ڕۆژی شەممە فەیلەسوفی ناسراوی ئەڵمانیا یورگن هابەرماس لە تەمەنی 96 ساڵیدا کۆچی دواییکرد، هیچ فەیلەسوفێکی مۆدێرنی ئەڵمانیا، هێندەی هابەرماس کتێب و بەرهەمەکانی بە جیهاندا بڵاونەکراونەتەوە. ئەو لە بنەماڵەیەکی پرۆتستانی لە ساڵی 1929 لە شاری دیسلدۆرفی ئەڵمانیا لەدایکبووە، لەسایەی ڕژێمی نازییدا گەورە بووە، هەربۆیە زۆر دژی نازییەکان بوو. لە زانکۆکانی گوتینگین و زیوریخ و بۆن، فەلسەفە، مێژوو، سایکۆلۆژی و ئابووری و ئەدەبیاتی ئەڵمانی خوێندووە. پاشان لە زانکۆکانی هایدیلبێرگ و فرانکفۆرت ئەم ماین لە ئەڵمانیا و زانکۆی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا، وەکو مامۆستای زانکۆ وانەی فەلسەفە و کۆمەڵناسی وتۆتەوە. لە ساڵانی پەنچاکانی سەدەی پێشووە دەچێتە ئەنستیتووی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵنناسی کە لەلایەن فەیلەسوفی ئەڵمانیا تیۆدۆر ئەدۆرنۆ-وە سەرپەرشتی دەکرا، بەڵام دواتر بۆچوونی جیاوازی دەبێت لەگەڵ ئەدۆرنۆ و واز لەم ئەنستیتوتە دەهێنێت. ساڵی 1964 جێگەی فەیلەسوفی ئەڵمانیا ماکس هۆکەر هایم بۆ فەلسەفە و سۆسیۆلۆژی لە زانکۆی فرانکفۆرت دەگرێتەوە.
هابەرماس یەکێکە لە فەیلەسوفانی قوتابخانەی فرانکفۆرت، کۆمەڵێک بەرهەمی ناوازەی لە بواری فەلسەفە و کۆمەڵنناسییدا پێشکەشی مرۆڤایەتی کردووە.
ڕاستە ئەو لە بەرەی چەپ بوو، بەڵام لەهەمانکاتیشدا بۆچوونێکی ڕەخنەگرانەی بەرامبەر یەکێتی سۆڤیەت و مۆدێلی دیکتاتۆری پرۆلیتاریا و فکری مارکس هەبوو، هەروەها دژی سیستەمی سەرمایەداری بوو، ئەو پێی وابوو دەبێت سنوور و رێوشوێنی توند بۆ سەرمایەداری دابنرێت، بۆئەوەی کۆمەڵگە و ژینگەی لێ بپارێزین، هەربۆیە یەکێک بوو لە داکۆکیکارانی ژینگەپارێزیی.
هابەرماس گرنگی بە زمان و دیالۆگ و گفتوگۆی کراوە لە نێوان کەلتور و ئایینەکان دەدا، پێی وابوو کە لە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆی کراوەوە، دەکرێت کۆمەڵگە بەشێوەیەکی دیموکراتی پێشبکەوێت.
هابەرماس تەنها گرنگی بە فەلسەفە و کۆمەڵنناسی نەداوە، بەڵکو لە بواری سیاسییشدا، خاوەنی دیدگایەکی سیاسی تایبەت بەخۆی بوو. لە دوایین بەرهەمیشیدا، زۆر بە توندی ڕەخنەی لە بەهێزبوونی ڕەوتی پۆپۆلیستی و راسیزم گرت، وەکو مەترسی بۆسەر شارستانی خۆرئاوا دادەنا. ڕەخنەی توندیشی لە سەرانی نوێی خۆرئاوا گرت، بەوەی مەیلیان بەرەو جەنگ و شەڕەنگێزی دەچێت، هەروەها رەخنەی ئەوەشی لە سەرانی ئەوروپا گرت، کە نەیانتوانیوە، دەستپێشخەرییەک پێشکەش بکەن، بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا. نابێت ئەوەشمان لەیادبچێت، کە هابەرماس، یەکێک بوو لە نەیارانی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا. بەداخەوە لەکاتێکدا