بەرایی:
ئەگەر نەیار، یان دوژمنەکەت لە کاناڵێکی تەلەڤیزیۆنیدا قسەی کرد، لەجێی ئەوەی کەناڵەکە بگۆڕیت بەباشی گوێی لێبگرە تا بیناسیت، نەناسینی دوژمن هەمیشە یەکێک لە گەورەترین کێشەی سەرکردەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردە، کاتێک چەپی مارکسیستیی کورد، لنین و ستالینی کرد بە پێغەمبەری خۆی، یان ئیسلامییەکانی کورد «برایانی موسوڵمان»یان وەک دەمڕاستی رێگای پەروەردگار و چرای جیهاد پەسند کرد، هیچکات نەیانتوانی گوێ لە یار و نەیارەکانیان بگرن. لە هەرجێیەک کە سیاسییەکان گوێ لە بیرمەندانی کۆمەڵگەکەیان نەگرن، هزری سیاسی و سیاسەت پێڕۆکە نابێت!
هەمیشە، لێرە و لەوێ گوتەیەکی بەناوبانگی نیتچە، لە زاری کەسانێکەوە دێتە دەر کە بریتییە لەمە: (ئەگەر لەگەڵ ئەژدیها، یان دێوەزمەدا شەڕ دەکەی، خۆت نابێ ببی بە ئەژدیها). ئەمە وا لێکدەدەینەوە کە گوایە لە سیاسەتیشدا دەبێ سەنگەر بپارێزیت، نەک سەنگەر داگیر بکەیت. ئەزموون نیشانیداوە مەرج نییە ئەگەر بیرمەند، یان فەیلەسووف، یان رووناکبیرێکی گەورە لەسەر کورسیی دەسەڵات دابنیشێت، سیاسەت رێگەی دروستی خۆی دەدۆزێتەوە، بەپێچەوانەوە ئەگەری ئەوە هەیە رێگەی خۆی ون بکات! پییەر مۆنتێنی بەتەوسەوە بەم چەشنە رەخنە لە ئەفلاتوون دەگرێت: (ئەگەر تەنانەت کۆمەڵگەیەک لە لایەن فەیلەسووفانەوە بەڕێوە ببرێت، کۆمەڵگە ناچێتە ژێر باریانەوە). مەبەستی ئەوەیە کە دیکتاتۆریی فریشتەکانیش، بە هەر ناوێکەوە بێت، دیسان دیکتاتۆرییە، ئەگەر کەسێک پێناسەی بەختەوەری بەسەر مندا بسەپێنێت، بەدڵنیاییەوە ئەو پێناسەیە دەبێتە دۆزەخی من.
ئێمەی کورد هەر لە سەدەی بیستەمدا چەندینجار تامی تاڵی تەنیاییمان لەم جیهانە بێبەزەییەی سیاسەتدا چەشتووە، خیانەتی چەپی سەردەست، خیانەتی لیبراڵی سەردەست، خیانەتی دینسالاری سەردەست و ...هتد. دەبێ لەوە تێبگەین کە راڤەی سەردەست لە ئایدیۆلۆژیایەک لەگەڵ راڤەی ژێردەست لە هەمان ئایدیۆلۆژیا وەکیەک نییە، رۆمانتیسیزمی ژێردەستەکان و ویستی هێزی سەردەستەکان هیچکات بەیەک ناگەنەوە، هەربۆیە هەمیشە ژێردەستەکان هەست بە خیانەتی بەرانبەرەکەیان دەکەن، لەکاتێکدا ویستی هێز، ویستی زاڵبوونە و هیچکات لایەنی بەرامبەر هەست بەوە ناکات خیانەتی کردووە.
کورد بە فاشیزم و شۆڤێنیزم دەورە دراوە، ئێمە تەنیا لەگەڵ رێژیمی فاشیستدا بەرەوڕوو نین، بەداخەوە تا رادەیەکی زۆر بەرەوڕووی کۆمەڵگەی بارگاوی بە فاشیزمین. لەم روانگە خۆشباوەڕییەوە ئەگەر پێمانوابێت لە دەرەوەی سیستمی زاڵی سیاسی دەتوانین لەگەڵ ئەم جڤاکانەدا بکەوینە گفتوگۆ، بۆمان دەردەکەوێت فەیلەسووفانی سیاسی بە کەڵکی کورسیی دەسەڵات نایەن، لەکاتی ئاشتیدا دەتوانن جۆری پەیوەندیی رەوشت و سیاسەتمان بۆ شیبکەنەوە، بەڵام کەتواری سیاسی نیتچە گوتەنی: (زیرەکیی مار و چاوی تیژی هەڵۆی گەرەکە، کۆترێک کە بە بێ ترس لە زیرەکیی مار و چاوی تیژی هەڵۆ، کەمتەرخەمانە دەنیشێتەوە، نیچیرێکی گەمژەیە).
تەنیایی کورد
لەم رووداوانەی رۆژئاڤای کورستانەوە، جارێکی دیکە پەندی «کورد بێجگە چیاکان دۆستێکی دیکەی نییە»، هاتەوە نێو گۆڕەپانی سیاسیمان. 1=2+2، لە خۆیدا هەڵگری پەیامی جوگرافیای یەکگرتووی جوگرافیایەکی لەتکراوە، کە کورد جارێکی دیکە دەیەوێت یەکیبخاتەوە. ئەمەش بەشێوەیەک لە شێوەکان هەستکردنە بەو تەنیاییەی کە پاش راچەنین لە کەروێشکەخەوی «برایەتیی گەلان» و «برایەتیی گەلانی موسوڵمان»، مرۆڤی کورد دادەگرێت. تەنیایی لە جیهانێکدا کە «سیاسەت» وەک مەقاش بەکارت دەهێنێت، نیشانەیەکی پرسیار لەسەر شێوازی بیرکردنەوەمان دادەنێت کە پێموایە لە چرکەساتێکی مێژووییدا هەموومان رادەچڵەکێنێت. پێشتریش هەستکردن بە تەنیایی چەندینجار لە ناخماندا دووپات بووەتەوە، بەڵام لە وێستگە و قۆناغی مێژوویی جیاجیادا بەگوێرەی بەرژەوەندییەکان لاوێنراوینەتەوە و تراویلکەی «جیهان ئێستا دەمانناسێت و لە هاوکێشەکاندا کاریگەریمان هەیە»، وەها ساویلکانە دڵخۆشی کردووین کە ئیدی «تەنیایی»مان لەبیر چووەتەوە!
هەروەک چەند رووناکبیرێکی کورد لەم رۆژانەدا باسیان کردووە، «نا»یەکی مێژوویی لەبەرامبەر ویستی بەرژەوەندیخوازیی زلهێزێک لە زاری «ژەنڕاڵ مەزڵووم عەبدی»یەوە خاڵێکی وەرچەرخانە کە «تەنیایی» وەک رەوشێكی تاریک و بێهیوایی بۆ هێز و هیوا و چراوگی زاگرۆسییانەی کورد وەردەگۆڕێت. دوابەدوای ئەم «نا»یە، «بەڵێ»یەک دێت، بەڵێ بۆ یەکخستنی رۆحی تەنیا، بەڵام ئاشنای کورد، دنیا تووشی سەرسامی دەکات، هەر چوارپارچەی کوردستان لە ئاستی زمانی هێمایی و هەڵوێستەوە یەک دەخرێت، شەپۆلی «کوردبوون» ئایدیۆلۆژیا نێوخۆیی و ناتەباکان، هەروەها سنوورە دەستکردەکان دەشکێنێت. ئەمجارەیان برایەتیی کورد دەبێتە دروشم. لە جێیەکدا خوێندمەوە کە لەکاتی شۆڕشدا چی دیکە سنووری نێوان «بەڕێز» و «خاتوون» نامێنێت و هەمووان دەبن بە خوشک و برا! ئێمەی کورد بەختەوەرانە لە کەلتورماندا هەڵاواردنی رەگەزی لە کەمترین ئاستیدایە و جەنگ و بەرەنگاریی تایبەت بە پیاوان نەبووە و نییە و نابێت! لە چیرۆکی قەڵای دمدم و گەلێ چیرۆکی دیکەدا دەبینین، کە وێنای قارەمان و جەنگاوەر هەم وێنایەکی نێرینە و هەم وێنایەکی مێینەیە! ئەم رۆحە زاگرۆسییە لە هێزی سەربازیی کورددا چ لە سەردەمی کۆن و چ لە سەردەمی مودێڕندا رەنگیداوەتەوە و لەم قۆناغەی مێژووماندا گەیشتووەتە لووتکە! ئێستا ئیدی لەم قۆناغەی مێژووماندا ئەم رۆحە لە یەکدەنگییەکی بێوێنەدا خەریکە
1=2+2 لە شیعرێکی رۆمانتیکی سیاسییەوە بۆ کەتوارێکی بەرهەستەکی وەردەچەرخێت. رەنگە هیچ هێزێکی سیاسیی کورد پێشبینیی ئەوەی نەدەکردبێت کە خەڵکەکەی دەبنە پێشەنگ و نەوەیەک کە پێمانوابوو هەست و بەریانی
(ئینتیما)ی بۆ نیشتمان و نەتەوە نەماوە بەو چەشنە دێتە گۆڕەپان و وەرچەرخانێکی زەینی دەهێنێتە کایەوە کە پێویستە هەم بیرمەند و رووناکبیر و هەم سیاسییەکانمان بە قووڵی بیری لێبکەنەوە. ئەگەر بێت و ئەم هێزانەی ئێستا نەتوانن نوێنەرایەتیی زەینییەتی نوێی نەتەوەکەمان بکەن، کۆمەڵگەی کوردەواری بەدوای جێگرەوەی نوێدا دەگەڕێت. هەمووان لە ئێستادا لە تەنیایی کورد تێگەیشتوون، بەڵام خەم داینەگرتوون و ئەژنۆی تەنیاییان لە باوەش نەگرتووە، «نسکۆ» پاش «نەخێر» نەبووەتە «کۆست»، هەر بۆیە ئەمە گەورەترین وەرچەرخانە کە «کوردبوون» لە «کوردایەتی»دا تێهەڵکێش دەکات. هەروەها، جاران ئەگەر کەسانێک دەیانویست «بنبەستی کوردایەتی» بە «کوردبوون» تێکبشکێنن، رەنگە بۆیان دەرکەوتبێت ئەم کوردبوونە لە «کوردایەتی»دا دەتوانێت ببێت بە تەک نەک «بەرتەک»! بەو واتایەی هۆشیاری بە تەنیایی ناگات بە خەمۆکی، یان بەخۆداشکانەوە، چونکە «نەخێر»ی سەرکردەیەک، نسکۆی تێپەڕاندووە و دوابەدوای ئەوە ئێمە بەرەنگاری بارودۆخێک دەبینەوە کە لە مێژوودا هەمیشە بەسەرماندا سەپێنراوە.
ئەوەی کە ئایا هێزە کوردییەکان رێکدەکەون یان نا، پرسیارێکی گرنگە، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانن ئەگەر هۆشیاریی کۆمەڵایەتی هێزەکان تێپەڕێنێت، ئیدی کۆمەڵگە بیر لەوە ناکاتەوە کە ئەم هێزانە رێکدەکەون یان نا، چونکە «تێپەڕاندن» واتا کۆتاییهێنان بە «چاوەڕوانی»، واتە کۆمەڵگە خۆی لەنێو خۆیدا بەگوێرەی یاسای بەریەککەوتنی نەوەکان جێگرەوەی خۆی دروست دەکات. هۆشیاریی جڤاکی دروشمەکانی وەک «برایەتیی گەلان» و «پێکەوەژیان لەگەڵ کۆمەڵگەکانی دیکە لە سایەی دیمۆکراسی» بەجێدەهێڵێت و پێداگریی هێزی سیاسی لەسەر ئەم دروشمانە دەبێتە مایەی تەنیایی و تەریکبوونەوەی خۆی. ئەمە دۆخێکە ئەگەر بۆ ماوەیەکیش مت ببێت، پاشەکشێ ناکات و لە دۆناودۆنێکی جڤاکی - سیاسیدا بە تەوژمێکی زیاتر دەردەکەوێتەوە.
وێنای قارەمان و جەنگاوەر هەم وێنایەکی نێرینە و هەم وێنایەکی مێینەیە! ئەم رۆحە زاگرۆسییە لە هێزی سەربازیی کورددا چ لە سەردەمی کۆن و چ لە سەردەمی مودێرندا رەنگیداوەتەوە
زمانی هێمایی
سەرکردەی زیرەک و وریا، لە رەوشی قەیراناویدا باش دەزانێت زەینی جڤاکی، هەم لە دروشم و هەم لە کردەوەدا بە چ ئاقارێکدا دەڕوات. من تێبینیی دانانی ئاڵای کوردستان و لابردنی ئاڵای سووریا دەکەم، هەروەها، لابردنی لۆگۆی سەر شانی «ژەنڕاڵ»، کە هێمایە دوو خیانەت: خیانەتی هاوپەیمانان و خیانەتی ئەو هۆزە عەرەبانەی کە ماری داوێنگیریی کورد بوون! بڕینی کەزی دەبوو ببێت بەو مارەی کە داوێنگیری ئەوان ببێت نەک ئێمە، ئەم کارە سیمبۆلیکە راگەیاندنی جیابوونەوەی زاگرۆس و بیابان بوو! بیابانێک کە پێمانوابوو دەتوانێت لەگەڵ چیانشیناندا یەکانگیر بێت و بۆمان دەرکەوت کە یەکانگیر نابێت.
ئەم زمانە هێماییە توانیی برایەتیی «کورد و کورد» بەگوێماندا بدات. «هەمەڕەنگیی هێماکان» هەرکە گەیشتین بە «تەنیایی»، بوونە مایەی زەقبوونەوەی رەنگە کوردییەکان! زمانێکی هێماییی زاگرۆسی بووژایەوە کە جارێکی دیکە مەڵبەندی مێژوویی کوردەکانی لە دەستەواژەی «کوردستانیبوون»دا زیندوو کردەوە. خەیاڵدانی مێژوویی ئێمە ئەگەر هەمیشە بە سیاسەت دەمەزەرد بکرێتەوە، ئەم هۆشیارییە هیچکات کاڵ نابێتەوە. هەمیشە پرسیارێک لە خۆمان دەکەین، ئاخۆ بۆچی هەر چوار دەورمان دژایەتیمان دەکەن؟! لەکاتێکدا لەسەر خاکی خۆمانین و هیچ خاکێکمان داگیر نەکردووە! ئەم پرسیارە کە بەرئەنجامی دەستەوەستانییە لەبەرانبەر چارەنووسدا، یەکجار بۆ هەمیشە دەبێ، وەڵام بدرێتەوە، چونکە دروشمە خەیاڵییەکانی ئێمە بۆ برایەتیی نێوان داگیرکەر و داگیرکراو بەرئەنجامی دەستەوەستانیی ئێمەن لەبەرانبەر چارەنووسێکدا کە لە بەرئەنجامی گرێی ژێردەستەییە کە لە زەینماندا دروست بووە نەک ئەوەی چارەنووس لەچارەی نووسیبین!
گەمارۆی فاشیزم
ئێمە بە فاشیزم گەمارۆ دراوین، گەمارۆیەک لەسەر خاکی خۆمان، لە جوگرافیایەکی سیاسی و سیاسەتێکی جوگرافیایی (ژیۆپۆلەتیک) سەخت و چەتووندا. ئەم گەمارۆیە لە باری دەروونییەوە جۆرێک لە دەستەوەستانیی لەبەرانبەر چارەنووسی مسۆگەر دەخوڵقێنێت و ئامانجی ئەم گەمارۆیەش خوڵقاندنی ئەم دەستەوەستانییەیە. لاوازکردنی ناسیونالیزمی کورد لەم پێناوەدایە و بە میکانیزمی هەمەچەشنە دەیەوێت لە پەیوەندیی ستەمکارانەی سەردەست و بندەستدا «ویستی هێز»ی ئێمە تێکبشکێنێت. هەر بۆیە، خەیاڵانی ئینتەرناسیونالیستی و برایەتیی موسوڵمانان بۆ راکێشانی چەپ و راستی کورد، دوو شەقڵی ئەم میکانیزمەن، کە هاوکات وێڕای خاڵی هاوبەشی ئینتەرناسیونالیستییان، ناکۆکیی قووڵیشیان لە جیهانبینیدا هەیە. ئەم میکانیزمە لەگەڵ ئەوەی دەرەوە دەکات بە برای خۆی، بەڵام لە ناوەوە کورد پارچەپارچە دەکات و دوو بەرەی نەیار، یان دوژمن زەق دەکاتەوە و ململانێیەکی ساویرەکی (وەهمی) دەنێتەوە کە لەڕاستیدا هیچ پوەندییەکی بە دۆخی راستەقینەی دۆزی کوردەوە نییە! ئەم میکانیزمەی فاشیزمی دەوروبەر لە سەدەی بیستەمدا، وزەیەکی زۆری هزری و سیاسیی کوردی بەفیڕۆداوە. ئەم فاشیزمە ئاخێزگەی هێزە سیاسییەکانی بردووەتە نێو پایتەختی داگیرکەرانی کوردستان و قیبلەی گۆڕیون. ئەم گەمارۆی فاشیزمە پاش راچەنین لە خەوی «برایەتی» و هەستکردن بە «تەنیایی» بۆ یەکەمجار لە شکاندنی سنووردا خۆی نواند و لە زمانی هێمایی زاگرۆسیدا وێژمان (گوتار، دیسکۆرس)ێکی ئەفراندووە کە لەمەولا دەبێ بیرمەند و رووناکبیری ئێمە بنیاتی بنێت. ئەم گەمارۆیە لە بیروهۆشی ئەم نەوەیەدا خەریکە دەشکێت و نابێ رێگە بدەین هێزێکی سیاسی، یان جڤاکیی دیاریکراو بە هەر باوەڕێکەوە بێت، خزمەتی بکات. لەم رۆژانەدا نوێنەرانی فاشیزمی دەورووبەرمان لەناو خۆماندا، کە رەنگە نەشزانن کە نوێنەرن، وەک پووش و چەڵتووک شەنکراون و هەڵوێستی کۆمەڵگەی کورد لەبەرانبەریاندا نیشانەیەکی دڵخۆشکەرە، واتە نیشانەی ئەوەیە کە خیانەت لە رۆژئاوا و فەتوای فتوحات، بەشێکە لەو گەمارۆیەی فاشیزم کە بە ناوی «برایەتی» بووەتە خاوەن ماڵ! ئەرکی هێزە سیاسییەکانە لە دۆخەکە تێبگەن و ئەمجارەیان هێزی کۆمەڵگەی کوردستان نیشانی ئەم فاشیزمە بدەن و پاشەکشێی پێبکەن.