هیوا چاوشین
لهساڵی(١٩٧٨)دا، لەناو چەم و دارەكانی خوار گوندی پێموابێ یان گوندی"نەوت"ی بوو یان "شیوی قازی" لەناوچەی قەرەداغ كە چووبووین بۆ پشودان، شەهید سیروان تاڵەبانی كە فەرماندەی هەرێمەكەمان بوو هەرێمی پێنجی قەرەداغ، دوو پێشمەرگەی نارد كە بچن لەو گوندانە مەڕێ بكڕن، چونكە رۆژی جەژن بوو كاتێك مەڕەكەیان هێناو كەوڵیان كرد و پێشمەرگەكان دەستیانكرد بەگۆشت برژاندن لەپاش كەمێك برادەرێك كە خەڵكی گوندەكانی ئەو دەوروبەرەبوو هاتە ناومان و سەلامی كرد، كاك سیروان لێی پرسی:
"خێرە رێت كەوتۆتە ئهم شوێنه؟"
لەوەڵامدا وتی:
"هاتوم لای ئێوە ببم بەپێشمەرگە"
كاك سیروانیش پێیووت:
"بەخێربێی"
پاشان روویكرده ههموان و وتی:
"بەشی ئەم برایەش دانێن"
ئیتر ئەویش دەستیكرد بەشیش لێدان و گۆشت خواردن هاتەلای منەوەو وتی:
"تۆ تەماتەت زۆرلایە لای تۆوە دائەنیشم"
دەستیكرد بەگۆشت خواردن، بڕوابكەن ئەمەندەی خوارد مڕبووبوو پاشان دەستیكرد بەگۆرانی وتن و بهند لهسهربهند دهیووت! جارجار رووی دەكردە من بهگۆرانییهوه ئەیوت:
"بەخوا ئەگەر ئەمزانی پێشمەرگایەتی ئەمەندە خۆشە ساڵێ پێش ئێستا دەبووم بەپێشمەرگە"
منیش لەدڵی خۆما ئەموت ئەم داماوە نازانێ لەدوای خواردن چی بەسەردێ پاش ئەوەی حەواینەوەو تێرمان خوارد هەموو خۆمان بەست و كۆڵەپشت و كەرەسەكانمان پێچایەوەو بەڕێكەوتین رێگەمان زۆر سەخت و دووربوو ئەو برادەرەش گولەی ئاڕبیجییهكەیان دابوو بەكۆڵیا گەیشتینە یەكەم هەوراز ئەو لەدوای منەوەبوو شەتەك بووبوو ئەو هەورازە تۆڵەی ئەو خواردنەی لێكردەوە كە خواردبووی لەتاوا جارجار بەمنی ئەووت:
"زۆری ماوە بگەین"
منیش پێمدهوت:
"هێشتا هەورازی لەمە سەختترمان لەپێشە"
جارجار پێیدەوتم:
"بەخوا پێشمەرگایەتی زۆر قورسە بەكوڕی خۆی نەبێ بەهەموو كەس ناكرێ"
بەڵام لەكاتی گۆشت خواردنەكەدا ئەیوت بەڕاستی پێشمەرگایەتی زۆرخۆشە، پێیووتم:
"ئەگەر گەیشتینەجێ بەكاك سیروان ئەڵێم بەشكم ئیزنم بدات بڕۆمەوە پێشمەرگایەتیم پێناكرێ"
كاتێك گەیشتینە شوێنی مەبەست بەكاك سیروانی وت:
"كاك سیروان بەڕاستی ئەمەی ئێوە بەمن ناكرێ من هەڵەیەك بوو كردم جارێكیتر گوو ئەخۆم هەڵەی وابكەم بەشەرتێ ئیزنم بدەی ئەو هەورازە هێزی لەبەربڕیم"
ئەوەندەی بەكاك سیروان وت هەورازەكەی زۆر سهختبوو، كاك سیروانیش پێیوت:
"بڕۆ باوكم پارەی هەورازەكەمان لێمەسەنە ئێمەش پارەی گۆشتەكەت لێ ناسەنین".
بابەتی زیاتر