لەبارەی چەمکی قەیران
ئامادەکردن: هاوار
وشەی قەیران یان تەنگژە Crisis تاکو سەردەمی کارل مارکس، تەنیا لە بواری پزیشکیدا وەک چەمک بەکاردەهێنرا. هەرچەندە لە چوارچێوەی فەلسەفەی سیاسیدا، ئاماژە بە ماناکەی دراوە بەڵام وەک چەمک، کە سنوور و چوارچێوە تیۆرییەکەی دابڕێژرێت. هەروەها وەک چەمکێک لەناو تیۆر و فەلسەفەیەکدا پێگەکەی دەستنیشان بکرێت، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کارل مارکس چونکە مارکس بۆ یەکەمجار وەک چەمکێکی کاریگەر لەچوارچێوەی فەلسەفە سیاسی و ئابوورییەکەیدا ڕۆڵی دایە ئەو چەمکە.
لەزمانی کوردیدا، وشەی قەیران زۆرباوە بەڵام یەکێک لە هاوماناکانی وشەی قەیران، بریتییە لە تەنگژە. وشەی تەنگژە ڕوونتر مانا و دەلالەتە فەلسەفییەکان دەردەبڕێت. لە زمانی پزیشکیدا، قەیران یان تەنگژە بەو دۆخە دەگوترێت کە سیستەمی بەرگری لەش لاواز بێت و توانای بەرنگاربوونەوەی نەخۆشییەکەی نەمێنێت. هەروەها لە فەرهەنگی خاڵدا، کە شێخ محەمەدی خاڵ نووسیویەتی، وشەی قەیرانی بەمجۆرە لێکداوەتەوە: (ماوەیەکە لە کات کە لەلایەن پزیشکەوە دادەنرێ بۆ مردن یا ڕزگار بوونی کەسێک کە زۆر نەخۆش بێ). کەواتە بەشێوەیەکی گشتی، قەیران/ تەنگژە بە دۆخێکی هەستیار دەگوترێت، کە بابەتێک لە دۆخێکەوە بە تەنگەبەری و کێشەدا بگوازرێتەوە بۆ دۆخێکی تر. لانیکەم لە زمانی کوردیدا، قەیران بریتییە لە دۆخێکی ڕاگوزەر بەڵام بە قورسی و سەختی دۆخەکە تێدەپەڕێت.
هەر وەک لە سەرەتاوە ئاماژەی پێدرا، کارل مارکس ئەو فەیلەسووفە بوو، کە وشەی قەیران/ تەنگژەی لەچوارچێوەی فەلسەفەدا داڕشتەوە و لە وشەوە کردییە چەمک. بەشێوەیەکی گشتی، لە بەرهەمەکانی کارل مارکسدا، قەیران بە زۆری بۆ قەیرانی بەرهەمهێنانی زیادە و قەیرانەکانی دۆخی سەرمایەداری بەکارهێنراوە. هەروەها لە کتێبی مانفێستی حزبی کۆمۆنیستدا، لە دوو جێگەدا چەمکی قەیرانی دارایی بەکارهێنراوە. لە کتێبی هەژدەی برۆمێریشدا، ئاماژە بە قەیرانەکانی بازرگانی کراوە. ئەوەی جێی سەرەنجە لە ئابووری سیاسی کلاسیکدا، ڕووخساری قەیران لە باسی ئابووری سەرمایەداریدا و لە ناڕێکی پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی کاڵادا دەردەکەوێت. ئەو ناڕێکییە لەنێوان بەرهەمهێنان و ساغکردنەوەی کاڵاکاندا دێتەئاراوە. بۆ نموونە کاتێک بەرهەمهێنان زۆر دەبێت و ساغکردنەوە لاوازە، هەڵاوسان لە بەرهەمدا دێتە ئاراوە و بەو ناڕێکییە دەگوترا قەیران.
هەر لەو سۆنگەیەوە، کارل مارکس تەنیا چەمکی قەیرانی نەبەست بە ئابوورییەوە بەڵکو لە کتێبی هەژدەی برۆمێردا، ئاماژە بە قەیرانەکانی شۆڕش دەکات. هەروەها باس لەوە دەکات، یەکێک لە قەیرانە سەرەکییەکانی شۆڕش و ڕاپەڕین، ئەوەیە: ڕاپەڕیوەکان یان شۆڕشگێڕەکان، پەیوەست دەبن بە ئاداب و هەڵسوکەوتی ڕابردووەوە و دروشمەکانی پێشتر، دەیانبزوێنێت. واتە شۆڕشگێڕ لە دژی سیستەمێک شۆڕش دەکات بەڵام دواتر هەڵە و ڕفتار و هەڵسوکەوتی سیستەمی پێشوو دووبارە دەکەنەوە.
لە ڕێوڕەسمێکدا لە لەندەن، کارل مارکس وتارێک پێشکەش دەکات و ئاماژە بە قەیرانێکی نوێ دەکات. لەوێدا مارکس باسی سەدەی نۆزدە دەکات کە سەدەی کارگە و پیشەسازییە. دەڵێت: زانست و تەکنەلۆژیا بەجۆرێک پێشکەوتوون، کە لە مێژوودا وێنەی نەبووە. مەکینە و تەکنەلۆژیا وەک هێمایەک بۆ پێشکەوتن، خۆیان دەبنەوە بە ئامرازی قەیرانێکی گەورە. لەلایەکەوە مرۆڤ بەسەر سروشتدا سەردەخەن بەڵام لەلایەکی ترەوە خودی مرۆڤ دەبێتە کۆیلەی هێزێکی کوێر و کەڕ، کە مەبەست لێی مەکینە و ئامێرە.
لەناو نەریتی مارکسیزمدا، چەمکی قەیران/ تەنگژە لە کارل مارکسەوە وەرگیراوە و بۆ چەند پرس و بابەتێکی تر بەکارهێنراوە. بۆ نموونە، کاوتسکی مانا گشتییەکەی قەیران بە دۆخێکی مێژوویی لە شێوازی بەرهەمهێنانی کاڵادا دەبەستێتەوە. پێی وایە قەیران لە ناڕێکی نێوان وزەی بەرهەمهێنان و شێوازەکانی بەرهەمهێنانی کاڵادا دێتەئاراوە. واتە شێوازەکانی بەرهەمێنانی کاڵا لە کارگەکاندا، کۆمەڵێک کێشەی لێ دەکەوێتەوە وەک نامۆبوونی کرێکار و کەڵەکەکردنی کاڵا و بەرهەمهێنانی زیادە و هتد. ڕۆزا لۆکزامبۆرگ لە دووەم کتێبی خۆیدا، واتە (مەلزەمەی جۆنیۆس)، کە لە زینداندا نووسیویەتی، ئاماژە بە قەیرانی سۆسیال دیموکرات دەکات. ڕۆزا پێی وایە پارت و گروپە سۆسیال دیموکراتەکان لەبری ئەوەی شۆڕش بکەن و سیستەمەکە هەڵتەکێنن، سەرقاڵی ڕیفۆرم و چاکسازین. ئەوەشی بە قەیرانی گروپە چەپ و مارکسیزمەکان ئەژمار کرد. هەروەها ڤلادیمێر لینین، ئاماژە بە قەیرانی شۆڕش و قەیرانی دەسەڵاتی فەرمانڕەوا دەکات.
هەرچەندە چەمکی قەیران لەڕێی مارکس و مارکسزیمەوە هاتە ناو پاوانی فەلسەفە و زانستە مرۆییەکان، بەڵام دواتر بووە چەمکێکی بەربڵاو. لەم ساڵانەی دوایدا، ناوەندە ئەکادیمی و فەلسەفییەکان ئاماژە بە ژمارەیەک قەیران دەکەن و باس لەوە دەکرێت ئێستا کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە دەست ئەم قەیرانانەوە دەناڵێنێت. ئەوانیش بریتین لە قەیرانی ئابووری، وەک هەڵاوسان و کورتهێنان و بێکاری. قەیرانی کۆمەڵایەتی، وەک چینایەتی و فراوانبوونی درزی نێوان چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و ڕەگەزپەرەستی و هەڵاواردنی کۆمەڵایەتی و توندوتیژی. قەیرانی ژینگە، وەک گۆڕانی کەشوهەوا، پیسبوونی ژینگە، کەمبوونەوەی سەرچاوە سروشتییەکانی وەک ئاوی سازگار و خۆراکی تەندروست و هەوای پاک. قەیرانی تەکنەلۆژیا، وەک باڵادەستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەرییان بۆ سەر کۆنەستی کۆمەڵگە و باری دەرونی خەڵک. هەروەها زۆربوونی ڕێژەی بێکار بەهۆی زیرەکی دەستکردەوە. قەیرانی کەمبوونی بەشداری سیاسی، لەمساڵانەی دوایدا ڕێژەی بەشداری سیاسی تابێ کەم دەبێتەوە. ئەمەش ڕێگە بۆ کەسانی ناشارەزا خۆش دەکات دەسەڵات بگرنە دەست و لەلایەکی تریشەوە ڕەوایەتی و مەشروعیەتی سیستەمە سیاسییەکان دەخاتە مەترسییەوە.