کۆنسێرڤاتیزم
ئامادەکردن: هاوار
   لە زمانی کوردیدا لە بەرامبەر چەمکی کۆنسێرڤاتیزم، نەریتخواز، کۆنەخواز، چەقبەستوو، پارێزکەر ... هتد بەکاردەهێنرێت. هەرچەندە تاکو ئێستا لە زمانی کوریدا یەکلانەبووەتەوە بەو چەمکە چی بگوترێت بەڵام خودی مانای چەمکەکە کار دەکات و بەردەوام لە بڕەودایە. خەڵکانی کۆنسێرڤاتیزم یان کۆنەخواز و پارێزکەر لە زۆر شوێن و پێگەی هەستیاردا ڕۆڵیان هەیە و بڕەو بە ڕوانینەکانی خۆیان دەدەن، جا لە سیاسەت و حکومڕانیەوە بیگرە تاکو دەگاتە زانکۆ و پەروەردە و ڕاگەیاندن.
کۆنسێرڤاتیزم لە جیهاندا لە ئایدیۆلۆژیا سیاسییەکانی وەک لیبرالیزم و سۆسیالیزم و فاشیزم زیاتر لایەنگر و پەیڕەوکاری هەیە. هەروەها ئێستا لە زۆر شوێنی جیهاندا، یەکێکە لە بیرۆکە باڵادەستەکان لە بواری سیاسی و ئابووری و پەروەردە و کۆمەڵایەتیدا.
سادەترین پێناسەی کۆنسێرڤاتیزم، بریتییە لە نکۆڵیکردن لە گۆڕان و گۆڕانکاری. پاساوە فەلسەفییەکانیان ئەوەیە پێشینان لە بوارێکدا، بڕیاریان داوە و تاقیانکردووەتەوە، بۆیە چیتر پێویست نییە نەوەی ئێستا بڕیارەکانی ئەوان بگۆڕێت و بابەتێکی نوێ بهێنێتە کایەوە. هەروەها ڕوانینی پێشینان و دابونەریتەکانیان دەپارێزن بۆیە لە زمانی عەرەبی و فارسی پێیاندەگوترێت پارێزەرانی نەریت یان پارێزکەر.
ئایدیۆلۆژیای کۆنسێرڤاتیزم جەخت لە پیرۆزی دابونەریت و پاراستنی موڵک و ڕیشەی بنەماڵە و پلەبەندی کۆمەلایەتی و ئایین و دەوڵەت و دامەزراوە کۆنەکان دەکاتەوە. هەروەها کار بۆ پاراستن و هێشتنەوەی دەزگە خێڵەکی و کۆمەڵایەتییەکانی تر دەکات و دژی هەر پلان و بیروباوەڕێکی ئایدیاڵی و شۆڕشگێڕانەیە بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری قووڵ لە دەزگە کاریگەرییەکانی کۆمەڵگە.
سەرەتا لە ئەوروپادا، کۆنسێرڤاتیزم لە وەڵامی لیبرالیزم وەک بایەخدان بە تاکەکەس و بزوتنەوەی عەقڵانیەت و بزووتنەوەی ڕۆشنگەری سەریهەڵدا. بەشێوەیەکی گشتی کۆنسێرڤاتیزم کاردانەوە بوو لە بەرامبەر شۆڕشی فەڕەنسی و ئەو چوارچێوە ڕووناکبیریانەی پەرەی بە ئامانج و چەمکەکانی شۆڕشی فەرەنسی دەدا.
کۆنسێرڤاتیڤەکان دژی بیرۆکە سەرەکییەکانی فەلسەفەی مۆدێرن و پڕۆسەی مۆدێرنیتەی ڕۆژئاوا بوون. واتە چەمکەکانی وەک تاکگەرایی، ئازادی، یەکسانی، عەقڵانیەت و جیاکردنەوەی ئایین لە سیاسەت و دەوڵەت بێزار و تووڕەیان دەکات. چونکە ئەوان داکۆکی لە پاراستنی هەرەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکەنەوە و دەست بەو ئیمتیازاتانەوە دەگرن کە بەشێوەیەکی نەریتی لە کۆمەڵگەدا چەسپیوە.
لە سەرەتاوە کۆنسێرڤاتیزم لە هەمان کاتدا دژی لیبرالیزم و سۆسیالیزم بوو بەڵام بە تێپەڕبوونی کات بۆ ئەوەی بیرۆکەکانیان گونجاو و پەسەند بێت، هەروەها لەناو کۆمەڵگەدا کاریگەر و جێگیر بێت، تاڕادەیەک کەوتە ژێر کاریگەری فەلسەفەی سۆسیالیزم بەگشتی و لەگەڵ لیبرالیزم بەتایبەتی تێکەڵ بوو. واتە کۆنسێرڤاتیزم لەنیوەی دووەمی سەدەی بیستەم لە کۆنسێرڤاتیڤەکانی کۆتایی سەدەی هەژدەیەم، جیاواز و میانڕەوتر بوون. بە جۆرێک لە جۆرەکان گۆڕانکاریان بەسەر خۆیان و بیرۆکەکانیان هێنا، بۆیە دەتوانرێت بگوترێت کۆنسێرڤاتیڤەکانی سەدەی بیستەم، کەمتر چەق بەستوو بوون.
دیارترین کەسایەتی فەلسەفەی کۆنسێرڤاتیزم بریتی بوو لە ئێدمۆند بورک (1729-1797)، فەیلەسوفی سیاسی بەریتانی، بە گرنگترین کۆنسێرڤاتیزم لە مێژوودا دەناسرێت و ڕەخنەگری گەورەی شۆڕشی فەڕەنسا بوو. بە "باوکی کۆنسێرڤاتیزم" ناودەبرێت. ڕەخنەکانی لە شۆڕشی فەڕەنسا لە کتێبی "بیرکردنەوەکان لە شۆڕشی فەڕەنسا" ڕەخنەیەکی زۆر گرنگ و وروژێنەرن لە دیاردەی شۆڕش. بورک "شۆڕش" بە کردارێکی ناعەقڵانیانە و خەیاڵیی دەزانی کە بە بەڵێنی پێشکەوتن و باشترکردنی دۆخی ئێستا دەست پێ دەکات، لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی خراپتربوون و وێرانکردنی دۆخی کۆمەڵ. هەروەها پێی وایە شۆڕش زیانی زۆرە و دەستکەوتی کەمە چونکە دۆخە سەقامگیر و چەقبەستووەکە دەشێوێنێت بەڵام دواتر ناتوانێت بە ئاسانی دۆخەکە بخاتەوە جێی خۆی.
بیرۆکەی سەرەکی کۆنسێرڤاتیزم "خولیای پاراستن"ی دابونەریت و دامەزراوە و دەزگە کۆمەڵایەتییەکانە، کە بە تێپەڕبوونی کات بەرگەیان گرتووە و جێگیربوون. پاساوی کۆنسێرڤاتیڤەکان ئەوەیە کە "دابونەریت" ڕەنگدانەوەی زیرەکی و دانایی کەڵەکەبووی پێشینان و ڕابردووە. دامەزراندنی ئەو دەزگە و دابونەریت و ئەزموونە کەڵەکەبووانە، نیشانی دەدات دەدات کە زۆربەی بابەت و پرسەکان تاقی کراوەنەتەوە. بۆیە دەبێت بۆ بەرژەوەندی نەوەکانی ئێستا و داهاتوو بپارێزرێن. هەروەها دابونەریت سەقامگیری و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بەرز دەکاتەوە. دواتر دەبێتە هۆی پەیدابوونی هەستی ئینتیما و دڵسۆزی.
کۆنسێرڤاتیڤەکان بە پێچەوانەی فەلسەفەی مۆدێرن و سۆسیالیزم و لیبراڵەکان، تێڕوانینێکی ڕەشبینانەیان بۆ سروشتی مرۆڤ هەیە. مرۆڤ بە بوونەوەرێکی کەمتوانا و گێژ و هەژار دادەنێن، کە بۆ پاراستنی خۆی، حەز بە ئاشنایی ئەوانی تر و دروستکردنی متمانە و تاقیکردنەوەی شتەکان دەکات بۆ ئەوەی لە کۆمەڵگەیەکی سەقامگیر و ڕێکوپێکدا بتوانێت بژێت. هەروەها جەخت لە گەندەڵبوونی ئەخلاقی مرۆڤ دەکەنەوە، بە جۆرێک کە مرۆڤ خۆپەرست و چاوچنۆکە و ئارەزووی دەسەڵات دەکات پاشان ژیان و ئاسایشی ئەوانی تر دەخاتە مەترسییەوە. لەبەر ئەو هۆیانە، کۆنسێرڤاتیزم داکۆکی لە حکومەتێکی بەهێز و توند دەکاتەوە بۆ جێبەجێکردن و سەپاندنی سزای توند، ئەوەش وەک ڕێگەیەک بۆ بەرنگاربوونەوەی سروشتی خراپی مرۆڤ. هەروەک چۆن لە فەلسەفەی تۆماس هۆبز ئەم بۆچوون و ڕوانینە ڕەنگدانەوەی هەبووە. هەروەها حکومەتێکی بەهێز لە دیدی کۆنسێرڤاتیزم حکومەتێکی تۆتالیتاری نییە کە دامەزراوە مەدەنییەکان وێران بکات، بەڵکو حکومەتێکە چاو لە گەندەڵی و چاوچنۆکی و دەستدرێژی مرۆڤ ناپۆشێت. پاشان ئەرکەکانی خۆیشی لە چوارچێوەیەکی دیاریکراو و داڕێژراودا جێبەجێ دەکات، کە دەکرێت وەک دەستوور یان قانون وێنا بکرێت.
لە ڕوانگەی کۆنسێرڤاتیزم چەسپاندن و هێشتنەوەی پلە و پێگەی کۆمەڵایەتی تاکەکان لە کۆمەڵدا سروشتی و حەتمییە. بۆیە خەڵک پلە و ڕۆڵی جیاوازیان هەیە، بۆ نموونە خاوەنکار و کرێکار، مامۆستا و خوێندکار، دایک و باوک و منداڵ و هتد. دابەش کراون. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو دابەشکاری و نایەکسانییە لەم هەرەمی کۆمەڵایەتیەدا نابێتە هۆی ناکۆکی و چینایەتی لە کۆمەڵدا چونکە ڕۆڵی جیاوازی مرۆڤ لەگەڵ ئەرکەکەیدا دێتەئاراوە. هەرچەندە پلەی خاوەنکار لە ئاستێکی بەرزدایە بەراورد بە کرێکار. جێبەجێکردنی ئەرکەکەی بەرامبەر بە کرێکار، ڕێ لە یاخیبوون و شۆڕش دەگرێت و بەردەوامی دەداتە سیستەمی کۆمەلایەتی بالادەست. ئەم ڕوانینە وەک پاساوێک بۆ ڕەوایەتیدان بە چینایەتی لێک نادەنەوە و لەم ڕوانگەیەوە، لەگەڵ سۆسیالیزم و مارکسیزم دەکەونە کێشە و ململانێی ئایدیۆلۆژی قورسەوە.
کۆنسێرڤاتیزم باوەڕی بە شانس و بەخت هەیە. شوێن و پێگەی لەدایکبوونی مرۆڤ، کەسایەتی و پلەی کۆمەڵایەتی و ڕۆڵی کەسەکە دیاری دەکات. دەوڵەمەند و سەرکەوتووەکان بەرپرسن لە چاودێریکردنی کەسانی کەم بەخت. دەوڵەمەندەکان دەبێت لە ڕووی ئابوورییەوە یارمەتی هەژاران بدەن، بەڵام بڕوایان بە نەهێشتنی نایەکسانی ئابووری نییە، چونکە ئەم هەوڵە سۆسیالیستییە بەشێکی زۆری نەریتەکان لەناو دەبات و دۆخی کۆمەڵایەتی و پلەبەندی کۆمەڵایەتی شپرزە دەکات. چونکە دەسەڵات و سەرمایە لە دەستی کەمینە دەسێنێتەوە و دەیداتە زۆرینە، بەو جۆرە پلە کۆمەڵایەتییەکان دەگۆڕێت. هەروەها پێداگری لە ڕۆڵ و پێگەی کەسەکان دەکەنەوە لەسەر بنەمای بەهرە و توانا پێشینەییە داتاشراوەکان، بۆ ئەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی وەک خۆی بەردەوام بێت، نابێ تاکەکەس خولیای گۆڕینی ئیش و بەرزکردنەوەی پێگەی خۆی هەبێت. بۆیە ڕێ لەوە دەگرن کرێکار خولیای ئەوەی لادروست ببێت ببێتە سەرۆک یان ئەندامی پەرلەمان.
پاراستنی دەسەڵات یەکێکی ترە لە تایبەتمەندییەکانی کۆنسێرڤاتیزم، پێیانوایە ئەو کەسانەی زانیاری و ئەزموونی تەواویان نییە بۆ ئەوەی ژیرانە لە بەرژەوەندی خۆیاندا مامەڵە بکەن، دەبێت لەژێر دەسەڵاتی کەسوکار و بەتواناکاندا بن. دەسەڵاتی دایک و باوک بەسەر منداڵەکانیاندا، هەروەها دەسەڵاتی پاشا یان بەرپرسە سیاسییە باڵاکان و دامەزراوە حکومییەکان بەسەر هەژاران و خەڵکی ئاساییدا، نموونەی ئەو دەسەڵاتانەن کە کۆنسێرڤاتیزم بەرگری لێدەکەن و بە ئەخلاقی دادەنێن.
هەرچی لەبارەی پرسی موڵکایەتیەوەیە، کۆنسێرڤاتیزم گرنگی بە پاراستنی موڵکایەتی دەدات بۆ ئەوەی هاووڵاتی هەم هەست بە ئاسایش بکات و هەمیش زۆر پێویستی بە حکومەت نەمێنێت. بەڵام ئەم ڕوانینە بەرەو پرس و بابەتی تر سەردەکێشێت. بۆ نموونە کۆنسێرڤاتیزم ڕۆڵ و پێگەی کەسەکان لە کۆمەڵدا بەپێی موڵکەکەی هەڵدەسەنگێنێت. واتە قورسایی کەسایەتی کەسەکە دەبەسترێتەوە بەوەی چەند موڵکی هەیە و چەند خانوو و ترۆمبێل و باخ و دوکانی هەیە. خۆ ئەگەر ئەوانەی نەبوو، بە کەسێکی بێ ڕۆڵ و نەزان دادەنرێت.
گومانی کۆنسێرڤاتیزم لە عەقڵ و توانای مرۆڤ وایان لێدەکات بەرگرییەکی توند لە ئایین و دابونەریت و ئەزموونی پێشینان بکەن. مەبەستیان لە ئەزموونی پێشینان هەنگاونانە لەسەر ڕێگە ئەزموونکراوەکان و خۆلادان لە گرتنەبەری ڕێگە ناپێویست و نوێباوەکانە. بەرگری کۆنەپارێزەکان لە ئایینیش هەر لەم سۆنگەیەوەیە. پێیانوایە عەقڵی سنورداری مرۆڤ ناتوانێت وەک پێویست لە پێداویستییەکانی خۆی تێبگات چونکە عەقڵ دەکەوێتە دوای ئارەزووەکانی مرۆڤ. زانینی مرۆڤیش سنووردارە و پێویستی بە ڕێنمایی ئایین هەیە.
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved