ئێستا هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی سەختی ئابووری، سیاسی و قەیراناویدا تێپەڕدەبێت و دۆخی ناوچەكە و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش بەگشتی لە هەڵچوونێكی مەترسیداردایە، بۆیە هەرێمی كوردستان زیاتر لە هەموو سەردەمێك پێویستی بە رێكخستنەوەی ناوماڵی خۆیەتی و بۆ ئەو مەبەستە پێویستی بە نەخشەڕێگە و پلانێكی تایبەت بە پاراستنی قەوارەی هەرێم و تێپەڕاندنی ئەو قۆناغەیە، نەخشەڕێگەیەك كە بتوانێت:
-كۆتایی بە پەرتەوازەیی و دابڕانی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان بهێنێت.
-بەستەڵەكی نێوان سەرجەم هێز و لایەنە كوردستانییەكان بتوێنێتەوە، بەتایبەتی نێوان هێزەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن.
-توانەوەی بەستەڵەكی نێوان یەكێتی و پارتی.
-بتوانێت سەرلەنوێ سەرجەم هێزە كوردستانییەكان لەژێر چەترێكی هاوسەنگدا كۆبكاتەوە و هەر هێزێك هەست بە بوون و سەنگی خۆی بكات.
-بتوانێت هەرێم لە گەڤ و مەترسی و گرژییەكانی ناوچەکە بپارێزێت.
-بتوانێت هەرێمی كوردستان لەم دۆخە چەقبەستووە دەربازبكات و ببێتە سەرچاوەی لەدایكبوونی حكومەتێكی خزمەتگوزاری گەلپەسەند.
ئەمەش نایەتەدی ئەگەر لایەنە سیاسییەكان لە روانگەی هەستكردن بەو بەرپرسیارێتییە مێژووییەی كە لەسەر شانیانە، راشكاوانە وەڵامی ئەم پرسیارە نەدەنەوە، كە ئایا هەر هێزێكتان بەگوێرەی ئاڕاستەی بیركردنەوە و هەڵوێستتان پلانتان چییە بۆ چارەسەركردنی دۆخی ئێستای هەرێم؟.
لەسەر ئەم بنەمایە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێیوایە باشترین وەڵام بۆ ئەو پرسیارە ئەوەیە كە هەرێم نەخشەڕێگەیەكی نوێی هەبێت و ئامراز و بناغەی ئەو نەخشەڕێگەیە، گرتنەبەری دیپلۆماسییەكی هاوسەنگ و بەكارهێنانی هێزی نەرم و خۆداماڵینە لە سیاسەتی توند و دیپلۆماسیی رەق و رەتكردنەوە.
مەبەست لە دیپلۆماسیی هاوسەنگ، هەوڵدانە بۆ دۆزینەوەی هاوبەشییەكان و هێنانەكایەی هاوسەنگی لەنێوان هێزەكاندا و گەیشتن بە بڕیارێكی دروست و پاشان رێككەوتنێكی هاوسەنگ لەنێوان لایەنەكاندا بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە بەو مانایەی كە تێپەڕاندنی ئاڵەنگاری و هەڕەشەكان بە تەنها ئەركی دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆن نییە، بەڵكو ئەركێكی نیشتمانیی هاوبەشە، هەمووان سەرەڕای جیاوازییەكان دەبێت لە وێنە گەورەكەدا یەكبخرێن.
بۆ ئەو مەبەستە، یەكێتی؛ بەجیا و لە یەككاتدا و لەسەر ئاستی باڵا و لووتكە دەستیكردووە بە دانوستانێكی هاوسەنگ لەگەڵ دوو لایەنی سەرەكی لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، كە پارتی دیموكراتی كوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێیە.
-ئەنجامدانی دانوستان بەجیا لەگەڵ ئەو دوو لایەنە، بۆ دژایەتی هیچ لایەنێك نییە، چونكە بەپێی رەشنووسی رێككەوتنی یەكێتی و جووڵانەوەی نەوەی نوێ، سەرجەم خاڵەكان لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندان و زیانی بۆ هیچ لایەنێكی سیاسی دیكە نییە.
-هەروەك رێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی، ئەگەر بگاتە ئەنجام، هیچ كاریگەریی نەرێنی لەسەر جووڵانەوەی نەوەی نوێ و حزبەكانی دیكە دروست ناكات و دواجار رێككەوتنێكی هاوبەشی نیشتمانی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و هەرێم پێدەنێتە قۆناغێكی دیكەوە، كە جێگای رەزامەندیی خەڵكی كوردستان بێت.
ئەم بژاردە و نەخشەڕێگەیە، لە ئەنجامی خوێندنەوەیەكی واقیعیانەی یەكێتی بۆ دۆخی هەرێمی كوردستان و راڤەكردنی ئەو هۆكار و ئاڵەنگاریانە بووە، كە چەندان ساڵە بەربەست لەبەردەم چۆنییەتی چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی هەرێمدا دروستدەكەن.
بۆ ئەو مەبەستە، هەنگاوە كردارییەكانی خۆی خستووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی كە كاتێك بۆ ماوەیەكی درێژخایەن دانوستان لەناو بازنەیەكی داخراوی بێئەنجامدا بخولێتەوە و هەنگاوەكان بە بنبەست بگات، ئەوا پێویستە بەدوای دەرچە و بژاردەیەكی دیكەدا بگەڕێت، یەكێك لە باشترین بژاردە بۆ دۆخی ئێستای هەرێم، ئەوەیە كە گۆڕانكاری لە بەرنامە و نەخشەڕێگەی دانوستانەكاندا بكرێت و بازنەی دانوستانەكان فراوانتربكرێت، بەشێوەیەك كە دانوستانەكان تەنها لەنێوان یەكێتی و پارتیدا نەبێت، بەڵكو لایەنە سیاسییەكانی دیكە، بەتایبەتی لایەنە سەرەكییەكانی ئۆپۆزسیۆن سوود لە تواناكانیان وەربگیرێت و ئەوانیش بەشێوەیەك ئەركدار بكرێن، كە هەنگاوی هەموو لایەنەكان بە ئاڕاستەی یەكخستنی پێگە و سەنگی سیاسیی كوردستان بێت، كە لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان و ئەم ئەزموونە نوێیە، گۆڕانكارییەكی ئەرێنی لە هەرێمی كوردستان بەدوای خۆیدا دەهێنێت و لەلایەكەوە لە بەرژەوەندیی گشتیدایە و لەلایەكی دیكەوە ئەمە خواستی گەلی كوردستانە و تاكە بژاردەیە، كە هەرێمی كوردستان بگەیەنێتە كەنارێكی ئارام و سەقامگیری سیاسی.