لای هەمووان ئاشکرایە کێشەی جووتیارە کوردەکانی پەڵکانەی سەربە ناحیەی سەرگەڕانی کەرکوک وەک خۆی ماوەتەوە و چارەسەرنەکراوە و ناوبەناو عەرەبەکانی ناوچەکە پەلاماری جووتیارانیان داوە و ڕێگرییان لەکۆکردنەوەی دەغڵ و دانەکانیان کردووە، تاکە هێزی دەست ئەم عەرەبە هاوردەکراوانە بۆ لاوازی و ناکۆکی کورد لەناوخۆدا دەگەڕێتەوە. لێرەدا دەمەوێت پەیامە قوڵەکەی پشت هاواری خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە و ویستی داگیرکاری خێڵە عەرەبەکان کە چین؟ بخەمە ڕوو.
خەڵکی ڕەسەنی ئەم ناوچەیە سەدان ساڵە خاکی کشتیاری خۆیان بەکاردەهێنن، بەڵام هەردەم هاوار و ناڵەیانە لە دەست ئەو زوڵمەی بەرامبەریان دەکرێت. هاواری پاراستنی زەوی و شوناسی کوردە لەو ناوچانەدا، هاواریان قەڵغانێکە بۆ تەوژمی عروبە و پاراستنی کولتوری کوردی، هاواریان بۆ پاراستنی دیمۆگرافیای ناوچەکەیە. دەتوانین ناوی شوڕشگێڕ بەو کوردانە ببەخشین کە جێ پێی خۆیان لە لە زەوی باو و باپیرانیان گیر کردوە سەرەڕای دوریان لە ناوەندەی دەسەڵاتی کوردی، ئەوەی ڕۆحێکی کوردانە پێی بەخشیون زۆر زیاترە لە پاڵپشتەکانی دیکە. واتە هەستێکی نەتەوەی پاڵنەری ئەم بەرگرییە سەختەی ئەوانە، بۆ هەستی نەتەوەی پاڵنەری سەرەکیە؟ دەتوانین بڵیین ئەوان لە ناو خێڵە عرەبەکاندا دەژین و مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن، زۆر باش لەو مەرامەی زۆرێکی تاکی عەرەب تێگەیشتوون کە تێڕوانیان بۆ هەر بستە زەویەکی کوردان و کوردستان چۆنە. چۆن تا ئێستا بیرێکی شۆڤێنی عەرەبی ڕێ نیشاندەر و ئاڕاستەکەریانە، بە جۆرێکی بۆتە بیروباوەڕی تاکی عەرەب بە ڕێژەیەکی زۆر، کورد میوانە و خاکی عەرەبە بە بیانوی چوارچێوەی دەوڵەی عێراق. ناوچەکانی باشوری کەرکوک و شنگال و خانەقین. بەرکەوتەی سەرەتای ئەم تەوژمەن. لە کاتێکدا ئێمە لە ڕوونمای پێگە میدیایەکانەوە دەبینین چی بە جوتیاران و کوردی ناوچە جێ ناکۆکەن دەکرێت، غەمێکی قوڵ دامان دەگرێت، وەک ئەوەی دڵمان پارچەی لێ ببڕێت. بەڵام هیچکات لەو پەیامەی پەڵکانە و ناوچە هاوشێوەکانی تێناگەین، هاوارێکە بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان! .
پێویستە ئەو ڕاستیانە بزانین پاڵنەری خێڵی عەرەب بەرەو ناوچە کوردیەکان هەڵدەکشێن و ناوچەکانی خۆیان جێدەهێڵن ( هەرچەندە ئەو ناوچانەی ئێستا تیایدا دەژین، لە کۆندا تاکو سەرەتای سەردەمی دەسەڵاتی شارستانێتی ئیسلامی عەرەب نشین نەبوون، بەشێکی زۆری بەدەست کورد و نەتەوەکانی دیکە بووە بێجگە لە عەرەب). گۆڕانی کەش و هەوا، کەم ئاوی، دڵگیری ناوچەکانی کوردستان بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق، ئەمانە وەک لایەنێکی ڕاستی ئەمڕۆ پاڵنەری هەڵکشانی عەرەبن. لە دیدێکی دیکەی وردی سیاسی بە بەرنامە ئەم هەڵکشانانە دەکرێت بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان. چونکە ئەوەی دەیبینی پلانە وەک؛ دروستکردنی کێشەی مووچە بۆ فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تا لاسەنگی ئابوری دروست ببێت و دانیشتوانی شارە کوردیەکان تەمەننا بکەن خەڵکی خوار و ناوەڕاستی عێراق بێن و بازاڕ و ئابوری ببوژێتەوە، تا گەیشتۆتە ڕادەیەک خاک و خانو و ئوتۆمۆبیل یان پێ بفرۆشرێت!! . ئەمەش پێشهاتێکی زۆر خراپە بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان. پاش زیاتر لە ١٠ ساڵی ئایندە زۆرینەی نەتەوەی کورد لە هەرێمی کوردستان نامێنێ، تا لە داهاتوودا دانیشتوانی عەرەب بەربەستی بیری جیا خوازی و ڕیفراندۆم شکست پێ بهێنن. لەم بارە نالەبارەی بواری ئابوری کوردەکاندا بتوانن زۆرترین یەکەی نیشتەجێبوون بکڕن. کەواتە دەبێت کورد خۆی بۆ پشێویەکی هاوشێوەی فەلەستین و جوولەکە لەسەر خاکی خۆی ئامادە بکات دژ بە عەرەبی هاتوو، دەنا دەبێت لە داهاتوودا قبوڵی ئەو ناهەمەتیانە بکەین وەک ساڵەکانی ڕابردوو بەرامبەر کورد دەکران، چونکە ئەوەی ئێستا بە کوردەکانی پەڵکانە دەکرێت لە داهاتوودا بەرامبەر بە خەڵکی هەرێمیش دەکرێت، لەبەر ئەوەی ڕێژەی عەرەب لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ڕوو لە هەڵکشانە. ئایا وەک کوردێک قبوڵ دەکەیت لە کورسیەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا چەند کورسی بۆ عەرەب بێت؟ لەگەڵ نەتەوەیەک بەرکەوتەت دەبێت بە هەموو بیریەوە لە هەوڵی سڕینەوەی تۆدایە. وەک سەر باسە باوەکەی ناو گۆڕەپانی سیاسی کوردستان و عێراق ( بەغداد موچە نانێرێت، یا پەرەپێدانی پارێزگاکان نادات تا شەقامی عێراقی دژی سەرۆک وەزیران نەبێت) واتا قوڵەکەی ئەم دەستەواژەیە ئەوەیە شەقام لە کێ پێک دێت؟ زۆرێکی دانیشتوانی عێراقن، واتە بەشێکی زۆری تاکی عەرەبی دژی کورد و بەرژەوەندی کوردستانن. هەر ئەم بیر و هیزرە لە تاکی عەرەبی هەیە دێنە کوردستان دەبنە خاوەنداری خانو و خاک و ..هتد.
مەترسیەکە لێرەدایە بە درێژای سەردەمانی کۆن و نوێ، عەرەب تەوژمی بردبێت بۆ هەر ناوچەیەک سەرەتا هیچ خۆیان نەسەپاندوە پاش ماوەیەک دەبنە نیوە و زۆرتر لە ناوچە نوێیەکان، دەست دەکەن بە سڕینەوەی مۆرکی خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە، مۆرکێکی عەرەبی پێدەدەن و خۆیان دەکەن بە خاوەن ماڵ. هاوشێوەی گەلە ئەمازیغیەکانی باکوری ئەفریقا و کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست و ناوەڕاستی عێراق .
زۆر گرنگ و پێویستە تاک و کۆمەڵگای کورد هۆشیاربن، ڕێگری لەو لێشاوە هاتنەی عەرەب بکەن، چونکە دەبێتە بەرکەوتەیەکی زۆر سەخت. کولتور و فەرهەنگیان بە ئێمە ناخوات، چەند ماڵێک لە گەڕەکێکی شارەکاندان، بونەتە مایەی بێزاری و تێکدانی کولتوری کوردی. هەر ئەوانەی لەسەر شەقامەکان دەیانبینین، ئەوەندەی نمونەیەکی ناشارستانیان لێ دەبینرێت، نمونەیەکی جوانیان لەگەڵ خۆیان نەهێناوە. تەنانەت نایانەوێت لەسەر خاک کوردستان و شاری کوردی بەرامبەر هاوڵاتی کوردی بە کوردی قسەبکەن!! . بۆیە دەبێت بەکوردی قسەیان لەگەڵ بکرێت و بە عەرەبی وەڵامیان نەدرێتەوە. تکایە با بەرژەوەندی کەسی و کۆمپانیاکان ڕابگیرێت تەنها لە پێناو سەرمایە دەستکەوتن موڵکیان پێ بفرۆشرن. کە ڕەواڵێکی سەرمایەداری خراپ هاوکاریانە.
ئەم هۆشیاریە دژی بیەکەوە ژیان نیە، یا بیرێکی شۆڤێنی تەسکی لە پشتەوە بێت. بەڵام وەک باوانمان دەڵێن" ماران گەستە لە خشەی گەڵاش سڵ دەکاتەوە" ئێمەش بە درێژای ١١٠ ساڵ لە پاڵ حکومەت و دەسەڵاتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، پاش چوونە پێشی کورد لەگەڵیان بۆ پێکهێنانی دەسەڵاتێکی میری دادگەر. سەرەڕای چەندان بەڵێن، بونەتە دوژمنی کورد و کوردستان. بۆیە هەردەم نیازپاکی کورد زەفەری پێبراوە.
ئێمە ناتوانین بە دەقێکی یاسایی یا دەستوری ڕوو بە ڕووی ئەم تەوژمەی عروبە ببینەوە، چونکە وەک چۆن ئەوان دێن لێرە موڵک دەکڕن، دەڵێن کوردیش دەتوانێ بچێت لەهەر شارێکی ناوەڕاست و باشوری عێراق موڵک بکڕێت بە پێێ یاسا. بەڵام ئەم ڕێگریە لە تەوژمی عروبە بە هۆشیاری و ئاگایی تاکی کورد دەکرێت پاشان دەسەڵات و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
وەک تاکێکی ئەم نەتەوە و خاکە بە ئەرکی سەرشانی خۆمی دەزانم ئەم هۆشیاریە بەخمە بەر دیدی ئێوەی هاونیشتیمانیانی بەڕێز. تا قۆناغەکە نەچۆتە دۆخێکی نەخوازراو بەر بەم پلان و تەوژمە بگرین، و لە داهاتوویەکی مامناوەندا دوچاری ئەو گرفتانە نەبینەوە لەسەرەوە ئاماژەم پێ کردن.