گوتارەکانی ترەمپ لە پێش هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن و لەناو هەڵمەتەکاندا، جیاوازیی زەقیان هەبوو لەگەڵ گوتاری دەست بەکاربوون، تێیاندا هەندێک دژیەکیی بەدیکران. 
ململانێی  بایدن و ترەمپ و دەرچوواندنی چەندین بڕیار و هەڵوەشاندنەوەیان دژی یەکتری و دەستبردن بۆ هەندێک لە بڕگەکانی دەستوور و یاسای ناوخۆیی و پاشان ئاراستەکردنی هەڕەشە بۆسەر قەوارە و خاکی هەندێک لە وڵاتان، لە رووی یاسای نێودەوڵەتییەوە، بابەتی ئەم توێژینەوەیەمان دەبێت.
‎باوەڕی مۆنڕۆ
ویلایەتە یەکگرتووەکان لە هەڵبژاردنی یەکەمین سەرۆکیەوە (جۆرج واشنتن) 1789، لە هەوڵی فراوانکردنی دەسەڵات و خاکی ئەمریکادا بوون، هەر بۆیە هەریەک لە ویلایەتەکانی کالیفۆرنیا و نیو مەکسیکۆ و تەکساس کە پێشتر لەسەر مەکسیک بوون، خرانە سەر ویلایەتە یەکگرتووەکان، لەڕێی پەیماننامەی گوادالوپی هیدالگۆ کە کۆتایی بەشەڕی نێوان ئەمریکا و مەکسیک هێنا (1846_1848) و لە بەرامبەریدا وڵاتە یەکگرتووەکان بڕی 15 ملیۆن دۆلاری دا بە مەکسیک.
‎‎ئەم باوەڕە، ناوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆکی ئەمریکا (جیمس مۆنرۆ) کە ساڵانی 1817_1825 سەرۆک بوو، پوختەکەی ئەوەیە کە دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکان دژی داگیرکاری و ئیمپریالیزمی ئەوروپی بوەستێتەوە لە نیوەگۆی رۆژئاوای زەوی (بریتییە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەمریکای لاتین و کەنەدای ئێستا) .
بێگومان ئەو هەموو شۆڕش و گۆڕانکاری و ئاڵنگارییانەی دووچاری وڵاتانی ئەمریکای لاتین بوونەوە، بەشێکی زۆریان پەیوەندییان بە دەستتێوەردان و بەرژەوەندییەکانی وڵاتەیەکگرتووەکانەوە هەبووە و هەیە کە جێگای باسی ئەم توێژینەوەیە نین و تەنها وەک ئاماژەدان بە باوەڕی مۆنڕۆ و لێکەوتەکانی لەو کیشوەرە، بەکورتی ئاماژەم بۆ کرد و نموونەی زیندوویان (ڤێنزوێلایە).
‎بێ هیچ دوودڵییەک ئێستای ترەمپ کارکردنە بەو باوەڕە(عقیده‌) ی مۆنڕۆ وەک لە بەشەکانی تردا باسی دەکەین.
ئەم مێژووی  فراوانکردن و داگیرکارییە و پاشان باوەڕی مۆنڕۆ، پەیامی تۆخکردنەوەی باوەڕەکەی پێیە، لەلایەن سەرۆکی ئێستای ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەمریکاوە.
‎دەستووری وڵاتە یەکگرتووەکانی 
ئەمریکا و هەموارەکانی
‎دەستووری ویلایەتە یەکگرتووەکان، دەستوورێکی تا رادەیەک درێژ نییە و پێکهاتووە لە نۆ ماددە و هەر ماددەیەک چەند بڕگەیەک لەخۆ دەگرێت و بەپێی ماددەی پێنجەم دەکرێت پرۆسەی هەموارکردنەوە(تعدیل) ی دەستوور بکرێت، بە پێشنیازی دوو لەسەر سێی ئەندامانی کۆنگرێس، یاخود بە پێشنیازی دوو لەسەر سێی دەستەی یاسادانانی ویلایەتە جۆربەجۆرەکان، بەم شێوەیەش تا ئێستا 26 جار هەمواری دەستوور کراوە و ئەوەی جێگەی سەرنجە، هەمواری چواردەهەمین، بڕگەی یەکەم، مافی مەدەنییەکانە کە مافی داوە بە هەر کەسێک لەسەر خاکی ئەمریکا لەدایک بێت ببێتە هاووڵاتی ئەمریکی و بەم شێوەیە ژمارەیەکی بەرچاو، (ئەگەر دۆناڵد ترەمپ دەستکاری ئەم هەموارە بکاتەوە)، پێشێلکارییەکی گەورە بەرامبەر مافی مەدەنییان دروست دەبێت و لێکەوتەی  دەستووری و یاسایی خراپی لێدەکەوێتەوە.
‎ئەوەی پاڵپشتی لەهەر سەرۆکێکی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکات و لەنێویاندا ترەمپ، خاڵی یەکەم و دووەمی بڕگەی سێی ماددەی چواری دەستوورە کە ماف بە کۆنگرێس دەدات ویلایەتی نوێ سەربار بکات و هەموو ئەو شوێنانەی شوێنکەوتەی ئەمریکان، بگەڕێنرێنەوە و بخرێنەوە سەر ویلایەتە یەکگرتووەکان.
پێشێلکردنی پرەنسیپەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان 
 لەباری رەشبینییەوە نەبێت، دۆخی ئێستا وەک دۆخی پێش جەنگی دووەمی جیهان دێتە بەرچاو، ئەوکات لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی یەکەمی جیهان (1914_1918) و پێکهێنانی کۆمەڵەی گەلان کە تەنها دامەزراوەیەکی بێ دەسەڵات و بێ گیان بوو، نەیتوانی بەر بە لافاوی خوێن و وێرانکاری جەنگی جیهانی دووەم بگرێت، بەهەمان شێوە دۆخی ئێستای نەتەوە یەکگرتووەکان وەک ئەوکاتە وایە و لەژێر بەندی حەوتەمدا، ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش، هەرچییەکیان ویستبێت و لەگەڵ بەرژەوەندییان گونجاو بووبێت، کردویانە، بەتایبەتی دوای  کوتاییهاتنی شەڕی ساردی چەند دەیە و هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت  (1990) و نەمانی دووجەمسەری.
نەتەوە یەکگرتووەکان دوای ئیفلیچ بوون و سەرنەکەوتنی کۆمەڵەی گەلان، بە هەوڵی نێودەوڵەتی و وەک پەرۆشییەک بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لە ساڵی 1945 دامەزرا و ئومێدی بەخشی بە جیهان کە ئیتر جەنگ و ململانێی چەکداریی و داگیرکاریی سنووری بۆ دابنرێت، کێشەی ئەم دامەزراوە لە بوونی ئەنجومەنی ئاسایش و دەسەڵاتی ئەندامە هەمیشەییەکانی و بەکارهێنانی مافی ڤیتۆدایە.
ئەو ماددە و بڕگانەی لە میساقەکەیدا هاتوون، هەموویان لە خزمەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدان، بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە، ئەگەر یەکێک لە ئەندامە هەرە بەهێز و کاراکانی ئەنجومەنی ئاسایش (کە ئەمریکایە) خۆی پێشێلکاری و داگیرکاری و سەرچاوەی هەڕەشە بێت بۆ سەر دەوڵەتانی تر و ئاشتی و ئاسایشی نێوەدەوڵەتی تێکبدات، کێ دەتوانێت رێگریی لێبکات؟ 
‎بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ چەندین رووداوی نێودەوڵەتی بەتایبەت دوای ساڵانی 1990. 
‎گومانی تێدا نییە کە ئەمریکا، جگە لەوەی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشە، پارەدەر (ممول)ێکی سەرەکی دامودەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە و دەتوانێت لەماوەیەکی کورتدا ئەم دامەزراوەیە تووشی ئیفلیجی بکات، هەر بۆیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەو راستییە باش دەزانن و لەبەر بەهێزیی و هەژموونی ئەم وڵاتە نەک چاوپۆشییان لێکردووە، بەڵکو شوێنی کەوتوون و بە پێشڕەوی خۆیان زانیوە و  چوونەتە ناو هاوپەیمانییە سەربازییەکانییەوە (نموونەی ئەوانەش، جەنگی یەکەم و دووەمی کەنداوە کە رژێمی سەدام کۆتاییپێهات و جەنگی ئەفغانستان و دواتر لیبیا و چەندین رووداوی تر).
‎هەر لەسەر ئەم بنچینەیە، لە گوتاری دەستبەکاربوونیدا، ترەمپ چەند جارێک و بە ئاشکرا بە مافی خۆی زانی کە :
-1 کەنەدا کە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانە، بکات بە ویلایەتێکی ئەمریکا.
-2 ناوی نیوە دورگەی مەکسیک، بگۆڕێت بۆ دورگەی ئەمریکا .
-3 دورگەی گرینلاند کە بەشێکی خاکی دانیمارکە، بکڕێت و وەک دورگەیەکی ئەمریکی مامەڵەی لەگەڵ بکات.
-4 جارێکی تر کوبا بخاتەوە ناو لیستی تیرۆر.
‎-5 سەردانی وڵاتان تەنیا بۆ پارە بکات و ناچاریان بکات مامەڵەی ملیاردییان لەگەڵ بکەن نموونەی (سعودیە). 
ئەمانە چەند نموونەیەک بوون لە گوتار و هەڵوێستەکانی کە سەرجەمیان دژی بەڵگەنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ماددەکانی (1،2،41،42) و هەروەها چەمکەکانی یاسای نێودەوڵەتین و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستی جددی هەبێت لەسەریان، ئەگەرچی ناتوانن لە بەرامبەری بوەستن بەمەش دۆخی ئارامی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بەرەو دڵەڕاوکێ و شڵەژان هەنگاو دەنێت و رەنگە دوای هەر هەنگاوێک لەو هەنگاوانە گۆڕانکاری گەورە رووبدەن لە رووی سیاسی و جوگرافیی و ئابورییەوە، پێویستە پسپۆڕانی یاسای نێودەوڵەتی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان خوێندنەوەیەکی جددی بۆ ئەم دۆخە بکەن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەئاگابێننەوە لەم جۆرە پێشهاتە مەترسیدارانە.

سود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
1. هابرماس، يورغن، التحول البنيوي للمجال العام، ترجمة: محمدجديدي. بيروت: المنظمة العربية للترجمة، 2008.
2. عبد الحميد، محمد، دور الإعلام في تشكيل المجال العاموالنقاش الديمقراطي..
3. مكاوي، حسن عماد، والسيد، ليلى حسين. الأطر النظريةالكلاسيكية والحديثة لوظائف الإعلام وتأثيره المجتمعي.
4. علي، لقمان سليم، الإعلام والتحول الديمقراطي في العالمالعربي. بيروت: مركز دراسات الوحدة العربية، 2014.
5. الجبوري، فارس كمال نظمي. علاقة الإعلام ببناء الديمقراطيةفي البيئات الانتقالية.
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved