واژۆکردنی چوار لێکتێگەیشتنی هاوبەش و تیشکخستنە سەر (رێگەی گەشەپێدان) لە کۆبوونەوەکانی نێوان عیراق و تورکیا، قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات پێکدەهێنێت. ئەم لێکتێگەیشتنانە چوارچێوەیەکی کرداری بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە هەستیار و ئاڵۆزەکانی نێوان هەردوو وڵات لەرووی (ئەمنی، ئاو، ئابووری و وزە) دابین دەکەن.
ئەم پرۆژەیە بۆ عیراق گرنگییە ستراتیژییەکەی لەوەدایە، عیراق لە وڵاتێکی داخراوەوە دەگۆڕێت بۆ پردێکی سەرەکیی بازرگانی نێوان کەنداو و ئەوروپا
 لە رێککەوتنەکەدا پشکی شێر بەر بابەتی رێگەی گەشەپێدان کەوتووە، بەجۆرێک شەبەنگی ئابووری و ستراتیژی نوێ بۆ ناوچەکە و بەتایبەتیش هەردوو وڵات دیاریدەکات. رێگەی گەشەپێدان، تەنها پڕۆژەیەکی ژێرخانی گواستنەوە نییە، بەڵکو پەیمانێکی گەورەی جیۆپۆلەتیکی و بازرگانییە، چونکە پێکهاتەی پڕۆژەکە پێکدێت لە هێڵی ئاسنین و رێگەی وشکانی لە بەندەری فاو لە باشووری عیراقەوە تا سنووری تورکیا و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا، بە درێژایی نزیکەی (1200) کیلۆمەتر.
ئەم پرۆژەیە بۆ عیراق گرنگییە ستراتیژییەکەی لەوەدایە، عیراق لە وڵاتێکی داخراوەوە دەگۆڕێت بۆ پردێکی سەرەکیی بازرگانی نێوان کەنداو و ئەوروپا، بەمەش داهاتێکی فرەچەشن بۆ عیراق فەراهەم دەکات و وادەکات پشتبەستن تەنها بەسەرچاوەی نەوت کەمبکاتەوە.
لەلایەکی ترەوە بۆ تورکیا زۆر گرنگە، چونکە ئەم پرۆژەیە، تورکیا دەکاتە ناوەندێکی لۆجستیی جیهانی بۆ گواستنەوەی کاڵا و وزە، لەهەمانکاتدا رۆڵی لە بازرگانیی نێودەوڵەتیدا بەهێزتر و پڕ جووڵەتر و پڕ بایەختر دەکات.
بەڵام لەهەمانکاتدا، دەبێت ئەم راستییەش بزانین، پرۆژەیەکی لەمشێوەیە بێ گرفت و ئاڵەنگاریی نییە، چونکە سەرکەوتنی پڕۆژەکە پێویستی بەسەقامگیریی ئەمنی و دابینکردنی بودجەیەکی زبەلاح هەیە، هاوکات هەستیاری و هاوسەنگی و هەڵسوکەوتێکی ژیرانە و پشوو درێژی دەوێت کە لەگەڵ پڕۆژەکانی تری ناوچەکەدا بەریەککەوتنی نەبێ و کاردانەوەی نەرێنی دروست نەکات.
سەبارەت بە دۆسێی ئەمنی، بەدرێژایی مێژوو خاڵی ناکۆکی و سەرەکی نێوان تورکیا و عیراق و وڵاتانی تری ناوچەکەش، ئەم پرسە بووە، بەڵام ئەوەی لەم رێککەوتنانەدا بەدیدەکرێت، هەنگاو بۆ هاوکاریی هەواڵگری و سەربازیی هاوبەش نراوە، بەجۆرێک کە جێگەی رەزامەندی هەردوولا بێت.
تورکیا داوای پاراستنی سنوورەکانی دەکات، عیراقیش دەیەوێت ئەمە لە چوارچێوەی رێزگرتن لە سەروەریی خاکی عیراقدا چارەسەر بکات. هەر بۆیەش دروستکردنی ناوەندێکی هاوبەشی هەواڵگری ئاماژەیەکی روونە بەوەی کە هەردوولا گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە سەقامگیریی ئابووری (وەک رێگەی گەشەپێدان) بێ سەقامگیریی ئەمنی مەحاڵە بێتەدی.
هەرچی پەیوەستیشە بە دۆسێی ئاو و وشکەساڵی و دیپلۆماسیی ئاو کە یەکێکە لە هەستیارترین کێشەکانی نێوان هەردوو وڵات و دەمێکە  لەسەر رووبارەکانی دجلە و فورات رەنگدانەوە و کاریگەری هەبووە، بەتایبەت لەسەر ناوەڕاست و خوارووی عیراق، ئەمەش وایکردووە بەردەوام عیراق بەدەست کەمئاوی و  وشکەساڵییەوە بناڵێنێت و داوای پشکی دادپەروەرانە و بەردانەوەی ئاوی زیاتر لە تورکیا دەکات.
بەگوێرەی ئەم رێککەوتنەی ئێستا، ئەگەری ئەوە هەیە عیراق لەم کێشەیە رزگاری ببێت و ئاو و ئاوەدانی زیاتر روو لە ناوچە وشک هەڵاتووەکانی عیراق بکاتەوە و دووبارە ژیانی بۆ بگەڕێتەوە، سەرکەوتنی ئەم دۆسێیەش پشت دەبەستێت بە پابەندبوونی تورکیا بە زیادکردنی پشکی ئاو، لە بەرامبەر هاریکاریی زیاتری ئەمنی و ئابووری لەلایەن عیراقەوە.
خاڵێکیتر دۆسێی نەوت و وزەیە، بەتایبەت دوای راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، هەردوولا بەرژەوەندیی ئابووریی هاوبەشیان لە دەستپێکردنەوەی هەناردە و چارەسەرکردنی کێشە یاسایی و داراییەکانی نێوانیان هەیە، تورکیا دەتوانێت هاوکاریی عیراق بکات لە بوارەکانی بەرهەمهێنانی زیاتری کەرتەکانی کارەبا و نەوت و گازدا، بەتایبەت کە ئەم کەرتانە تاکە سەرچاوە و پێداویستی رۆژانە و بەردەوامی عیراقە.
لێکتێگەیشتنەکانی نێوان عیراق و تورکیا گۆڕینەوەی بەرژەوەندیی (ئابوورییە، بە زەرورەتی ئەمنی). ئەگەر ئەم رێککەوتنانە لە چوارچێوەی کاغەزەوە بگوازرێنەوە بۆ جێبەجێکردنی مەیدانی، نەک هەر تەنها پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان ئاسایی دەبنەوە، بەڵکو نەخشەی سیاسی و ئابووریی ناوچەکەش بۆ وڵاتانی بەشدار لە(رێگای گەشەپێدان) بەرەو سەقامگیرییەکی گەورەتر دەبات. سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە بە تەواوی وابەستەیە بە نیەتی پاکی سیاسی، بەدواداچوونی بەردەوام و دوورکەوتنەوە لە ململانێی ئیقلیمی.
 
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved