هۆکاری بنەڕەتی ناکۆکی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ سەرەتای دەیەی هەشتاکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، هاوکاتیشە لەگەڵ ناکۆکی ئێران بەرامبەر ئیسرائیل، بە واتایەکی تر لە پرسی ململانێی ئێراندا ئەمریکا و ئیسرائیل لەیەک بەرەدان و وەک یەک گورزە (پاکێج) مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە، ئەوەش بەهۆی نزیکی و هاوبەرژەوەندی و وابەستەیی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە پرسە سیاسی و ئابوورییە جیهانییەکاندا.
پەیوەندییەکانی نێوان
ئەمریکا و ئیسرائیل
لەماوەی 47 ساڵی رابردوودا بە چەندین شێوە گوزارشت لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل کراوە، بۆ نموونە وتراوە ئیسرائیل کوڕە خۆرهەڵاتییەکەی ئەمریکایە، ئیسرائیل سەربازگەی ئەمریکایە لە خۆرهەڵات، ئیسرائیل چاو و گوێی ئەمریکایە، یان بە پێچەوانەوە، هەندێک پێیانوابووە ئیسرائیل ئەمریکا بۆ پارێزگاری لە خۆی بەکاردەهێنێت و سوود لە هێزی ئەو زلهێزە جیهانییە وەردەگرێت، بەهەرحاڵ ئەوانەی سەرەوە هەریەکەیان بەشێک لە راستیان تێدایە و هیچیان بۆچوونی سەرپێی و بێبنەما نین، ئەوەش لەسەر بنچینەی ئەو راستیەی کە تائێستا سەرباری جیاوازی جیهانبینی و تێگەیشتنی ئەو دوو دەوڵەتە بۆ پرسی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بەگشتی و فەلەستین بەتایبەتی، هەروەها لە قۆناغی نوێشدا کە جیاوازی زۆریان هەبوو لەسەر پرسی مامەڵەکردن لەگەڵ لوبنان و حزبوڵڵا و سوریا و ئەحمەد شەرع و هەبوونی جیاوازی لە ئامانجی هەرلایەکیان لە جەنگەکانی ئێراندا، بەڵام تائێستا جیاوازییەکان بەئاستێک نەگەیشتوون کە بگەنە ناکۆکی و دژیەکی.
هاوبەشی گەورەی یەکترن
لە دوو گەڕی رابردووی جەنگی ئەمریکا و ئێراندا، ئیسرائیل نەک هاوبەشێکی گەورەی ئەمریکا بوو بەڵکو زۆرجار هاوکێشەکە وەها دەردەکەوت کە ئەمریکا هاوبەشی ئیسرائیلە، چونکە ئیسرائیل زۆر زیاتر بە تامەزرۆیی و چڕی هێرشەکانی بۆ سەر پێگە هەستیارەکانی ئێران ئەنجام دەدا، سەرباری هێرشە فراوانەکانی ئێرانیش لەسەر وڵاتەکەی، کە ئەوە لەلایەک بەڵگەی ئەوەیە، ئیسرائیل لە جەنگەکەدا خواستی گەورەتری ئاسایشی و ئابووری و هەژموونیی هەبوو لە ناوچەکە و ئێراندا، بەراورد بە ئەمریکا، لەلایەکی تریشەوە بەو رێگەیە خواستی ئەوەی هەبوو ئەگەرەکانی رێککەوتن و دانوستان و چارەسەری ئاشتییانە بەتەواوەتی لەباربەرێت، چونکە بە ئێستاشەوە ئیسرائیل بە هەموو توانایەوە دەیەوێت رێگری بکات، لەهەر رێککەوتنێکی نێوان ئەو دوو وڵاتە، کە کۆتایی بە پرۆژە ئەتۆمییەکەی ئێران نەهێنیت.
لە دوای دووەم گەڕی جەنگ، ئەوەی جێگەی سەرنجە پاشەکشەی کرداری ئیسرائیلە لە جەنگەکەدا، سەرباری ئەوەی ئەمریکا چەندین هێرشی فراوانی بۆسەر ئێران ئەنجامدا، لەبەرامبەریشدا ئێران وەڵامی سەرجەم ئەو هێرشانەی داوەتەوە، بەڵام لەم بگرەوبەردەدا ئیسرائیل وەک تەماشاکەرێکی رووداوەکان دەرکەوتووە نەک وەک بەشدارێک، لێرەوە گریمانەی ئەوە دەکرێت کە ئەمریکا بۆ پارێزگاری لە ئاسایشی ئیسرائیل و رێگریکردن لە وێرانبوونی، ئەو وڵاتەی لە بەشداریی راستەوخۆ لە جەنگدا دوورخستوەتەوە، رەنگە هێشتا ئیسرائیل لەڕووی دارایی و هەواڵگری و سیاسییەوە پاڵپشتی لە ئیدارەی ترامپ بکات، بەڵام بە کرداری هیچ جووڵەیەکی راستەوخۆی نەکردووە، بەوەش تائێستا لەکاردانەوەی ئێران بەدوور بووە، بەڵام ئەوە هەرگیز بەواتای ئەوە نایەت کە ئیسرائیل هیچ رۆڵیکی نەمابێت، بەڵکو ئێستا بەچڕی جەنگێکی فراوان لە دژی حزبوڵڵا و حەماس بەڕێوەدەبات، کە بەرەی دووەمی هەمان جەنگن، ئەمریکاش لەجیاتی ئیسرائیل لە ئەگەری رێکنەکەوتنی لەگەڵ ئێران بەدڵنیایی سوود لەتوانای هاوبەشە ئیقلیمییەکانی تری وەردەگرێت، لە ناویــاندا ســـعودییە و ئیمارات و کوێت...هتد، خاڵی گرنگی ئەم جێگۆڕکێیە ئەوەیە کە لەمەودوا جەنگەکە بەتەواوی لەسەر خاكی وڵاتانی ئیسلامی بەڕێوەدەچێت و کاولکاری و ناکۆکی و زیانەکانیش، بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ شوێنەوار و کاریگەرییان دەمێنێتەوە، بەجۆرێک کە ئاساییکردنەوە و نۆژەنکردنەوەیان نەک ئاسان نابێت بەڵکو زۆریش زەحمەت دەبێت.
بابەتی زیاتر