وەرگێڕانی لە فارسییەوە: سەربەست کاکەخان
لەم چەند رۆژەی رابردوودا، وەزارەتی دەرەوەی دەسەڵاتدارانی تاڵیبان ڕایگەیاند: باڵیۆزخانەی ئەفغانستانیان لە تورکیا، خستووەتە ژێر رکێف و دەسەڵاتی خۆیانەوە*. لەو بارەیەوە زاکر جەلالی، سەرۆکی هۆبەی سێیەمی سیاسی لە وەزارەتی دەرەوەی تاڵیبان دەڵێت: "گۆڕانکاری لە ستافی دیپلۆماسی لە نێردە دیپلۆماسییەکانی وڵاتان پرۆسەیەکی ئاساییە". هەروەها وتیشی کاروباری کونسوڵگەری و دیپلۆماسی لە باڵیۆزخانەکان لەلایەن دیپلۆماتکارانی ئیماراتی ئیسلامی ئەفغانستانەوە، بە شەفافیەتێکی تەواوەوە بەڕێوەدەبرێت".
پێشتر بەرپرسانی پێشووی باڵیۆزخانەی ئەفغانستان لە تورکیا دانیان بەوەدا ناوە "دوای فشاری تاڵیبان بۆ سەر حکومەتی تورکیا، بە بڕیاری وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، هەموو دیپلۆماتکارەکانی سەردەمی دەسەڵاتی پێشووی ئەفغانستان، کە بە کۆماری ئەفغانستان ناسرابوو، کۆتاییان بە ئەرکەکانیان لەو باڵیۆزخانەیە هێنا و کاروباری ئەو باڵیۆزخانەیەیان ڕادەستی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کرد."
هەرچەندە لە ڕابردوودا ڕاپۆرتی جیاواز و پارادۆکسیان سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی باڵیۆزخانەی ئەفغانستان لە تورکیا بڵاوبووەتەوە، بەڵام ئەگەر ئەم باڵیۆزخانەیە ڕادەستی دیپلۆماتکارانی ڕژێمی تاڵیبان بکرێت، تورکیا هەنگاوێکی تری ناوە بۆ فراوانکردنی نفوزی خۆی لە ئەفغانستان و نۆژەنکردنەوەی هەژموونی ئیمپریالیستی ئەردۆگان بەسەر ڕژێمی تاڵیباندا، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە کە جدیبوون و ئیرادەی ئاسنی عوسمانییەکانی فەرمانڕەوای ئێستای تورکیا دەردەخات لەدوای ڕووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد و هەژموونی تیرۆریستەکانی سەر بە تورکیا لە سووریا بۆ زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و گرتنە دەستی "سەرکردایەتی جیهانی ئیسلامی".
ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر ئەردۆگان بە ڕوونی سووربوونی خۆی نیشاندابوو بۆ فراوانکردنی هەژموونی ئیمپریالیستی بەسەر ئەفغانستاندا. ئەوەش هەر لە خۆسەپاندن بەسەر بەڕێوەبردنی قوتابخانە زنجیرەییەکانی ئەفغان- تورکەوە تاکو نزیکبوونەوە لە دەسەڵاتدارانی تاڵیبان و ڕادەستکردنی کونسوڵخانەی ئەفغانستان لە ئەستەنبوڵ بە تاڵیبان. هەروەها بەم دواییانە دەستیکرد بە پڕۆژەی ئابووری و کولتووری و ئەمنی مەبەستدار و ئامانجدار بۆ یارمەتیدانی ڕژێمی تاڵیبان بە مەبەستی لاوازکردنی ڕۆڵ و پێگەی وڵاتانی وەک ئێران لە ئەفغانستان. لەو روانگەیەوە برەودان بە ململانێ و ناکۆکییە ناوچەییەکانی وەک قەیرانی ئاو و ململانێی مەزهەبی شیعە_ سوننە، بەشێکن لە جموجۆڵی دەستێوەردان و فراوانخوازانەی ئیمپریالیستە دەسەڵاتدارەکانی ئەنکەرە بەسەر ئەفغانستانەوە
لەو چوارچێوەیەدا رادەستکردنی باڵیۆزخانەی ئەفغانستان بە دەسەڵاتدارانی تاڵیبان گەورەترین هەنگاوی ئەردۆگانییەکانە بۆ گۆڕینی ئەفغانستان تاکو وەک سووریای دووەمی لێ بێت.
لە سووریادا، حکومەتی تورکیا ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە هێنانە پێشەوەی تیرۆریستە تەکفیرییەکان کە هاوپەیمانی پێشووی داعش و قاعیدە بوون بۆ سەر دەسەڵات. لەم ڕووەشەوە بە فریودان و هەڵخەڵەتاندنی ئێران و ڕوسیا زەمینە خۆشکەر بوو بۆ ڕووخانی بەپەلەی حکومەتی بەشار ئەسەد. دەستبەجێ دوای هاتنەسەر دەسەڵاتی گروپە تەکفیرییەکان لە دیمەشق، ڕێگە خۆشکەر بوو بۆ غوسڵ و خاوێنکردنەوەیان لە تیرۆر لەسەر ئاستی جیهان. بەجۆرێک ئەحمەد شەرع کە پێشتر بە ئەبومحەمەد جولانی ناسراوبوو، هەروەها سەرکردایەتی باندێکی تیرۆریستی ترسناکی دەکرد و هاوپەیمانی داعش و قاعیدە بوو، ئێستا بووەتە دیپلۆماتێکی شەرعی و گەشتی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەکات. هاوکات هێزە نێودەوڵەتییەکان هەوڵ دەدەن بە لابردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر سووریا و میوانداری و پێشوازکردن لە حوکمڕانە نوێێەکانی ئێستای سووریا، دانبنێن بە هەژموونی ئیمپریالیستە عوسمانییە نوێیەکان و بە مەشروع و رەوای ئەژمار بکەن.
لەلایەکی تریشەوە چاوەڕێ دەکرێت تورکیا بەم نزیکانە چەندین بنکەی سەربازی و ئاسمانی گەورە لە ناوچە ستراتیژییەکانی سووریا دابمەزرێنێ و بە ئیمزاکردنی ڕێکەوتنی ڕەسمی لەگەڵ گروپە بریکارەکانی لە دیمەشق، شام لەنێوان ئیسرائیل و تورکیا دابەش ببێت. ئەو پڕۆژەیە بە قوڵی لەلایەن ئەمریکا و هێزە ئەوروپییەکانەوە پشتیوانی لێ دەکرێت. ئەوەش دەبێتە هۆی کۆتاییهاتن بە نفوز و ئامادەیی چەندان ساڵەی ئێران و ڕوسیا لە سووریا و ڕەنگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش.
بۆیە هەرگیز دوور نییە لە رێی دەسەڵاتدارانی تاڵینانەوە، بەم نزیکانە ئەردۆگان هەژموونی خۆی بەسەر ئەفغانستاندا بسەپێنێت، لە رێی عوسمانییە نوێیەکانی دەسەڵاتداری ئەنقەرەەوە پەیوەندییەکی ستراتیژی بەهێز و درێژخایەن لەنێوان حوکمڕانانی نوێی سووریا و دەسەڵاتدارانی تاڵیبان لە ئەفغانستان دابمەزرێنن. بەوجۆرە رووبەرێکی تری جێ هەژموونی ئێران و ڕوسیا لە ناوچەکەدا داگیر بکەن. بەم شێوەیە ئەفغانستان بە ئاسانی دەبێتە سووریای دووەم.
لەم ڕووەشەوە لە پڕۆژە ئاوییە کێشەسازەکانی تاڵیبان، کە وەک فشارێکی کاریگەر بۆ سەر دراوسێکانی ئەفغانستان بەتایبەتی ئێران بەکاردەهێنرێت، تورکیا بە مەبەست و ئامانج رۆڵ بگێڕێت. نەک تەنیا خودی تورکیا بەڵکو کۆماری ئازەربایجانیش کە بە توندی لە ژێر کاریگەری پان تورکیستەکانی ئەنقەرەدایە و هەردوو ڕژێمی باکۆ و ئەنقەرە بە هاوپەیمانی هەرێمی ئیسرائیل دادەنرێن، هەروەها بەشداری لە پڕۆژەکانی ئاوی تاڵیبان دەکەن و ئارەزووی وەبەرهێنانیان تێدا دەربڕیوە.
سەرەڕای ئەوەش، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، تورکیا بە مەبەست پڕۆژە کولتوورییە مەزهەبییەکانی خۆی لە پارێزگەکانی ڕۆژئاوای ئەفغانستان فراوان کردووە، کە یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانیان تیشک خستنە سەر هاوپەیمانی مەزهەبی شیعە و سوننەیە لەو ناوچانەدا، لە کۆتاییدا لاوازکردنی هەبوونی کولتووری و شارستانی و مێژوویی ئێران لە ڕۆژئاوای ئەفغانستان.
ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، دەسەڵاتدارانی تاڵیبان کە لە بنەڕەتدا پڕۆژەیەکی ئەمریکییە و بە تەواوی لەلایەن دەوڵەتانی نزیک و هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکە و دەوروبەری پاڵپشتی دەکرێت، هاوسۆزە لەگەڵ ئەم ئامانج و کردەوەیەدا. لەو دۆخەدا، بەشێوەیەکی ئاسایی و سروشتی پرۆسەی گۆڕینی ئەفغانستان بۆ سووریای دووەم سەرکەوتوو دەبێت.
*دوای ئەوەی گروپە چەکدارەکانی تاڵیبان لە ئەفغانستان، دەسەڵاتیان گرتە دەست، بەشێک لە وڵاتانی جیهان بڕیاریاندا تەنیا کاتێک مامەڵەی دیپلۆماسی لەگەڵ باڵیۆزخانەکانی ئەفغانستان لەژێر رکێفی تاڵیباندا دەکەن، کە دەسەڵاتدارانی تاڵیبان مەرجەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێ بکات. ئەوانیش خۆیان لە مافی مرۆڤ و مافی ژنان و گۆڕینی بەشێک لە قانونە شەرعییەکان لەلایەن تاڵیبانەوە دەبینییەوە. هەروەها بەشداری ژنان لە کەرتە گشتی و تایبەتەکانی ئەفغانستان و رێگرتن لە گروپە جیهادییە توندڕەوەکان و دەستبەرداربوون لە گوتارە جیهادییە توندڕەوەکان بەشێکی تربوون لە داواکاری و مەرجی وڵاتان بەڵام تاکو ئێستا دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان نەیانتوانیوە مەرج و داواکارییەکان جێبەجێ بکەن.
سەرچاوە: خبرگزاری جمهور، محمدرضا امینی: امپریالیزم نوعثمانی؛ پس از سوریه نوبت افغانستان است؟