لەکاتی تەنگژە و قەیرانەکاندا، دروشمەکان رەنگ دەدۆڕێنن و تەنها کردارەکان دەمێننەوە. شارەکان بە قسەی بریقەدار ناپارێزرێن، بەڵکو بە ئیدارەدانێکی تۆکمە، بڕیاری ژیرانە و توانای مانەوە لەناوجەرگەی رووداوەکاندا دەپارێزرێن. کەرکوک بەو هەموو ئاڵۆزییە سیاسی و قورساییە نیشتمانییەی هەیەتی، تەنها شارێکی ئاسایی نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی راستەقینەیە بۆ جیاکردنەوەی ئەوانەی بەرپرسیارێتی هەڵدەگرن لەوانەی تەنها لە دوورەوە تەماشاکەرن.
شیکاریی واقیعی سیاسی
سیاسەت تەنها بانگەشەکردن بۆ تەبایی نییە، بەڵکو پیادەکردنی کردەوەیی ئەو تەباییەیە. هەر کەسێک لەم راستییە تێنەگات، دەبێتە بەشێک لە کێشەکە نەک چارەسەر. دەکرێت دۆخی کەرکوک لەم چەند خاڵەدا کورت بکەینەوە:
-ئامادەیی مەیدانی بەرامبەر پاشەکشە، لە کەرکوکدا دیمەنەکە لێڵ نییە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هێزێکی مەیدانی ئامادە بوو، بە عەقڵانییەت و مانۆڕی سیاسی ئیدارەی قەیرانەکانی دەدا و بەرپرسیارێتی شارێکی فرەپێکهاتەی لە ئەستۆ گرت.
لە بەرامبەردا، لایەنێک هەبوو کە تەنها پێگەی «تەماشاکەر»ی هەڵبژارد، بە گوتارێکی توند و هەڵایەکی میدیایی گەورەوە، بەڵام بێ هیچ کارێکی کاریگەر لەسەر زەوی.
-چەمکی شەراکەت و سەپاندنی ئیرادە: تەبایی سیاسی بە مەرج و سەپاندن نایەتەدی، بەڵکو بە دیالۆگ و سازشی دوولایەنە دروست دەبێت، ئەوەی لە کەرکوک بینرا، ململانێی دوو جیهانبینی بوو، جیهانبینییەک کە دەستپێشخەری دەکرد و دەرگاکانی دەکردەوە، لەگەڵ جیهانبینییەک کە دەیویست تەنها دیدگای خۆی بسەپێنێت و شەراکەت وەک پرسێکی لاوەکی تەماشا بکات.
`- پاراستنی هاوسەنگی: میتۆدی یەکێتی لە کەرکوک روون بوو: ڕرگریکردن لە هەرەسهێنانی شارەکە و پاراستنی هاوسەنگی پێکهاتەکان. ئەگەر کەرکوک نەکەوتە ناو پشێوی و ململانێی خوێناوی، هۆکارەکەی بوونی عەقڵێکی بەڕێوەبردن بوو کە دوور لە پەرچەکردار بڕیاری دەدا.
-قوتابخانەی مام جەلال: ئەم جۆرە لە سیاسەتکردن لە بۆشاییەوە نەهاتووە، بەڵکو درێژکراوەی قوتابخانەی سەرۆک جەلال تاڵەبانییە. ئەو قوتابخانەیەی کە سیاسەتی وەک «چەبکە گوڵەکە» دەبینی، نەک وەک جەنگی سڕینەوەی بەرانبەر. ئەمڕۆش هەمان نەهج پەیڕەو دەکرێت: ئارامی لەبری گرژی و دیالۆگ لەبری دابڕان.
کەرکوکی ئەمڕۆ تەنها شارێک نییە، بەڵکو پێوەرێکە بۆ پێگەیشتوویی سیاسی. مێژوو ئەوەمان پێ دەڵێت کە سیاسەت پێویستی بە «هاوبەش» هەیە نەک «وەسی».
ئەزموونی رابردوو سەلماندی کە هەرچەندە دەنگی میدیایی بەرز بێت، لە کۆتاییدا تەنها ئەو لایەنە دەمێنێتەوە کە لەناو خەڵکدا بوو، ئیدارەی تەنگژەکانیدا و رێگری لە داڕمانی هاوسەنگییەکان کرد، راستییە نەگۆڕەکە ئەوەیە: «ئەوەی لە کەرکوک مایەوە و بەڕێوەیبرد، سەلماندی کە شایستەترینە، نەک بە قسە، بەڵکو بە کردار».
بابەتی زیاتر