لە یۆنانی دێرین. لە دوای ئەرستۆ و هێرشەکانی ئەسکەندەر بۆ رۆژهەڵات ژیاوە. یەکەم کەس بوو کە خۆی بە هاووڵاتی جیهانی ناساند. لەو سەردەمەدا، ئاڵۆزی و ململانێی زۆر لەنێوان یۆنان و جیهانی ڕۆژهەڵات و میسۆپۆتامیا دروست ببوو. دیوژینی سینۆپی ڕەخنەی لە یۆنانییەکان دەگرت و هەموو مرۆڤایەتی وەک یەک خێزان لە قەڵەم دەدا.
ئیمانوئێل کانت: فەیلەسووفی ئەڵمانی سەردەمی ڕۆشنگەرییە و یەکێکە لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی فەلسەفە و زانست. لە بواری فەلسەفەی سیاسیدا پێشنیاری دەوڵەتێکی جیهانی کرد بۆ جێگیرکردنی ئاشتی. کتێبێکی بۆ ئاشتی هەمیشەیی نووسی و داوای ئەوە دەکات جیاکارییە نەتەوەییەکان هەڵبگیرێت و دەوڵەتێکی نێونەتەوەیی بۆ بەرێوەبردنی کاروباری سەرجەم مرۆڤایەتی دروست بکرێت. دواتر دامەزراندنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کاریگەری فەلسەفە سیاسییەکەی کانت لێکدەدرایەوە.
هێلێنییە هاوچەرخەکان: بە فەلسەفەی یۆنانی دێرین لە دوای ئەفلاتۆن و ئەرستۆ دەگوترێت هێلێنی. فەلسەفەکەیان بریتی بوو لە تێهەڵکێشێکی فەلسەفەی ڕەسەنی یۆنان و دانایی میسۆپۆتامیا و بابل و ئێران. کرۆکی فەلسەفەکەیان جەخت لەوە دەکاتەوە هەموو مرۆڤەکان وەک یەک وان و جیاوازی لەنێوانیاندا نییە. ئەو فەیلەسووف و توێژەرانەی لە سەدەی ٢١ دا سوود لە فەلسەفەی هێلینی وەردەگرن و دۆخە هاوچەرخەکانی پێ دەخوێنننەوە، پێیاندەوترێت هێلێنییە هاوچەرخەکان، لە فەلسەفەکەیاندا کۆسمۆپۆلیتیزم بە بابەتەکانی وەک مافەکانی مرۆڤ، گۆڕانی کەشوهەوا، دەسەڵاتی کۆمپانیا زەبەلاحەکان دەبەستنەوە. هەروەها ئەو بوارانە بە جیاکاری گەورە لەنێوان مرۆڤەکانی سەرگۆی زەوی دادەنێن.
ڕەخنەکان
- یەکێک لە ڕەخنە جدییەکان لە کۆسمۆپۆلیتیزم ئەوەیە، کە ئەو بیرۆکەیە بە یۆتۆپیا دادەنێت و پێی وایە لە جیهانی ڕاستەقینەدا جێبەجێ ناکرێت.
- لەناوبردنی کولتوورە ناوخۆییەکان و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و زمانە خۆجێیەکان، یەکێکی ترە لە ڕەخنە توندەکان لە کۆسمۆپۆلیتیزم. چونکە ئەزموون و نەریتی خۆجێی و نەتەوەیی، کە سەدان ساڵە مرۆڤ دەستی لە بەرهەمهێنانیدا هەبووە و کۆمەڵگەکانی سەقامگیرکردووە، دەسڕێتەوە.
- کۆسمۆپۆلیتیزمەکان باوەڕیان بەوەیە زەوی ماڵ و نیشتمانی هەموو کەسێکە، ئەمەش وەک پاساوێک بۆ هاندان و زۆربوونی کۆچەر و پەنابەر لە جیهاندا لێکدەدرێتەوە. پەنابەران بە کۆچکردنیان، هیوا و ئاواتی چارەکردنی کێشەکان لە وڵاتی خۆیان کاڵ دەکەنەوە. هەروەها کێشە و تەنگژەی گەورە لە وڵاتی خانەخوێ دروست دەکەن. بەو شێوەیە، کۆسمۆپۆلیتیزم ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی تایبەت بە هاندانی کۆچی گەنجان و بازرگانی بە مرۆڤەوە دەبێتەوە.
- لە نەریتی کوردیدا و لەناو بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردیدا، زۆرجار ئەم چەمکە ڕووبەڕووی ڕەخنەی جدی بووەتەوە. زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین ڕەخنە کوردییەکە لە چەمکی کۆسمۆپۆلیتیزم یەکێکە لە ڕەخنە هەر جدییەکان لە ئاستی جیهاندا. کرۆکی ڕەخنە کوردییەکە لە کۆسمۆپۆلیتیزم ئەوەیە، کە بە ناوی سۆسیالیزم و ئیسلامیزمەوە، چەند وڵات و لایەنێک هەوڵی سڕینەوەی نەتەوەی کورد دەدەن. دەوڵەت و زمان و پەروەردە بە زمانی نەتەوەیی بۆ نەتەوە و گەلانی تر بە ڕەوا دەبینرێت بەڵام بۆ کورد وەک نکۆڵیکردن لە جیهان و جیاکاری نەتەوەیی لێکدرایەوە. هەروەها داوا دەکرێت کورد خۆی بە هاووڵاتی جیهان بژمێرێت و داوای دەوڵەت و حکومەتی سەربەخۆ نەکات. لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورددا، مام جەلال لە کتێبی کوردستان و کوردایەتیدا ڕەخنە لە کۆسمۆپۆلیتیزم دەگرێت. هەروەها عەبدولڕەحمان زەبیحی، کە هاوبیر و هاوڕای مام جەلال بووە، کتێبێکی بە ناوی رەتدانەوەی کۆسمۆپۆلیتیزم نووسیووە.