روسیا و چین، پشتگیریی دیپلۆماسی لە ئێران دەکەن و پەلاماری ئیسرائیل مەحکووم دەکەن، بەڵام هاوکاریی  کردەیی ناکەن
لە ماوەیەکی کەمدا، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتە لێواری جەنگێکی مەزن. پاش هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر چەندین شوێنی ئێران و وەڵامدانەوەی توندی تاران بە سەدان مووشەک، دەپرسین: ئایا ئێمە چاوەڕوانی جەنگێکی گەورە دەکەین؟ یان تەنها نمایشێکی هێزە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک؟
دیمەنی ئەمڕۆ پیشانمان دەدات کە ناوچەکە لە خاڵە هەستیارەکەی مێژووی خۆیدایە. هەردوو لا مووشەک و هەڕەشەی خۆیان ئامادە کردووە، زلهێزەکان بە دڵەڕاوکێوە سەیری دەکەن و گەلانی ناوچەکە لە نیگەرانی و ترسدان.
لە ڕۆژی 13ی حوزەیرانی ئەمساڵ، ئیسرائیل قۆناغێکی نوێی جەنگی هەڵبژارد. فڕۆکەکانی چوونە ناو قووڵایی ئێرانەوە و بۆردومانی زۆر شوێنی هەستیاریان کرد، ئەمەش بۆ ئێران سەخت بوو، بۆیە زوو وەڵامی دایەوە، سەدان مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بەرەو شارەکانی ئیسرائیل نارد، ئەمەش پەیامێکی روون بوو: «ئێران بێدەنگ نامێنێتەوە و هەر هێرشێک وەڵامی دەدرێتەوە»

زلهێزەکان چی دەکەن؟
ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا لەم بارەوە بانگەوازی «دانبەخۆداگرتن» دەکەن، بەڵام بە وتەی ئێرانییەکان لە پشتەوە یارمەتی تەکنیکی و سەربازیی بۆ ئیسرائیل دەنێرن، واتا ئەوان نایانەوێت خۆیان راستەوخۆ تێکەڵ بە جەنگەکە بکەن، بەڵام ئیسرائیلیش بە تەنها جێناهێڵن.
روسیا و چین، پشتگیریی دیپلۆماسی لە ئێران دەکەن و پەلاماری ئیسرائیل مەحکووم دەکەن، بەڵام یارمەتی کردەیی نانێرن. ئەوان زیاتر نیگەرانی فراوانبوونی جەنگن، چونکە بەرژەوەندیی ئابووریان لە مەترسیدایە.

کێ لە کێ بەهێزترە؟
ئیسرائیل خاوەنی فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتوو و سیستمی بەرگری وەک «گومەزی ئاسنین»ە. ئەم تەکنۆلۆژیایە توانی زۆرێک لە مووشەکەکانی ئێران بتەقێنێتەوە، بەمەش زیانی کەمتری پێدەگات.
ئێران هەزاران مووشەکی جۆراوجۆری هەیە کە دەتوانن بگەنە هەموو شوێنێک لە ئیسرائیل و ئەوەی راگەیاندووە کە ئامادەیە هەر نرخێک بدات بۆ پاراستنی خۆی.

مەترسیی فراوانبوون
هاتنەناوەوەی هاوپەیمانان: ئەگەر حزبوڵڵا لە لوبنان، حوسییەکان لە یەمەن، یان گروپە چەکدارەکانی عیراق بچنە ناو جەنگەکەوە، ئەوا دەبێتە جەنگێکی ئیقلیمی کە هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە.
کاریگەریی لەسەر جیهان: تەنگەی هورمز کە نیوەی نەوتی جیهان پێیدا تێدەپەڕێت، رەنگە بکەوێتە بەر مەترسی، ئەمەش واتە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و کێشەی ئابووری بۆ تەواوی جیهان.
چی دەبێت لە داهاتوودا؟ ئەگەر کەس نەتوانێت نێوەندگیریی بکات، جەنگەکە پەرەدەستێنێت و لەوانەیە گورزەکان دووبارە ببنەوە.
لە ئەگەری ئارامکردنەوەی کاتیدا، بەهۆی گوشاری نێودەوڵەتی و ترسی دەوڵەتانی ناوچەکە، لەوانەیە هەردوولا رەزامەند بن بە وەستانی بۆ ماوەیەک.
ئەگەر جەنگەکە گەورەتر بێت و لایەنی زیاتری تێکەڵ بکرێت، ئەوا ناوچەکە دەچێتە ناو جەنگێکی مەزنەوە کە ساڵانێک درێژە دەکێشێت.
ئەم جەنگە لە نێوان دوو دەوڵەتدا نییە، بەڵکو دوو جۆر بیرکردنەوەی جیاوازن، ئیسرائیل دەیەوێت پیشانی بدات کە دەتوانێت دەستی بە هەموو شوێنێک لە ناوچەکە بگات، ئێرانیش دەیەوێت بڵێت کە هیچ کەس ناتوانێت بە هۆکارێک سزای بدات.
زلهێزەکان هەوڵ دەدەن جەنگەکە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام ئەگەر نەتوانن، ئەوا مەترسیی زۆر گەورە چاوەڕوانمان دەکات، دەکرێت داهاتووی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دیاری بکات. راستە  چارەسەرەکە لە دەستی ئێمەی گەلاندا نییە بەڵام دەتوانین بڵێین جەنگ چارەسەر نییە، تەنها دانوستان و تێگەیشتن دەتوانێت ئاشتی بهێنێتەوە.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved