چەمکی پراگماتیزم
ئامادەکردن: بۆردی هۆشیاری
چەمکی پراگماتیزم یەکێکە لەو چەمکانەی بە لێکدانەوە و ماناکردنەوەی هەڵەوە گەیشتووەتە کوردستان و بەکارهێنەری کورد، زۆرجار بە هەڵە چەمکەکە بەکاردەهێنێت. بەکارهێنەری کوردی، پراگماتیزم وەک کەسی هەلپەرست و خۆپەرست بەکاردەهێنێت. هەروەها یان بۆ ئەو کەسانەی بەکاردەهێنن، کە بەرژەوەندی کەسیی خۆیان دەخەنە پێش بەرژەوەندی گشتییەوە. جگە لەوەی ئەو مانا و لێکدانەوانە بۆ چەمکی پراگماتیزم هەڵەن، هاوکات پراگماتیزم فەلسەفەیەکی فراوان و کاریگەرە و یەکێکە لە ئاراستە فەلسەفییە گرنگەکانی جیهان بە گشتی و ئەمریکا بە تایبەتی. ئەو فەلسەفەیە بڕگە و بەشەکانی پشت ئەستوورە بە بەڵگەی عەقڵانی و پەڕیوەتەوە بۆ ناو زانستە مرۆییەکانی تر. وەک پەروەردە و سیاسەت و زمانەوانی و ئابووری... هتد. کرۆکی ئەو فەلسەفەیە، خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، گرنگی بەو هزر و فەلسەفانە بدرێت، کە دەکرێن بە کردار و لە بەرژەوەندی و سوودی مرۆڤدایە.
چەمکی پراگماتیزم Pragmatism بە مانای ئەو ڕوانینەیە کە کردار یان سوود یان هەڵوێست دەکاتە بنەما، واتە بیرکردنەوە و توێژینەوە و بڕیارە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای کردار و ئەنجامەکانی بنیادنراوە. لە بنەڕەتدا وشەی پراگماتیزم لە وشەی یۆنانی pragma و pragmatos کە بە مانای کردار دێت، وەرگیراوە.
پراگماتیستەکان جەخت لە کردار دەکەنەوە وەک دیاریکردنی نمونەیەکی ڕاستەقینە و هەقیقەت. واتە ئەو کردارەی بەرهەمدار و بەسوودە، لەلایەن پراگماتییەکانەوە بە ڕاستەقینە لە قەڵەم دەدرێت و شایەنی ئەوەیە بە گرنگییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت یان گرنگی زیاتری پێ بدرێت. بە کورتی؛ بیروباوەڕی پراگماتییەکان لە دروشمێکدا کورت دەکرێتەوە کە بە دروشمی سەرەکی پراگماتیزم ئەژمار دەکرێت و دەڵێت: تۆ دەبێت ئەوە بکەیت کە سوودبەخشە.
فەلسەفەی پراگماتیزم و ئەو ڕوانینە، خۆیان بە پرس و باسەکانی هەقیقەتی تێورییەوە سەرقاڵ ناکەن و بۆ ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ئەو پرسانە ناگەڕێن وا پەیوەستە بە هەقیقتەتی باڵا و ئایدیاڵەوە بەڵکو بەدوای سوودی کرداریدا دەگەڕێن و گرنگی بەو باسانە دەدەن، کە کردارین و دەکرێت ببن بە کردارێکی سوودبەخش.
چەمکی پراگماتیزم وەک چەمکێکی فەلسەفی بۆ یەکەمجار لەساڵی 1898 لەلایەن ویلیام جەیمس (1910-1842) داڕێژرا. جەیمس فەیلەسوف و دەروونناسێکی ئەمریکی بوو. ئەوەش وایکرد پراگماتیزم لە ئەمریکادا زیاتر بڵاوبێت و هەروەها ئەو ڕێبازە فەلسەفییە هەندێکجار وەک ئایین و بیروباوەڕی ئەمریکییەکان وەسف بکرێت.
جەیمس پێی وابوو ڕەهەندە تیۆرییەکانی هەقیەقەت، کە هیچ سوودێکی کردارییان نییە پشتگوێ بخرێن. هەروەها واز لەو زانستە تیۆرییانەش بهێنرێت کە کاریگەری و ئەنجامێکی بابەتی ئەوتۆی لێ ناکەوێتەوە و لە کرداری رۆژانەی مرۆڤدا بەرجەستە نابن و کاریان پێ ناکرێت.
لەو ڕوانگەیەوە، هەر کار و کردارێک بەرهەمدار بێت، ئەگەر هەوڵی زانستی و ئابووری و سیاسی و کەلتووری سوودبەخش بێت ئەوا شایەنی بەدواداچوون و گرنگیپێدان و لێتوێژینەوەی بەردەوامە. هەروەها ئەگەر سەرەنج بدرێت، پراگماتیزم کاریگەری حاشاهەڵنەگری هەبووە لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئابووری و کەلتووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
فەلسەفەی پراگماتیزم لە هەناوی خۆیدا کاریگەرە بە جۆرێک لە ڕوانین و هەڵوێستی فەلسەفەی ئینگلیزی. بە تایبەت ئەو ڕێبازە هزرییەی کە پێی دەوترێت "سوودخوازی" لەڕاستیدا ئەو ڕێبازەیش یەکێکە لە لقەکانی "ئەنجامگەرایی" کە ئەویش یەکێکە لە ئاراستە هزری و فەلسەفییەکان لەناو کۆمەڵی ئینگلیز زمانەکاندا باوە. لە فەلسەفەی ئەخلاق یان فەلسەفەی ئاکاردا، سێ قوتابخانەی هزری بەربڵاو و باو هەن، ئەوانیش بریتین لە: ویژدان یان ئەرکگەرایی، ئەنجامگەرایی، ڕامان. ئەرکگەراییەکان ئەوانەن وا پێیان وایە ئەرکی مرۆڤ ئەوەیە چاکەخواز بێت. بەڵام ئەنجامگەراکان ئەوانەن وا جەخت لەو کاروکردەوانە دەکەنەوە، کە ئەنجامی چاکی بۆ کۆمەڵ و مرۆڤ هەبێت.
سوودخوازی یان سوودگەرایی؛ یەکێکە لە لقەکانی ئاراستە و قوتابخانەی ئەنجامگەرایی. یەکەمجار لەلایەن جۆن ستیوارت میل فەیلەسوف و ئابووریناسی لیبراڵ لە بەریتانیای سەدەی نۆزدەیەمدا لە یەکێک لە گفتوگۆکانیدا لە بواری ئابووری سیاسیدا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پێشنیار کرا. دواتر ویلیام جەیمس وەک ڕوانینێکی فروانتر و بنەڕەتی تر، دایڕشتەوە. دواتر و لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، فەیلەسوفی ئەمریکی جۆن دێوی (1859-1952) درێژەی دایە ئەو وتووێژە فەلسەفییە و وتی: ناتوانرێت ئەو بابەتانە پشتگوێ بخرێن، وا سوودی کردارییان نییە بەڵکو پێویستە تیۆر و کردار هاوشانی یەک بن. لە ڕاستیدا، جۆن دێوی بە ڕوانینی ویلیەم جەیمسدا چووەوە لەمەڕ پراگماتیزم و گرنگی کرداردا و ئەو بۆچوونەی سەرلەنوێ داڕشتەوە. هاوکات دەستکەوتە هزرییەکانی ڕابردووی مرۆڤی بە هەند وەرگرت و پاراستنی.
ویلیام جەیمس پێی وا بوو ئەو زانستەی زیاتر گرنگی بە تیۆر و ئایدیا دەدات، سوودێکی ئەوتۆی نییە و پێویستە بگۆڕدرێت. چونکە بەشێک لە زاناکان هەندێک شت فێربوون، بۆ کەس سوودی نییە. هەروەها هیچ ڕاستییەک بۆ کەس ڕوون ناکەنەوە، بەڵام زانینی ئەوەی زانایان فێری بوون، وا دەکات هەست بە تێگەیشتوو تر بکەن و لە ئاستە کۆمەڵایەتییەکەدا پێگەیەکی بەرزتریان پی بدرێت.
پراگماتیزم یەکێکە لە بنەماکانی هاتنەئارای دێموکراسی. دێموکراسی واتە حوکمی خەڵک و زۆربەی ئەو خەڵکانەی لە سیستەمی دێموکراسیدا بەشدارن یان بەشداری سیاسی دەکەن، بریتین لە چینی ناوەڕاست یان چینی مام ناوەند. کەواتە دێموکراسی دەبێت بە کەڵکی چینی مام ناوەند بێت و چینی مام ناوەندیش بەدوای دۆزینەوەی ڕاستییە نادیار و ئاڵۆزەکاندا ناگەڕێت، بەڵکو دەیەوێت بژێت. بۆیە پراگماتیزم بیر لە "سوودی کرداری" دەکاتەوە و سیاسەتەکانی لەسەر ئەو بنەمایە دادەڕێژێت. هەروەها باوەڕی بە "هەقیقەتە گشتی و نەگۆڕەکان" نییە بۆ ئەوەی سیاسەتی لەسەر بنیات بنرێت و خەڵک لە زۆر قازانج بێبەش بکات بۆ گەیشتن بەو ڕاستیانەی کە بانگەشەیان بۆ دەکرێت. پراگماتیزم عەقڵی کرداری لە بەرامبەر عەقڵی تیۆریی دادەنێت و سیاسەتی بابەتی پەسەند دەکات لەبری سیاسەتی ئایدیاڵی و میتافیزیکی.
گۆڕانی سیاسی لە حکومەتە پراگماتییەکاندا بنەمایەکی ڕوونی هەیە: بەدیهێنانی قازانج و سوود و بەرژەوەندییە کردارییەکانی دانیشتووان. هەرچەندە لە دەوڵەتە ئایدیۆلۆژییەکاندا خولانەوە و گۆڕان و دەستاودەستکردنی سیاسی زەحمەتە. هەندێکجار خولانەوەی سیاسی یان گۆڕانی سیاسی لەناو دەوڵەتە ئایدیۆلۆژییەکاندا زۆر خاوە یان دوا دەکەوێت. بەدیهێنان و جێبەجێکردنی ئەو گۆڕانکارییە سیاسیانە پەیوەست دەبێت بە چەند پاساوێکە کە سەرەتا پێویستە ئایدۆلۆژیای دەوڵەت بگرێتەوە و دواتر ئەو کەسانە بگرێتەوە کە لایەنگری ئەو ئایدیۆلۆژیایە دەکەن و پاشان بەسەر خەڵک و دانیشتوواندا پەیڕەو بکرێت. بۆیە خولانەوە یان گۆڕینی سیاسەت لەو حکومەتانەی سەر بە ڕێبازی پراگماتیکی نین، بەزۆری لایەنی ڕەوانبێژی هەیە. بەواتایەکی تر دەبێت لەگەڵ هونەری ڕەوانبێژیدا تێکەڵ بکرێت بۆ ئەوەی شوێنکەوتووانی ئەو ئایدیۆلۆژیایە ڕازی بن بە وازهێنان لە ئایدیۆلۆژیای خوازراوی خۆیان لەلایەن حکومەتەوە. ئەگینا گۆڕانکاری لە سیاسەت یان بەدی ناهێنرێت یان بە هێز و بەبێ قایلکردن بەدەست دێت.
زۆربەی دەوڵەتە ئایدیۆلۆژییەکان هەندێک جار سیاسەتێکی پراگماتیک دەگرنەبەر بۆ ئەوەی مانەوەی خۆیان مسۆگەر بکەن یان زیانی گەورە نەبینن. لەگەڵ ئەوەشدا، لەبەر ئەوەی پراگماتیزم بنەمای ئەدای ئەم دەوڵەتانە نییە، گەڕانەوە بۆ سیاسەتی ئایدیۆلۆژی ئاسایی ڕێگری دەکات لە بەردەوامبوون و بەدامەزراوەییکردنی سوودەکانی سیاسەتی پراگماتیک کە لە سەردەمە هەستیارەکاندا پەیڕەو دەکرێت.
بابەتی زیاتر