ئایا شارستانییەتێک بەرەو لوتکەیەک هەڵدەکشێت کە تێیدا ئەقڵ دەبێتە هێزێکی رەها، یان ئەقڵ لە لووتکەی گەشەیدا دەبێتە ئەو داڕێژەرە ژیرەی کە گۆڕی خۆی هەڵدەکەنێت؟ کاتێک ڤیکۆ باس لە (گەڕانەوەی حەتمی)، واته‌ له‌ سه‌رده‌مێکی مێژوویی بۆ سه‌رده‌مێکی پێشتر دەکات، ئایا مەبەستی تەنها دووبارەبوونەوەی رووداوەکانە، یان ئاماژەیە بۆ نەفرەتێکی وجودیی کە لە ناو خودی ژیریی مرۆییدا خۆی حەشارداوە؟ سکانداڵی ئیپستین چۆن دەبێتە دەقێکی فەلسەفی کە تێیدا سەردەمی مرۆڤەکان بۆ تاقیگەیەکی مۆدێرن بۆ بەرهەمهێنانەوەی کەلتوری بەربەرییەت دەگۆڕێت؟ ئایا ئیپستین تەنها لادەرێکی سێکسی بوو، یان ئەو کەتە (Giant) مۆدێرنەیە کە لە سایەی تەکنۆلۆژیا و ئەقڵانییەتی سارددا، دارستانە سەرەتاییەکانی لەناو جەرگەی نیویۆرک و دوورگە دابڕاوەکاندا دروستکردەوە؟

کەتەکان و گەڕانەوە بۆ دارستانی مۆدێرن
گیامباتیستا ڤیکۆ (1668-1744) لە شاکاره‌که‌یدا (بنه‌ماکانی زانستی نوێ ده‌رباره‌ی سروشتی هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌کان)، مێژوو بۆ سێ سه‌رده‌م دابه‌ش دەکات: سەردەمی خوداوەندەکان، سەردەمی پاڵەوانەکان و سەردەمی مرۆڤەکان. یەکەم: بەگوێرەی تیۆرییه‌که،‌ مێژوو به‌ (کەتەکان) دەست پێدەکات، واته‌ سەردەمی خوداوەندەکان، ئەو بوونەوەرە سەرگەردانانەی کە دوای لافاوەکە لەناو دارستانەکاندا دەژیان و هیچ یاسایەکیان نەبوو جگە لە ئارەزووی جەستەیی. 
دووەم: سەردەمی مرۆڤەکان، که‌ دوا سه‌رده‌مه‌، ئەو قۆناغەیە کە تێیدا ژیریی مرۆڤەکان بۆ ژیرییەکی مرۆیی و سروشتی بۆ سروشتێکی شارستانی گۆڕا. سێیەم: لەم سەردەمەدا یاسا و ویژدان دەبنە رێنیشاندەر و مرۆڤەکان لەبەردەم یاسادا یەکسان دەبن. 
لێرەدا پارادۆکسەکە دەردەکەوێت: ئیپستین و ئەو دەستەبژێرە جیهانییەی لە دەوریبوون، لە رووی ماددییەوە لە لووتکەی سەردەمی مرۆڤەکاندا بوون، بەڵام لە رووی وجودییەوە گەڕابوونەوە بۆ دۆخی کەتە سەرەتاییەکان. دوورگەی ئیپستین وەک دارستانێکی مۆدێرن وایە، شوێنێکی دابڕاو کە تێیدا ئەقڵانییەتی تەکنیکی بەکاردێت بۆ تێرکردنی ئارەزووەکان. ئیووپستین کەتەیەکی ئەقڵانی بوو کە خاوەنی هەموو ئامرازەکانی ژیریی سەردەم (پارە، زانست، پەیوەندیی سیاسی) بوو، بەڵام ئەم ئامرازانەی خستە خزمەت سروشتێکی بەربەریانەوە. ئەمە لووتکەی ئەو مەترسییەیە کە ڤیکۆ ئاماژەی پێدەکات: بەربەرییەتی ئەقڵ
(Barbarism of Reflection) زۆر مەترسیدارترە لە بەربەرییەتی سەرەتایی، چونکە یەکەمیان بێهۆش بوو، بەڵام دووەمیان بە ژیرییەکی فێڵبازانەوە ئەنجام دەدرێت.
ئەگەر بە وردی له‌ دۆسییه‌ی ئیپستین بڕوانین، دەبینین ئەو و هاوکارە دەستڕۆیشتووەکانی، دوورگەی (Little Saint James) ، یان کردبووە ناوچەیەکی دەرەوەی یاسا مرۆییەکان. ئەوان لەوێدا وەک پاڵەوانە دێرینەکان رەفتاریان دەکرد، خۆیان بە سەروو یاسا دەزانی و کچانی منداڵ و مێرمنداڵیان وەک کۆیلە و ئامرازی چێژ بینین به‌کارده‌هێنا‌.
ئەمە گەڕانەوەیەکی حەتمییە بۆ سروشتی پاڵەوانانە بە مانا خراپەکەی، ئیپستین بە بەکارهێنانی سەروەت و هێزی پەیوەندییەکانی، سیستمێکی ئەرستۆکراتیی نوێی دروستکردبوو کە تێیدا تەنها بەهێزترینەکان مافیان هەبوو. ئەم شێوازی ژیانە، کە لەناو جەرگەی نیویۆرکدا رەگی داکوتا بوو، نیشانەی ئەوەیە کە شارستانییەتی خۆرئاوا لە سەردەمی مرۆڤەکانەوە خەریکە بۆ ناو سەردەمی پاڵەوانە دڕندەکان ده‌خزێت، بەڵام بە شێوازێکی گەندەڵتر.

داڕووخانی سێ بنەماکە و  حەتمییەتی پاککردنەوە
بەپێی فەلسەفەی ڤیکۆ، هەر کۆمەڵگەیەک لەسەر سێ بنەمای (ئایین، هاوسەرگیریی و ناشتنی مردوو) دامەزراوە. ئەم سێ بنەمایە مرۆڤ لە کەتەوە بۆ کەسێکی شارستانی دەگۆڕن. کاتێک له‌ فێنۆمینۆلۆژیای تۆڕی ئیپستین راده‌مێنین، دەبینین ئەم سێ بنەمایە لە ناوەوە دەپوکێنەوە:
یەکەم: ئایین، لە جیاتی پەنابردن بۆ هێزی باڵاتر (ژوپیتێر) بۆ سنووردارکردنی ئارەزوو، ئەقڵی ئیپستینی (خۆ- خواوەندێتی) پەیڕەو دەکات. 
دووەم: هاوسەرگیری، ڤیکۆ وەک دووەم بنەمای کۆمەڵایەتی دایناوە، لە ناو تۆڕی ئیپستیندا بۆ کڕین و فرۆشتنی جەستە و پچڕانی هەموو پەیمانە پیرۆزەکان دەگۆڕێت. 
سێیەم: ناشتنی مردوو، رێزگرتن لە مرۆڤ، کاتێک مرۆڤ دەکرێتە کاڵا و ئامرازی چێژ و تەنانەت گۆشت و خوێنخواردنەوەی، مانای وایە نەمرێتی گیان کە ڤیکۆ باسی دەکات، جێگەی خۆی بۆ ماددیگەراییەکی رەها چۆڵکردووە.
کاتێک ئەم سێ بنەمایە لە شارستانییەتێکدا دەبنە رواڵەتی و بێناوەڕۆک، ڤیکۆ پێمان دەڵێت کە گەڕانەوە شتێکی حەتمییە. ئەم حەتمییەتە نەک وەک سزایەکی ئاسمانی، بەڵکو وەک لۆژیکێکی ناوەکیی مێژوو کاری خۆی دەکات. 

سەردەمی خراپەکاری 
لە سەردەمی مرۆڤەکاندا، ڤیکۆ جەخت لەسەر ئه‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ یەکسانی ژیری و سروشتی مرۆڤه‌کان وایکردبوو هەموویان لەبەرامبەر یاسادا یەکسابن، بەڵام لێرەدا رەخنەیەکی بنەڕەتی دێتە ئاراوە، ئەویش ئەوەیە کە سکانداڵی ئیپستین ئەوەی ئاشکرا کرد کە یاسای مرۆیی لە لووتکەی گەشەیدا دەبێتە پەردەیەک بۆ شاردنەوەی ستەمکاریی و نایەکسانییەکی بەرچاو. ئیپستین توانی بۆ ماوەی چەندین ساڵ یاسا وەک تەکنیکێکی سارد بۆ کڕینی بێدەنگی و راکردن لە سزا بەکاربهێنێت. ئەمە ئەو قۆناغەیە کە ڤیکۆ پێی دەڵێت: (سەردەمی خراپەکاریی). کاتێک مرۆڤەکان دەبنە درۆزن و فریودەر و ترسنۆک، یاسا چیتر ناتوانێت کۆمەڵگە رێکبخات. 
لێرەدا ژیریی شارستانێتی بۆ ژیریی فێڵبازانە دەگۆڕێت. لەم دۆخەدا، حەتمییەتێکی مێژوویی هەیە کە دەڵێت: شارستانێتییەک کە یاساکەی تەنها بۆ پاراستنی پاڵەوانە دەوڵەمەندەکان بێت، رەوایی خۆی لەدەست دەدات و بۆ سروشتی بەربەریانە دەگەڕێتەوە. ئیپستین نوێنەری ئەو مرۆڤە ژیرەیە کە چیتر ویژدان ئاراستەی ناکات، بەڵکو تەنها سوود و چێژ ئاراستەی دەکەن.
دوورگەی ئیپستین وەک دارستانێکی مۆدێرن وایە، شوێنێکی دابڕاو کە تێیدا ئەقڵانییەتی تەکنیکی بەکاردێت بۆ تێرکردنی ئارەزووەکان. ئیپستین کەتەیەکی ئەقڵانی بوو کە خاوەنی هەموو ئامرازەکانی ژیریی سەردەم (پارە، زانست، پەیوەندیی سیاسی) بوو، بەڵام ئەم ئامرازانەی خستە خزمەتی سروشتێکی بەربەرییانەوە

ئیپستین وەک هێمای کەلتوری بەربەرییەت
ڤیکۆ باس لەوە دەکات کە گەڕانەوە بۆ سەردەمی بەربەرییەت، لە سەردەمی یەکەم جیاوازە. بەربەرییەتی دووەم کە لە ناو سەردەمی مرۆڤەکاندا سەر هەڵدەدات، زۆر قێزەونترە، چونکە لە بەربەریەتی یەکەمدا مرۆڤەکان دڵساف و راستگۆ بوون لە دڕندەیی خۆیاندا، بەڵام لە بەربەرییەتی دووەمدا (بەربەرییەتی ئەقڵ)، مرۆڤەکان لە ژێر ناوی زانست و خێرخوازی و پێشکەوتندا دڕندەیی ئەنجامدەدەن.
ئیپستین و هاوکارەکانی (کە هەندێکیان زانای گەورە و پزیشکبوون)، نموونەی ئەم بەربەرییەتە ئەقڵانییەن. ئەوان وەک پاڵەوانەکان رەفتاریان دەکرد، هەموو شتێکیان بە وردی و بەپێی گرێبەست رێکدەخست، بەڵام ناوەڕۆکی کارەکەیان تێکدانی بنەماکانی مرۆڤایەتی بوو. ئەمە ئەو شوێنەیە کە ڤیکۆ پێیوایه‌ زیادەڕەوی جۆرێکە لە شێتێتی کە بەهۆیەوە کرۆک و بنەڕەتیان لەدەستدەدەن. کاتێک ئەقڵ دەبێتە ئامرازێکی بێ رۆح، مرۆڤ چیتر مرۆڤی ڤیکۆیی نییە، بەڵکو ئامێرێکی چێژوەرگرە.

حەتمییەتی گەڕانەوە وەک میانیزمێکی بەرگریی مێژوویی
لێرەدا دەبێت بپرسین: بۆچی گەڕانەوە حەتمییە؟ ئایا ناکرێت شارستانیی بوون بۆ هەمیشە لە سەردەمی مرۆڤەکاندا بمێنێتەوە؟ فەلسەفەی ڤیکۆ وەڵامێکی تاڵمان دەداتەوە: نەخێر، چونکە خودی خۆشگوزەرانی و ئاشتی دەبنە هۆی دروستبوونی تەمبەڵی و خراپەکاریی. ئیپستینزم بەرهەمی ئەو خۆشگوزەرانییە بێ سنوورەیە کە تێیدا مرۆڤ چیتر هیچ ترسێکی پیرۆز لەناویدا نەماوە. سێ چارەسەر دێتە پێش:
1. پاشایەتییەکی توند بۆ راگرتنی گەندەڵی.
2. داگیرکردن لەلایەن نەتەوەیەکی سادەتر و بەهێزتر.
3. داڕووخانی تەواو و گەڕانەوە بۆ دارستانەکان.
سکانداڵی ئیپستین ئەوە نیشان دەدات کە دیموکراسییە مۆدێرنەکان خەریکە دەگەنە خاڵێک کە تێیدا ناسەقامگیرێتی دروست دەبێت. کاتێک متمانە بە دامەزراوەکان نامێنێت، مێژوو بە شێوەیەکی حەتمی بەرەو گەڕانەوە دەچێت. ئەم گەڕانەوەیە نەک وەک شکستی مێژوو، بەڵکو وەک چارەسەرێک بۆ پاککردنەوەی مرۆڤایەتی لە پاشماوە گەندەڵەکانی ئەقڵ.
ئایا ئیپستین کۆتایی مێژووە؟
ڤیکۆ، مێژوو بە هێڵێکی راست نابینێت (وەک مەسیحییەکان) و بە خولێکی داخراویش (وەک بتپەرستەکان). ئەو مێژوو وەک بزووتنەوەیەکی ئیسپرنگی دەبینێت. ئەمە بەو مانایەیە کە کاتێک شارستانێتی بۆ بەربەرییەت دەگەڕێتەوە، بە هەمان شێوەی پێشوو ناگەڕێتەوە.
بەربەرییەتی سەردەمی ئیپستین بەربەرییەتێکی تەکنەلۆژی و دیجیتاڵییە. ئەگەر پاڵەوانە دێرینەکان کچانیان رفاندبێت، ئیپستین لە رێگەی تۆڕی ئینتەرنێت و فڕۆکە و بانکەکانەوە ئەمەی دەکرد. لێرەوە تێدەگەین کە مێژوو هەرگیز خۆی دووبارە ناکاتەوە بە مانا سادەکەی، بەڵکو جەوهەری رووداوەکان لە قاڵبێکی نوێدا نیشاندەداتەوە. حەتمییەتی ڤیکۆیی پێمان دەڵێت کە ئێمە ناتوانین لە لۆژیکی خولانەوە رزگارمان بێت، بەڵام دەتوانین لە هەر خولانەوەیەکدا نوێگەرییەک ببینین.
سکانداڵی ئیپستین ئه‌وه‌ی ئاشکراکرد کە (ژیریی سروشتی) لە دەوڵەتە دیموکراسییەکاندا خەریکە بۆ بەرژەوەندییە تایبەتییەکان دەگۆڕێت. کاتێک سیاسییەکان و ملیاردێرەکان کاروبارە گشتییەکان پشتگوێ دەخەن و تەنها بەدوای چێژوەرگرتن تا ئاستی خراپەکاریدا دەچن، ئەوا سیستمەکە بەرەو داڕووخان دەچێت. 
ڤیکۆ دەڵێت: «ئەو مرۆڤەی ناتوانێت خۆی بەڕێوەبەرێت پێویستە ملکەچ بکات بۆ فەرمانڕەوایەتی کەسێکی دیكە». ئەمە هۆشدارییەکی بەهێزە؛ ئەگەر شارستانییەتی ئێستا نەتوانێت «ئیپستینیزم» لەناو خۆیدا پاکبکاتەوە، ئەوا بە حەتمی تووشی گەڕانەوە دەبێت و دەبێتە نێچیری هێزە بەربەرییەکان، یان رژێمە تۆتالیتارەکان کە وەک پاشایەکی دەسەڵاتدار بۆ راستکردنەوەی بارەکە بە هێزی چەکەوە دێن.
لە کۆتاییدا، خوێندنەوەی سکانداڵی ئیپستین لە روانگەی ڤیکۆوە، تەنها مەحکومکردنی کەسێک نییە، بەڵکو مەحکومکردنی ئەقڵانییەتی دابڕاوە لە ئاکار. ئیپستین نیشانەی ئەوەیە کە شارستانێتی خۆرئاوا لە سەردەمی مرۆیی خۆیدا دووچاری نەفامی و کەلتوری بێشەرمی بووە.
بەپێی حەتمییەتی مێژوویی، ئەم داڕووخانە پێویستە، هه‌تا مرۆڤایەتی جارێکی تر ترس لە خودا، یان رێز لە یاسای سروشتی فێر ببێتەوە. ئیپستین ئەو زریانە ئاکارییە بوو کە وێرانەیەک لە دوای خۆی جێدەهێڵێت و لە ناو ئەم وێرانەیەشدا، مرۆڤەکان وەک فۆنیکس ناچارن جارێکی تر لە سادەیی و ساکارییەوە دەست پێ بکەنەوە. واته‌ ئەم سیستەمە ناتوانێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت، یان دەبێت ژیریی و ویژدان جارێکی تر ببنەوە بە فەرماندەر، یان مێژوو بە زەبروزەنگ هەموومان بۆ سەردەمی خوداوەندەکان و دارستانەکان دەگەڕێنێتەوە، هه‌تا مرۆڤ لەوێوە فێری ترس و رێز و هاوسەرگیری و ئایین ببێتەوە.

پەراوێزەکان:
1. Vico، Giambattista :New science priciples of the new science concerning the common nations ; published by the penguin Group ، 2001، London, P 295.
2. کامه‌ران محه‌مه‌د: ڤیکۆ و فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو، چاپخانه‌ی یاد، چاپی یه‌که‌م، سلێمانی، 2006، ل 158..
3. Lemon، M.C: Pilosophy of History،1st published،2003، Pp 138-139.
 
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved