یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی سیستمی دیموکراسی، بەشدارییکردنی هاووڵاتییانە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆیان بۆ پەرلەمان، چونکە لە سیستمی دیموکراسییدا، ئازادیی بە هاووڵاتییان دەدرێت تاوەکو بتوانن خۆیان  نوێنەری خۆیان بۆ پەرلەمان هەڵبژێرن، کە ئەویش بەرزترین دەسەڵاتە، لە رێگەی پەرلەمانەوە حکومەت و دەسەڵاتی سیاسیی هەڵدەبژێرێت و شەرعییەت وەردەگرێت. ئەوە هاووڵاتییانن، کە شەرعییەت دەدەن بەو دەسەڵاتەی حوکمیان دەکات، ئەمەش لە رێگەی پرۆسەی دەنگدانەوە دەبێت. بە پێچەوانەی سیستمی دیکتاتۆرییەوە، کە ئازادیی نادات بە هاووڵاتییان و رێگەش نادات بەشداری دەسەڵاتی سیاسیی بکەن و دەسەڵات لەلایەن کەسێکەوە قۆرخ دەکرێت. لەلایەکی ترەوە دەنگدان تەنها مافێکی دەستووریی نییە، بەڵکو ئەرکێکی نیشتمانیشە، چونکە تەنها لەڕێگەی دەنگدانەوە دەتوانیت، شەرعییەت بە دەسەڵاتێک بدەیت، کە بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو حوکم بکات.
راستە لەم چەند ساڵەی دواییدا خەڵکانێکی زۆر لە پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا بێزار، یان بێ ئومێد بوون، بەڵام لە هەمانکاتیشدا ئەگەر ئێمە بمانەوێت سیستمی سیاسیی بگۆڕین و رەوشی سیاسیی و ئابووریی وڵاتەکە باشتر بکەین، ئەوا تەنها دەبێت لە رێگەی هەڵبژاردنەوە ئەو کارە بکەین، هەڵبژاردن باشترین رێگەیە بۆ گۆڕینی دەسەڵاتەکان و نەمانی کێشەکان، چونکە ئێستا لە جیهاندا هەموو گەلان پشت بەم رێگەیە دەبەستن بۆ گۆڕینی دەسەڵاتەکان و باشترکردنی ژیانی خۆیان و کۆمەڵگەکەیان.
ئێمە دەتوانین لە رێگەی هەڵبژاردنی باشترین کاندید بۆ پەرلەمانی عیراق، ژیانی چوار ساڵی داهاتوومان باشتر بکەین و کۆتایی بە کێشەی مووچە و بودجە بهێنین، بەڵام ئەگەر ئێمە بەشداریی هەڵبژاردن نەکەین و بڵێین هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت، یان وەکو هەندێک دەڵێن، ناوەکان دانراون و دەوڵەتانی ئیقلیمی رۆڵی سەرەکییان هەیە و پەرلەمان دیزاین کراوە، هەموو ئەم  قسانە هیچ سوودێک بە هاووڵاتی ئاسایی ناگەیەنێت، بگرە مانەوەی رەوشەکە بەم جۆرە، هیچ لە بەرژەوەندیی خەڵکی ئاساییدا نییە. 
هەربۆیە باشترە هانی خەڵکی بدەین، کە بچن بەشداریی پرۆسەی دەنگدان بکەن و کاندید و حزب و لایەنی خۆیان بۆ پەرلەمانی عیراق هەڵبژێرن، ئەمەش باشترین بژاردەیە لەبەردەم خەڵکییدا و هیچ بژاردەیەکیش لەمە باشتر نییە. ئێمە دەتوانین لە رێگەی بەشداربوونمان لە پرۆسەی دەنگدان، نەخشەی سیاسیی پەرلەمانی عیراق بگۆڕین، بەم شێوەیەش بڕیاڕە سیاسییەکان دەگۆڕێن و کۆتایی بە کێشەکان دەهێنین.
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
چین و دیپلۆماسییەتی گەلان

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved