ئەوروپا کە راهاتبوو وەک پاسەوانی سنووری خۆرهەڵاتی ناتۆ سەیری تورکیا بکات، ئەمڕۆ لەبەردەم گرێیەکی ئاڵۆزدایە
لەگەڵ دەرکەوتنی سەرەتاکانی لێکترازانی نێوان ئەمریکا و ئەوروپا و سەرهەڵدانەوەی گوتاری گرژیئامێزی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر بە دەوڵەتە کاریگەرەکانی وەک فەرەنسا، ئەڵمانیا و دانیمارک، ئەو قەناعەتە قووڵتر دەبێتەوە کە ئەو سیستمە خۆرئاواییەی کە لەدوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە داڕێژراوە چیتر ئەو تۆکمەییەی جارانی نەماوە.
ناکرێت ئەمڕۆ ئەم درزەی نێو هاوپەیمانیی ئەتڵەسی، لەو وەرچەرخانە گەورانە داببڕێن کە لە جیهاندا روودەدەن، هەروەها لەو لایەنە ئیقلیمییانەش جیابکرێنەوە کە وەک دەرفەتێکی زێڕین سەیری ئەم دۆخە دەکەن.
لە پێشەنگی ئەم هێزانەدا، تورکیا وەک ئامادەترین لایەن بۆ قۆستنەوەی ساتی شڵەژانی خۆرئاوا دەردەکەوێت.
ئەنقەرە کە هەمیشە بەرامبەر بە سنووردارکردنی رۆڵی لەناو سیستمی خۆرئاوادا هەڵوێستی هەبووە، ئێستا ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئەوروپا وەک دەرفەتێک دەبینێت بۆ دووبارە بەکارخستنەوەی پڕۆژە فراوانخوازییەکەی لەژێر ناونیشانی جیاوازدا، کە دیارترینیان «قووڵایی ستراتیژی» ئەوەی میدیاکان بە «خەونی عوسمانیی نوێ» وەسفی دەکەن.
ئەمڕۆ تورکیا خاوەن پلانێکی داڕێژراوە و تەنها کاردانەوە نانوێنێت، لەکاتێکدا متمانەی ئەوروپییەکان بە چەتری پاراستنی ئەمریکی پاشەکشە دەکات، ئەنقەرە دەستی بە دووبارە ئاراستەکردنی قیبلەنمای سەربازی و سیاسیی خۆی کردووە.
گۆڕەپانی سوریا خاڵی دەستپێک بوو کە تێیدا دەستێوەردانی تورکیا سنووری پاساوە ئەمنییە کاتییەکانی بەزاند و بۆ هەژموونێکی مەیدانیی درێژخایەن گۆڕا. پاشان ئەنقەرە رووی کردە قەوقاز و رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە هاوکێشەی ململانێی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجاندا گێڕا، بەوەش ئامادەیی خۆی لە ناوچەیەکدا سەلماند کە هەمیشە بە بەشێک لە کایەی زیندووی روسیا هەژمار کراوە، ئەمە جگە لە بوونی سەربازی لە لیبیا و قەتەر و سۆمال وتونس.
مەترسییەکان تەنها لە سنووری فراوانخوازیی جوگرافیادا ناوەستێت، بەڵکو لەو گۆڕانکاریییە قووڵەدایە کە بەسەر پێکهاتەی دەوڵەتی تورکیادا هاتووە.
تورکیای ئەم سەردەمە، تەنها دەوڵەتێکی ئیقلیمی نییە کە پابەندی یاساکانی سیستمی نێودەوڵەتی بێت، بەڵکو دەیەوێت وەک هێزێکی جێگرەوە دەرکەوێت، هێزێک ئاوێتە بێت لە «ئیسلامی سیاسی» و نەتەوەگەرایی عوسمانی و «پراگماتیزمی سەربازی».
ئەم تێکەڵەیە توانایەکی بەرزی مانۆڕکردنی لە نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ پێبەخشیوە و لە نێوان ئەوروپا و جیهانی ئیسلامیدا، وەک سوودمەندێکی سەرەکی لەم دابەشبوونە سەیرەی بەرەی خۆرئاوا.
ئەوروپا کە راهاتبوو وەک «پاسەوانی سنووری خۆرهەڵاتی ناتۆ» سەیری تورکیا بکات، ئەمڕۆ لەبەردەم گرێیەکی ئاڵۆزدایە. یاخیبوونی هاوبەشە تورکەکەی تۆختر بووە کە خاوەنی دووەم گەورەترین سوپای ناتۆیە و سڵ لە بەکارهێنانی هێز لە دەرەوەی سنوورەکانی ناکاتەوە.
ئەمە جگە لە بوونی رەوەندێکی فراوانی تورکی لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپادا و هەڕەشەی راستەوخۆ بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەوروپا لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و باڵکان.
لەگەڵ بەردەوامیی لێکترازانی ئەمریکا و ئەوروپا، توانای خۆرئاوا بۆ رێگریکردن لەم هەنگاوانەی تورکیا لاواز دەبێت، ئەمەش سیناریۆی مەترسیدارتر دێنێتە ئاراوە کە رەنگە لە قۆناغەکانی داهاتوودا بگاتە پێکدادانی راستەوخۆ لەناوجەرگەی کیشوەری ئەوروپادا.
قسەکردن سەبارەت سەرهەڵدانەوەی «خەونی عوسمانی» بە واتای کۆپیکردنەوەی مێژوو نایەت وەک خۆی، بەڵکو رەنگدانەوەی هەوڵێکی تورکیایە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ستراتیژییەی کە بەهۆی پاشەکشەی رۆڵی رۆژئاوا و گۆڕانی یاساکانی ململانێ لە جیهاندا دروستبووە. پرسیارە جەوهەرییەکە چیتر ئەوە نییە کە ئایا تورکیا فراوانخوازی دەکات؟ بەڵکو ئەوەیە کێ ئەمڕۆ توانای هەیە؟ لەوەش گرنگتر کێ ئیرادەی هەیە رێگری لەم هەژموونە بکات کە لە جیهانێکدا نە یاسا کۆنەکان کاریان پێدەکرێت و نە هاوپەیمانییەکان جێگیرن؟
لە جیهانی پاش هەژموونی رەهای ئەمریکا، نەخشەکانی دەسەڵات دووبارە دەکێشرێنەوە، وا دیارە تورکیا دۆخەکان باش دەخوێنێتەوە، رەنگە زۆر باشتر لە زۆرێک لە یاریزانەکانی دیکە.
بابەتی زیاتر