چەمکی شۆڕش
ئامادەکردن: ئارام حاجی
شۆڕش لەجەوهەردا ئاماژەیە بۆ ڕوودانی گۆڕانکاری ڕیشەیی و گشتگیر لە کۆمەڵگەدا کە مایەی گۆڕانکاری سستمی سیاسی یان کۆمەڵایەتی یا ئابوورییە.
زۆرجار لە ئاکامی بێزاربوونی بەرفراوانی گەل لە دۆخی نادادپەروەر و گەندەڵ دێتەکایە و وێنای بزاوتێکی جەماوەری ئاشتییانە یا توندوتیژانە وەردەگرێت.
شۆڕشەکان بەپێی ڕوودانیان هەمەجۆرن:
١.شۆڕشە سیاسییەکان: کە ئامانجی ڕووخاندنی ڕژێمی فەرمانڕەوا و گۆڕینییەتی بە یەکێکی دیکە (وەک شۆڕشی فەرەنسی، شۆڕشی ڕوسی).
٢.شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان: گۆڕانکاری لە بونیادی کۆمەڵایەتی و چینایەتیدا (وەک شۆڕشی بەلشەفی).
٣.شۆڕشە ئابوورییەکان: کە چاوی لەسەر گۆڕانکارییە لە سستمی بەرهەمهێنان و دابەشکردندا (وەک شۆڕشی پیشەسازی).
٤.شۆڕشە فکریی یا کولتورییەکان: گۆڕانکاری لە تەرزەکانی بیرکردنەوەو بەها باوەکان. (وەک سەردەمی ڕۆشنگەری).
شۆڕش بەپێی تایبەتمەندی:
• ڕیشەییە: بە چاکسازییەوە ناوەستێت و هەوڵی گۆڕانکاری گشتگیر دەدات.
• خێرا یا هەڵکشاوە، کە ڕەنگە کتوپڕ ڕووبدات یا لەسەرەخۆ پەرەبسێنێت.
• گەل یا دەستەیەکی ڕووناکبیر ڕابەرایەتی دەکات.
• دەرەنجامەکانی زامنکراو نییە.
جیاوازی نێوان شۆڕش و کودەتا:
شۆڕش: هەمیشە میللیی و بەرفراوانە و هەوڵی گۆڕانکاری گشتگیر دەدات.
کودەتا: زۆربەی کات دەستەیەکی کەم (وەک سوپا) پێیهەڵدەستێت و تەنها چاوی لە گۆڕینی سەرکردایەتییە نەک گۆڕینی ڕژێمەکە یا سیاسەتە بنەڕەتییەکان.
شۆڕش لە تێڕوانینی مێژوویی و فکریی و ئەدەبییەوە:
یەکەم: شۆڕش لەتێڕوانینی مێژووییەوە:
شۆڕشەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا چەند وێستگەیەکی جیاکەرەوەیان پێکهێناوە لە دیارترینیان:
١.شۆڕشی فەڕەنسی (١٧٨٩):
• دیارترین نموونەیە لەسەر شۆڕشی سیاسی و کۆمەڵایەتی.
• دژی سستمی پاشایەتی و دەرەبەگایەتی هەڵگیرسا.
• بانگەشەی "ئازادی، یەکسانی، برایەتی" دەکرد.
• ڕێگەی بۆ دەرکەوتنی سستمە دیموکراسییەکان خۆشکرد لە ئەوروپادا.
٢.شۆڕشی ڕوسی (١٩١٧):
• کۆتایی بە حوکمی قەیسەریی هێنا لە ڕوسیادا.
• بەڵشەفییەکان بە ڕێبەرایەتی لینین ڕێبەرایەتییانکرد.
• یەکەم دەوڵەتی کۆمۆنیستی دامەزراند لە جیهاندا.
٣.شۆڕشە عەرەبییەکان (بەهاری عەرەبی – ٢٠١٠ و دواتری):
• شۆڕشی میللیی بوو کە بانگەوازی ئازادیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەکرد.
• دەرەنجامەکانی ناچوونیەک بوو لەنێوان گۆڕانکاری ئەرێنیی و پشێوی و جەنگی ئەهلیدا.
دووەم: شۆڕش لە تێڕوانینی فکری سیاسییەوە:
شۆڕش وەک ئامرازێک بۆ گۆڕانکاری لە دەسەڵات و ڕەوایەتیدا دەخوێندرێت. لە دیارترینی بیرمەندانێکیش کە باسیان لە چەمکی شۆڕش کردووە:
١.کارل مارکس:
• پێیوابوو شۆڕش ئەو ئامرازەیە کە یارمەتی چینی کرێکار (پرۆلیتاریا)دەدات بۆ ڕوخاندنی بۆرجوازییەت.
• ئامانجی دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستی بێ چینایەتییە.
٢.جۆن لۆک:
• پێیوابوو شۆڕش مافی گەلە گەر فەرمانڕەوا پێشێلی پەیمانی کۆمەڵایەتیکرد.
• چاوی لەسەر مافە سروشتییەکانی ژیان، ئازادی، خاوەندارێتی بوو.
٣.هانا ئارینت:
• جیاوازی کرد لەنێوان شۆڕش وەک کردەیەکی سیاسی کە ئامانجی ئازادی بێت و وەک کودەتا کە دەسەڵات دەگۆڕێت بێئەوەی بونیادی سیاسی بگۆڕێت.
• چاوی لەسەر گرنگی دروستکردنی سستمێکی تازەبوو دوای شۆڕش نەک تەنها ڕوخانی کۆنەکە.
سێیەم: شۆڕش لە تێڕوانی ئەدەب و هزری کولتورییەوە:
شۆڕش لە ئەدەبدا بابەتێکی دەوڵەمەندە بۆ نموونە:
• فیکتۆر هۆگۆ: لە بێ نەوایاندا لە تێڕوانینێکی مرۆییەوە باس لە شوێنەوارەکانی شۆڕشی فەڕەنسی دەکات.
• ئەلبێر کامۆ: لە شۆڕشگێردا باس لە بیرۆکەی شۆڕشی ئەخلاقی و سنوورەکانی توندوتیژی دەکات.
• نەجیب مەحفوز لە کوڕانی گەڕەکدا، داسەپاندنێکی ڕەمزیی پێشکەش دەکات، کە وەرچەرخانە کۆمەڵایەتی و فکریی و شۆڕشگێرییەکانی کۆمەڵگەی میسری پەرچدەکاتەوە.
چەمکی شۆڕش لە فکری سیاسیدا: لە گۆڕانکارییەوە بۆ دامەزراندن:
یەکەم: شۆڕش لای فەیلەسوفانی کلاسیک:
١.ئەفلاتون و ئەندێشەکانی وەرچەرخانی سیاسی:
لە کۆماردا ئەفلاتون بە مانا مۆدێرنەکەی باس لە "شۆڕش"ناکات، بەڵام باس لە وەرچەرخانەکان دەکات لە سستمەکانی فەرمانڕەوایەتیدا، چونکە وایدەبینێت، کە سستمی سیاسی بە گۆڕانکارییەکی بازنەییدا دەڕوات کە دەبێتە مایەی لەناوچوونی، کە بەشێوەیەک لە شێوەکان لە بیرۆکەی "شۆڕشی سروشتی" دەچێت لەناو دەوڵەتدا لە ئاکامی لادان لە دادپەروەری.
٢.ئەرستۆ و جیاوازیکردن لەنێوان شۆڕش و ڕیفۆڕمدا:
ئەرستۆ پێیوایە کە شۆڕش لە هەستکردن بە ستەمەوە دروست دەبێت، چ ڕاستی یا ئەندێشەکراو. ئەو جیاوازی دەکات لەنێوان شۆڕش وەک وەرچەرخانێکی توندوتیژی سستم و ڕیفۆڕم، وەک چاکسازییەک لە نێوخودی سستمەکەدا.
دووەم: شۆڕش لە فکری لیبراڵدا:
١.جۆن لۆک (١٦٣٢-١٧٠٤):
لۆک لە پێشەوایانی ئەو بیرمەندانەیە کە پاساوی شۆڕشی دایەوە دژی فەرمانڕەوا، گەر پەیمانی کۆمەڵایەتی پێشێلکرد. ئەو پێیوابوو فەرمانڕەوا تەنها تا ئەو جێیە ڕەوایەتی هەیە کە مافە سروشتییەکانی تاک دەپارێزێت: ئازادی، ژیان، خاوەندارێتی، و گەر خیانەتی لەو پەیمانەکرد مافی گەلە شۆڕشی لەدژ بکەن.
مۆنتیسکیو و ڕۆسۆ:
• مونتیسکیو چاوی خستە سەر جیاکاری نێوان دەسەڵاتەکان وەک ئامرازێکی خۆپارێزی لەشۆڕش.
• جان جاک رۆسۆ پێیوابوو گەر ئیرادەی گشتی فەرامۆشکرێت شۆڕش پێویستە چونکە سەروەری تەنها بۆ گەلە.
سێیەم: شۆڕش لە فکری سۆسیالیزمی و مارکسیدا:
١.کارل مارکس (١٨١٨- ١٨٨٣):
مارکس چەمکی شۆڕشی وەک ئەو پێویستییە مێژووییە خستەڕوو، کە لە ناکۆکی نێوان هێزەکانی بەرهەمهێنانی و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانەوە دادەکەوێت. بەڕای ئەو شۆڕش بریتییە لەو میکانیزمەی کە ڕێگە بە گواستنەوەی کۆمەڵگە دەدات لە سەرمایەدارییەوە بۆ سۆسیالیستی و ئەوجا بۆ کۆمۆنیستی کە تیایدا چینەکان و دەوڵەت لەناودەچن.
٢.لینین:
پەرەی بە چەمکە مارکسییەکەدا تا جەخت لەوەبکاتەوە کە شۆڕش لەخۆوەڕا بەرپا نابێت، بەڵکو پێویستی بە نوخبەیەکی حزبییە کە ڕابەرایەتی جەماوەر بکات بەرەو ڕوخاندنی سستمی سەرمایەداری.
چوارەم: شۆڕش لە فکری مۆدێرنەو هاوچەرخدا:
١.هانا ئارینت (١٩٠٦-١٩٥٧):
لە کتێبەکەیدا "دەربارەی شۆڕش" جیاکاری دەکات لەنێوان:
• یاخیبوون کە ئامانجی وەلاوەنانی ستەمکارییە،
• شۆڕش کە مایەی داهێنانی سستمێکی سیاسی تازەی دامەزراوە لەسەر ئازادی.
ئارینت پێیوایە کە شۆڕشی ئەمریکی سەرکەوتووبووە چونکە دەستورێکی تازەی دامەزراندووە، و شۆڕشی فەڕەنسیش شکستخواردووبووە چونکە نغرۆی توندوتیژی بووە بێ دامەزراندنێکی بەردەوام.
٢.فرانز کافکا:
لە ئەشکەنجەدراوانی گێتیدا لە ڕاستای کۆلۆنیالیزمیدا باس لە شۆڕش دەکات بەو پێیەی کە توندوتیژی شۆڕشگێڕی پێویستە بۆ پاککردنەوەی کۆلۆنیالیزکراو لە گرێی خۆبەکەمیی و بونیادنانی شوناسێکی سەربەخۆ.
کۆتایی:
شۆڕش لە فکری سیاسیدا ساتەوەختێکی هەڵچوونی یا تەقینەوەیەکی ڕەتبوو نییە بەڵکو کردەیەکی سیاسی ئاوێتەیە کە لە هەناوی خۆیدا ماناکانی گۆڕانکاریی و دامەزراندن لە خۆدەگرێت و هەندێکی دیکەش پێیانوایە پێویستییەکی مێژووییە ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکان دەیسەپێنێت و هەندێکی دیکەش پێیانوایە دەرفەتێکە بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی بەهاو ڕەوایەتی و ئەوەی مایەی سەرنجە ئەوەیە کە شۆڕش بە جیاوازی فۆڕمەکانییەوە هەمیشە وەک ئاوێنەیەک دەمێنێتەوە بۆ نیشاندانی ئاستی هۆشمەندی گەلان و بوێرییان بە خەوبینینەوە بە ئایندەوە.
لە پەیوەندیدا بە بوونمانەوە وەک گەل و نەتەوە ئەوە هەڵدەگرێت ئاخۆ ئەوەی لە دوامانەوەبووە شۆڕش بووە؟! بە چ مانا و فۆڕمێک؟! یان گەر وا نییە ئەی بۆ ئاگایی ئێمە توانای ئەفراندنی شۆڕشی نییە؟!
ئاخۆ بوێری خەوبینینمان بە ئایندەوە لەدەستداوە یان ئەوە خودی ئاگاییمانە گرفتی ئەفراندنی ئەو بوێرییەی تیاماندا خوڵقاندوە؟!