بیرۆکەی (کەلتور وەک دەق)، یەکێکە لە گرنگترین چەمکە تیۆرییەکان کە لە حەفتا و هەشتاکانی سەدەی بیستەمدا لە ناو ئەنترۆپۆلۆژیا و لێکۆڵینەوە کەلتورییەکاندا سەری هەڵدا. ئەم بیرۆکەیە باس لەوە دەکات کە دەتوانین کەلتور بە هەمان شێوەی دەق بخوێنینەوە و شیبکەینەوە، واتە وەک سیستمێکی نیشانەیی کە واتاکانی تێدا بەرهەم دێن و گوازراوەتەوە، لەم روانگەیەوە، هەموو رەفتار، نەریت، ریتوال و رووداوە کۆمەڵایەتییەکان وەک دەقی سیمبۆلیک تەماشا دەکرێن کە پێویستە بە وردی لێکبدرێنەوە بۆ تێگەیشتن لە واتا و بەهاکانی ئەو کەلتورە. 
بیرۆکەی کەلتور وەک دەق وەک گۆڕانکارییەکی بنەرەتی لە تێگەیشتنی ئێمە لە کەلتور پەیدابوو. ئەم رێبازە کەلتور وەک کۆمەڵێک دەق و گێرانەوەی مانادار تەماشا دەکات، کە پێویستیان بە لێکدانەوەی ورد و سیستماتیکە. لە جیاتی ئەوەی کەلتور وەک کۆمەڵێک بەرهەمی ماددی، یان رەفتاری ساکار بێت، دەشێ کەلتور وەک سیستمێکی ئاڵۆزی واتا و مانا بێت کە بە هۆی زمان، هێما و نیشانەکانەوە دروست دەبێت. ئەمە واتە کەلتور لە بنەرەتدا دیاردەیەکی زمانی و سیمبۆلیکە کە بە شێوەیەکی کۆمەڵایەتی دروست دەکرێت و بەردەوام بەرهەم دێتەوە.
لەسەر ئەم بنەمایە کەلتور تەنیا وەک چالاکی، یان کردەیەکی فیزیکی رۆژانە دەرناکەوێت، یان لە دۆخێکی سادە و ساکاری ژیانی رۆژانەدا نامێنێتەوە، بەڵکو دەبێتە جێگەی تێڕامان و بیرکردنەوە، لە ئاستی قووڵ و بەرهەمداردا خۆ دەردەخات. واتە شۆڕدەبێتەوە بۆ ناو رەگەزە بونیادییەکان کە لە دۆخی نمایشەوە بۆ دۆخی بیرکردنەوە بازدەدات. بە مانایەکی دیکە شوێنگۆڕکێ دەکات لە کردەیەکی چالاکیئامێزەوە بۆ بەرهەمهێنانی مانا و دەلالەتی هێمایی شووناسبەخش. لەم گۆشەنیگایەوە چیدی کەلتور بریتیی نییە لە رێوڕەسمێکی سادە و ساکار بۆ بۆنەیەک، یان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، یاخود سیاسی، بەڵكو کەلتور دەبێتە دەقێکی خویندراوە و بیرلێکراوە کە شایانی راڤە و لێکدانەوەیە. لێرەوە ناتوانین تەنیا وەک دیاردە، ریتواڵ، یان نەریتێک تەماشای بکەین، بەڵکو  پێویستی و هێزی بیرکردنەوە بە خۆی دەدات، وا دەکات لە نێو پێکهاتەیەکی سیستماتیک و دۆخێکی مانایی و بەهاییدا تەماشای بکەین.  
کلیفۆرد گێرتز (1926-2006)، ئەنترۆپۆلۆژیستی ئەمریکی، یەکێکە لە گرنگترین بنیاتنەرانی ئەم روانگەیە. لە کتێبی بەناوبانگی (شیکردنەوەی کەلتور)دا، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کەلتور تۆڕێکە لە واتاکان، کە مرۆڤەکان خۆیان پێکەوەی دەبەستنەوە، ئەرکی لێکۆڵەر ئەوەیە ئەم واتایانە بخوێنێتەوە و لێکیان بداتەوە. گێرتز جەخت لەسەر وەسفی قووڵ (Thick Description) دەکاتەوە، واتە نەک تەنها وەسفکردنی رەفتارەکان، بەڵکو تێگەیشتن لە واتا و کۆنتێکستی قووڵی ئەو رەفتارانە. بۆ نموونە، لە بابەتە بەناوبانگەکەیدا دەربارەی شەڕی کەڵەشێرەکان لە بالی، گێرتز ئەم یارییە نەک تەنها وەک یاریی، بەڵکو وەک دەقێکی کەلتوری خوێندەوە، کە لە رێگەیەوە بالییەکان دەربارەی دەسەڵات، ناسنامە و ستاتوسی کۆمەڵایەتی دەدوێن. بەهەمان شێوە شەڕە کەڵەشێر لە کەلتوری کوردیدا هەمان مانای نیشاندانی دەسەڵات و هێزە بەرامبەر ئەوی دیکە، هەروەها ئەو دەلالەت و مانا سیمبولیانەی ئەم یارییە جگە لە رەهەندی سەرگەرمی، کاتبەسەربردن، گرەوکردن و میواندارییەکەی، دەچێتە ناو خانەی یارییە کوردەوارییەکانەوە. بیرۆکەی کەلتور وەک دەق رێگایەکی تازەی بۆ ئەنترۆپۆلۆژیا پێشکەش کرد کە جیاواز بوو لە رێبازە پۆزیتیڤیستییەکانی پێشوو. لە جیاتی ئەوەی کە بگەرێن بۆ یاسا و رێسای گشتی کە هەموو کۆمەڵگەکان رێکدەخەن، ئەم روانگەیە پێیوابوو گرنگە سەرنج بدرێت بە تایبەتمەندی و واتای نیشانەیی و راڤەیی هەر کەلتورێک بە جیا. ئەم گۆڕانکارییە بووە هۆی گرنگیدانێکی زیاتر بە واتا و سیمبول و بیرۆکەی (خوێندنەوەی) کەلتور لە جیاتی تەنها پێوانکردن و ژماردنی رەفتارەکان.
هەرچەندە کەلتور وەک دەق رێبازێکی ئێجگار گرنگە، بەڵام ئەم رێبازە بەدەر نییە لە هەندێک ئاستەنگ و رەخنەی راستەقینە. یەکێک لە گرنگترین رەخنەکان لە لایەن ویلیام رۆزبێری دێت کە باسی ئەوە دەکات، ئەم روانگەیە زۆر سەرنجی لە واتا و سیمبول دەدات و لایەنە ماددی و ئابووری و دەسەڵاتییەکانی کەلتور پشتگوێ دەخات. ئەم دیدگەیە پێیوایە کەلتور تەنها دەقێک نییە بۆ خوێندنەوە، بەڵکو بەشێکە لە پەیوەندییە ماددی و ئابوورییەکان کە ژیانی خەڵک دیاریی دەکەن. رەخنەیەکی دیکە ئەوەیە کە ئەم روانگەیە زۆرجار کەلتور وەک شتێکی یەکگرتوو و یەک کوتلە دەبینێت، لەکاتێکدا لە راستیدا کەلتورەکان پڕن لە ناکۆکی و دەنگی فرە و ململانێی دەسەڵات . هەروەها مەترسی هەیە کە هەموو شتەکان بە دەق بزانین و بەوەش نەتوانین لە دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی وەک هێز، چینایەتی و ستەمکاری تێبگەین. 
سەرەڕای ئەم رەخنانە، بیرۆکەی کەلتور وەک دەق کاریگەرییەکی بەردەوامی هەیە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا. ئەم چەمکە رێگای داوە بە توێژەرانی کەلتوری کە سەرنجی زیاتر بدەن بە واتا و سیمبول و چۆنییەتی بەرهەمهێنانی زانیاریی کۆمەڵایەتی، هەروەها ئەم روانگەیە بووە بە پردێک بۆ گەشەکردنی بیرکردنەوەی دیکە وەک لێکۆڵینەوەی کەلتوری و توێژینەوەی پۆست مۆدێرن کە هەموویان گرنگی بە دەق، گوتار و لێکدانەوە دەدەن. بیرۆکەی کەلتور وەک دەق یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە چۆن واتاکان بەرهەم دێن و بڵاو دەبنەوە لە کۆمەڵگەکاندا. کەلتور وەک دەق لە بەکاربردنی پراکتیکیدا کاریگەریی فراوانی هەیە. لە بواری پەروەردە، کارکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی فرە کەلتوری، گەشتوگوزار و دیپلۆماسییەت و هەتا لە بازاڕکردن و بازرگانی نێودەوڵەتیدا ئەم رێبازە بەکار دەهێنرێت. بۆ داهاتوو، چاوەڕوان دەکرێت ئەم رێبازە بەردەوام پەرەی پێبدرێت و لەگەڵ تەکنۆلۆژیای نوێدا تێکەڵ بێت، بۆ نموونە شیکاری دەقی دیجیتاڵی و زیرەکیی دەستکرد رێگەی نوێی بۆ تێگەیشتن لە کەلتور وەک دەق خۆشکردووە.
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved