راپۆرت: مەریوان ئەحمەد لاوە
دواى ئەوەى رێککەوتننامەى جەزائیر لەساڵى(١٩٧٥) دژ بەجوڵانەوەى چەکداریى کورد لەنێوان هەردوو دەوڵەتى عێراق و حەمە رەزا شاى ئێران واژۆ کرا و جوڵانەوەى کورد گەیشتە خاڵى سفر، بارودۆخى سیاسیی و ئابووریى و کۆمەڵایەتیی باشوورى کوردستان بەتەواوى لەناو زەلکاوەکەدا ونبوو، زۆرکەس ئەوەندە بێ هیوابووبوون دەیانووت رۆژى بەرگریکردن و بەرەنگاربوونەوە دژ بەدەوڵەتى فاشیستى عێراق کۆتایی پێهاتووە!
لەودۆخە ناهەموارەدا وەکو ئەوەى خەمى لەناوچوونى بزاڤە سیاسییەکەیان بەتەنها لەکۆڵ نابێ، دانیشتوانى پێنجوێن بەهەرشێوەیەک بووبێت دەیانوویست لەژێر قورسایی ئاشبەتاڵ بێنەدەرەوەو روووەو شەقام و روووەو شاخ هەنگاو هەڵبگرن. چەندین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیان لەجەژن و بۆنە نەتەوایەتییەکاندا رێکدەخست و هوتافى سیاسییان دەداو دروشمى دروستبوونەوەی شۆڕشیان لەسەر دیوارەکان دەنووسى.
خەڵکە تێکۆشەر و نیشتمانپەروەرەکەى شارۆچکەى پێنجوێن بۆ دەرفەتێک دەگەڕان بەڕاستەوخۆیی و لەخۆپیشاندان و راپەڕینێکدا، بەڕژێم و دام و دەزگا داپڵۆسێنەر و حزبییەکانى بڵێن، ئەوە ئێمەنین سەردابخەین و لەناو شکستدا بتوێینەوە، تا دواجار رووداوە دڵتەزێنەکەى(دەروێش مەجید)ى شوان بوو بەدەرفەتێک و تێکڕاى شارە پڕ لەبزاوتە شۆڕشگێڕییەکە هاتنەسەرشەقام و تەوقى شکستیان شکاند.
سەرەتاى سەرهەڵدانى خۆپیشاندانەکە
گرنگە ئەو حەقیقەتە مێژووییە بزانرێ کە پزیسکى خۆپیشاندانەکە چۆن بووە بڵێسەیەکى گەورەو هۆکار و بنەماى دروستبوونەکەى لەکوێوە سەریهەڵدا، رۆژى(١٨/٧/١٩٨٠) پێشمەرگەیەکى قارەمانى هەرێمى(٣) بەناوى عەوڵا حسێن سەعید ناسراو بەعەبە گۆج بۆ کارى پێویست دەیەوێت بۆ ناوچەى شارباژێڕ بڕوات، سەربازى رەبایەکانى گوندى هەڵاڵاوا دەیانەوێت دەستبەسەری بکەن ئەویش دەکەوێتە شەڕەوە لەگەڵیان و ئەفسەرێک دەکوژێ و چەند سەربازێکیش بریندار دەکاو لەدەستیان هەڵدێ، دواى پێکدادانەکە رژێم ترسنۆکانە شوانێک بەناوى"دەروێش مەجید" لەو دەوروبەرە دەستگیردەکاو دواى ئەشکەنجەیەکى زۆر و شێواندنى جەستەى لەدەشتى هەڵاڵاوا فڕێیدەدەن.
شێخ تەها شێخ بەهادین، ئەوکات تەمەنى(٩) ساڵێک دەبێ و لەگەڵ براکەى دەروێش مەجید لەدەشتى هەڵاڵاوا گاگەلیان پێدەبێ بۆ لەوەڕاندن، دواى سڵاوکردن، پێشمەرگەیەک پرسیاریان لێدەکات کام رێگا دەیباتەوە بۆ ناو پێنجوێن، شێخ تەها دەڵێت:
"ئەو پێشمەرگەیە بەناوى عەوڵاوە بوو عەبە گۆجیان پێدەووت، کاکەم دەروێش مەجید رێگاکەى نیشاندا و پاش کەمێک عەبدوڵڵا هاتەوەلاى ئێمەو بەپەلە رۆى، لەدواى چەند خولەکێک ئەفسەرێک و کۆمەڵێ سەرباز پەیدابوون و داواى وڵاخەکەى ئێمەیان کرد و ئەفسەرەکەو یەکدو سەرباز دواى کەوتن."
دواى تێپەڕبوونى(٤٥) ساڵ بەسەر ئەو رووداو و تاوانەدا هێشتا شێخ تەها حەسرەتى ئەو رۆژە لەقسەو رەنگ و روویدا بەدیدەکرا و لەدرێژەى باسکردنى رووداوەکەدا وتى:
"کاتێکمانزانى وڵاخەکە هاتەوەو کەسى بەسەرەوە نەبوو دیاربوو عەبدوڵڵا تەقەى لێکردبوون ئیتر ئازارێکى زۆریانداین و بەمنیان وت تۆ بڕۆ و کاک مەجیدیان گرت، ئەو رۆژە هیچمان بۆ نەکرا، بەیانى کە چووینە مەعەسکەرەکە وتیان لاى ئیمە نییەو بڕۆن ئەو دەشتەى بەدوادا بگەڕێن دواى گەڕانێکى زۆر دۆزیمانەوە جەستەکەى زۆر شێوێنرابوو سەریان پانکردبۆوە دەستێکیان قرتاندبوو دان لەدەمیا نەمابوو."
رۆڵى رێکخستنەکانى(ی.ن.ک)
رێکخستنى دێرین حەمە عەتا محەمەد ساڵح پێنجوێنى، ناسراو بە حەمە عەتا، باس لەو چرکەساتە دەکات کە لاشەى دەروێش مەجید دەدۆزرێتەوەو دەهێنرێتەوە بۆ مزگەوتى حاجى رەسوڵ و دەڵێت:"کە چوومەسەر لاشەى دەروێش مەجید شێوێنرابوو ئەشکەنجەیەکى زۆریش درابوو، دواى شۆردنى جەستەى دەروێش بەسەرشان بردرا بۆ ناوشار و لەناو بازاڕدا گێڕدرا بۆئەوەى زۆرترین خەڵک کۆبێتەوە هەرواش بوو خەڵکێکى زۆر کۆبۆوەو بردرا بۆ گۆڕستانى حاجى شێخ بۆ ئەسپەردەکردنى."
سەرڕێژکردنى تووڕەیی خەڵکى پێنجوێن بەشێوەیەک پەرەدەسێنێ، دەگەنە بڕیارى کۆتایی یان تۆڵەکردنەوەى کەسێکى بێگوناهى وەک دێوانە یان لەناوچوونى هەموویان یان تەمێکردن و کوژرانى ئەو دەستەوتاقمە فاشیستەى رژێم کە دەستیان بەخوێنى دەروێش مەجیدەکان سووربووبوو.
حەمەى حاجى قادرى شیرین، رێکخستنى دێرین، دیمەنى تووڕەیی ئەو عەشاماتەمان دێنێتەبەرچاو کە لەدەوروبەرى مزگەوتەکە کۆبووبوونەوە کە چەندە بەخەمى تۆڵەکردنەوەى دەروێشەوە بوون، حەمەى حاجى قادر دەڵێت:
"کاتێک خەڵکەکە بیستیان یان زۆرێکیان کە بینیان تەرمەى دەروێش ئابەوشێوە دڕندانەیە شێوێندراوە، ئەوەیان لەلادروستبوو بەمەرگى خۆشیان بێ دەبێ تۆڵەى بکرێتەوەو هەر واش کرا."
راستە شەهیدکردنى دەروێش مەجید ئابەوشێوە دڕندانەیە زۆربەى زۆرى دانیشتوانى پینجوێنى خستبووەسەر کەڵکەڵەى تۆڵە کردنەوە، بەڵام خەڵکەکە هەستى نیشتمانیی و نەتەوەییان لەئاستێکى بەرزدا نەبوایە هەرگیز ئەو خۆپیشاندان و راپەڕینە دروست نەدەبوو، هەربۆیە باشترین هەلومەرج تۆڵەى خۆیانیانى تێدا بکەنەوە ئەو رووداوە دڵتەزێنەبوو.
باقی قادر سەعید، رێکخستنى دێرین دەڵێ:
" لەدواى ساڵى ١٩٧٥وە کە ئاشبەتاڵ بەجوڵانەوەى چەکداریی و سیاسیی کرا، وەکو ئەوەوابوو پێنجوێن لەسەر بورکانێک بێت! دروستبوونەوەى شۆڕش لەکەلەى پێنجوێنییەکانى دابوو، لەیادى درووستبوونى دەسەڵاتى بەعسدا، خۆفرۆشێک شیعرێکى بەسەر بەعسدا وت، ئیتر چی خەڵکە شۆڕشگێڕەکە هەبوو کەوتنە هوتاف بەسەر کوردستان و شەهیداندا، کاتێکیش خوێندن بوو بەعەرەبی بەهەمانشێوە خۆپیشاندان کراو ئەو سیستمە رەتکرایەوە و شەهیدێکیش درا بەناوى شێخ جەلال، واتا پێنجوێنییەکان و شۆڕش دوانەیەک بوون لێکجیانەدەبوونەوە، شەهیدکردنى دەروێش مەجیدیش گۆمەکەى بەتەواوى شڵەقان."
دڕندەیی دەزگا سەرکوتکەرەکانى رژێم لەناو شارى پێنجوێن و بینینى لاشەى شێوێنراوى دەروێش لەلایەن پێنجوێنییەکانەوە شارۆچکەکەى بەرەو جموجوڵێکی شۆڕشگێڕانەى سەرتاسەرى برد و لەهەرلایەکەوە دەستکارى بکرایە روو لەتەقینەوەبوو. دواى شۆردن و کفنکردنى دێوانە مەجید شەپۆلى بورکانە پەنگخواردووەکە بەرەو شەقام لرفە دەکاو شتێک نامێنێ پێیبووترێ بەربەست، لە مزگەوتى حاجى رەسوڵەوە بەرەو ناوشار بەڕێدەکەون.
غەریب سەعید زۆراب، یەکێک لەخۆپیشاندەرانى راپەڕینەکەى پێنجوێن، باس لەو چرکەساتە دەکات کە دارەمەیتى دێوانەیان بەسەرشانەوە بووەو بەهوتافى ئاگرین و دژ بەڕژێمى بەعس بەرەو ناوەڕاستى پێنجوێن بەڕێکەوتوون و پڕ بەگەرویان هاواریان کردووە بژى هێزى پێشمەرگە/بابڕوخێ حیزبی بەعس/محەڕەمە نەمێنێ/سەدام ملى بشکێنێ/بڕوخێ حیزبی فاشى/سەدام و بەعسى فاشى/چیتان ئەوێ براکان/جێهێشتنى جاشەکان/چیتان ئەوێ براکان/گەڕانەوەى گوندەکان/ بژی گەل هێزی گەل حوكمڕانی بۆ گەل، ئەو دەڵێ:
"بەڕاستى رێکخستنەکانى یەکێتى رۆڵێکى گەورەیان هەبوو لەجۆشدانى خۆپیشاندانەکەدا، دواى شۆردن و کفنکردنى شەهید، لەلایەن رێکخستنەکانى یەکێتییەوە ئەوە بڵاوبۆوە کە تەرمەکەى دێوانە بەرەو بازاڕ ببرێ و دواجار رێچکەکە بەرەو گۆڕستان وەرچەرخێ، هەرواشکرا و هەزاران کەس لەدەورى خۆپیشاندانەکە کۆبوونەوەو دەزگاى ئەمن و مونەزەمەى حزبی بەعس و قایمقامییەت بەردبارانکرا و کاتێکیش خەریکى ناشتنى تەرمەکە بووین چواردەورمان بەهێزى رژێم گیرا، لەگۆڕستانەکەش کەوتینە بەردبارانکردنیان."
بەشداریی ژنان لەناو خۆپیشاندانەکەدا
بەشداریی ژنان جەماوەریبوونی رێپێوانەكەى دەسەلماند و ئەوەندەیتر جۆش و خرۆشى پێدابوو، گەلاوێژ عەلی محەمەد، رێکخستنى دێرین، یەکێک لەو شێرە ژنانە دەبێت کە پێڵاوەکانى دەگرێتە لێپرسراوى ئەمن و هەر بەپێڵاوەکانى وێنەى سەدام نەعل باران دەکات، خاتوو گەلاوێژ لەسەر رۆڵى ژنان لەڕاپەڕینەکەدا دەڵێ:
"ژمارەى ژنەکان زۆر زۆربوو، بڕواناکەم ژنێک لەماڵەوە مابێتەوە هەرهەموویان هاتبوونەسەرجادەو هوتافیان دەکێشا شانبەشانى پیاوان، من پێڵاوەکانم گرتە لێپرسراوى ئەمن و بەشوێنێک گەیشتبووین ئەوەى ترس بێ نەمانمابوو لەو رژێمە دڕندەیە، وتمان یان هەموومان دەکوژرێین وەک دەروێش یان ئەبێ ئەم زوڵمە کۆتایی پێ بێت، ئەوکات چوار منداڵم هەبوو بیرم لەوە نەئەکردەوە کە منداڵەکانم بێ دایک ببن، دیارە زۆربەى ژنەکانى تریش خاوەن منداڵ بوون."
هێزى پێشمەرگە تۆڵە دەکاتەوە
خۆپیشاندەران و تێکڕاى خەڵکەکە دەگەنە ئەو باوەڕەى کە رەفتارى رژێمى فاشیستى بەعس هەمیشە وابووە کە گوێ بەماف و داخوازیی خەڵک ناداو بەنیازى ئەوەبووە کات بکوژێ و خۆپیشاندەران بەدەستى بەتاڵ بنێرێتەوە بۆ ماڵەوە، بەچاوساغى رێکخستنەکانى یەکێتى هێزى پێشمەرگە بۆ تۆڵەى دێوانە مەجید لەشەوى(٢١/٢٢) دەڕژێنە ناو شارەوەو هەموو جومگە سەرەکییەکانى شار دەکەوێتەدەست پێشمەرگەو بەسەدان سەرباز و هێزى تایبەتى رژێمى بەعس دەکوژرێ و دەیانیشیان لێ بریندار دەکرێ.
فەرماندە"جەمالى حەمەى خواکەرەم" سەرپەرشتى هێزەکەى کردووەو وەکو ئەوەى خۆى باسی دەکات بەشێوەیەک هێزەکەى رژێمیان شپرزە کردووە تەنانەت فریاى ئەوە نەکەوتوون میلى تفەنگەکانیشیان بێننەوە و لەبەردەم غەزەبی پێشمەرگەکاندا خۆیان رانەگرتووەو ئەوەى کوژراوە کوژراوەو ئەوەشى شانسى ئەوەى هەبووە بەرنەکەوتبێ هەڵهاتووە، لەسەرچۆنێتى هاتنەخوارەوەیان بۆ ناو پێنجوێن و لەسەر وردەکارى شەڕەکە دەڵێ:
"ئێمە لەشارباژێڕبووین نامەیەکى کاک بەکرى حاجى سەفەرم پێگەیشت کە خۆپیشاندان و راپەڕین لە پێنجوێن روویداوە و داواى ئەوە دەکات دەستبەجێ یەکترببینین و کۆبوونەوە بکەین، دواى کۆبوونەوەو تاوتوێ و پلانى شەڕ، بەڕێکەوتین بەرەو پێنجوێن. شەوى(٢١/٢٢) پێشمەرگەکانى هەرێمى(١) کە مامۆستا شاهۆ لێپرسراویان بوو لەگەڵ پێشمەرگەکانى هەرێمى(٣) لەچەند قۆڵێکەوە رژاینە ناو شارەوەو دەتوانم بڵێم ئەو شەوە شتێک نەمابوو پێیبووترێ هێزى دوژمن، زیاتر لە(١١٣) سەربازمان لێکوشتن جگە لەبریندار، ئەوەندە بەحەماسەوە شەڕمان دەکرد رژێم وایزانیبوو ئێران هێرشى کردووە."
سەربارى ئەوەى رژێم بۆ بەیانییەکەى قەدەغەى راگەیاند، دەیان كەسیان دەستگیرکرد كە زۆرێكیان هەڵسوڕاوانی خۆپیشاندانەکەو كەسانێكیشیان كەسوكاری پێشمەرگەبوون. لەکات و ساتى رووداوەکەو دواى رووداوەکەش کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان بەنووسینى دروشم لەسەر دیوار و هەڵواسینى پۆستەر و بەیاننامە پاڵپشتی خۆیانیان بۆ خۆپیشاندانەکەى پێنجوێن دەردەبڕى و ئامادەى هەموو رێوشوێنێک بوون تا پێنجوێنییەکان هەست بەبێ پشتیوانى نەکەن.
لێرە بەدواوە دانیشتوانى ئەم شارە سەربەرزە دەگەنە ئەو باوەڕەى کە(ی.ن.ک) وەکو هێزێکى کاریگەر و خۆبەختکەر هەمیشە لەسەر رێیە بۆئەوەى بەدەم داواو داخوازیى خەڵکەوە بچێ و جارێکیتر دوژمن زاتى ئەوە نەکات دەست بۆ هیچ کەسێ بەرێ. "ی.ن.ک" بەڵێنى خۆی لە بەلاغێکدا دووپاتکردەوە کە هەمیشە پێشمەرگەکانى بۆ بەرگیریکردن لەخەڵک بەگشتى و شارۆچکەى پێنجوێن بەتایبەتى گیانلەسەردەستن، مێژووى بەلاغەکە دواى چەند رۆژێک لە تۆڵەى شەهید دێوانە مەجیددا بڵاوکراوەتەوە و دڵنیایی بەم شارە قارەمانە دەدات کە دەست لە پشتیوانیان هەڵناگرێ.
بابەتی زیاتر