چاپوک سەید عومەر
لەڕۆژێکی وەک ئەوڕۆدا لە ئێوارەی(23/6/1986) بیست پێشمەرگەیەک دەبووین لەکانی کوردەوە چووین بۆ گوندی"باغەجنێری" نزیک تەقتەق. لەجادە قیڕەکە پێش ئەوەی بسوڕێینەوە بۆ باغەجنێر، ئێستا بووەتە گوندێکی زۆر گەورە بەناوی سەرکەڵەک لەنێوان چۆم حەیدەر و باغەجنێردایە، ئەوکات ئەو شوێنە چۆڵی بوو.
لەو سێ ریانە، هونەر تایەر بەگ و حاجی رەفیق تۆفیق زریان، بەرەو دەشتی هەولێر بەڕێکەوتن و ئێمەش هەوراز بووینەوە بۆ ناو دێی باغەجنێر. دوای ماوەیەکی کورت بازنەمان بەست و نهێنی شەو راگەیاندرا و خەریک بوو بەسەر ماڵەکان دابەشبین و بگەڕێینەوە بۆ مزگەوت، دیاربوو کەسێکی گوندی کاک رەهبەری سەید برایمی کە ئەوکات سەرتیپی(93)ی کۆیە بوو، جیاکردەوە و پێیگووتبوو، چەکدارێکی زۆر لە سێڕیانەکەی باغەجنێر تازە راوەستابوون ئەوانە هەر جەماعەتی خۆتانە لەوێن، واتە هەر ئەو شوێنەی سەعاتێ کەمتر لەوێ حاجی رەفیق و هونەر لایاندا و رۆیشتن بۆ دەشتی هەولێر. تێگەیشتین کە هێزەکی جاشن و هاتوونەتە سەر ئەو گوندانە، راستیەکەش هاتنی هێزەکەی ئێمەش هەر بۆ ئەوە بوو، کە جاشەکان تەمبێ بکرێن کە ناوناوە دەهاتنەسەر خەڵکی ئەو دێهاتانەی دەم زێی تەقتەق.
کاک رەهبەر بەچەند پێشمەرگەیەکەوە چوو بۆ گوندی، موخەڕەس، چونکە هێزی جاشەکان بۆ ئەوێ رۆیشتن. بەشەکەیدیشمان کە کاک ئەسوەدی خدر عاریف سەرپەرشتی دەکردین گەڕاینەوە هەمان سێڕیان، بۆ ئەوەی پشت لە جاشەکان بگرین لە گەڕانەوەدا.
بەشەکەی یەکەمی هێزەکە کە چەند پێشمەرگەیەک بوون، کە کاک رەهبەر لەگەڵیان بوو لە گەڵ گەیشتنیان لە جاشەکانیاندا و دوای شەڕێکی دەستەویەخەو زۆر توند، جاشەکان خۆیان نەگرت و شکان و هەڵاتن گەڕانەوە دوا. لەگەڵ تەقەی یەکەم و شکانی یەکەمیان سەیارەیەکیان بە خێراییەکی یەکجار زۆر بەنزیک ئێمەدا کە تازە شوێنی خۆمان گرت بوو گەڕایەوە و تێپەڕی، مامۆستا کازمی مام حەسەن کە رابەر سیاسی تیپی(99) بوو بەمیوانی لای ئێمەبوو ئاڕبیجییەکی تێگرت و زۆر کەم سەری کرد و لێی نەدا، تەقەمان لە سەیارەکانی دی کرد بۆیە نەیان توانی بگەڕێنەوە.
شەڕەکە تووند بوو، جاشەکان دەرفەتی دەرچوونیان نەبوو، کەوتبوونە نێوان هەردوو هێزەکەمان لە موخەڕەس و باغەجنێر، کە لەهەردوولا بۆیان چووین، خۆیان بەزێ داداو یەکیان لێ خنکاو ئەوانیدی بەبریندارەکانیانەوە هەڵاتن بۆ ئەو بەری زێ، ئەو شەوە زێ ئاو زۆر زۆر کەم بەردرابۆوە لە بەنداوی دوکانەوە، دەنا زۆر لە جاشەکان دەخنکان. جاشەکان دوو سەیارەیان لێ بەجێما، بەڵام وەک دەرکەوت بەسەیارەی هاووڵاتی و مەدەنی ناو تەقتەق بەزۆر هێنابوویان.
ئەوکات من لێپرسراوی ناوچەی کۆیە بووم، ئەوەی لەبیرم مابێ"محەمەد تەکەڵتوییم" لەگەڵ بوو، بەداخەوە ناوی زۆربەی برادەرەکانم لەبیر نەماوە کە لەو شەڕە پێکەوە بووین، بۆیە نەموێرا ئەوەندەی لەبیرم ماوە ناویان بهێنم نەوەک ئەوانیدی لێم نیگەرانبن، پێمخۆشە ئەوەی لەگەڵمان بووبێ بە کۆمێنتەک بیرم بهێننەوە.
بابەتی زیاتر