چینەکانی کۆمەڵ
 
ئامادەکردن: هاوار
چینەکانی کۆمەڵ یان چینە کۆمەڵایەتییەکان Social class بەپێی پێناسە دێرینەکە، کۆمەڵێک خەڵکن کە هەمان پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابوورییان هەیە و بەرژەوەندی هاوبەشی ئابووری یەکیاندەخات.
لە زمانی کوردیدا، چین و توێژەکانی کۆمەڵ، پۆلە کۆمەڵایەتییەکان یان گروپە کۆمەڵایەتییەکان بۆ هەمان مانا بەکاردێت. مەبەست لێی بریتییە لەو چینە یەک لەدوا یەکانەی کۆمەڵگەیان دروستکردووە.
پرسیاری سەرەکی بۆ شرۆڤەکردن و ڕوونکردنەوەی چین و پۆلەکانی کۆمەڵ، بریتییە لەوەی داخۆ چی بابەتێک ئەم خەڵکانە پێکەوە کۆدەکاتەوە و پێکەوە چین یان توێژێکی کۆمەڵایەتی پێکدەهێنن؟ ئەم پرسیارە بەپێی ئاراستە و ڕەوتە فەلسەفییە جیاوازەکان وەڵام دەدرێتەوە.
ئەوانەی سەر بە فەلسەفەی مارکسیزمن، پێیانوایە چینەکانی کۆمەڵ لەسەر بنەمای هێزی ئابووری دروست دەبن و هێزی ئابووری و ململانێی نێوان تاکەکەس و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان هۆکاری دەرکەوتنی چینەکانی کۆمەڵە. واتە پۆلەکانی کۆمەڵ لەسەر بنەمای پەیوەندی تاکەکەس بە ئامرازەکانی بەرهەمهێنانەوە پێناسە دەکرێت. لەم ڕوانگەیەوە، "سەرمایە" و "کار" بناغەی دابەشبوونی چینایەتین و توێژەکان بەو هۆیەوە لەیەک جیادەبنەوە. هەروەها بەهۆی سەرمایە و کارەوە کۆمەڵگە بۆ دوو چینی سەرەکی دابەش دەبێت. ئەوانیش بریتین لە خاوەن سەرمایە و کەرەستەکانی بەرهەمهێنان و ئەوانەی کە بە فرۆشتنی هێزی کاری خۆیان دەژین. بەڵام لێکدانەوەی بەشێک لەوانەی سەر بە فەلسەفەی مارکسیزم نین، پێیانوایە دابەشبوونی چینەکانی کۆمەڵ دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی لە داهات و پێگەی پیشەوەران و کارمەندان. بۆ نموونە چینی ناوەند، بە زۆری لەو کەسانە پێک دێت، وا کرێکارانی بیرن و بە ملیوان سپییەکان بەناوبانگن. بەڵام چینی کرێکار لەو کەسانە پێک دێت وا بازوو بەکاردەهێنن و بە ملیوان شینەکان بەناوبانگن.
هەندێکجاریش جیاوازییەکە ئاڵۆزتر دەبێت و چینەکانی کۆمەڵ لەسەر بنەمای پێگەکەیان لە بازاڕدا دیاری دەکرێت. بۆ نموونە: پیشەوەر، بەڕێوەبەر، کارمەندی ئۆفیس، کرێکاری کارامە و بەهرەمەند، کرێکاری نیمچە کارامە، شاگرد، هەروەها ئەوانەی بێکارن یان توانای کاریان نییە. بە شێوەیەکی گشتی، لە سەرهەڵدانی کۆمەڵگە پیشەسازییەکانەوە، جیاوازییە چینایەتییەکان قووڵتر بووەتەوە و بووەتە یەکێک لە چەمکە سیاسییە گرنگەکان.
لەم ڕوانگەیەوە، "سەرمایە" و "کار" بناغەی دابەشبوونی چینایەتین و توێژەکان بەو هۆیەوە لەیەک جیادەبنەوە
شیکردنەوەی سیاسی لەسەر بنەمای چەمکی "چین و توێژ" زیاتر لە نەریتی مارکسیزمدا باوە. کارل مارکس لە سەرەتای مانیفێستی پارتی کۆمۆنیست. نووسیویەتی: "مێژووی ئەو کۆمەڵگەنەی تاکو ئێستا هەبوون، بریتییە لە مێژووی خەباتی چینایەتی". بەڵام ئێستا خەباتی چینایەتی لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانی سەرمایەداریدا وەک جاران نەماوە. چونکە  "مۆدێلی دوو چینی"، وەک ئەوەی لەسەردەمی مارکسدا هەبوو، گۆڕانی بەسەرداهاتووە. بەڵام هێشتا ئەوەی مێژوو بەگەڕ دەخات ململانێی نێوان چین و توێژەکانە.
گەشەی چینی ناوەند لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، ڕێی لەوە گرت کۆمەڵگەکان بە تەواوی ببنە دوو جەمسەر. مارکس پێشبینی کردبوو کۆمەڵگەکان دابەش ببن بۆ چینی سەرمایەداری و چینی نامۆکانی کۆمەڵگە. پاشان چینی نامۆکان کە کرێکاران و بەشخوراوانن، شۆڕش دەکەن بەڵام بە پەرەسەندنی چینی ناوەند، خەباتی چینایەتی نەبووە شۆڕشێکی سەرتاپاگیر و جیاوازییە چینایەتییەکان ڕەوتێکی نوێی وەرگرت. وەک ترۆتسکی دەڵێت: هەڵپەی سیستەمی سەرمایەداری لەوە زیاتر بوو کارل مارکس پێشبینی دەکرد و ئەو هەڵپە و زەبەلاحبوونەوەی سیستەمی سەرمایەداری، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و دابەشبوونی چینەکانی کۆمەڵی بە تەواوی گۆڕی. بۆیە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا و بە هۆی پەرەسەندنی پیشەسازی و زۆربوونی کارگەکان و فرەجۆری پیشەکانەوە، پێکهاتەی کۆمەڵگە و چینەکانی کۆمەڵ ئاڵۆزتربوون. بەڵام فەلسەفەی مارکسیزم بووە دەروازەیەکی گرنگ بۆ زانین و دۆزینەوە و پێناسەی چینەکانی کۆمەڵ. هەروەها بیرۆکەی دابەشبوونی کۆمەڵایەتی بۆ سەر چینی خواپێداو و بەشخوراو، تاڕادەیەک هەڵوەشایەوە. پاشان ڕێی رزگاربوون لەو ستەمە چینایەتییە ئەگەر شۆڕشی بەشخوراوان بێت بەسەر خواپێداوەکاندا، بووە بیرۆکەیەکی لەرزۆک.
یەکێک لەو کەسانەی سەرنجی پەرەسەندنی توێژەکانی کۆمەڵی دا و تیۆری چینایەتی یان تیۆری توێژەکانی پێشنیار کرد، ماکس ڤێبەر بوو. تیۆرییەکەی ڤێبەر جیاوازییە ئابووری یان چینایەتییەکان قبوڵ دەکات بەڵام ئاماژە بە ڕۆڵ و گرنگی پارتە سیاسییەکان لە جیاوازییە چینایەتییەکان دەدات. هەروەها یەکێک لەو هۆکارانەی پێویستە بە هەند وەربگیرێت بۆ دەستنیشانکردنی چینەکانی کۆمەڵ، بریتییە لە شێواز و ستایلی ژیانی ئەندامانی کۆمەڵ.
لە سەدەی بیستدا، مانا و پێناسەی توێژەکانی کۆمەڵ و ململانێی نێوان ئەو توێژانە بە جۆرێک گۆڕانکاری بەسەرداهات، کە ململانێی نێوان خودی چینەکانیش بەدی کرا. بۆ نموونە ململانێی نێوان بەڕێوەبەران و تەکنیککارەکان. هەروەها چینی خوێندکاران و ژنان و نەتەوە ژێردەستەکان، داوای مافی خۆیان دەکرد. ئەوەش وایکرد هەوڵ بدرێت بۆ ئەوەی پێناسەی نوێ بۆ چینەکانی کۆمەڵ بێتە ئاراوە. چونکە جیاکردنەوەی ژنان و خوێندکاران لەسەر بنەمای داهات و کەرەستەی بەرهەمهێنان نییە. بەڵکو جیاوازییەکە بە هۆی ڕەگەز و پێگەوەیە. هاوکات نەتەوە و کۆمەڵگە ژێردەستەکان، بە کرێکار و خاوەنکار و سەرمایەدارەوە، مەترسی ستەم لێ کردن و پەراوێزخستنیان هەیە.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved