هیندستان و پاكستان ملمڵانێ و کێشەی گەورەییان هەیە لەسەر كشمیر و هەر لایەکیان خۆی بە خاوەنی راستەقینەی ئەو ناوچەیە دەزانێت، ئەمەش چەندین شەڕ و جەنگی لە نێوان ئەو دوو وڵاتە بەهۆیەوە دروست کردووە، بەشێكی تری کشمیریش لەژێر دەستی چین دایەو هیچ كام لەو دوو وڵاتە نەك توخنی ناكەون بەڵكو باسیشی ناكەن، كێشەی كشمیر چییە و لەكەیەوە سەری هەڵداوە و بۆ چارەسەرناكرێت؟ لێرەدا باسی دەكەین.
لە دوو هەفتەی رابردوودا، ئاڵۆزی و پێكدادان لەنێوان هیندستان و پاكستان لەسەر كشمیر دەستیپێكردەوە، دوای كوشتنی 26 كەسی مەدەنی لە كشمیری ژێر دەستی هیندستان و وەڵامدانەوەی نیودلهی بە مووشەكبارانكردنی چەند پێگەیەكی چەكداران لە پاكستان كە ئەو بە مۆڵگەی تیرۆریستان ناوی دەبات، ئاڵۆزییەكان لە نێوان ئەم دوو وڵاتە خاوەن چەكی ئەتۆمییە گەیشتە ئاستێكی بەرزتر و ترسناکتر، بەڵام دوای نێوەندگیری ئەمریکا هەردوو وڵات وەستانی شەڕی نێوانیان راگەیاند، ئەگەر پابەند بن پێی و جارێکی تر سەرهەڵنەداتەوە.
ناوچەی كشمیر كە هەریەك لە هیندستان و پاكستان و هەروەها چینیش داوای دەكەن و خۆیان بە خاوەنی دەزانن، دەكەوێتە باكووری خۆرئاوای هیندستان و باكووری خۆرهەڵاتی پاكستان و باشووری خۆرئاوای چین، لە رووی مێژووییەوە لە ناوەڕاستی هەزارەی یەكەمی زاینی سەنتەرێكی گرنگی كامبۆجاس بوو، دواتر بووە بە سەنتەرێكی گرنگی ئاینی بودایی، ساڵی 1339 شاهمیر بووە بەیەكەم حاكمی موسوڵمانی كشمیر، پێنج دەیەی دواتر نەوەكانی شاهمیر وەكو پادشای موسوڵمان حوكمی كشمیریان كردووە،  دواتر پادشایانی موگلسی موسوڵمان حوكمی كشمیریان كردووە لە 1586 تا 1751، لەوە بەدوا دەوڵەتی «دوانی» ئەفغانی حوكمی كشمیریان كردووە لە 1751ەوە تا 1820، لەو ساڵەدا سیخەكان بە سەرۆكایەتی «رانجیت سینگ» دەستیان بەسەر كشمیردا گرتووەو تا ساڵی 1846 بەریتانیاكان هاتوون كشمیریان لەدەستیان دەركردووە و كەسێكیان بە حاكمی كشمیر داناوە بە ناوی «جولاب سینگ» كە نەوەكانی تا ساڵی 1947 حوكمیان كردووە و لەوە بەدەوا بەریتانیا كشمیری دابەشكرد.
سەرەتای دروستبوونی ململانێی و ناكۆكیش سەبارەت بەم ناوچەیە لە نێوان هیندستان و پاكستان، لەو ساڵەوە دەست پێدەكات، بەتایبەت كە سنووری نێوانیان زۆر بەخێرایی كێشرا و كشمیریش بە پێی نەخشەوە كەوتە نێوان هەردوو وڵاتەوە، ئەوەش كشمیری لەو كاتدا كرد بە دوو بەشەوە، بەشێكی بۆ هێندستان و بەشەكەی تری بۆ پاكستان، هەر ئەوەش وایكرد خێرا شەڕ لە نێوانیان دروست بێت بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی.
لەو كاتەوە و لەگەڵ ئەوەی چەندین شەڕو پێكدادان لەنێوان ئەم دوو وڵاتەدا روویداوە، كێشەكە یەكلانەبۆوەو چارەسەر نەكرا، ئەوەش كردی بە  كرۆكی ناكۆكی و ململانێی نێوانیان بە ئێستاشەوە، كە شەڕ و پێكدادان لەنێوان هەردوو وڵات سەری هەڵدایەوە و دەیان کەسیش لە هەردوولا بوونە قوربانی.
لە ماوەی بیست ساڵی رابردووشدا، چەكدارنی كشمیر شەڕ و پێكدادانی توندییان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی هیندستان بەرپاكردووە، کە بەشێكیان داوای سەربەخۆیی ئەو ناوچەیە دەکەن و بەشێكی تریان داوای ئەوە دەکەن کشمیر بخرێتە سەر پاكستان.
لای خۆیەوە نیودلهی بەردەوام ئیسلام ئابادی بەوە تۆمەتبار کردووە کە پاڵپشتی چەكدارانی كشمیر دەکات، لە بەرامبەردا حكومەتی پاكستان ئەو تۆمەتە بەتەواوی رەتدەكاتەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە ململانێی ئەم دوو وڵاتە لەسەر كشمیر لە سەرەتاوە تائێستا، هەزاران كەس بەهۆیەوە بوونەتە قوربانی و ئەگەر چارەسەرێکی تەواوەتی بۆ نەدۆزرێتەوە، ئەوا بەردەوام کشمیر وەکو ناوچەیەکی کێشەلەسەر دەمێنێتەوە.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved